سۆنیا محەمەد راهێنەری شوفێریی خانمان: پێویستە رێككارەكانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توند بكرێن

سۆنیا محەمەد راهێنەری شوفێریی خانمان: پێویستە رێككارەكانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توند بكرێن
سۆنیا محەمەد، ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێر نیشتەجێ بووە و ماوەی زیاتر لە بیست ساڵیشە كاری راهێنەریی شوفێریی ئافرەتان دەكات. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گوڵان باسی كەموكووڕی و كۆسپەكانی بەردەم هاتوچۆ و رێكارەكانی چارەسەریان دەكات. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پڕۆژە و پێشنیاری بەسوودی بۆ باشتركردنی دۆخی هاتوچۆ هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

لە نووسینگەیەكی فێركردنی شوفێری (تایبەت بە خانمان) كار دەكات و، هەر رۆژەو مەشق بە ژمارەیەك لە خانمانی خوازیاری فێربوونی شوفێری دەكات. وەك خۆی باسی كرد، زیاتر لە بیست ساڵ ئەزموونی لەو بوارەدا هەیە و، هەزاران كەسیشی فێری لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل كردووە. سۆنیا محەمەد، دایكی دوو منداڵە و ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێر نیشتەجێ بووە، بەمجۆرەش باسی ژیانی خۆی و كارەكەی دەكات: «ماوەی نزیك بە 15 ساڵ لە ئێران و زیاتر لە هەشت ساڵیشە لە هەولێر لە بواری فێركردنی شوفێری (تایبەت بە خانمان) كار دەكەم و، بە هەموو یاساكانی نێودەوڵەتیی شوفێری ئاشنام. بەڵام لەگەڵ رێزم بۆ برایانی پۆلیسی هاتوچۆ، هەندێكیان یان بە یاساكان بە تەواوی شارەزا نەكراون، یان كەمتەرخەمی دەكەن. ئەگەر پۆلیس وردبین و چاودێر نەبێت، هاووڵاتی بە ئاسانی بە یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ پابەند نابێت. ئەگەر تەنیا یەك مانگ بەڕێوەبەری هاتوچۆ بم، هەموو یاساكانی هاتوچۆ جێگیر دەكەم. سەدان جار بینراوە، لە ترافیكلایت كە گڵۆپ سوور دەبێت، رێگەی لادان بە دەستی راستدا كە رێ پێ دراوە، بە بەرچاوی پۆلیسی هاتوچۆ دەگیردرێ. یان لە سووڕانەوەكان بە دەستی چەپدا، لە ریزی چوار و پێجەوە شۆفیر دەیشكێنێتەوە بە سەر ئۆتۆموبیلەكانی دیكەدا و پۆلیس رێگری لێ ناكات. یاسای رێگەوبان هەندەسەیە و وەك بیركاری وایە، نابێت هەڵە، یان یاساشكێنی تێدا بكرێت، چونكە ئەم هەندەسەیە بە گیانی مرۆڤەوە گرێ دراوە، هەڵەی هاوكێشەیەكی بیركاری نییە لە قوتابخانە، یان لە سەر كاخەز، كە دواتر راست بكرێتەوە. نابێت مۆڵەتپێدانی شۆفێری سادە و ساكار بێت. من خاوەن بڕیار بم، یاساكەم وا دادەڕشت، دوای دوو ساڵ مەشقكردن شۆفێر بتوانێت مۆڵەتنامە وەر بگرێت. نەك بە رەمپە و رەقەم هەشتێك بڵێن فەرموو ئەوە ئیجازەكەت. هەر كەسێك سەرپێچی بكات، پێویستە سزا بدرێت، نابێت رەگەز لە شوفێری حیسابی لەسەر بكرێت. واتە خانمێك ئەگەر سەرپێچی كرد، لێی خۆش بن، تەنیا لە بەر ئەوەی ئافرەت بووە. رۆبۆتێكیش شۆفێری بكات، دەبێت یاساكان بزانێت. هەر بۆیە پێویستە پۆلیسی شارزا و ئەكادیمی و ئەكتیڤ لە سەر شەقام و جادەكان دابنرێن. پێویستە هەر ئۆتۆمبێڵێك خاوەنەكەی مۆڵەتی لێخوڕینی نەبوو، دەستی بەسەردا بگرن، بۆ ئەوەی كارەسات و رووداوی هاتوچۆ روو نەدات. لە جادە و خەت سەریع پێویستە پۆلیس گەشت بكات، ماتۆڕێك چۆن دەبێت بۆ نموونە بێتە ناوەندی جادەی 120 مەتری؟ هەر بۆیە زۆر پێویستە ئەوانە رێك بخرێنەوە. من ئەگەر بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ بم، رۆژانە چەند كاتژمێر لەسەر شەقام و جادەكان دەبووم، هەتا كەموكووڕییەكان ببینم و چارەسەری بۆ بدۆزمەوە.»
سەبارەت بە سەربەخۆبوونی ئافرەت لە رووی ئابوورییەوە ئابووریناس هۆشمەند رەفیق بۆ گوڵان گوتی:
لە جیهانی ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەوەی ئافرەتان بە بەراورد بە رابردوو چاوكراوەتر بونەتەوەو ئاشنایەتی زۆریان پەیداكردووە لەسەر مافەكانیان، لە سەرووی هەموو ئەوانەوە زانیاری باشیان پەیداكردووەە لەسەر مافە ئابوورییەكانیان، بەهۆی ئەوەی تێگەیشتوون لەوەی پێشێلكردنی مافە ئابوورییەكانیان، بۆتە هۆكاری ئەوەی مافەكانی دیكەیان لێزەوت بكرێت، بۆیە لە ئێستادا خەبات دەكەن بۆ بە دەستهێنانی مافە ئابوورییەكانیان، ئا لەو روانگەوە ئافرەتی ژیر هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆ بێت، تا بتوانێت لەو رێگەوە پێداویستییەكانی بە سەربەخۆیی دابین بكات، بەبێ ئەوەی داوا لە باوك یا برا یا هاوسەری بكات بۆ ئەوەی خەرجی مانگانەی بكات، كە زۆرینەی كێشەكانی هاوسەران و خانەوادەكان بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام بە سەربەخۆبوونی سەرچاوەی داهاتی ئافرەت ئەمە كەمتر دەبێتەوە، بێگومان ئەو سەربەخۆبوونەش مانای ئەوەیە كە ئافرەت كار دەكات لە دەرەوە چ لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت یا دامودەزگاكانی حكومەت.
ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی كە سەربەخۆنەبونی ئافرەت لە بواری ئابووریدا، خۆی سەرەكیترین و بەهێزترین و كاریگەرترین هەنگاوی توندوتیژی نواندنە دژ بە ئافرەت، واتە سەربەخۆیی ئابووری بۆ ئافرەت خاڵی وەرچەرخانە لە دووركەوتنەوە لە توندوتیژی ئابووری دژ بە ئافرەتان و گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانیان، چونكە لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ، پشت ئەستوورتر دەبن لە دەنگ هەڵبڕینی دژ بە توندوتیژی بەرامبەریان و رازینەبوون بەو دۆخە خراپەی تێیدەكەون، بە جورێك لە هەر دۆخێكدا توندوتژییان بەرامبەر بكرێت، ئەو دۆخە قبوڵ ناكەن و خۆیان دەتوانن لە رێگەی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆوە بەڕێوەبەرن.
Top