ئافرەتان لە هەموو بارودۆخێكدا بوونی خۆیان دەسەلمێنن

ئافرەتان لە هەموو بارودۆخێكدا  بوونی خۆیان دەسەلمێنن
دوو خانمی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پیشانگایەكی هاوبەش بەشدار دەبن و، باسی بەرهەمەكانیان بۆ گۆڤاری گوڵان دەكەن. هەر كامیان لە روانگەی خۆیانەوە باسی خەون و خولیاكانیان دەكەن و، پێشنیار دەكەن، ئافرەتانی كوردستان لە هەر پێگەیەكدا بن، هەوڵ بدەن، ببنە خاوەن داهات و ئابوورییەكی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی بە دەستی خۆیان داهاتوویان بنەخشێنن.

شنۆ عەزیز لەدایكبووی ساڵی 1984 ـە و تا پۆلی هەشتی بنەڕەتی خوێندووە و، ئێستا لە پەیمانگەی هیوای نابیستان فەرمانبەرە و لە هەمان كاتیشدا لە كاری دەستی شارەزایە و وەك خانمێكی دەستڕەنگین بەهرەی رستن و چنین و هۆنینەوەی مۆری و مەرجان هەیە. وەك خۆی باسی كرد، هێشتا هاوسەرگیریی نەكردووە، بەڵام بە ئومێدێكی زۆرەوە لە داهاتووی دەڕوانێت. شنۆ عەزیز سەبارەت بە كارە دەستییەكانی بۆ گوڵان گوتی: «نزیكەی سێ ساڵە بە كارە دەستییەكانم سەقاڵم و هەر لە سەرەتاشەوە حەزم لە كارەكە بوو، دواتر هەستم كرد كە بەهرەی باشم هەیە، كەلوپەلە دەستكردەكانم لە رێگەی ئۆنلاین و پیشانگاكانەوە دەفرۆشم، ئەگەرچی بەرهەمەكانم داهاتێكی ئەتۆی نییە بەڵام هەمیشە ئەوەم ویستووە كە ئافرەتان چاو لە دەستی كەس نەبن و برەو بە تواناكانیان بدەن و لە هەموو بارودۆخێكدا هەوڵ بدەن لەسەر پێی خۆیان بوەستن.» گوتیشی: «ئامانجم ئەوەیە برەو بە كاری دەستی بدرێت و هاوكاری زیاتری خاوەن پێداویستی تایبەت بكرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە كار لەسەر حەز و خولیاكانیان بكەن و، لە رێگەی خولیاكانیان ئامانجی ژیانیان بپێكن، من بەشبەحاڵی خۆم وەك كەسێكی نابیست خوشكەكەم زۆر هاوكاریم دەكات و لێرەوە پێی دەڵێم سوپاس بۆ بوونت خوشكە باشەكەم.»
نابیستی دووەم لیلان عەجیب عەلی، تەمەنی 40 ساڵە و ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ نابیستێك هاوسەرگیری كردووە، وەك خۆی باسی دەكات، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە كاری چنین بووە و لە سوف كەلوپەلی بۆ خۆی و كەسانی خێزانەكەی دروست كردووە، سەرەتاش بۆ ئاسوودەبوونی خۆی دەستی بە كارەكە كردووە، بەهۆی نەبوونی مامۆستای وانەی تایبەت و سەفەركردنی لەگەڵ خانەوادەكەی بۆ دەرەوەی وڵات و دووبارە گەڕانەوەی بۆ كوردستان، نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، لە ئێستاشدا لە پەیمانگەی هیوای نابیستان چاودێرە، ئەو تەنیا لە پیشانگەكان كارە دەستییەكانی خۆی دەفرۆشێت، لە بارەی كارەكەشی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من تەنیا ئامانجم لە كارەكەم ئاسوودەیی دەروونە و داهاتەكەی رەنگە زۆر گرینگ نەبێت، چونكە ئەو بەرهەمانەی هەمە، خەڵكی دیكە دڵخۆش دەكات و ئەوەش ئاسوودەیی دەروونیم پێ دەبەخشێت».
Top