لەناو ئیسلامدا شتێك بەناوی (غسل العار) نییە . . . (( سەید عەلی بەرزنجی* ))

لەناو ئیسلامدا شتێك بەناوی (غسل العار) نییە                . . .  ((  سەید عەلی بەرزنجی* ))
بەناوی خوا، دروود بۆگیانی پاكی پێغەمبەر (د.خ)
ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ ئەوە هاتووە تاوەكو ئاشتی لە سەرتاسەری دونیا بەرقەرار بێت. خودای گەورە لە رێگەی ئەو پەیامانەی ناردوونی، رێزێكی زۆری لە ئافرەت ناوە و، بە هەموو شێوەیەك كەرامەت و مافەكانی پاراستووە و، بە هیچ شێوەیەك رێگەی نەداوە زوڵمی لێ بكرێت.
پێش هاتنی ئیسلام قورەیشییەكان مافەكانی ئافرەتانیان پێشێل دەكرد و، دوای لە دایك بوونیان زیندەبەچاڵیان دەكردن و لە میرات بێبەشیان دەكردن. بەڵام ئیسلام بە هەموو شێوەیەك كوشتنی قەدەغە كردووە، كوشتن لە شەریعەتی ئیسلامدا بە تاوانێكی گەورە دادەندرێت و لەدوای تاوانی شرك و هاوبەش بۆ خودا پەیداكردن دێت، لەسەردەمی پێغەمبەر (د.خ) كاتێك بۆ جەنگی دژ بە كافرەكان دەچوون، پێغەمبەر ئامۆژگاری خەڵكەكەی كرد، كە بە هیچ شێوەیەك ژن و منداڵ و پیر نەكوژن، خوای گەورەش لە قورئاندا دەفەرموێت: (وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا) خوای گەورەجیاوازی نەكردووەلەنێوان ژن وپیاولەحوكمی كوشتن، چ پیاو، چ ئافرەت وەك ئەوەوایەهەمووخەڵكی سەرزەوی كوشتبێت.
هەروەها پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (لزوال الدنيا بأسرها عند الله أهون من قتل رجل مسلم)، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەناو ئیسلامدا شتێك بەناوی (غسل العار) نییە، بەڵكو تەنیا كەلتوورێكە و ئیسلامیش باوەڕی بە هیچ كەلتوورێك نییە كە گیان لە مرۆڤێك بستێنێت.
ئافرەت لە ئیسلام پێگەی خۆی هەیە، ئەمەش خواپێی داوە. نەوەك مرۆڤ..
پیاو بەبێ ئافرەت هەمیشە ناقس و ناتەواوە، واتە كاتێ خوای گەورە باوكمان ئادەمی دروست كرد، باوكە ئادەم سێبووری نەهات تاحەوای بۆدروست كرد، بۆیە دەتوانین بڵێین ئافرەت بۆ پیاو لە هەموو شتێك گرینگ ترو پێویست ترە، واتە هەرچی لەم دونیایە كە خوا دروستی كردووە، ناتوانێت شوێنی ئافرت پڕ بكاتەوە، بۆیە دەبێت ئەوە لە بیر نەكەین، ئافرەت مافی تەواوی بەسەر كۆمەڵگەوە هەیە ودەبێ بپارێزدرێت.
كوشتنی ئافرەت تاوانێكە بەقەد هەموو دونیا. ئەگەر سەیری یاسای ئیسلام بكەین، دەبینین، تەنیا بۆ شایەدی دانی زینا كردنی ئافرەتێك كەوا زینای كردبێ،
دەبێ چوار شایەد هەبن، سێش قەبووڵ نییە، كەچی بۆشتی دی تەنیا دوو شایەدی دەوێت.
روون و ئاشكرایە ئافرەت بەقەدرە لە ئیسلام، بۆیە دەبێت لە خوا بترسین و پابەندی یاساكانی خودابین و، واز لە كولتوورێك بێنین كە دەبێتە مایەی تێكدانی كۆمەڵگە وشیرازەی خێزان. پێغەمبەرمان دەفەرموێت: (خيركم خيركم ﻷهله و أنا خيركم ﻷهلي ما أكرم النساء إلا كريم و لا أهانهن إلا لئيم)).بۆیە دەبێت كەسی باش وچاك بین لەگەڵ ئافرەتان وڕێزیان لێ بگرین و، بەچاوی یەكسانی لەگەڵ پیاوان سەیریان بكەین، تابتوانین ژیانێكی خۆش وپڕ لە كامەرانی لە دونیا بەدەست بێنین و، هەروەها لە دواڕۆژیش خوا لە خۆمان ڕازی بكەین. پێویستە ئەوانەش لە بەرچاو بگرین:
‏‎- یەكەمین كەس كە بەرانبەر فیرعەون وەستایەوە، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو ئاسیای كچی موزاحیم بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە مەككەی ئاوەدان كردووە، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو هاجەری دایكی پێغەمبەر ئیسماعیل بوو- سەلامی خوای لێبێت.
‏‎- یەكەمین كەس كە پیرۆزترین ئاوی سەرزەوی خواردەوە، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو هاجەر بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە ئیمانی هێنا بە محەمەد (صلي الله علية وسلم)پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو خەدیجەی كچی خویلید بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە خوێنی بۆ ئیسلام ڕشت و شەهید بوو، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو سومەییەی خێزانی یاسر بوو..
‏‎- یەكەمین كەس كە ماڵی لە ڕێگای ئیسلامدا بەخشی، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو خەدیجەی خێزانی پێغەمبەرمان (صلي الله عليه وسلم)بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە لە قورئاندا باس كراوە كە لە سەرووی حەوت تەبەقی ئاسمانەوە گوێی بۆ گرتووە، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو خولەی كچی بعلەبە بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە سەفاو مەڕوای ئەنجامدا، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو هاجەر بوو.
‏‎- یەكەمین كەس كە فتوای بۆ هەڤاڵان راستكردەوە، پیاو نەبوو، ژن بوو. خاتوو عائیشەی كچی ئەبوبەكر بوو.
مامۆستای ئایینی و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسای تایبەت
Top