کوشتنی ژن، کوشتنی ژینە . . . (( دێرین عزەدین ))

کوشتنی ژن، کوشتنی ژینە . . .           ((  دێرین عزەدین ))
ژن کوشتن بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لەھەواڵ و رووداوەکانی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان و بەجۆرێک لای خەڵکی ئاسایی بووە، کە ھێندەی ھەواڵێکی دواکەوتنی مووچە ھاوڵاتیان راناچڵەکێنێت.
یەکێک لەو دیاردانەی کە لەم ماوەیەدا لە کۆمەڵگای کوردی و میدیاکانیشەوە زۆر باسی لێوە کراوەو بووە بە بابەتی رۆژ، کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە. .
ژن کوشتن خەریکە دەبێتە نەریت و دیاردەیەکی ترسناک ڕێکخراوە پاشکۆکانی مافی ژنان و مرۆڤیش، خەریکی ژماردنی تەرمی قوربانیەکانن، میللەتێکن پیاوەتیان بە ژن کوشتن ئەسەلمێنن ژنیان لا پیرۆزە و رێزی ناگرن، عاشق ئەبن و ناتوانن خیانەت نەکەن، خۆشەویستیان دەوێت و خۆشەویستیش قەت نابەخشن.
ژن کوشتن دیاردەیەکی باوی کۆمەڵگەی کوردییە، ئەوەی بەبیانووی نامووس و شەڕەف ژن دەکوژێت، ھەرخۆیشی رۆژانە نامووسی چەند ژنێکی تر ئەتک دەکات، ئەو ژنانەی لەلایەن پیاوەکانەوە دەکوژرێن، ھەمان ئەو پیاوانەن کە خۆیان شتێکیان بەناوی نامووس نییە، تەنانەت لەھەندێک باردا بکوژ وەک پاڵەوانێک تەماشا دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرینگ و تەواو و دروستی بە ئەنجام دابێت,
زۆرجار دەبینین بکوژی ژن براوەتە زیندان‌و دواتر بە لێبووردنەوە ھێنراوەتە دەرەوە، یاخود لەبەر بوونی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەھێز نەبراوەتە بەردەم یاسا، بۆیە ئەو یاسایانەشی کە کەم تا زۆر مافی ژنیان پاراستووە، بەھۆی دابونەریت‌و ئایینەوە ھەڕەشەیان لێدەکرێت‌و کەسیش نییە بەرپەرچیان بداتەوە، ژن کوشتن‬ بووەتە بەشێک لە ھەواڵی تەواو ڕۆتین و ئاسایی ڕۆژانەمان، یانی جۆرێکی لێ ھاتووە گەر ڕۆژێک ھەواڵی ژن کوشتن نەبیسین نیگەران دەبین لەوەی نەوەک ڕەگ و غیرەتی پیاوەکانمان ناقس بووبێ.
سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر لەرێکخراوەکانی ژنان تا ئێستا نەتوانراوە پرسی کوشتنی ژن بنەبڕ بکرێت، ئەوەی لەئێستادا ئەو رێکخراوانە لەکاتی کوشتنی ژنێکدا ئەنجامی دەدەن، جگە لە دەرکردنی بەیاننامەو دەربڕینی ناڕەزایی ھیچی دیکە نییە، یاخود دەبینین زۆرێک لەو ژنانەی ھەوڵی بزوتنەوەیەکی ژنانەیان داوەو بە ئامانجی چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر چونەتە پێشەوە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بووە بەوەرگرتنی چەند پۆستێکی حکومی ماڵئاواییان لە ئامانجەکەیان کردووەو بابەتە سەرەکییەکە لەبیر کراوە، بۆیە دەبێت رێکخراوەکانی ژنان ئەوە قبوڵ بکەن کە لە ئاستی پرسەکانی ژناندا کەمتەرخەم بوون‌و وەک پێویست کاریان بۆ ژن نەکردووە، چونکە ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئێستا دەبینین ئەقڵیەتە ژن کوژەکان کاریان پێدەکرێت‌و رۆژانە بەبەرچاوی یاساوە چەندین ژن دەکوژرێن.
لە کاتێکدا حکومەت بڕیاری داوە بکوژی ژن لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە رێگر لە بەردەوامی دیاردەی ژنکوشتن لە کوردستان، ئەگەرچی چەندان دامەزراوەی داکۆکی ھەن، کەچی دۆخەکە ئەوەندەی تر تەشەنەی کردووە.
چەندین بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و شەڵتەری داڵدەدان و ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە پەرلەمان و سەدان رێکخراوی تایبمەند ھەیە، بەڵام ژن کوشتن بەردەوامە.
ئەمڕۆ سەرەڕای ھەمو پێشکەوتنێکی جیھانی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆیی ژن کوشتن بووەتە باسێکی سەرەکی میدیاکان و توندوتیژی دژی ژنان پەتایەکی ماڵوێرانکەرە کە جیھان و بەتایبەت کوردستانی سەرقاڵی خۆی کردووە.
دوای کوژرانی ھەر ژنێک چالاکانی پاراستنی مافەکانی ژنان سۆشیال میدیا پڕ دەکەن لە دروشمی بەرگری لە مافەکانی ژن، بەڵام دوای چەند رۆژێک بێدەنگی لێ دەکرێت و ھیچ رێکخراوێک نایەنە سەر شەقام.
پێویستە بڵێین کە توندوتیژی دژی ژنان توندوتیژییەکە دژی ھەموو مرۆڤایەتی و بە تایبەتی نەوەکانی دواڕۆژ کە توندوتیژی لە ناخیاندا رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات و بەرھەم دێت.
لەپێناو پاراستنی گیانی کچان و ژنانی کورد، کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە کۆدەنگییە بۆ ئەوەی دژی ئەم دیاردە قێزەونە بووەستنەوەو نیشانی بدەن ئەم عەقڵییەتە دواکەوتووانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمڕۆدا ناگونجێت.
تاکە رێگایەک کە لە بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان، ئەویش ئەوەیە کە لە کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم ھەموو گۆڕانکاری و پێشووەچوونەکانی ژنان.
ھەرێمی کوردستان ھێشتا لەژێر پرسیاری گەورەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان دان و ھێشتا ئەم پارچەیەی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ پرسی ژنان تەماشادەکرێت.
لێرەوە ھۆشیاری دەدەینە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار کە دیاردەی کوشتنی ژنان بەرەو خاڵێکی مەترسیدار دەڕوات و بەھۆیەوە، گەر پلانێکی ھەمەلایەنە بۆ رووبەروویونەوەی دانەنرێت، کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیاری زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوا لەرێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان دەکەین لەئاستی کوشتنی ژنان و کچان بێدەنگ نەبن.
Top