مامۆستایەكی زانكۆ باسی پسپۆڕیی خۆی لە چێشتلێنان (شێف) دەكات

مامۆستایەكی زانكۆ باسی پسپۆڕیی خۆی  لە چێشتلێنان (شێف) دەكات
ئەلەند حەسەن، ساڵی 1987 لە دهۆك لەدایكبووە و لە زانكوی دهۆك ساڵی ٢٠١٠ بڕوانەمەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كۆمپیوتەر وەرگرتووە و، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاریی كۆمپیتەر و لە ئێستادا مامۆستای زانكۆی سەلاحەدینە، ساڵی ٢٠١١ ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و ئێستا نیشتەجێی شاری هەولێرە، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و بەتایبەتی كاری چێشتلێنانەكەی دەكات كە بە شێف ئەلەند ناسراوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

ئەلەند حەسەن، كەسایەتییەكی ئەكادیمییە و مامۆستای زانكۆیە، بەڵام وەك شێف-ێكیش پەنجەڕەنگینەوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەتا كە دەستم بەدروستكردنی خواردن كرد، كەسانی دەوروبەرم بە مەوهیبەی منیان زانی و زۆر هانیان دام، منیش زۆر بە خۆشی و بە موتعە خواردنەكانم دروست دەكرد، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنم داهێنان و بیرۆكەی نوێم لەسەر چۆنیەتی دروستكردنی خواردن و شیرینییەكان هەبوو.» وەك خۆی باسیكرد، كارەكانی تەنیا لە سوشیال میدیاپێكەش دەكات و چێشتخانە و ریستۆرانتی نییە. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئامانجم فێركردنە، بەلام لە پلانمدایە بە پشتیوانی خوای گەورە لە پاشەڕوژ پڕوژەیەك دانێم.» گوتیشی: «وەكو ئارەزووی خۆم زیاتر لە ١٠ ساڵە دەستم بە دروستكردنی خواردن و شیرینی كردووە، بەڵام پڕۆژەی سۆشیال میدیا نزیكەی پینج شەش مانگە دەستم پێ كردووە، سەرەڕای بەرپرسیارێتی سەرشانم و سەرقاڵی و زۆریی دەوام لە زانكۆ و راییكردنی كارەكانی ناوماڵ توانیم لە كاتێكی كەم كارێكی جوان و باش پێشكەش بە هەوادارانم بكەم.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە نێوان زانكۆ و چێشتخانە خولیای خۆت لە كامیاندا زیاتر دەبینیت؟ گوتی: «ناتوانم یەكێكیان هەڵبژێرم، چونكە زۆرم حەز لە هەردووكیانە و سەركەوتووم لەهەردووكیاندا، بەڵام دەتوانم بڵێم لە چێشتخانە خۆشیی زیاتر دەبینم.»
كاتێك پرسیارمان كرد: ئایا چۆن كاتەكانی لەنێوان زانكۆ و وانەگوتنەوە و چێشتلێنان دابەش دەكات، ئەو دوو كارە كە ئاراستەكەیان لە یەكتر جیاوازە، تا چەند ماندووی دەكات؟ بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: «بە دڵنیاییەوە زۆر ماندوو دەبم، هەر كارێك كە دەیكەیت بەشی خۆی ماندووبوونی خۆی دەبێت، بەڵام خوشییەكەی لەوەدایە ئەو كاتەی بەرهەمەكەی دەبینیت، ماندووبوونەكەت لەبیر نامێنێ، پێموایە ماندووبوون لەكارێك كە خولیا و حەزی تێدا بێت خوشییە بەر لە وەی هیلاكی بێت.چونكە خۆم لەهەردوو بواردا زۆر بە باشی دەبینمەوە. دەستی دروستكردن و داهێنانی خواردنی نوێم زۆرە و زۆریش حەزم لە كاری چێشتخانەیە، بە هەمان شێوە حەزیشم لە كاری خۆمە وەكو مامۆستایەك، پێموایە بیرۆكەی بڵاوكردنەوەی كارەكانم لە سۆشیال میدیا لە كاری مامۆستایەتیم زۆر نزیكە، چونكە مامۆستا هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو زانستەی كە لایەتی بیبەخشێتە بەرامبەرەكەی.
وەكو تێبینییەك من بۆ ڤیدیۆیەكانم ستۆدیۆم نییە و لەناو ماڵەكەم بە مۆبایل ڤیدیۆی دەگرم و مونتاژی دەكەم، بە خۆشحاڵییەوە لە زۆربەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وجوودم هەیە، لەوانە: فێسبووك، ئینستاگرام، تیك تۆك، سناب چات و یوتیوب.»
سەبارەت بە ئامانج و پلانیشی بۆ داهاتوو گوتی:»پلانم هەیە، بەڵام ئەم پلانە پێویستی بە پارەیە، لە پلانمدایە لە داهاتوودا ئەكادیمیایەكی چێشتلێنان دروست بكەم و هەروەها بەرهەمی تایبەتیی خۆمم هەبێت.»
وەك دوا پرسیار، پرسیمان لە ناو خێزانەكەت و دەوروبەرت رێگری هەبووە، یان هاندان؟ لە وەڵامدا گوتی: «هاندانێكی زۆر هەیە لەلایەن هەموو ئەندامانی خیزانەكەم، بەتایبەت لەلای هاوسەرەكەم كە پاڵپشتییەكی زۆرم دەكات».
Top