تارا ئەمین سەپان: پێویستە پاڵپشتی خانمان بین

تارا ئەمین سەپان: پێویستە پاڵپشتی خانمان بین
ئا: تارا گوڵان

تارا ئەمین سەپان لە لە ئاخاوتنێکیدا بۆ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی دەکات: "لە ساڵی ٢٠١٨ یەکەم پەرتوکی ھونەری چێشتلێنانم چاپ کرد، کە خۆی لە ٢٦٠ لاپەڕە گرتبوو، لە ساڵی ٢٠٢٠ چاپی دوھەمم تەواو کرد، کە لە ٤١٧ لاپەڕە چاپ کرا. ساڵێکە گەڕاومەتەوە شاری سلێمانی و چێشتخانەیەکم ھەیە لە شەقامی سالم لە سەھۆڵەکە بە ناوی خواردنەکانی تارا ئەمین، کتێبێکی ئەدەبیم لە ژێر چاپدایە بە ناوی تاوسە ژن و ھەروەھا ئامادەکاری بۆ دیوانێکی شیعر دەکەم. لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبی ھونەری چێشتلێنانم بە زمانی عەرەبی، دامەزرێنەر و خاوەنی پڕۆژەی خەڵاتەکانی تارام لە ژێر دروشمی با پاڵپشتی خانمان بین."
تارا ئەمین جگە لە ھونەری چێشتلێنان، لە بواری مافەکانی ئافرەت و کێشە کۆمەڵایەتی و ئاریشەکانی کۆمەڵگە دەنووسێت و، ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە بواری مافەکانی ئافرەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بابەتم ورووژاندووە، بەشداریم کردووە لە سەرجەم کەناڵە کوردییەکان و خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانم، لەوانە: "خەڵاتی الاتحاد العراقی للقوس والاھم"، خەڵاتی یانەی وەرزشیی سلێمانی، خەڵاتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، خەڵات و ڕێزلێنانی مەگەزین فوود، سوپاسنامەی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی، سوپاسنامەی کەناڵی سپێدە و دواھەمین خەڵاتیشم خەڵاتی کاک قوباد تاڵەبانی بوو بۆ پشتگیریی ژنانی خاوەن کاری خۆیان."
ھاوکات دەڵێت: "ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە کە پشت بە خۆیان ببەستن. ھەوڵ بدەن کۆڵ نەدەن، چاوەڕێی دەستی کەس نەکەن، بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین، تەنیا بە ھێزی خۆشیان دەتوانن سەرکەوتوو بن." سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم کار و ژیانیشی گوتی: "بێگومان ڕێگرم زۆر بووە، بەڵام بەربەست و کێشەو ڕێگرییەکانم تێپەڕاندووە بەکۆلنەدانی خۆم. کارکردنیشم زۆر شتی پێ بەخشیوم، سەرەڕای ھەموو ھیلاکی و ڕەنج و سەرئێەشە و بێکاتی و مەشغەڵەت و مەسئوولیاتەوە، ھێزی پێ بەخشیوم. کارەکەم پشتبەستن بەخۆم و ڕێزگرتنی خەڵکی پێ بەخشیوم، خاوەن بڕیارم و کەسایەتی پێ بەخشیوم، ئەوەی پێ بەخشیوم موحتاجی دەستی کەس نەبم. لە سەرووی ھەمووی ئەوانەش دڵخۆشم بەوە کە ھەمووان دەمناسن و ڕێزم دەگرن. دەچمە ھەر شوێنێک، بە ژن و پیاو منداڵ بە گەرمی دێن بەرەو پیریمەوە و ئەوە گەورەترین شتە کە ھەمووان خوشیان دەوێم."
Top