نیشتمان رەمەزان: بە شانازییەوە كار دەكەم و ماندووبوونی دایكم بەرز دەنرخێنم

نیشتمان رەمەزان:  بە شانازییەوە كار دەكەم و ماندووبوونی دایكم بەرز دەنرخێنم
بەشداریی خانمان لە كاركردندا یەكێك لە شانازییە گەورەكانی سەدەی رابردوو بووە، هاوكات رێژەی كاركردنی ئافرەتان لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا یەكێك لە پێوەرە گرنگەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە، لە كاتێكدا لێكەوتە كۆمەڵایەتییەكانی دۆخی ئابووریی و لاوازبوونی زیاتری پێگەی ئافرەتان هێشتا لە زۆربەی وڵاتاندا بە دواكەوتوویی ماوەتەوە، هەر ئەوەش بە هۆكاری بنەڕەتیی زیادبوونی توندوتیژی و نایەكسانی و نادادپەروەری دادەندرێت. ئەگەرچی لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم كاركردنی خانمان لە دەرەوەی ماڵ، زۆر سنووردار كراوە، بەڵام ئافرەتی كورد توانیویەتی هەموو بەربەستەكان بشكێنێت و تێكەڵی بازاڕ و كار بێت.

نیشتمان رەمەزان تەمەنی 36 ساڵە و دەرچووی پۆلی شەشی سەرەتاییە و دایكی كوڕێكە و خانمێكی گوڵفرۆشی شاری هەولێرە و خاوەنی نەمامگەیەكە بە ناوی (گوڵفرۆشی نیشتمان)، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و كارەكەی دەكات: «ئێمە هەشت خوشك بووین و باری داراییمان باش نەبوو، ماوەیەك خەیاتیم دەكرد، زۆر حەزم لێ بوو ئۆتۆمبیلێك بۆ خۆم بكڕم، لەبەر ئەوە شەو تا بەیانی لە دوكانەكەم بە هاوكاری كوڕە خوشكەكەم خەریكی دروومانكردن بووم، دووكاندارەكانی تەنیشتم دەهاتن دووكانەكانیان بكەنەوە، من ئەوكات دەڕۆیشتمەوە ماڵەوە، كەمێك دەنووستم و دووبارە نیوەڕۆكەی دەهاتمەوە دووكان، تاوەكو بەیانی دروومانم دەكرد، لەخوای بەزیاد بێ، بە ماوەیەكی كەم توانیم ئۆتۆمبیل بكڕم، زۆر ماندوو بووم، لە بەرهەمی ئەو ماندووبوونەم تا راددەیەك بە ئاواتەكانم گەیشتووم، تەنانەت ئێستاش ماندووم، تەنیا بەخۆم كارەكانم دەكەم، رۆژی وا هەیە بە نیوە رۆژێك بۆ گوڵ كڕین و داری بەردار سێ چوار مەشتەل دەگەڕێم، تەنانەت بۆ هێنانی دار و گوڵ بە ئۆتۆمبیلەكەم دەچمە شارەكانی دیكەی هەرێم و زۆرجار لە كەركووك گوڵ و نەمام دەكڕم، هەروەها لە مەشتەلەكەم دوو مەكینەی دروومانم داناوە، ئەو كاتانەی دەستم بەتاڵ بێت، بەتایبەتی شەوان دروومان دەكەم، هەروەها لە وەرزی زستان ئیشی مەشتەل كەم دەبێت، ئەوكاتیش دەرفەتی دروومانم زیاتر دەبێت.»
نیشتمان زیاتر باسی ژیانی رابردووی دەكات و دەڵێت: «ئێمە هەشت خوشك بووین، ماڵمان لە دارەتوو بوو، بابم بە بەردەوامی یان فیرار بوو، یان عەسكەر بوو، دایكم لە ماڵەوە مانگای بەخێو دەكرد و بە پارەی شیر و ماستەكە ئێمەی بەخێو كرد، ئەوكات قوتابخانەی ناوەندیی كچان لە دارەتوو نەبوو، دەبووایە بە دوو پاس بچینە ناو شار و بە دوو پاسیش بگەڕێینەوە، ئەگینا بابم لە خوێندنمان رێگر نەبوو، كە نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم، بیرم لەوە كردەوە بچمە خولی فێربوونی دروومان، بۆ ماوەی مانگێك چوومە ماڵی پوورم لە گەڕەكی تەعجیل و بەشداری خولی فێربوونی دروومانم كرد، دەستم بە كاری دروومان كرد و لە تەمەنی 16 ساڵی مێردم كرد، كوڕێكم هەیە، تەمەنی 18 ساڵە، هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گوڵ و دار و درەخت بوو، بە شانازییەوە كار دەكەم و شانازی بە رابردووی خۆم و ماندوو بوون و شەونخونی دایكمەوە دەكەم، كە لە رۆژگارێكی سەختدا توانی ئێمە بە رەنجی شانی خۆی بەخێو و پەروەردە بكات، لێرەوە بە هەموو ئافرەتێك دەڵێم كە كاركردنی ئافرەت عەیب نییە، عەیبە ئەوەیە توانای كار كردنت هەبێت و هەوڵی بۆ نەدەی، بۆیە ئێستا كە دایكیشم نەمامگەیەكی تایبەتم هەیە و لە كار و ژیانی خۆم رازیم و شوكری خوای گەورە دەكەم.»
Top