شاناز تاھیر: لەداھاتوودا حەزدەکەم خولی تایبەت بەو کارە بکەمەوە کۆنتاکتی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو خانمانە ببەستم کە حەزی فێربوونیان ھەیە

شاناز تاھیر: لەداھاتوودا حەزدەکەم خولی تایبەت بەو کارە بکەمەوە کۆنتاکتی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو خانمانە ببەستم کە حەزی فێربوونیان ھەیە
شاناز تاھیر، خانمێکی دەستڕەنگینی شاری ھەولێرە، ماوەیەکە لە ریگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین ڤیدیۆ و بابەتی فێرکاری لەبارەی شێوازی ئامادەکردنی خواردن و شیرینی بڵاودەکاتەوە و بەوھۆیەوە خەڵکانێکی زۆر سوود لەکارەکەی ئەو وەردەگرن و بووەتە ھۆکارێک بۆ فێرکردنی ئەو خانمانەی کە ھیچ شتێک لەبارەی دروستکردنی خواردن و شیرینییەوە نازانن.
لەم سۆنگیەەوە وەک ھاندانێک بۆ ھاتنە پێشەوەی خانمان بۆ ناو دونیای کار و بزنس کردن و وەبەرھێنان لە ھێز و تواناکانیان، بە پێویستمان زانی ئەو خانمە دەسڕەنگینە بەسەر بکەینەوە و لە نزیکەوە گوێ لە چیرۆکی سەرھەڵدانی بیرۆکەی کارەکەی بزانین.
شاناز تاھیر وەک خۆی باسیدەکات لەساڵی ١٩٩١ لەشاری ھەولێر لەدایکبووە، لەساڵی ٢٠١٣ زانکۆی سەڵاحەدین، کۆلێژی ئەدەبیاتی بەشی مێژووم تەواوکردووە، ھەر لەو ساڵەشدا ھاوسەرگیری کردووە و ئێستا خاوەنی دوو کچە بەناوەکانی (ئیلینا و ئایناز).
شاناز تاھیر لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە چ شتێک ھانی داوە بیر لەو کارە بکاتەوە؟ ئەو گوتی:" لەراستیدا دوای ئەوەی لەکۆلێژ دەرچووم و ھاوسەرگیرم کرد، لە ھیچ دامودەزگایەکی حکومی دانەمەزرام و زۆریش ھیوایەتم بوو دابمەزرێم، زۆرجاریش گلەییم دەکرد کە بۆچی ئەو ھەموو ساڵەی خوێندنم بەو ئاسانییە بفەوتێ بۆ دەبێ حکومەت بیر لە دامەزراندنی رۆڵەی نیشتمانەکەی خۆی نەکاتەوە؟! ئەمە پرسیارێک بوو بەردەوام لە مێشکمدابوو و بەردەوام لەگەڵ ھاوسەرەکەم دەمەتەقێی ئەو بابەتەمان دەکرد، بەڵام خۆشبەختانە ئەو شتێکی لەمندا دۆزیبوویەوە کە ئەویش بەھرەی دەستڕەنگینییەکەم بوو، ئەو لەزووەوە دەیگوت تۆ پێویستە ئەو شتانەی دەیزانیت خەڵکانی دیکەش فێربکەیت و کارەکان نیشانی خەڵکی بدەیت، سەرەتا ئەو قسەیەم زۆر بەجدی وەرنەدەگرت، ھەرچەندە خۆشم ئەو ھەستەم لەلا دروستبوو بەھرەیەکەم تێدایە لە رووی دروستکردنی خواردن و شیرینییەوە، بەڵام ھاوژینەکەم زیاتر درکی بەمە کردبوو".
ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:" دوای ئەوەی چەندین فێرکاریم لەو گروپانەی سۆشیال میدیادا دادەبەزاند کە زۆرترین خانمی تێدابوو و زۆرترین دەستخۆشیم لێدەکرا و ھانیاندەدام، تا رۆژێک وای لێھات ھاوسەرەکەم لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پەیجێکی لە فەیسبووک بۆ دروستکردم ئینجا ئینستاگرام و کەناڵێکی یوتیوبیشی بۆ کردمەوە، لەوێوە بەردەوام بووم کارەکانی خۆم بە ڤیدیۆ و بەوێنە بڵاودەکردەوە، کە بینیم خەڵکی زۆر سوود لەبیرۆکە و کارەکانم وەردەگرن منیش زیاتر سووربووم لەسەرئەوەی کە دەبێ ھەرچی دەیزانم خەڵکی لێی بێ بەش نەکەم و زۆرترین سوود لەکارەکانم وەربگرن".
شاناز تاھیر لە وەڵامی پرسێکی دیکەی گۆڤاری گوڵان کە ئایا ھیچ رگرییەکەت ھەبوو؟ ئەو گوتی:" نەخێر، بەڵکو من ئەگەر ھاوسەرەکەم نەبوایە بیرم لەو کارە ھەر نەدەکردەوە، چونکە ئەو بەردەوام دەیگوت وەرە منەتی حکومەت ھەڵمەگرە تۆ بەھرەیەکت تێدایە ئەو بەھرەیە رەنگە لە ھەموو کەسدا نەبێت، چونکە دروستکردنی خواردن و شیرینی ھەر بەو ئاسانییە نییە، بەڵکو ھونەرە، ھەموو کەسێکیش ئەو ھونەرەی نییە کە بتوانێ ھەموو شتێکی لەدەست دەربچێ بەتامێکی خۆش و سەرنجڕاکێشەوە، ئەم قسانەی ئەو زۆر کاریگەر بوون بەلامەوە.
تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەشم دایک و باوک و براکانم زۆر ھانیانداوم و ھیچ کات رێگریان نەکردووە، لەبەرئەوەی من دەستم نەداوەتە کارێک دەوروبەرەکەم پێی شەرمەزاربن، بەڵکو ئەوەی من دەیکەم کارێکی فێرکاری و سوود گەیاندنە بەئەوانی تر، بۆیە ھەمیشە سەربەرزم بە کارەکەم و خەونی ئەوەم ھەیە لە داھاتووەکی نزیدا برەو بە کارەکەم بدەم و زەمینەی کارەکەم فراوانتر بکەم".
سەبارەت بەوەی کە کارکردن لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چ ھەستێکی پێ بەخشیووە؟ ئەو خاتوونە گوتی:" لێت ناشارمەوە، زۆرجار ئەو خەڵکانەی رۆحییەتێکی حەسادەتیان تێدا ھەیە، بەردەوام تانە و تەشەر یاخود بەسووکی سەیری کارەکانم دەکەن، روونترە بڵێم کۆمێنتی رووخێنەر دەنووسن، بەڵام ئەمە تا ئێستا نەبووەتە ھۆکاری ئەوەی من لەکارەکەم ساردببمەوە، چونکە ھەموو کارێکی بەرھەمدار لەسەرەتاوە تووشی ئەو گەڕەڵاوژەیە دەبێت، بۆیە ئێستا بەلامەوە زۆر زۆر ئاساییە و رێز لەکۆمێنتی ھەمووان دەگرم.
نامەوێ ئەوەشم بیرچێت، ئەوانەی ئەم کۆمێنتە رووخێنەرانە دەنووسن، ژمارەیان لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی کۆمێنتی جوان و سەرنجڕاکێش و ھاندان دەنووسن ژمارەیان زۆر زیاترە، خۆشترین ھەستیش ئەو کاتە ھەمە کاتێک دەبینم، یەکێک لە فانەکان کارەکەی منی دووبارە کردووەتەوە شیرینی یان خواردنەکەی دروستکردووە بەوێنە بۆم رەوان دەکاتەوە، لەوێوە ھەستدەکەم ماندووبوونەکەم بەفێڕۆ نەچووە".
دەربارەی ئامانج و پڕۆژەی داھاتووشی شاناز تاھیر ئاماژە بەوە دەکات کە:"
تاکە خەونی من ئەوەیە زۆرترین خەڵک فێرکارییەکانی من دووبارە بکاتە و زۆرترین سوودی لێوەربگرن، لەداھاتووشدا حەزدەکەم خولی تایبەت بەو کارە بکەمەوە کۆنتاکتی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو خانمانە ببەستم کە حەزی فێربوونیان ھەیە".
لەکۆتایی قسەکانیدا ئامۆژکاری خانمان بەوە دەکات کە پێویستە بیر لە تواناکانی خۆیان بکەنەوە و باوەڕیان بەخۆیان و تواناکانیان ھەبێت، ھاوکات دەڵێت:" ھیچ مرۆڤێک لە ژیاندا زیاد نییە، دڵنیابە لەوەی ھەموو کەسێک ئەگەر بەھرەشی تێدا نەبێت دەتوانێت خۆی بەھرە بۆخۆی بخوڵقێنێ، تەنھا لەسەر ئەو کەسە پێویستە بەردەوام بێت و کۆڵنەدات، راستە سەختی و ناخۆشی و ئاستەنگی جۆراو جۆر دێتە سەر رێگای کارکردنی خانمان، بەڵام بەردەوام بوون و کۆڵنەدان دەتگەیەنێتە لوتکە".
Top