رۆڵی راگەیاندن لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی . . . (( تاڤگە عومەر))

رۆڵی راگەیاندن لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی . . .  (( تاڤگە عومەر))
راگەیاندن بەو پێیەی كە پردی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و راگەیاندنكارە بە شێوازە جیاوازەكانی(بینراو، بیستراو، نووسراو)، كە لەرێگەیەوە دەتوانرێت كۆی زانیارییەكان و رووداوەكانی رۆژ كە شایانی بڵاوبوونەوەن لە نێو خەڵكدا بگەیەندرێت و، پەیامی هەمە چەشنە بڵاو بكاتەوە، كە بیروڕای خودی دەزگاكە بێت، یان ئامرازێك بێت بۆ گەیاندنی بیروبۆچوونی خەڵكانی دیكە كە لە پسپۆڕان و شارەزایان خۆی دەبینێتەوە، ئەویش بە رێگە و شێوەی جۆراوجۆر كە كاریگەری لەسەر بینەرو بیستەرو خوێنەر جێدەهێڵێت و، رێگەیەكە بۆ گەیاندنی پەیامێكی دیاریكراو و فرە رەهەند. بۆیە هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ئەم رێگەیەی گەیاندنەوە شان بەشانی گۆڕانكارییەكانی ناو كۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە، رۆڵی راگەیاندنیش جیاوازی بە خۆوە بینی و، هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكانی جیهان و بە شێوەیەك كە بتوانرێت پێچەوانە كرداریش لە خۆ بگرێت، بەبەشداریی هاووڵاتی لە راگەیاندن و گەیاندنی پەیامی تاكەكان بە شێوەی راستەوخۆ، كە ئەمەش وای كرد گرنگیی راگەیاندن رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ببێت و، تەنانەت بگاتە ئەو ئاستەی كە وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەسەر ئاستە جیاوازەكانی كۆمەڵگە هەژمار بكرێت، دوای سێ دەسەڵاتە سەرەكییەكەی كایەی حوكمڕانی كە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا راگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم دێت و، دەكرێت وەك چاودێرێكیش رۆڵی خۆی ببینێت لە كۆمەڵگەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش.
پرسی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی كە پرسێكی گرنگەو بەدیهێنەری سەرەكیی پەیامی ئاشتیە، لەم دۆخەی ئەمڕۆ دەخوازێت كە لەسەر زۆربەی ئاستەكان ئەم پرسە گرنگی پێ بدرێت. دەكرێت راگەیاندن هۆكارێكی گرنگی بەهێزكردنی ئەم پرسە بێت، بەو پێیەی كە تاك لە پێگەو پۆستی جیاواز رۆڵ دەبینێت لە بەدیهێنانی و، رەنگە گەیاندنی پەیامێك، یان بەلاغێك زەمینە بۆ ئاشتەواییەكی سەرتاسەری خۆش بكات، هەروەك چۆن لە كۆمەڵگەی كوردیدا زۆربەی كات پەیامی سەركردەكان و كەسانی خاوەن بڕیار كۆی گشتیی هاوكێشەكانی گۆڕیوەو جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی لە نێو خەڵكدا چەسپاندووە، كە ئەمەش بێگومان راگەیاندن رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە گەیاندن و شرۆڤە و شیكردنەوەی بە ئاراستەیەك كە بووەتە كۆڵەكەیەك بۆ فراوانكردنی بازنەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و رەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا.. لە لایەكی دیكەشەوە خودی دەزگاكانی راگەیاندن دەتوانن بەبەردەوامی و بە ئیتیكی رۆژنامەوانی كار بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم پرسە بكەن، لە رێگەی خستنە رووی ئەجندایەكی تایبەت بە خۆی وبەو شێوازەش كە كاریگەرییەكی باش جێ بهێڵێت، دەتوانن پەرەی پێ بدەن و بیكەنە بابەتی سەرەكیی كاری رۆژانەیان، بەتایبەتییش لە بارودۆخە هەستیارەكانی ناو كۆمەڵگە و هەروەها لە دۆخە جیهانی و گشتگیرەكاندا، بەتایبەتی كە ئێستا جیهان بە دۆخێكی نەخوازراوی تەندروستیدا دەڕوات و، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید 19و داڕمانی ئابووریی وڵاتان و كەمبوونەوەی هاتوچۆو پەیوەندییەكانی كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە و، بە ئاراستەبردنی هێڵە گشتییەكانی جیهان بۆ برەودان و هاوكاریی نێوانوڵاتان..
بێگومان لەم دۆخە هەستیارەدا زۆربەی كات هاووڵاتیان چاویان لەسەر راگەیاندنەكانە و بەتایبەتییش لەكاتی قەدەغەكردنی هاتوچۆو راگرتنی جووڵە كۆمەڵایەتییەكانی نێو خەڵك زیاتر راگەیاندن توانیویەتی رۆڵ بگێڕێت و، پەیامی ئاشتییانەو هێوركردنەوەی بارودۆخی دەروونیی هاووڵاتیان و روونەدانی توندوتیژی و تاوان بڵاوبكاتەوە، كە رەنگە هەندێك جار بە داخەوە پێچەوانەكەشی رووی دابێت، بەتایبەتی لەو دەزگا راگەیاندنانەی كە ئەجندایەكی دیاریكراویان هەیەو كاربەئاراستەی پێچەوانەی دۆخەكە دەكەن.
بۆیە گرنگە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بەتایبەتیش بینراو وبیستراو كە بێ سانسۆر لە هەموو كەلێنیك بوونیان هەیە و، خەڵكێكیش لە ئاست و تەمەن و رەگەزی جیاواز بینەرو گوێگریانن، رۆڵی ئیجابییانەی خۆیان ببینن و، ببنە هۆكاری نزیكبوونەوەی لایەنەكان و كردنەوەی گرێ كوێرەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ پرس و كێشە كۆمەڵایەتییەكانی ناو كۆمەڵگەو بە نامەكانیان پرۆژەی دوورخایەن و بەردەوامی چارەسەری گرفتەكانی ناو كۆمەڵگە لەخۆبگرێت و، رۆژانە ئەم پرسە بە زیندوویی لە ناو هاووڵاتیان بهێلنەوە و خاوەندارێتی دۆسیەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بكەن، وەكو دەسەڵاتێكی بەرچاو و زیندووی ناو خەڵك و هەروەها راگەیاندن و میدیاكان پێویستە پەنا ببنە بەر بڵاوكردنەوەی چەمكی لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن وسڕینەوەی شوێنەواری رق و قینی چەقبەستووی نێوان تاكەكان و پێویستە هەوڵی نەهێشتنی جیاكاری و رەگەزپەرستی بدەن..جگە لەوەش ئاوێتەكردنی ئەم پرسە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و رێگەكانی دیكەی پەیوەندی كە ئێستا بەكارهێنەرێكی بەرچاویان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە رووی چۆنێتییەوە جەماوەرو خوێنەر بۆ خۆی دروست بكات، نەك لە رووی چەندێتییەوە، بەتایبەتیش بۆ لاپەڕەی كەناڵەكانی راگەیاندن كە زۆربەی بەكارهێنەرانی ئەم ئامرازی پەیوەندییە، گەنجانن لە هەردوو رەگەزكە وپێكەوە كاراكتەری سەرەكی بەدیهێنانی پرسی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی ناو هەر كۆمەڵگەیەكن.
Top