خانمان لە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاری پێگەی باشترن

خانمان لە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاری پێگەی باشترن
پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو كۆنگرەی 14 هەنگاو هەڵدەگرێت. بێگومان لە هەر كۆنگرەیەكیشدا بەپێی هەلومەرج و قۆناغبەندی و بارودۆخی تایبەت، كۆمەڵێك رێكار و نەقشە رێگا و بەرنامە و پێڕەوی نوێ تاوتوێ دەكرێن و، دواتر كۆنگرە بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات. ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دامەزراندنیەوە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر تا هەنوكە لە بەهادان بە پێگەی ئافرەت خافڵ نەبووە، بەڵام ئافرەتان خوازیاری بەشدایی زیاترن و دەخوازن هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت كە رێژەی ئافرەت لە سەركردایەتیی پارتی و جومكەكانی دەسەڵات بەرزتر بكرێتەوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەو پرسە هەیە.


سەرەتا تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و پاراستنی مافی مروڤ، باسی ئەوە دەكات كە «پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بڕواو ئیمانێكی تەواوی بە تواناو لێهاتوویی ئافرەت هەبووە و، هەوڵی داوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامیدا دەستەبەری مافەكانی ئافرەتان بكات و داكۆكیكارێكی راستەوخۆی ئەم مافانەش بووە.هەرلەم روانگەیەوە پارتی هەوڵی داوە لە چوارچێوەی كاری رێكخراوەییدا ئەرك و مافەكانی ئافرەتان لەسەرجەم سێكتەركانی ناو كۆمەڵگە رێك بخات و بەرگرییان لێ بكات، هەر بۆیە رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی وەكو رێكخراوێكی مافپارێز و داكۆكیكار لە مافەكانی ئافرەتان دامەزراند، كە یەكەم جار بوو لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی رێكخراوێكی لەم شێوەیە هەبێت، كە ئەمیش لە سۆنگەی بڕوابوون بە توانای ئافرەتان و هاندانیان بۆ كاری رێكخراوەیی و سیاسی بووە.» هاوكات دەڵێت: «پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەرەوپێشبردن و بەدەرخستنی تواناكانی ئافرەتان و بۆ ئەوەش هەمیشە لە پێگەی بڕیاردا لەناو ریزەكانی پارتی ئافرەت بوونی هەبووە، ئێستاش كە پارتی بەرەو كۆنگرەی 14 ی خۆی هەنگاو دەنێت، گرنگە بەبەراورد بە پێویستی بوونی ئافرەتان لەجومگە هەستیارەكانی كاركردن لەگشت سێكتەرەكاندا پێویستە ژمارەیەكی زیاتری ئافرەتان وەكوئەندامی كۆنگرە بوونیان هەبێت، بەمەبەستی راگرتنی بەڵانسی جێندەری و یەكسانی و داڕشتنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی حزب بە جۆرێك كە پێگەی ئافرەت زیاتر گرنگی پێ بدرێت. واتە جگە لەو رێژەیەی ئێستاش لە ئافرەتان، ژمارەیەكی بەرچاوتر لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی و تەنانەت مەكتەبی سیاسیی حزب هەبێت. دوای كۆنگرەش گرنگە كە ئافرەتانی سەركردە لە چوارچێوەی كاری مەكتەبی دەرچن ولە كارە مەیدانییەكانی حزب رۆڵی بەرچاویان هەبێت.»
لانە محەمەد عەلی حافز، كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئافرەتانی كورد رۆڵی گرنگ و بەرچاویان لە كۆمەڵگەدا هەبووە، بەڵام لە پێناو بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتنخواز پێویستە یەكسانی و دادپەروری كە دوو بناغەی گرنگی گۆمەڵگەیەكی تەندروستن بەرجەستە بكرێت، لە پێدانی ئەرك و مافەكان بۆ هەردوو رەگەزی نێرو مێ بۆ ئەوەی ئافرەتان بێبەش نەبن لە وەرگرتنی پۆستی باڵا لە ناوەندەكانی بڕیاڕدا.» گوتیشی: «چەندین توێژینەوە سەلماندوویانە كە توانای بیرو هزری ئافرەتان هیچی لە پیاوان كەمتر نییە، بۆیە پێویستە ئافرەتان زیاتر رۆڵیان پێ بدرێت و رێژەكانیان لە ناوەندەكانی بڕیارو سەركردایەتیی پارتەكان بەرزبكرێتەوە.ژەنەڕاڵ بارزانی هەمیشە پشتیوانی ئافرەتان بووە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/ 1952.كە چەندین ئافرەتی بەتواناو لێهاتوو هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو رێكخراوە تاوەكو ئێستا خزمەتیان بە پرسەكانی ئافرەت كردووە.» هێما بێ ئەوەش دەكات كە «لە كۆنگرەی (8) كە لە ساڵی 1970 ئەنجامدرا، رێژەیەكی زۆر بەشداری كۆنگرەكەی كردو خاتوو (زكیە ئیسماعیل حەقی) یەكەم ئافرەت بوو كە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. پاشان لە كۆنگرەكانی دواتر چەندین ئافرەتی بەتوانا بەرێژەیەك لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان پلەیان هەبوو.» گوتیشی: «راستە ئافرەتان بەرێژەیەك ئێستا لە سەركردایەتیی پارتی دەبیندرێن،بەڵام ئێمەی ئافرەتان هیواخوازین بۆ كۆنگرەی داهاتوو (كۆنگرەی 14) بەرێژەی زیاتر ببیندرێن، چ لە بوون بە ئەندامی كۆنگرە و چ لە سەركردایەتی پارتی، رێبازی بارزانیی نەمریش وا بووە، ئافرەتان هان بدرێن بۆ بەشداری سیاسی و پشتیوانی بكرێن.»
دهۆك بارزانی، بەرپرسی ناوەندی سۆرانی (ی.ئا.ك)، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لەدوای كۆنگرەی 13 رێژەی ئافرەتان لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان زیادی كرد. واتە لە دواكۆنگرەی پارتی بە بەراورد بە كۆنگرەكانی پێشوو دەرفەتی زیاتر بۆ ئامادەبوونی ئافرەتانی سەركردە رەخسا.» هاوكات دەڵێت: «لەكۆنگرەكانی پێشووی پارتی تەنیا یەك ئافرەتی سەركردە هەبوو، بەڵام لەكۆنگرەی 13 بەرزكرایەوە بۆ رێژەی 10%، ئەوە خۆی هەنگاوێكی زۆر باش بوو، بەڵام لە ئاستی تمووحی ئێمەدا نییە وەكو ئافرەت. پێویستە لە كۆنگرەی14 رێژەی ئافرەت زیاد بكرێت، چونكە رێكخراوەكانی تایبەت بەئافرەتان توانیویانە ئافرەتی سەركردە و بەتوانا پەروەردە بكەن، كە بتوانێت خۆی لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسیدا بسەلمێنێت.»گوتیشی: «پێویستە گرنگیی زۆر بە رێژەی ئافرەتان لەئاستی بەرپرسیارێتی و ئەندامەتی لق و ناوچەكان بدەن لەم كۆنگرەیە. كە ئێستا جگە لە لقی دە لەهەموو لقەكانی پارتی ئافرەتێكمان وەك كارگێڕی لق هەیە، بەڵام لەئاستی بەرپرسی لق و ئەندامی لق و بەرپرسی ناوچە ئافرەتمان نییە. هەرچەندە پێش گۆنگرە، یەك ئافرەتمان هەبوو كە بەرپرسی ناوچەی هەورامان بوو، ئەو ئافرەتەش نموونەیەكی زۆر جوان و سەركەوتوو بوو لەكارەكەی، كە پێویستە زۆر ئافرەت و پیاوی حزبی چاوی لێبكەن. ئەوە راستە ئافرەتان رۆڵێكی دیاریان لەبڕیارە سیاسییەكان و حزبی و لەچارەسەری كێشەكان هەیە. بەڵام گومانی تێدا نییە و مێژووی شاهیدە كە ئەوەش لەبەر ئەوە بووە كە رێبازی بارزانی هەمیشە رێزی لەئافرەت گرتووە و مافەكانی پاراستووە.»
دهۆك بارزانی، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە سەرەڕای هەوڵەكان «توندوتیژی لەناو هەموو كۆمەڵگە و حزبدا بەشێوەی رێژەیی هەیەو پارتییش لەوە بەدەرنییە»، هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە «ساڵی 1948 كە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ راگەیەندرا، دواتر لەساڵی 1953 واتە نزیكەی شەست ساڵ پێش ئێستا بارزانیی نەمر هەستی بەوەكرد كە پێویستە رێكخراوێك هەبێت، بەرگری لەئافرەتان بكات و یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی دامەزراند، بێگومان ئەو كاتەش خەباتی ئافرەتان زیاتر بە نهێنی بوو، یان زیاتر هاوكاری باوك وبرا و مێرد بوون، یان لە بواری ئامادەكردنی خواردن و تەتەری و حەواندنەوەی پێشمەرگە كاریان دەكرد، بۆیە گرنگە پێش هەر حزبێك، پارتی پارێزەری مافی ئافرەت بێت و رێز لە خەبات و توانایان بگرێت».
Top