قادر قەچاخ: باوەڕی تەواوم بە مافی ئافرەت ھەیە و رۆژی لەدایکبوونم ٨ ی مارسە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی ئافرەتان

قادر قەچاخ: باوەڕی تەواوم بە مافی ئافرەت ھەیە و رۆژی لەدایکبوونم ٨ ی مارسە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی ئافرەتان
قادر قەچاخ سیاسەتووان و شاعیر و کلتوور دۆست، لەدیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە ژیانی سیاسی و ئەدەبی خۆی دەکات و پێیوایە سیاسەت و شیعر تەواوکەری یەکترن، جەختیش لەوە دەکاتەوە پیاو چەند بەھێز بێت و خاوەن دەسەڵات بێت بەبێ ئافرەت ھەر نیو مرۆڤە. ئەو لەدایکبووی شاری دھۆک ساڵی ١٩٦٢، باوکی کچ و کوڕێکە، خاوەنی ٢٤ کتێبی چاپکراوە، کە سێ بەشی شیعر و ھەڵبەستن، وەک خۆی باسیدەکات داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ئافرەتە و ئافرەت بۆتە ھەوێنی شیعر و ھەڵبەستەکانی.

گوڵان: باسەرەتا لەوە دەست پێبکەین، ئایا بۆ پێت دەڵێن قادر قاچاخ نازناوی ئەم قاچاخە چۆنە؟
قادر قەچاخ: خۆی نازناوەکەم قەچاخە نەک قاچاغ، لەدوو بڕگە پێکھاتووە، چاخ بەمانای سەدە دێت، قەچاخ واتا کەمتر لە سەدەیەک وەک حەیام یان سەردەم، ئەو ناوەشم لە قەچاخی موراد وەرگرتووە، قەچاخی موراد شاعیرێکی کوردی ئەرمەنستان بوو، ھەڵبژاردنی ئەم نازناوە بۆ بابەتە ئەدەبییەکانم بوو، ھەتا ئەگەر بە قاچاغیش بناسرێم من ھیچ کێشەم نییە و شانازی پێوە دەکەم چونکە ئێمەی کورد ھەموو قاچاغین، کە دەوڵەتمان نەبێت لەبەرامبەر داگیرکەراندا ھەموو کات قاچاغین.
گوڵان: تۆ بەوە ناسراوی کە بایەخێکی ھێجگار زۆر بە ئافرەتان دەدەیت، ئایا ئەمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە تۆ بڕوات بە مافی ئافرەت ھەیە و دەتەوێت داکۆکی لەمافەکانیان بکەیت، یان جیھانی خەیاڵی شیعرەکانت، ئیلھامەکەی ئافرەتە؟
قادر قەچاخ: من بڕوای تەواوم بە دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەت ھەیە، من رۆژی لەدایکبوونم ٨ ی مارسە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی ئافرەتان، تەنانەت لە ٨ ی مارس بۆیەکەمجار مۆزەخانەکەمم کردەوە، چونکە ئەو رۆژە لای من رۆژێکی زۆر پیرۆزە، پیاو چەند بەھێز بێت و خاوەن دەسەڵات بێت ھەر نیو مرۆڤە و ئافرەتیش نیوەکەی دیکەیەتی، کە ژن و پیاو ھاوژینی پێکدێنن یان دەبنە دوو ھاوڕێی تەواو ئەوکات دەبنە یەک مرۆڤی تەواو، لەرووی مرۆڤایەتی بەبێ بوونی ئافرەت پیاو بوونی نییە و بەھەمان شێوەش بەبێ بوونی پیاو ئافرەت بوونی نابێت و ھەردووک تەواوکەری یەکترن بۆ ئەوەی ببنە مرۆڤێکی تەواو، من وەکو خۆم بە کردەوەش باوەڕم بە مافی ئافرەت ھەیە، ھەر زوو ھاوژینی خۆمم ناردە ناو یەکێتی ئافرەتان و لەدھۆک کەم بوون ئەو ئافرەتانەی کە ئۆتۆمبێلیان لێدەخوڕی من دیسان دەستپێشخەریم کرد و ھاوژینی خۆمم ھاندا ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، چونکە ئەگەر ئافرەت نەگاتە مافەکانی خۆی ئەوا نیوەی میلەت لە مافەکانی بێبەش دەبێت، ئافرەت بەڕێوەبەری گشتی خێزانە، دایکی نیوەکەی دیکەیە، وتەیەک ھەیە دەڵێت ئەگەر پیاوێک فێر بوو مرۆڤێک فێردەبێت، ئەگەر ئافرەتێک فێر بوو ئەوا میلەتێک فێر دەبێت، راستە ئافرەت لە مێژوودا داھێنانی زۆر گەورەیان نییە، بەڵام زۆربەی داھێنەر و بیرمەندەکان لەبەر مەمکی دایکێک گەورە بوون و بە پەروەردەی دایکێک پەروەردە بوون، تەنانەت لەسەر ئەو بابەتە ھەڵبەستیشم ھەنە.
گوڵان: تۆ لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە بوویت و سیاسەتت کردووە، بەڵام شاعیریت و شیعریش دەنووسیت، ئەمە لەکاتێکدا دنیای سیاسەت دنیای واقیع بینیە و دنیای شیعر ئیلھام و خەیاڵە، ئەم دوو جیھانەت بۆ پێکەوە کۆکردۆتەوە؟
قادر قەچاخ: من وای نابینم بەڵکو بەبۆچوونی من سیاسەت و شیعر تەواوکەری یەکترن، شیعریش ھەر سیاسەتە و سیاسەتیش لەوەوە دەکرێت کە تۆ چەوساوەی و دەتەوێت بە مافەکانت بگەیت و ھەست دەکەیت ئامانجێکت ھەیە و بۆی تێدەکۆشیت، ھەڵبەستیش بە ھەمان شێوە ئامانجی ھەیە، لەھەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی میلەتان لە جیھان ھەمیشە ئەدەب و شیعر جۆگەلەیەکی سەرەکی بووە بۆ گەیشتن بە رووباری بزووتنەوەی ئەو میلەتە، ئەفلاتون دەڵێت ئەو کاتە دەوڵەتێک سەرکەوتوو دەبێت کە ھەموو بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە شاعیر بن.
ئەگەر تەمەنت ئێستا بگەڕێتەوە بۆ ١٦ ساڵی، ئایا چۆن دەست دەکەیتەوە بە ژیان، مەبەستمان ئەوەیە دیسان تێکەڵاوی سیاسەت دەبوویت، یان دنیایەکی رۆمانسیت ھەڵدەبژارد؟
قادر قەچاخ: تا چەوسانەوە لەسەر وڵاتەکەم ھەبێت تاوەکو نەبین بە دەوڵەت، ئەو خزمەتە سیاسییەی نەتەوەکەم لە ھەموو خزمەتێک بە پیرۆزتر دەزانم، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا من پەشیمان نیم لەھەر کارێک لەھەردوو دونیای سیاسەت و ھەمیش رۆمانسیت کە کردبم، ئەگەر گەنجیش ببمەوە ھەمان رێچکەی خۆم دەگرمەبەر و بەھیچ شێوەیەک لەدونیای رۆمانسیەت پەشیمان نیم.
گوڵان: لەماوەی ساڵانی تەمەنی خەبات و تێکۆشانت چەندین پلە و پۆستی حزبی و حکومیت وەرگرتووە، ئایا لەکام پۆست زۆر رازی بوویت و لەکامیشیان زۆر بێزار بووی؟ لەبەر چی؟
قادر قەچاخ: من زیاتر لەپۆستی حزبی مورتاحم، تائێستا بوومەتە بەرپرسی حەوت لق، بەرپرسیارێتیم لەئاسایشی گستی وەرگرتووە، بەرپرسی رێکخستنی پێشمەرگە بووم، بەرپرسی ئەکادیمیای پارتی بووم دووجار، بەڵام من لە ئیشوکاری حزبی مورتاح ترم، ئەگەرچی ھەر ئیشێک بە من بسپێردرێت بەپیرۆزی دەزانم و دەیکەم بێئەوەی بێزار بم.
گوڵان: دەڵێن کاک قادر بایەخێکی زۆر بە کەلەپووری نەتەوەیی دەدات، ئایا کەلەپوور و شوێنەوار لای تۆ چ وێناو مانایەکی ھەیە؟
قادر قەچاخ: ھەر کەرەستەیەک کە شوێنەوار و کەلەپووری لێ پێکدێت، ھەریەکەیان شاھێدێک و دیمەنێکن بۆ ئەوەی بۆ ھەموو وڵاتانی دونیا بیسەلمێنێت کە ئێمەش خاوەن رابردوو و کلتووری نەتەوەیی خۆمانین، کە سەردانی وڵاتان دەکرێت بۆ زانینی مێژووی وڵاتەکە پێویستە سەرێک لە مۆزەخانەی ئەو وڵاتە بدەیت، میلەتی کوردیش لەم رووەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان لەناوچوون و دزران و داگیرکران و فرۆشران و بردرانە مۆزەخانەکانی دەرەوە، جارێک بە شەنشڵی سەرۆک وەزیرانی بریتانیایان گوت، ئەو بودجە زۆرەی بۆ مۆزەخانە تەرخان کراوە باشترە بۆ سوپا خەرج بکرێت، ئەویش لەوەڵامدا گوتبووی ئەگەر کلتوور نەبێت ئەو سوپایە بەرگری لەچی دەکات. من لەساڵی ١٩٩٤ تائێستا کەلوپەلی کۆن و کلتوور کۆدەکەمەوە و لە مۆزەخانەیەکدا پاراستوومن و نیوەی ماڵەکەی خۆمم بۆ مۆزەخانەکە تەرخان کردووە، گەورەترین ھۆڵ لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دھۆک مۆزەخانەکەمی تێدایە، سێ بەشی مۆزەخانەکەی بەشی مێژووی زانکۆی سەلاحەدین کەلوپەلەکانی ھی منن، کۆکردنەوەی کلتووری نەتەوەکەم بە ئەرکێکی مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری دەزانم، بۆ ئەوەی لە نەمان و لەناوچوون بیانپارێزین.
Top