كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانى له سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن
May 11, 2021
کۆمەڵایەتی
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرۆسه‌ی خوێندن له سه‌رانسه‌ری جیهان به ئاستێكی مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك وڵات و ناوچه پرۆسه‌كه به شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ په‌كی كه‌وتووه، ئه‌م مه‌ترسییه هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌شی گرتووته‌وه، له‌م نێوه‌نده‌دا دایكان و باوكان نیگه‌رانی داهاتووی منداڵه‌كانیانن و لێره و له‌وێ ده‌پرسن: ئاخۆ چاره‌نووسی خوێندنى منداڵه‌كانیان به كوێ ده‌گات؟ ئایا ده‌رهاوێشته خراپه‌كانی داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان تاچه‌ند ره‌وتی په‌روه‌رده و خوێندن دواده‌خات و چۆن ده‌كرێت وانه له ده‌ست چووه‌كان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه؟ ئایا سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی و ئۆنلاین تاچه‌ند ئامانجی خوێندنی پێكاوه؟ به‌شداربووانی ئه‌م راپۆرته‌ی گۆڤاری گوڵان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌ده‌نه‌وه.
عیسا بۆتانی، رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر له‌بواری په‌روه‌رده‌یی، سه‌رتا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه "حكومه‌ت و ماڵبات و جڤاك له‌م قۆناغه‌دا به‌رامبه‌ر به به‌هاوارهاتن و رزگاركردنی قوتابی و مامۆستایان به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره‌یان له ئه‌ستۆیه و پێویسته بڕیارێك بده‌ن كه هاوسه‌نگی له‌نێوان پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان و زیاننه‌گیاندن به بزاڤی خوێندن له هه‌رێم رابگرێت". هاوكات ده‌ڵێت: "زۆرجار له‌باره‌ی كردنه‌وه، یان داخستنی قوتابخانه‌كان و په‌یڕه‌وكردنی خوێندنی ئۆنڵاین و پلانڕێژی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی قوتابیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وامی قوتابخانه و پیاده‌كردنی رێوشوێنه خۆپارێزییه‌كان و چه‌ندین سیناریۆی دیكه؛ بۆچوونی جیاواز ده‌بیستین. لێره‌دا ده‌كرێ سوود له شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتكردنی وڵاتان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و رێكاره‌كانیان له بواری فێركردن وه‌ربگرین، وه‌لێ كه سه‌یری پلانه‌كانیان ده‌كرێ، ته‌نیا له خاڵێكدا هاوبه‌شن، ئه‌ویش له‌به‌رچاو گرتنی گیانی مرۆڤه‌كانه. بۆیه هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی ته‌شه‌نه‌كردن و ئاستی مه‌ترسیی ڤایرۆسه‌كه بڕیار له دۆخی خوێندن ده‌ده‌ن. پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده رادده‌ی هه‌ڕه‌شه و ترسناكیی كۆرۆنا له هه‌رێم بكه‌نه بنه‌ما بۆ بڕیاردان كه ساڵی خوێندن كه به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك ببردرێ. لێره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌بێ ددانی پێدا بنرێ، ئه‌وه‌یه كه هیچكام له‌و رێكاره‌كانه‌ی گیرانه به‌ر نه‌یانتوانی به‌ڵانس له‌نێوان پاراستنی مرۆڤه‌كانی كه‌رتی په‌روه‌رده و رزگاركردنی بزاڤی په‌روه‌رده راگرن. به‌ڵام مایه‌ی ستایش و شانازیكردنه كه بڕیاری داخستنی قوتابخانه سه‌ركه‌وتوو بوو له پاراستنی گیانی ده‌یان هه‌زار قوتابی و مامۆستا و ماڵباته‌كانیان و دواجار ته‌واوی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه. له كۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه به‌بیر هه‌مووان بهێنمه‌وه كه سه‌رخستنی كایه‌ی په‌روه‌رده جیا له داكۆكیكردن له فێركردنی نه‌وه‌كان هیچ دروشمێكی دیكه هه‌ڵناگرێت، مه‌به‌ست له خوێندن و قوتابخانه ته‌نیا په‌روه‌رده و فێركردنه. ده‌بێ له‌خۆمان بپرسین: ئاخۆ به‌درێژایی ساڵی خوێندن و له‌و دۆخه‌ی كۆرۆنا و به‌و رێوشوێنانه‌ی گیرانه به‌ر؛ توانیمان قوتابیان فێر بكه‌ین؟ له‌و ماوه كه‌مه‌ی له ساڵی خوێندن ماوه، ئایا ده‌توانین قه‌ره‌بۆی ته‌واوی ساڵ و پڕۆگرامی نه‌خوێندراویان بۆ بكه‌ینه‌وه و فێر بن؟ ئاخۆ توانا و هه‌ڵومه‌رجی ته‌ندروستی و ئابووری و كه‌شوهه‌وای هاوین و دۆخ و توانای قوتابخانه‌كان له‌و ئاسته‌یه بتوانن به‌و ماوه كه‌مه كۆی پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵێكی پێ رزگار بكه‌ن و، ئامانجی خوێندنێشی پێ بهێننه دی؟ بێگومان وڵامه‌كه نه‌خێره. بۆیه ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار له یه‌ك له‌و دوو بژاردانه بدات، ئه‌مساڵی خوێندن به نه‌كه‌وتن هه‌ژمار بكرێن، یان نه‌كرێت، دواجار به‌دوای وڵامی ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێین، كێ ده‌زانێت دۆخی ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنا له وه‌رزی هاوین له هه‌رێم چی به‌سه‌ر دێ، ده‌كرێ حه‌فته‌یه‌ك قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه و مانگێك دابخرێن، ده‌كرێ ئه‌و راستییه‌مان له‌لا ئاشكرا نه‌بووبێ كه پلانی خوێندنی ئۆنڵاین له كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و قوتابی و ماڵبات و ته‌نانه‌ت مامۆستایانیش به رێگا چاره‌یه‌كی جێگره‌وه بۆ خوێندنی نازانن. بێ دوودڵی سسته‌می فێركردنی هه‌رێم ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی هه‌ژمار نه‌كردنی ساڵی خوێندنی له‌به‌رده‌مه."
عوبێد خدر گۆمه‌شینی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییه و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "پرۆسه‌ی خوێندن (چ له رووی فێربوون و چ له رووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه) یه‌كێكه له پرۆسه گرینگ و هه‌ستیاره‌كانی ژیانی مرۆڤ، تاوه‌كو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیانه‌وه به یه‌كسانی و به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه لێی سوودمه‌ند بن، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ به سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌بچێت، پێویستی به هه‌لومه‌رجی گونجاو هه‌یه. له‌م دوو ساڵه‌ی رابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌جیهان و به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی خوێندن وه‌ك پێویست نه‌یتوانی په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت، ساڵی رابردوو و ئه‌مساڵیش به كه‌می و پچڕپچڕی ده‌رگای قوتابخانه‌كان كرانه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌مساڵ قوتابخانه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت كرانه‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌وڵی دا له رێگه‌ی به‌كارهێنانی شێوازی دیكه‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه قه‌ره‌بووی خوێندن بكاته‌وه، چه‌ندین شێوازی ره‌خساند وه‌ك سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی و ئۆنلاین له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانه‌وه بۆ قوتابی و خوێندكاران، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له قوتابخانه‌كان به‌رچاو ده‌كه‌ون، له دوای به ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندن له 17/4 ـه‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی ئامێر و هێڵی ئه‌نته‌رنێت و كه‌م شاره‌زاییان له به‌كارهێنانی ئه‌م شێوازه، رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مى قوتابیان به‌شداریی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن، هه‌ژاری و نه‌بوونی، جگه له بێباكی قوتابی و به‌خێوكارانی بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی سیسته‌مه‌كه، نا‌توانرێت به ته‌واوی ئامانجی خۆی بپێكێت، بۆیه چاره‌نووسی ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵی پار كورتكردنه‌وه، یان كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه وانه‌كانی ساڵی خوێندنه، به گوێره‌ی پلانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له رێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه و پوختكردنی بابه‌ت و وانه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان له دوای جه‌ژن چه‌ند به‌شێك له پڕۆگرامی خوێندن بخوێنن و له مانگی حه‌وت كۆتایی به ئه‌مساڵی خوێندن بهێنرێت." گوتیشی: "كاریگه‌رییه نه‌رێینه‌یه‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن زۆرن، هه‌رچه‌نده به‌هۆی مه‌ترسیی ڤایرۆسی كۆرۆناوه به‌ناچاری ئه‌م بڕیاره دراوه، به‌ڵام چه‌ندین كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر قوتابی و خوێندكار ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك پۆله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و پۆلی حه‌وتی بنه‌ڕه‌تی و پۆلی ده‌یه‌می ئاماده‌یی، كه گۆڕانكاریی له جۆر و بابه‌ته‌كانی خوێندن رووده‌ده‌ن و بابه‌تی تازه‌تر و قۆناغێكی نوێتر ژیانی قوتابی ده‌ست پێ ده‌كات، وه‌ك پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی كه تازه هاتووه‌ته ناو پرۆسه‌كه و هێشتا له‌گه‌ڵ كه‌شی خوێندن و ناو قوتابخانه رانه‌هاتووه و نازانێ چۆن قه‌ڵه‌م بگرێت و پیته‌كان ناناسێ، فێری نووسین نه‌بووه، مه‌ترسیی گه‌وره له‌م قۆناغه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر قوتابی له‌م قۆناغه فێری نووسین و خوێندنه‌وه نه‌بێت، تا كۆتایی ته‌مه‌نی نا‌توانرێت به‌ته‌واوی فێری خوێندنه‌وه و نووسین بێت، چونكه راستییه‌ك هه‌یه قوتابی ئه‌وه‌ی له‌ناو پۆل فێری ده‌بێت، نا‌توانرێت له ده‌ره‌وه و له رێگه‌ی شێوازی ئه‌لیكترۆنی فێری ببێت، دواتر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه زۆره‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، بۆیه ئومێد ده‌كه‌م بارودۆخی ته‌ندروستی باش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان بتوانن له قوتابخانه و له‌ناو پۆل وانه‌كان بخوێنن، كه زۆر كاریگه‌رتر و له‌بارتر و گونجاوتره بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی فێر ببێت.
ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییه سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی وانه له ده‌ستچووه‌كان پێشنیارى كرد: "له‌كاتێكی دیكه له رێگه‌ی خولێكی قوتابخانه، یان له ساڵی داهاتوو بۆ مانگی یه‌كه‌م پێداچوونه‌وه بۆ بابه‌ته‌كانی ساڵی رابردوو بكرێت، ئه‌و بابه‌ت و پیتانه‌ی نه‌یانخوێندووه و فێری نه‌بوون، بۆیان دووباره بكرێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش تا رادده‌یه‌ك سه‌خته، چونكه پڕۆگرامه‌كانی خوێندن به گوێره‌ی ساڵنامه‌ی خوێندن دانراون، ناتوانرێ به‌ته‌واوی قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه، بۆیه مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده هه‌یه و ره‌نگه له داهاتوودا تاكێكی نیمچه نه‌خوێنده‌وار به‌رهه‌م بێت.
سپۆت:
پێویسته بڕیارێك بده‌ن كه هاوسه‌نگی له‌نێوان پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان و زیاننه‌گیاندن به بزاڤی خوێندن له هه‌رێم رابگرێت
ده‌كرێ سوود له شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتكردنی وڵاتان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و رێكاره‌كانیان له بواری فێركردن وه‌ربگرین
بڕیاری داخستنی قوتابخانه سه‌ركه‌وتوو بوو له پاراستنی گیانی ده‌یان هه‌زار قوتابی و مامۆستا و ماڵباته‌كانیان و دواجار ته‌واوی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه
پلانی خوێندنی ئۆنڵاین له كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و قوتابی و ماڵبات و ته‌نانه‌ت مامۆستایانیش به رێگا چاره‌یه‌كی جێگره‌وه بۆ خوێندنی نازانن
له دوای به ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندن له 17/4 ـه‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی ئامێر و هێڵی ئه‌نته‌رنێت و كه‌م شاره‌زاییان له به‌كارهێنانی ئه‌م شێوازه، رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مى قوتابیان به‌شداریی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن
مه‌ترسیی گه‌وره له‌سه‌ر پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تییه كه تازه هاتووه‌ته ناو پرۆسه‌كه و هێشتا له‌گه‌ڵ كه‌شی خوێندن و ناو قوتابخانه رانه‌هاتووه و نازانێ چۆن قه‌ڵه‌م بگرێت و پیته‌كان ناناسێ
مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده هه‌یه و ره‌نگه له داهاتوودا تاكێكی نیمچه نه‌خوێنده‌وار به‌رهه‌م بێت