گولیزار عەزیز: ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا كارەكەم گەورەتر بكەم و، هەلی كار بۆ كۆمەڵێك ئافرەت بڕەخسێنم

گولیزار عەزیز: ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا كارەكەم گەورەتر بكەم و، هەلی كار بۆ كۆمەڵێك ئافرەت بڕەخسێنم
زۆرن ئەو خانمانەی بە گڕ و تینێكی زۆرەوە هاتوونەتە نێو مەیدانی كار و لەم نێوەندەدا بوونی خۆیان سەلماندووە، ئافرەتێكی خاوەن كار بە ناوی گولیزار عەزیز لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ دەكات و، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئاواتی گەورەی ئەوەیە هەلی كار بۆ كۆمەڵێك ئافرەت بڕەخسێنێت. هاوكات داوا لە ئافرەتان دەكات، لە هەموو توانا و بەهرەكانی خۆیان كەڵك وەربگرن، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن كار و داهاتی سەربەخۆیان هەبێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

گولیزار عەزیز ئافرەتێكی تەمەن 46 ساڵ و دەستڕەنگینی شاری هەولێرە، وەك خۆی باسی دەكات بە هۆی بارودۆخی سیاسی و جەنگی نێوان عێراق و ئێران نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، لەئێستاشدا ماوەی ساڵ و نیوێكە دەستی بە كاری هەویركاری كردووە و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی لە كارگەیەكی بچووكی تایبەت بە خۆیان لە كاتژمێر 8 ی بەیانی تاوەكو 12 ی شەو كار دەكەن.
گولیزار عەزیز لە بارەی ژیانی تایبەتیی خۆیەوە دەڵێت: «بە هۆی ئەوەی نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم و ببمە خاوەن وەزیفە و كاری خۆم، هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە كارێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت، سەرەتا زۆر حەزم لە كاری دوورمان بوو، بەڵام لەلایەك هاوسەرم رێگرم بوو، لەلایەكی دیكەش منداڵەكانم ورد بوون، جگە لەوەش لە نانكردن و كولیچە و چێشت دروستكردن توانایەكی باشم هەبوو، هەمیشە خزم و كەس و دراوسێكان داوایان لێ دەكردم خواردن و كولیچەیان بۆ دروست بكەم و، دەستاوی منیان زۆر پێ خۆش بوو. زۆرجار كەرەستەیان دەهێنا و دەیانگوت بەس هەویری كولیچەكەمان بۆ ئامادە بكە. دواجار كوڕە گەورەكەم كە دەرچووی كۆلێژی ئەندازیارییە زۆر هانی دام و پاڵپشتی زۆری كردم تاوەكو دەستمان بەو كارە كرد، ئێمە خێزانێكی گەورەین و تەنیا هاوسەرەكەم كاری دەكرد، كوڕ و كچەكەم خوێندنیان تەواو كردبوو، بەڵام دانەمەزراون، بێكاریی منداڵەكانم هاندەر بوو كە كاری هەویركاری و شیرینی بكەم. سەرەتا لە رێگەی پەیژێكی سۆشیال میدیا دەستمان پێ كرد و لە رێگەی ئەو پەیژەوە كەرەستە دەستكردەكانمان دەفرۆشت، پاشان شوێنێكمان كردەوە و تا ئێساش لەگەڵ كچەكەم و بووكەكەم بەردەوامین لە كارەكەمان و كوڕەكەشم كاری گەیاندنمان بۆ دەكات، كەرەسەكانمان بریتین لە نانی تیری، كولیچە، كوبە، كفتە، بۆرەك، پیتزا، مەحشیی كودی زەرد و سركەی هەناریش دروست دەكەین، تەنانەت هەویری بۆرەك و پیتزاكەش بە خۆمان دروستی دەكەین، هەم بە ئاردی گەنم و هەم بە ئاردی جۆ و ئاردی بادام، گەیاندنمان بۆ هەموو كوردستان هەیە، ئێمە لەسەر داواكاری كڕیارەكانمان جگە لە نان و كولیچە، چێشت و خواردنیش بۆ ماڵەكان و كۆمپانیاكان دروست دەكەین، رۆژانە بە كارەكانمان زۆر ماندووین و زۆربەی كاتەكانمان لێرە بەسەر دەبەین، لە ئێستاشدا بەهۆی بێ مووچەیی و بێ بازاڕی كارەكەی ئێمەش لاواز بووە، بەڵام شوكر بۆ خوای گەورە تا ئێستا لەسەر پێی خۆم وەستاوم و گەشبینم بەوەی وردە وردە كارەكانمان باشتر دەبێت.»
ئەو خاوەن كارە سەبارەت بە ئامانج و ئاواتەكانی دەڵێت: «ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا كارەكەم گەورەتر بكەم و، هەلی كار بۆ كۆمەڵێك ئافرەت بڕەخسێنم.» گوتیشی: جێگەی دڵخۆشییە لە كوردستان زۆرێك لە ئافرەتان (ئەوانەی دەرفەتی دامەزراندنیان لە حكومەت نییە)، سەرگەرمی كاری ئازادن و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە ئافرەتی كورد ئازا و بەهێزن و دەتوانن بە ئارەقەی ناوچاوانیان خەرجی رۆژانەی خۆیان و خێزان و منداڵەكانیان دابین بكەن. لێرەوە بەو ئافرەتانە دەڵێم كە حەزی ئیشكردنیان هەیە و تا ئێستا دەستیان بە كارێك نەكردووە، با متمانەیان بە خۆیان بێت و ئازا بن، چونكە كاركردن نەك عەیب نییە، بگرە شانازییە و پشت بەخۆ بەستنە و ژیانی سەربەرزانە بە مرۆڤ دەبەخشێت.»
Top