وێڕای قەیرانی دارایی نەشتەرگەریی جوانكاری، خواستی زۆری لەسەرە

وێڕای قەیرانی دارایی نەشتەرگەریی جوانكاری، خواستی زۆری لەسەرە
بە پێی وتەی پزیشكانی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانكاری، نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری بۆ رەفاهیەتن و پێویستییەكی زەرووری نین، لەگەڵ ئەوەشدا كە نرخیان گرانە و تێچووی زۆرە، بەڵام سەرباری ئەوەش بووەتە دیاردە و خوازیاری زۆرە و تەنانەت چینی كەمداهاتیش بە رێژەیەكی بەرچاو ئەو نەشتەرگەرییانە ئەنجامدەدەن. تەنانەت لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە خانمان بەردەوامن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری و فیلەر و بۆتۆكس و تاتۆ، ئەوان وەك خۆیان باسی دەكەن خەمی گەورەیان لووتیانە، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان سەبارەت بەو دیاردەیە راو سەرنجی خۆیان دەخەنە روو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«خوشكەكەم كرێچی بوو، مێردەكەی كرێكاری دەكرد، كەچی خوشكەكەم كە ژنی ماڵەوەیە بە قەرز و قۆڵە چوو بۆ ئێران و كەپووی خۆی عەمەلیات كرد.» ئەوە قسەی شەونم نانەكەلی بوو، وەك خۆی باسی دەكات لە شارەوانیی هەولێر فەرمانبەرە و لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە هۆكارەكانی نەشتەرگەریی جوانكاری دەڵێت: «بەداخەوە لە ناو ژنان ئەگەر كەپووت تەجمیل نەبێت و لێوت فیلەر نەبێت، بە كەسێكی دواكەوتوو و كۆنەپەرست هەژمار دەكرێیت، وەك باسم كرد ئەو خوشكەی من كەس نەما پارەی لێ قەرز نەكات بۆ عەمەلیاتی كەپووی، لە كاتێكدا هیچ عەیبی نەبوو، ئێمە بە خانەوادە كەمێك كەپوومان گەورەیە و ئەوەش شتێكی زۆر سەیر نییە، بەڵام خوشكم بۆ خۆی كردبوویە مەراق و دوای نەشتەرگەرییەكەشی، ئێستاش رارایی و دوودڵییەكەی دوو هێندە بووە و، دەڵێت دەچمەوە بۆ لای دكتۆرەكەم لەبەر ئەوەی كەپووم شۆڕ بوویتەوە، بەڵام هاوسەرەكەی رێگەی ئەوەی پێ نادات و دەڵێت هێشتا قەرزی جاری رابردووم نەداوەتەوە.»
د. هونەر دڵزار پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانكاری و سووتان، سەرەتا باسی گرانیی نرخی نەشتەرگەریی جوانكاری دەكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هۆكاری گرانیی نرخی نەشتەرگەری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كەوا نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری نەشتەرگەرییەكە بۆ رەفاهیەت، واتا پێویستییەكی حەتمی بۆ ئەنجامدانی نییە، لەبەر ئەوە پزیشك و نەخۆشخانە و لایەنە بەرپرسەكانی تەندروستی هاوكاریی كەسەكە ناكەن، لە ئێستاشدا لە كوردستان هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەریی جوانكاری داواكارییان لەسەرە، لەوانە نەشتەرگەریی لووت، بەرزكردنەوەی برۆ، جوانكردنی پێڵووی چاو، بچووككردنەوەی كەرش و جوانكاریی جەستە و لەشولار بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی سووتان داواكاری لەسەر هەیە و، ئێمە لە سەنتەرەكەمان هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی سووتان بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر ئەنجام دەدەین.» وەك ئەو پزیشكە باسی كرد، «تەنانەت نەشتەرگەریی جوانكاری لەلایەن كوڕە گەنجەكانیشەوە زۆر بووە و سەبارەت بە هۆكارەكانیشی ئاماژە بەوە دەكات كە «زیادبوونی رێژەی دانیشتووان لە كوردستان، زۆربوونی ژمارەی پزیشكانی جوانكاری و زیادبوونی تەكنیك، لە هەموو ئەوانەش زیاتر بەربڵاویی سۆشیال میدیا رۆڵیان لەو بوارەدا هەیە، بەتایبەتی سۆشیال میدیا كە ئەگەر یەكەم هۆكاریش نەبێت، ئەوا گرنگترین هۆكارە بۆ زۆربوونی داواكاری لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری، چونكە خەڵكانێك كە لە سۆشیال میدیا دەردەكەون، پێویستیان بەوە هەیە كە بە شێوەیەكی جوانتر دەربكەون، هۆكارێكی دیكەش لەپاڵ ئەو هۆكارانەی باسمان كرد، زۆربوونی رێكارەكانی جوانكارییە وەكو لێزەر و فیلەر و بۆتۆكس، كە ئەزیەت و ئازاری جەستە نادات.»
هەڤاڵ عەبدوڵا حەمەد ماستەر لە كلینكەڵ سایكۆلۆجی، لە رووی دەروونییەوە خویندنەوەو لێكدانەوە بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری خانمان دەكات و دەڵێت: «نەشتەرگەریی جوانكاری لە رووی دەروونییەوە كۆمەڵە خوێندنەوەیەكی جۆراوجۆر وجیاوازی بۆ دەكریت، لە رووی سایكۆلۆجی یەكێك لەم خوێندنەوانەی بۆ دەكرێت، زۆربەی ئەو خانمانەی كە نەشتەرگەریی جوانكاریی دەكەن، لە رووی دەروونی و رۆحی هەست بە كەموكورتیی خۆیان دەكەن، جا لەم رێگەوە دەیانەوێت ئەو كورتیی رۆحی و بۆشایی دەروونییە لە رێگای نەشتەرگەی پڕ ببێتەوە، بۆیە بڕیاری ئەوە دەدەن، نەشتەرگەری بۆ روخساریان بكەن. خوێندنەوەیەكی دی بۆ ئەم جۆرە خانمانە ئەوەیە كە روخسار و جەستەی خۆیانیان بەدڵ نییە، بۆیە هەمیشە رەخنە لە روخسار و جەستەی خۆیان دەگرن و خۆیان بە كەسیكێ ناشیرین لە چاوی كەسانی دیكە دەبینن، بەتابیەتی كاتێك دەچنە بەردەم ئاوێنە هەمیشە ناڕازین لە روخساری خۆیان و كۆمەڵێك بیرۆكەی نەرێنی و ئۆتۆماتێكی بە مێشكیاندا دێت و وەك كەسێكی هەراسان و بێزار بە هۆی ئەو فكرە نەرێنییانە كە لە زەیندا هاتووچۆ دەكەن، پەنا دەبنە بەر نەشتەرگەریی روخساریان. خوێندنەوەیەكی دیكە ئەوەیە كە ئەو خانمانە خۆیان بەراود دەكەن بە ئەكتەرەكانی ناو فیلمەكان، دەبینن ئەكتەری ناو فیلمەكان رەنگ و روخساریان جوان و درەوشاوەیە و خۆیان بە كەمتر لە ئەكتەری ناو فیلمەكان دەبینن، بۆیە بە شێوەیەكی خێرا بڕیار دەدەن، جوانكاری بۆ روخساریان بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئەم كارەی خۆیان بكەن. خوێندوەیەكی دیسكەش ئەوەیە كە ئەو جۆرە خانمانە متمانە و كەسێتیان لاوازە بەرامبەر بە خودی خۆیان و بۆیە پەنا دەبنەنە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری. هەروەها وەك لاساییكردنەوەشی لێ هاتووە لە ناو خانمەكان، بۆ نموونە دەبینێت براژنی جوانكاری بۆ لووتی كردووە، ئەویش بڕیار دەدات هاوشێوەی براژنی نەشتەرگەریی لوتی بكات، بێ ئەوەی هێچ كیشە و گرفتێك لەلووتیدا هەبێت. خوێندوەیەكی دیكە ئەوەیە كە بۆ راكێشانی سەرنجی دەوربەری بەتایبەتی رەگەزی بەرامبەر نەشتەرگەرییەكە دەكات و دەیەوێت كەسانی دەوروبەری پێی بڵێن فڵان خانمە شۆخ و شەنگ. هەشن ئەو جۆرە خانمانەی جوانكاری بۆ روخساریان ئەنجام دەدەن، دەترسن لەوەی مێردەكانیان دڵیان بەرامبەریان رەش بێت، بەهۆی ناشیرین بوونی یەكێك لە ئەندامەكانی روخساریان، بۆیە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ روخسار و راكێشانی دڵی هاوسەرەكەی. هەروەها وەك حەز و ئارەزوو و خولیایەك لە ناو مێشكیان دروست بووە، بۆیە دەیانەوێ جوانكاری بۆ یەك لە ئەندامەكانی روخساریان بكەن. هەشن بە هۆی هەڕەشە لەلایەن مێرد، یان خۆشەویستەكەی نەشتەرگەری دەكات، كاتێ بڵێ ئەگەر بەم شێوە بیت و گۆڕانكاری لە روخسارت نەكەیت، ئەوە دابڕان و جودابوونەوە روودەدات.» لە كۆتایی قسەكانیشید دەڵێت»پێویستە خانمەكان رێز لە بوونی خۆیان بگڕن و بەو شێوەی كە هەن، خۆیان قبووڵ بێت.»
Top