پێشوازی كردنی هاووڵاتییان لە مانگی پیرۆزی رەمەزان لە سەردەمی كۆرۆنادا

پێشوازی كردنی هاووڵاتییان لە مانگی پیرۆزی رەمەزان لە سەردەمی كۆرۆنادا
لە ئێستادا پەتای كۆرۆنا بە شێوەیەكی مەترسیدار لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، تەنانەت لە هەرێمی كوردستانیش رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە، ئەوە لە كاتێكدا دێت كە هاووڵاتییانی كوردستان سەرقاڵی خۆئامادە كردنن بۆ پێشوازی كردن لە مانگی پیرۆزی رەمەزان، لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە كە ئایا كۆرۆنا كاریگەری ھەیە لەسەر ئامادەكارییەكانی پێشوازی مانگی رەمەزان و دەكرێ بە چ شێوازێك پێشوازی لێ بكرێت؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەتا مامۆستا شیلان هادی لە پەروەردەی مەخموور، هێما بۆ ئەوە دەكات:»پێشوازیكردن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و مانەوەی ئەم پەتایە نەگریسەی كۆرۆنا كە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ئەوە لە كاتێكدایە كە موسڵمانان ئامادەكاری دەكەن، بۆ ئەوەی چۆن بتوانن پێشوازیەكی شایستە بۆ ئەم میوانە بەڕێزە بكەن. بێگومان ئەم ساڵ جیاواز دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو لەبەر بوونی ئەم پەتایە كە تاكو ئێستا نەتوانراوە بوەستێنرێ.!! وێڕای خراپی باری ئابووری و سەختی بژێوی ژیان. گەر لە خۆمان بپرسین جیاوازی ئەم ساڵی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز چییە و چۆن پێشوازی لێ بكەین ؟ ئەگەر بێینە سەرشێوازی پەرستش بێگومان شێوازی پەرستش گۆڕاوە جاران خەڵك بە شێوەی كۆمەڵ زۆربەی پەرستشەكانی لە مزگەوتەكان ئەنجام دەدا بێ ترس لە تووشبوون بە نەخۆشی كەچی ئێستا مزگەوتەكان داخراون بۆیە پەرستشەكان لە مزگەوتەكانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ماڵەكان و ماڵ دەبێت بە مزگەوتێكی بچووك و كەسێك لە ئەندامانی خێزان دەبێت بە ئیمام و خەتیب زۆربەی پەرستشەكان بەیەكەوە لە چوارچێوەی خێزان ئەنجام دەدرێ، كە ئەمەش تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوەی مایەی نیگەرانییە كەمدەرامەتی و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری بەهۆی نەبوونی كارو كەسابەت، جاران خەڵك گیرفانی پڕ بوو دەیتوانی خۆراك ئامادە بكا كەچی ئەم ساڵ بەداخەوە ئەمەیان بۆ ناكرێ».
هاوكات گوتیشی:» خۆشبەختانە لەناو موسڵمانان وا باوە لەم مانگ پیرۆزە كەسانی خواپێداو دەستی هاوكاری بۆ هەژارو كەمدەرامەت دڕێژ دەكەن. لەكۆتایی دەڵێم پێویستە پابەندبین بە ڕێنمایی تەندروستی بۆ پاراستنی گیانی خۆمان و كەس و كارمان و هەوڵ بدەین ئەم كارانە ئەنجام بدەین كە دەبنە هۆی گیرابوونی دوعا و قبوڵ بوونی تەوبەكانمان، پێویست دەكات سوپاسگوزاری پەروەردگارمان بین كە مانگی ڕەمەزانی پێبەخشیوین دەبا ئەم دیاریە جوانە بەهەڵ بزانین و لە دەستی خۆمانی نەدەین و بە تۆبە كردن و گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار پێشوازی لێ بكەین».
سەبارەت بە هەمان پرس پەیمان تەها ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات: «بێگومان كۆرۆنا كاریگەرییەكی بەرچاوی ھەبووە لەسەر كۆی گشتی پرۆسەی ژیانی تاكەكان و چۆنیەتی میكانیزمی ژیانی گۆڕیوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر پێشوازی كردن لە مانگی پیرۆزی رەمەزانیش دەبێت، وەك دیارە مانگی پیرۆزی رەمەزان تایبەتمەندییەكی جیاوازی بۆ موسلمانان لە جیهاندا هەیە، نزیك بوونەوە و هاتنی ئەو مانگە پیرۆزە ئامادەكارییەكی باشی پێویستە، بەڵام بە هۆی بوونی كۆرۆنا و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە، وا پێویست دەكات خەڵك دوور بكەوێتەوە لە قەرەباڵغی و شوێنە گشتییەكان، بۆیە دابینكردنی پێداویستییەكان ئاسان نییە و دەبێ كاتێكی زۆر كەم و دیاریكراو و هەروەها شوێنێك هەڵبژێردریت كە كەمتر بەریەككەوتنی هەبێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هاووڵاتی لە مانگی رەمەزان چەند كاتژمێرێكی رۆژانە زیاتر لە مانگەكانی دیكە كاتی هەیە كە هاووڵاتی دەتوانیت لە ماڵەوە بمێنیت و زۆر پێویستی بە چوونە دەرەوە نەبێت، باشترین كار ئەوەیە كە هەمیشە و لە هەر بارودۆخێكدا بە خۆپارێزی و رێكارەكانی تەندروستییەوە لە ژیان بەردەوام بین، تا هەموومان پێكەوە سەركەوین بەسەر ئەم پەتا نەگریسەدا».
لە روانگەی شەرعەوە «مەلا رەعد ئۆمەربلی» كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بۆ گوڵان گوتی: «بەداخەوە لەسەرەتای ساڵی 2020 ـەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە هەرێمی كوردستان كرد و زیانێكی زۆری پێ گەیاندین و ئازیزانی زۆرمان لە دەست دا، لێژنەی فەتوا و مامۆستایانی ئایینی هەر زوو دەستیانكرد بە رێكاری خۆپارێزی، لە ئێستادا كە بۆ ماوەی دە رۆژ مزگەوتەكان داخراون، وا بڕیارە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا مزگەوتەكان بە رووی نوێژ خوێناندا بكرێنەوە، لە كاتی كردنەوەی مزگەوتەكان بۆ خوداپەرستی لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا پیویستە رەچاوی رێنماییەكانی خۆ پارێزی بكرێت، چونكە تەندروستی و گیانی نوێژ خوێنان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە ئەم مەرج و رێنماییانە پیڕەو بكەن.
١. پابەند بوون بە بەستنی ماسك.
٢. نوێژ خوێنان لە كاتی نوێژدا دووریی نێوانیان بپارێزن.
٣. دووگورد(بەرماڵ)ی تایبەتی خۆیان بێنن و بیبەنەوە.
٤. لە ماڵەوە دەستنوێژ هەڵبگرن، كە ئەمەش لەرووی شەرعەوە ئەسڵ وایە نوێژخوێنان تا پێیان دەكرێت لە ماڵەوە دەستنوێژ هەڵبگرن.
٥. ئەوەی نەخۆش بێت، نابێت بێتە مزگەوت.
٦. ئەوەی هەست بكات نیشانەكانی نەخۆشیی هەیە، نابێ بێتە مزگەوت.
٧. جگە لە نوێژی هەینی وا باشە كەسە بەتەمەنەكان نەیەنە مزگەوت،ئەوەش بۆ زیاتر خۆپارێزی.
٨. لە مزگەوتدا هیج ئامادە نەكرێت بۆ بەربانگ، جگە لە ئاو و خورما.
٩: نوێژەكان كورت بن.
١٠. رۆژانە مزگەوتەكان تەعقیم بكرێت و لەكاتی نوێژەكاندا تەواوی دەرگاو پەنجەرەكان بكرێنەوە.
لە كۆتاییدا داواكارین كە لەم مانگەدا دەرگای مزگەوتەكان كراوە بن، چونكە ناكرێت تەنیا بڕیارەكانی خۆپارێزی و داخستنی شوێنەكان لە سەر مزگەوت و نوێژخوێنان جێ بەجێ بكرێن».
Top