هیچ پاساوێك بۆ ژن كوشتن بەناوی ئایین (دین) نییە . . . ((مەلا رەعد ئۆمەربلی ))

هیچ پاساوێك بۆ ژن كوشتن بەناوی ئایین (دین) نییە  . . .        ((مەلا رەعد ئۆمەربلی ))
(*)
زۆر بەداخەوە لە سەردەمانی پێشوو بە پاساوی جۆراو جۆر كچ زیندە بەچاڵ دەكرا و ژن دەكوژرا یاخود بەكەنیزە دەكرا یاخود وەكو میرات لە دوای مردنی مێردو باوك و برا بەسەر كەسە نزیكەكان دابەش دەكران، بەداخەوە لە سەردەمی ئێستا كە سەردەمی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیایە ژنكوشتن بە پاساوی جۆراوجۆر لە پەنای ئایین (دین) و بە ناوی كێشەی كۆمەڵایەتی و كێشەی خێزان پەردەپۆش دەكەن، كە ئەمەش لە ئایینی ئیسلامی پیرۆز مایەی قەبوڵ كردن نییە، وەك چۆن لە دونیا سزای بكوژ و ستەم كار هەیە لە دواڕۆژیش لێپێچینەوەی قوڕسیان لەگەڵ دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر كچێك وكوڕێك یاخود ژنێك تووشی كارێكی ناشەرعی (زینا) بوو، بۆ ئەوەی ئەم تاوانەی لەسەر بچەسپێ پێویستی بەم مەرجانە هەیە، كە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ: (الزَّانِيَةُ وَالزَّانِي فَاجْلِدُوا كُلَّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا مِائَةَ جَلْدَةٍ) واتە : هەریەكە لە ئافرەت و پیاوەكە كە تووشی (زینا) بوون بۆ هەریەكە یان ( ١٠٠ ) جەلدەیان لێ دەدرێت بێ جیاوازی، بەڵام بەداخەوە هەموو كات تەنها ئافرەت بە توندترین شێواز و زۆر بەزیادەوەش سزا دراوە، ئینجا بۆ سەلماندنی ئەم تاوانە مەرجی خۆی هەیە هەر وەكو خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ : ((وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَدًا ۚ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ)) سورة النور4، واتە : هەركەسێك تۆمەت بۆ ئافرەتێكی پاك هەڵبەستێت (لەبنەڕەتدا هەموو ئافرەتێك پاكە) ئینجا نەیتوانی چوار گەواهیدەر (شاهد) بێنێت، یەك تا سێ (شاهد)ی پێ پەیدابوو ئەوە خۆی و شاهێدەكانی هەریەكەو (٨٠ ) جەلدەیان لێدەدرێ بە تۆمەتی هەڵبەستنی تاوان بە ئافرەتێكی پاك، هەروەها بۆ هیچ جارێكی تر شاهێدیان قەبول نییە و بە فاسق و تاوان بار هەژمار دەكرێن.
ئەگەر كەسێك تۆمەتی داوێن پیسی (زینا) یاخوت خیانەتی زەوجی هەڵبەستا بۆ ژنەكەی خۆی: {وَالَّذِينَ يَرْمُونَ أَزْوَاجَهُمْ وَلَمْ يَكُنْ لَهُمْ شُهَدَاءُ إِلا أَنْفُسُهُمْ فَشَهَادَةُ أَحَدِهِمْ أَرْبَعُ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ إِنَّهُ لَمِنَ الصَّادِقِينَ * وَالْخَامِسَةُ أَنَّ لَعْنَةَ اللَّهِ عَلَيْهِ إِنْ كَانَ مِنَ الْكَاذِبِينَ * وَيَدْرَأُ عَنْهَا الْعَذَابَ أَنْ تَشْهَدَ أَرْبَعَ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ إِنَّهُ لَمِنَ الْكَاذِبِينَ * وَالْخَامِسَةَ أَنَّ غَضَبَ اللَّهِ عَلَيْهَا إِنْ كَانَ مِنَ الصَّادِقِينَ * وَلَوْلا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ وَأَنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ حَكِيمٌ} [النور 6 - 10]
واتە : ئەگەر پیاوێك تۆمەتی ( زینا ) ی هەڵبەست بۆ ژنەكەی یاخود پیاوێكی بینی لەگەڵ ژنەكەی خەریكی كاری ( زینا ) بوون و هیج شاهێدێكی نەبوو، هەریەكەیان بەم شێوەیە شاهێدی بۆ خۆی دەدات
١: پیاوەكە چوار جار دەڵێت من ڕاست دەكەم
جاری پێنجەم دەڵێت نەفرەتی خوام لێبێ ئەگەر درۆی بكەم .
٢: ژنەكە چوار جار دەڵێت پیاوەكەم ڕاست ناكات و درۆ دەكات و جاری پێنجەم دەڵێت غەزەبی خودام لەسەربێ ئەگەر پیاوەكەم ڕاست بكات .
ئینجا ئەم كارە پێی دەلێن (لعان) دوای ئەنجام دانی ئەم كارە لەپێش قازی و دادوەرو كۆمەڵێك لە خەڵكی ئیتر ئەمە دەبێتە جیابوونەوە (الطلاق) بە هیج شێوەیەك لێك حەڵاڵ نابنەوە، هەر یەكیان ڕاستی نەگوتبێت ئەوە نەفرەت و غەزەبی لەسەر واجب دەبێت .
ئینجا شاهێدەكان ئەم مەرجانەیان تێدا بێت:
1- دەبێت هەر چوار شاهێد پیاو بن.
٢- دەبێت هەر چوار یان شاهێدیەكەیان لەیەك كاتدا بێ و نابێ كاتەكانیان جیاواز بێ بۆ نموونە یەكێك بڵێ من دوای نیوەڕۆ بینیم ئەوی تر بڵێ من شەو بینیم.
٣- دەبێ بینیبێتیان وەكو (كڵچوك لە ناو كڵدان دابێ).
ئەگەر شاهێدیەكەیان بە مەرجە شەرعییەكان نەبوو بۆ هەریەكەیان (٨٠) جەڵدەیان لێ دەدرێت.
وەكو لەم فەرموودەیەدا هاتووە: عن عبد الله بن عباس رضی الله عنه عن النبی صلی الله علیه وسلم قال: (مَن سترَ عورةَ أخيهِ المسلمِ سترَ اللَّهُ عورتَهُ يومَ القيامةِ ومن كشفَ عورةَ أخيهِ المسلمِ كشفَ اللَّهُ عورتَهُ حتَّى يفضحَهُ بِها في بيتِهِ) رواه ابن ماجه وصححه الألبانی. قال المنذری:
واتە: هەركەسێك نهێنی (عورە) خوشك و برای موسوڵمانی پاراست، ئەوە خودای گەورە نهێنی ئەو دەپارێزێت، بەڵام ئەگەر كەسێك نهێنی خوشك و برای موسوڵمانی نەپاراست و لە ناو خەڵكی ئابڕووی بردن، ئەوا خودای گەورە بێ گومان سڕیان هەڵدەماڵێت و ڕیسوایان دەكات، ئەگەر لە ناو ماڵەكانی خۆشیاندا بن.
دەگێڕنەوە كەسێك دێتە خزمەتی خۆشەویستمان (د.خ) و پێی دەڵێت كە ژن و پیاوێكی دیتووە بەشێوەیەكی ناشەرعی پێكەوە بوونە، پێغەمبەر (د.خ) لێی تووڕە بوو و فەرمووی عەباكەی سەر شانت بەسەر سەریاندا بدابا باشتر نەبوو لەوەی بێی بۆ منی باس بكەیت .
بەداخەوە ڕۆژانە كەسانێك دەبنە قوربانی ئەم تۆمەتانە و دەیان و سەدان خێزان هەڵدەوەشێننەوە، هەندێكیان دەكوژرێن و هەندێكی تر خۆیان دەكوژن.
هۆكار زۆرن لەوانە
١- كۆمەڵێك كەناڵی تەرفیهی و لەوپەڕی بێ سانسۆر فیلم و دراما پەخش دەكەن
٢- ماڵپەڕەكانی كۆمەلایەتی.
٣- دابەزینی ئاستی پەروەردەیەكی ڕاست و تەواو لە ناوەندەكانی خوێندن.
٤- پشت گوێ خستنی منداڵەكان لەلایەن دایك و باوكیان .
بە دڵنیاییەوە هەركەسێك كەسێك بكوژێت بە ناخەقی وەكو ئەوە وایە تەواوی مرۆڤایەتی كوشتبێت، ئەوەی خۆی بكوژێت دەبێتە بكوژی نەفسی خۆی.







(*)
پێش نوێژ و وتار خوێن و كارگێڕو وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
Top