وێڕای قەدەغەی هاتوچۆ لە كەركووك لە شەوانی مانگی رەمەزان یاریی سینی سینیانێ بەردەوامە
April 30, 2021
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
یارییە كوردەوارییەكان هەر لەدێر زەمانەوە لەناو كورددا باو بووە، وێڕای ئەوەی كە بۆ سەرگەرمی و كات بەسەر بردن بووە، لەهەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ پتەوكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و هێوركردنەوەی رووح لەشەكەتی و ماندووبوونی كاروبارەكانی ڕۆژ، چونكە زیاتر شەوانە بەدەستەجەمعی لەماڵان یارییەكان ئەنجام دراوون، وەك سینی سینیانێ و كڵاوكڵاوێنە و جۆرەكانی دۆمینەكردن و دامە و... هەڵبەت هەر تیرە و ناوچەیەك كۆمەڵێك یاری كۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیان هەیە.
لەمانگی ڕەمەزاندا، دەرفەتێكی گونجاوەو دیسانەوە یارییە كوردەوارییەكان سەرهەڵدەدەنەوەو جەماوەرو بەكارهێنەریان دەبێ، دیسانەوە هەم بۆ كاتبەسەر بردنەو هەم چونكە زۆربەی یارییەكان كۆمەڵین ئیدی شەونشینی خۆش دەكات، بەڵام جیاواز لەجاران كە لەماڵان ئەنجام دەدرا و هەر شەوەی دەچوونە ماڵێ ئیدی بەدەم یاری كردنی پیاوانەوە، ژنەكانیش باوی و مێوژ و شەوچەرەیان ئامادە دەكرد، ئێستا یارییەكان لەدەڕەوە لەپارك و كافتریا و شوێنە گشتییەكان ئەنجام دەدرێن..
عاسی غەفووری تەمەن 67 ساڵ كە بە (عاسی موختار) ناسراوە و موختاری گەڕەكی شۆریجەیە، ئەویش باسی ئەوە دەكات كە «یاریی سینی و زەرف یارییەكی كۆنی فولكلۆرە و لە سینییەك و 11 زەرف و مێرۆیەك پێك دێت، كوردی خۆمان پێی دەڵێن مێرۆ، توركمانیش پێی دەڵێن منجوخ و ئەو یارییەش تەنیا لە مانگی رەمەزان دەكرێت و، خۆی لە خۆیدا خۆشییەكەی لەوەدایە كە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەكرێت، هیچ دەستكەوتێكی تێدا نییە و تەنیا ئەوە نەبێت كە پارەی یارییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسەی كە یارییەكە دەدۆڕێنێت، هەروەها زۆر جار پاقڵاوە بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەكرێت، یارییەكەش تەنیا لە یەك شۆین ئەنجام نادرێت و لە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری كەركووك ئەنجام دەدرێت، جاری وایە لە شارەكانی دیكەی كوردستان خەڵك بۆ یاری دەعوەت دەكەین، بەتایبەتی لە هەولێر.»
شاخەوان جەباری دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «یاری سینی سینیانێ لە یاری كڵاو كڵاوێنە نزیكە كە یارییەكی كۆنی كوردەوارییە، یارییەكە لە دوو تێپ و، هەر تیپێك لە وەستایەك و دوو شاگرد پێك دێت. ئەم سینێ و زەرفە لە كەركووك دروست دەكرێت، لەلایەن چەند وەستایەك كە پێیان دەڵێن قازان چیكان، لە كەركووك ئەم یارییە لە چەند گەڕەكێكی كوردنشین و چەند گەڕەكێكی توركماننشین ئەنجام دەدرێت، لەوانە شۆڕیجە و ئیسكان و ئیمام قاسم و رەحیم ئاوا، ئەمە گەڕەكە كوردییەكانە، لە گەڕەكە توركمانەكانیش مۆسڵا و بڵاغ. چونكە ئەم یارییە تەنیا دوو نەتەوە ئەنجامی دەدەن، ئەوانیش كورد و توركمانن، زۆر جاریش یاری لەبەینی دوو گەڕەك كراوە، بۆ نموونە شۆریجە و مۆسەڵڵا، هەندێك جاریش خولی پێشبڕكێ بەینی گەڕەكەكان دەكرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆ ئەو جۆرە خولانە وەستاون، تەنانەت لەئێستادا لە شاری كەركووك بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڤایروسی كۆرۆنا یارییەكە ناكرێت، تەنیا لە چەند شوێنێكی كەم نەبێت، ساڵانی رابردوو پێش ئەوەی ئەم ڤایرۆسە بێت تاوەكو پارشێو یاری سینی و زەرف بەردەوام دەبوو، جاری وا هەبوو هەر لە بازاڕ پارشێومان دەكرد. یارییەكەش زیاتر بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆشە لەگەڵ ئەوەی دەبێت زۆر شارەزاییت لێ هەبێت، چونكە منافەسەیەكی زۆر بەهێزە، وەك چۆن ئەگەر وەستا نەبێت، نازانی دیوار دروست بكەیت، بە هەمان شێوە ئەگەر شارەزا نەبیت، ناتوانی یارییەكە ببەیتەوە، یاریەكەش پێك دێت لە وەستایەك و دوو شاگرد، بە هەمان شێوە دەبێت لێزان بێت لە دۆزینەوەی میرۆكە، یان منچوخەكە.
عەدنان ئەحمەد تەمەنی 53 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی كەركووكە، ئەویش یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە لە كوردستان عەوداڵی یارییەكەیە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «یاریی سینی و زەرف یارییەكی كۆنی كەركووكییەكانە و لە كۆنەوە لە شەوانی رەمەزان دەكرێت و پێكهاتە جیا جیاكانی شارەكە لە شەوانی رەمەزاندا لە دەوری سینی و زەرفەكان كۆدەكاتەوە. یارییەكە لە زۆربەی شوێنە گشتییەكان بەڕێوە دەچێت. یارییەكە لە سینییەك و ١١ زەرف و شەش یاریزان پێك دێت، كە دەكرێنە دوو گرووپی سێ كەسییەوە و سەر سینییەكان شیلاوی شەكری لێ دەدرێت، تاوەكو زەرفەكان بەخۆوە بگرێت و زارەكەی تێدا بشاردرێتەوە.» گوتیشی: «یاریی سینی و زەرف یارییەكی كۆنی كەركووكییەكانە و مێژووكەی بۆ زێاتر لە سەدەیەك دەگەڕێتەوە و یارییەكەش تەنیا لە مانگی رەمەزاندا دەكرێت، بەتایبەتی لە دوای بەربانگ و ئیفتار، یارییەكە هیچ دەستكەوتێكی تیا نییە و، تەنیا بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆشە لەگەڵ هاوڕێیان، شەرتیش نییە یارییەكە لە یەك شۆین ئەنجام بدرێ، واتە هەر شەو لە شۆێنێك ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە ئێمە دەعوەت دەكرێین دەچینە گەڕەكێكی دیكە و ئیمەش ئەوان دەعوەت دەكەین».