سەیران سابیر حەسەن: دەمەوێ ببمە نموونەی ئافرەتی بەهێز و پشت بەخوا هیچ شتێك چۆكم پێ دانادات

سەیران سابیر حەسەن:  دەمەوێ ببمە نموونەی ئافرەتی بەهێز و پشت بەخوا هیچ شتێك چۆكم پێ دانادات
سەیران سابیر حەسەن ساڵی 1984 لە هەولێر لەدایكبووە و، دەرچووی كۆلێژی ئادابە لە ئێستادا بەڕێوەبەری قوتابخانەی رێمانی كچانە. ئەو خانمە یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیرادەی بەرزەوە رووبەڕووی بوونەتەوە. سەیران بەمجۆرە باسی ژیانی تایبەتی خۆی و نەخۆشییەكەی دەكات: «منیش وەك هەر تاكێكی تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە، دوابەدوای ئەنجامدانی چەندین پشكنین و سۆنار و سیتی سكان و تیشك و زەرع لە ١٢-١٠-٢٠٢٠ دەركەوت تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووم. لە ١٧-١٠-٢٠٢٠ نەشتەرگەریم بۆ كرا، گرێی شێرپەنجەیان دەرهێنا. لە ٢٨-١٠-٢٠٢٠ یەكەم چارەسەری كیمیاییم وەرگرت، لە ١٢-١١-٢٠٢٠ دایكی خۆشەویست و میهرەبانم بە نەخۆشیی كۆڕۆنا كۆچی دوایی كرد»
وەك خۆی باسی دەكات، لە ماوەیەكەی كەمدا تووشی «چەندین گرفت و كارەسات» بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە ناو ئێمە كەس نییە توانای رەتكردنەوەی تاقیكردنەوەكانی خودای گەورەی هەبێت، بەڵكو كەسانێك هەن، تاقی دەكرێنەوە و، بە باوەڕی چاك بەخوا ئارام دەگرن و، هەمیشە بە پێشبینیی پاداشتی خوا خۆمان دڵخۆش دەكەین. منیش لەهەر تاقیكردنەوەیەك چاوەڕێی ئەنجام دەكەم، پشت بەخوای گەورە من بە ئەنجامێكی باش ئەو نەخۆشییە تێدەپەڕێنم و متمانەم بەخۆم هەیە.»
ئەو خاتوونە دایكی دوو منداڵی جمكە (كوڕ و كچ) و بە هیوایەكی زۆرەوە لە داهاتووی منداڵەكانی دەڕوانێت و هاوكات زۆر سوپاسی هاوسەرەكەی دەكات و دەڵێت: «هاوسەرم زۆر هاوكارمە و ماڵی خەزووران و خانەوادەی خۆیشم زۆر پاڵپشتیم دەكەن.» سەبارەت بە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەی نەخۆشییەكەشی دەڵێت: «دەمەوێ ببمە نموونەی ئافرەتی بەهێز و پشت بەخوا هیچ شتێك چۆكم پێ دانادات، متمانەو بڕوابەخۆبوون لای من زۆر گرنگن و ئێستاش بەردەوامم لەوەرگرتنی چارەسەر. هەمیشە لەخوای گەورە دەپاڕێمەوە لەگەڵ ئازارەكانم، ئارامیم پێ ببەخشێت.» وەك پەیامێكیش بۆ كەسانی تووشبووی شێرپەنجە، گوتی: «هەمیشە دۆڕاوترین كەسەكان لە ژیاندا كەسانێكن كە لەبەر ترس و بێ متمانەیی بە خۆیان تەسلیمی ناخۆشی دەبن و خۆیان دەڕووخێنن. هەروەها هیچ كاتێك شێرپەنجە یەكسان نییە بە مردن، بە بڕوای من نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت وەك نەخۆشیەكی ئاسایی سەیر بكرێت. دەبێت متمانەی تەواوت بە خۆت هەبێت، بەهێز بیت و بجەنگی. دەبێت زۆر لەو نەخۆشییە بەهێزتر بیت. راستە نەخۆشییەكە كاتی زۆری دەوێ و ئازاری زۆری لەگەڵە، بەتایبەتی كاتی وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئیرادەت هەبێت و ئەو قەناعەتە بۆ خۆت دروست بكەیت، بڵێی من بەهێزم و پشت بەخوای گەورە تێی دەپەڕێنم، ورەبەرزی و بەهێزی بەرگریی لەش بەرز دەكاتەوە، بۆیە هەموو كات دەڵێم: تووشی هەر نەخۆشی و ناخۆشییەك ببم، من بەهێزم و بەهێزتر دەبم و، پشت بە خوای گەورە بەرامبەر هیچ شتێك چۆك دانادەم.» وەك دواوتەشی گوتی: «مرۆڤ دەبێت لە ناخی خۆیدا بەدوای خۆشبەختیدا بگەڕێت، ئەگەر مرۆڤ نەترسێ و چۆك دانەدات بۆ نەخۆشی، ئەوا خۆشبەختی بەرقەرار دەبێت.
Top