چیرۆکی ئەو خانمەی تەمەنێکە خەریکی قوڕ و قوڕکارییە

چیرۆکی ئەو خانمەی تەمەنێکە خەریکی قوڕ و قوڕکارییە
لە کۆمەڵگەیەکی دوورە دەست خانمێکی زەحمەتکێش بە چنگ و نینۆکەکانی سەربەرزانە بژێوی خۆی و خانەوادەکەی پەیدا دەکات، تەندوور و کورە و مەنقەڵ لە قوڕ دروست دەکات بۆ فرۆشتن، ئەو خانمە لە دایکبووی شاری کەرکووکە و بەھۆی کوردبوونیەوە ساڵانێکە بە خانەوادەوە ئاوارەی شاری ھەولێرن.
نەجیبە جەوھەر لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٢ ی شاری کەرکووکە، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری گۆڤاری گوڵان، لاپەڕەی مەینەتییەکانی ژیانی خۆی بۆ خوێنەران ھەڵدەداتەوە و دەڵێت:" ژیان زۆرجار جگە لە ماندوو بوون و ئێش و ئازار ھیچ شتێکی دیکەی بۆ ئێمە مانان پێ نییە، رۆژانە خەریکی ئەم کارەم و لەگەڵ کارکردن خەمەکانم بەبا دەدەم و بە گریان ئازارەکانی ناو ناخ و ھەناوم دەشۆمەوە".
سەبارەت بە سەرەتای فێربوونی کارەکەی، خاتوو نەجیبە جەوھەر دەڵێت:" لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە ئەو کارە دەکەم و سەرەتا لە دایکی رەحمەتیمەوە فێر بووم، ئێستاش بەھۆی خراپی باری ئابووریمان رۆژانە تەندوور و کورە و مەنقەڵی چا لێنان لە قوڕ دروست دەکەم، بە پارەکەشی خەرجی رۆژانەی ماڵەوەی پێ جێبەجێ دەکەم، ھاوسەرەکەم پەککەوتەیە و لە جێگەدا کەوتووە، ئێمە خاوەنی شەش منداڵین کچێکم و سێ کوڕەکەم ھاوسەرگیریان کردووە و ئەوان تەنیا بە ژیانی خۆیان رادەگەن و ناتوانن ھاوکارمان بن، ئێمە لەکاتی راپەڕینەکە منداڵێکمان لەرێگەی ئێران مرد، لەبەر ئەوە حکومەت ٢٥٠ ھەزار دینار مووچەی بۆ بڕیوینەتەوە، ئەو پارەیە و پارەی کارەکەی من تائاستێک بژێوی رۆژانەی ژیانمان دابین دەکات".
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەو خانمە زەحمەتکێشە گوتی:" بە کارەکەم زۆر دڵخۆشم و سەربەرزم بەوەی کە خوای گەورە ئەو بەھرەیەی پێداوم و بۆ پاروێک نان موحتاجی دەستی نامەرد نابم و لە بەرھەمی ئارەقەی ناوچەوانم نانی خۆم و خێزانەکەشم پەیدا دەکەم، لەخوای گەورە داواکارم ھێز و توانا و تەندروستی باشم پێ بدات، تاوەکو لە کارکردن بەردەوام بم و نەبمە بارگرانی بەسەر ھیچ کەسێکەوە".
Top