دوو خوشک لە سنووری چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە کوژران

دوو خوشک لە سنووری چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە کوژران
گوڵان: کۆمەڵایەتی

رۆژی یەکشەممەی ھەفتەی رابردوو دوو خوشک لە سنووری چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە کوژران، کچەکان تەمەنیان ١٧ و ٢٠ ساڵ بوو، بە گوێرەی زانیارییەکان رووداوەکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی چەند رۆژێک، ناوەندی توندوتیژی خێزانی چەمچەماڵ سکاڵای لەسەر باوکیان تۆمارکردووە، بەڵام باوکەکە رایکردووە.


بەگوێرەی زانیارییەکان ئەم دوو کچە لە مانگی تەمموزی رابردوودا خۆیان گەیاندووەتە شێڵتەری سلێمانی بەرگری لە مافی ژنان و دواتر باوکیان واژۆی کردووە کە ئازاریان پێناگەیەنێت و لە مانگی رابردوودا بردونیەتەوە.

لەبارەی چۆنێتی ناشتنیانەوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، کە ئەو دوو کچە بە فیشەک کوژراون و دواتر، لە چاڵێکدا نێژراون.



لەمبارەیەوە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ھێما بۆ ئەوە دەکات:" جارێکی دیکە تاوانێکی دڕندانە ھەموومانی ڕاچڵکاند و زەنگێکی دیکەی مەترسی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی نەتەوەییمان لێدا، تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت لەلایەن پیاوانی ھەرە نزیک لە نمونەی باوک و برا و ھاوژین بە ھەر پاساو و لەژێر ھەر بیانویەکدا بێ؛ ھەرگیز تاوانێکی ئاسایی نین، کە بە گرتن و سزای بکوژ کۆتایی بێ؛ بەڵکو ئەو تاوانانە ڕەھەندی قوڵی ھەمەلایەنە و کاریگەری ھەنووکەیی و دوورمەودایان ھەیە و کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی جیا لە سزادانی قورسی بکوژ؛ پێویستی بە کارکردنە لەسەر ڕەھەندە ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانی پشت تاوانەکە و زەمینەی ئەنجامدانی.
مێنتاڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتی ڕەھای پیاو کە ھەستی خاوەنداری لای پیاو لە ئاست مێینە نێزیکەکانی خێزانەکەیدا دەچێنێت، وا دەکات وزەیەکی نەرێنی شەڕانگێز دوور لە ھزر و بیرکردنەوەی دروست و تەنانەت سۆز و خۆشەوسیتی لە ئاست کەسە ھەرە نزیکەکان، بەشێک لە پیاوانی کۆمەڵگەکەمان ئاڕاستە بکات، بەشێوەیەک وەک لەم تاوانەدا دەیبینین؛ باوکێک دەستی بچێتە خوێنی دوو کچی خۆی؛ تاوانێک کە مرۆڤ دەستەوەستانە لە باسکردنی و نابینایە لە وێناکردنی!.دەبێ ئەوە چی جۆرە کەسێک بێ و چی پەروەردەیە کرابێ، چۆن باوکێک بێ و چی جۆرە ڕایەڵێک بە کچەکانی بەستبێتیەوە و چۆن لە پەیوەندی جوان و بێگەردی باوک و کچ تێگەیشتبێت!.
ئێمە لێرەدا؛ سەرەڕای ئەوەی داوای بەدواچوونی بەپەلە و دەسگیرکردنی تاوانبار و سەپاندنی سزای قورس دەکەین، لەھەمانکات پاتەی دەکەینەوە لە تاوانی کوشتنی مێینەکانی نێو خێزان لەلایەن نێرینەکانی ھەمان خێزان، تەنھا بە سزادانی بکوژ کێشەکە چارەسەر نابێت، بەڵکو وەک زنجیرە تاوانی دیکەی بەدوادا دێت، لە کاتی چەندبارەبون و بەردەوامی کردەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتانی کوردستان و بێباکی ئەنجامدەرانی و گوێنەدان بە لێپێچینەوە و سزای دادگا، مانای وایە کە یاسا کۆمەڵایەتیە نەنوسراوە کارپێکراوەکان لەلایەن بەشێک لە ھاونیشتیمانیان متمانە و باوەڕی تەواوی پێکراوە.
ئەمەش پێویستە لە چەندین لاوە کاری لەسەر بکرێت؛ بە پێدانی وێنا و پێناسەیەکی نابوت بە بکوژ و زڕانی ناوبانگی لە کۆمەڵگەدا؛ بۆ ئەوەی خەڵکی تر تاوانی وا دووبارە نەکەنەوە، بە دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکە کۆمەڵایەتییەکان، بە بونیاتنان و پێڕەوکردنی پەروەردەیەکی نوێ و پەیوەندییەکی ساخلەمی پیاوی نێو خێزان بە ئافرەتی ھەمان خێزان کە ھەستی خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن و ڕێز و لێبوردەیی زاڵ بێت بەسەر ھەستی خاوەنداری و سەردەستە و ژێردەستە، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە بۆ پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی، لە باشترکردنی شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی توندوتیژی لە دژ کراو، گۆڕینی میکانیزمی ڕادەسکردنەوە دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە، تەرخانکردنی بودجەی پێویست و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ڕزگاربوانی توندوتیژی.
دووبارە داواکارین بکوژی ئەم دوو کیژۆڵەیەی کوردستان بەزووترین کات دەسگیر بکرێت و سزای قورس وەربگرێت.
سەری ڕێز نەوی دەکەین لە ئاست ڕۆحی بێگەردی ئەم دوو نێرگزەی کوردستان، ڕۆحی ئەوان و ھەموو قوربانیانی دیکەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت شاد.
ھیوادارین خوێنی ڕژاوی ئەوان ببێتە ھەوێنی ھۆشیاربوونەوەی زیاتری کۆمەڵگە و لەگۆڕنانی ھزری ژنکوژی ڕێی ھەموو کچانی دیکەی کوردستان ڕۆشن و گەش بکات".


لەلایەکی دیکەوە چالاکی بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەت، راژان عەبدولڕەحمان بۆ گوڵان گوتی:" کوشتن و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەردەوامە لە ھەرێمی کوردستان، ھەر جارە گوێبیستی ڕووداوێکی دڵتەزێنی وەحشیانە دەبین کە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە ئەنجام دەدرێت.

بە داخەوە لەم چەند رۆژەدا لە شاری چەمچەماڵ دوو کچی گەنجی تەمەن ١٧ و١٩ساڵان بونە قوڕبانی کلتوری زاڵی پیاو سالاری، و ئەمە یەکەم ڕوداو، دوا ڕوداویش نابێت؛
تاکو کلتورێکی لەم چەشنەش لە جڤاکی ئێمەدا زاڵ بێت توندو تیژیش نەک ھەر کوتایی نایەت بەڵکو ڕێژەی ئەنجامدانی بەرزتر دەبێتەوە.

ھەرێمێ کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە جوگرافیای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری ھەیە لە سەر کۆمەڵگای ئێمە و زورێک لە کوت بەندی کۆمەڵایەتی جێ ھێشتووە بۆ ئێمە تاکو ئەمڕۆ؛ کە ڕێگرن لە بەردەم پێشکەوتنی عەقڵیەتی تاکی ئێمەدا، و بە داخەوە خۆمانیش وەک پێویست نەمانتوانیوە بیری توندئاژو دژ ئافرەت بسڕینەوە، یان ھەر ھیچ نەبێت کاڵ بکەینەوە؛

ئەمەش لە ڕاستی دا ھەڕەشەو مەترسیەکانی سەر کۆمەڵگا زیاتر دەکات ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئاسایشی نەتەوەییشمان دوچاری شڵەژان دەبێت.

بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی گشتی چ لە ناو حکومەت یان دەرەوەی حکومەت بابەتی کوشتن و توندوتیژی دژی توێژێک کە لە ھەرێمی کوردستان لە نیوەی کۆمەڵگا زیاترە بە ھەند وەربگرن، ھەم لە ڕووی یاساییەوە و ھەمیش لە ڕووی ھۆشیاری گشتیەوە،
تاکو نەھێڵین سیمای جوان و شارستانی کومەڵگاکەمان لەکەدار بکرێت و بشێوێندرێت چیتر ئافرەت نەبێتە قوڕبانی کلتورە داخراوەکەمان..

بەر لە وەی کە کوشتنی دوو کچی گەنجیش کارەساتێکی ناخ ھەژێن بێت ڕەھەندی سیاسی، کومەڵایەتی و تاد.... ھەیە و مەترسیەکی گەورەیە بە سەر وڵاتەکامان بە گشتی لە ھەمان کاتدا.
Top