مانگی رەمەزان سەکۆیەک بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

مانگی رەمەزان  سەکۆیەک بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
گوڵان/ کۆمەڵایەتی



مانگی رەمەزان، مانگی نۆیەمە لە رۆژژمێری کۆچیدا، ئەم مانگە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و، موسڵمانان لە مانگەکانی دی زۆر زیاتر بایەخی پێ دەدەن. موسڵمانان لە رۆژەکانی ئەم مانگەدا لە بانگی بەیانییەوە تا خۆرئاوابوون بەڕۆژوو دەبن. مانگی رەمەزان پێگەیەکی تایبەتی لە کولتوور و مێژووی موسڵماناندا ھەیە، لەبەر ئەوەی بە بیروباوەڕی ئیسلامی، سرووشت لەم مانگە دەستی پێ کردووە و یەکەم ئایەتی قورئان بۆ پەیامبەری ئیسلام محەمەد (د. خ) لە شەوی قەدر لەم مانگەدا لە ساڵی ٦١٠ز دابەزیوە، بەدەر لەوەی مانگی رەمەزان مانگی خواپەرستی و رۆژووگرتنە، ھاوکات لەم مانگەدا خەڵک زیاتر گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دەدەن، زیاتریش یارمەتیی کەسانی ھەژار و کەمدەرامەت دەدەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە ھەیە.











سەرەتا مامۆستا کەوکەز سرێشمەیی کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی، باسی ئەوە دەکات کە "مانگی پیرۆزی رەمەزان پەیوەندییەکی تەواوی لە رووی ئایینی و کۆمەڵایەتی ھەیە. لە رووی ئایینییەوە خەڵک لەم مانگەدا گەرموگوڕییەکی زیاتری پێوە دیارە لە ھامشۆی مزگەوت و جەماعات و خوێندنی زیاتری قورئانی پیرۆز، مرۆڤ ھەیە لەم مانگەدا چوار پێنج جار خەتمی قورئان دەکات، ھەموو نوێژە فەرزەکان لە مزگەوت دەکرێن. لەم مانگە پیرۆزەدا خەڵک دڵی نەرمە و زۆر بە عاتیفانە و دڵسۆزییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن، ھاوکات لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکی پتەوتریان ھەیە." ئەو مامۆستا ئایینییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لە مانگی رەمەزان، ھاووڵاتیان زیاتر لێک نزیک دەبنەوە و ھاموشۆی یەکتر دەکەن." ھاوکات دەڵێت: "ئەو خێر و خێرخوازییەی لەم مانگەدا دەکرێت، بێگومان لە ھەر یازدە مانگەکانی دیکە زیاترە، ھەروەھا بەرەکەت لە سەر سفرەکانمان دەبیندرێ، بەرەکەت لەخواردن و خواردنەوە دەبیندرێ، بەرەکەت لە بازاڕ و ئەھلی کەسابەت دەبیندرێ، ھەموویان کاریان دەسووڕێ. لەم مانگەدا ھەموو کەسێک ھەست بە بەرەکەتی دین و دنیا دەکات، خەڵک لە پاش تەڕاویح دەچنە ماڵێک و پێکەوە دادەنیشن، ھەتا درەنگانی شەو گفتوگۆیەکی گەرم و برایانەیان دەبێت." گوتیشی: "فەقیر و ھەژارەکان لەم مانگەدا زۆر دڵیان خۆش دەبێت. ھەروەھا لە رووی سەرفترە و زەکاتەوە خەڵکی دەوڵەمەند، داویان لێ دەکرێت لەم مانگە زکاتی خۆیان بە ھەژار و موحتاجەکان ببەخشن. پەیوەندیی تەلەفۆنی و شۆشیاڵ میدیا لەم مانگە، دەنگدانەوەیەکی روون و ئاشکرا بەخۆیەوە دەبینێت. میدیاکان بە راپۆرت و بەرنامەکانیان لەم مانگە پیرۆزەدا کاری بەرچاو دەکەن."



مامۆستا کەوکەز سرێشمەیی، لە درێژەی وتەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە کە "یەک خێرکردن لە مانگی رەمەزان، بە قەدەر ھەزار خێری مانگەکانی دیکەیە و بەڕۆژووبوونی یەک رۆژیش لەم مانگەدا، بە قەدەر ھەموو مانگەکانی دیکەی ساڵ خێری ھەیە." گوتیشی: "خوای گەورە وەحی بە حەزرەتی جوبرائیل دەنێریت بۆ مووسای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێ، خوای تەعالا فەرموویەتی: ئەی مووسا من عەبد و بەندەکانم لە ئوممەتی پێغەمبەری ئاخر زەمان خەڵات دەکەم بە مانگی پیرۆزی رەمەزان، ھەر کەسێک رێزی مانگی پیرۆزی رەمەزان بگرێ و بەڕۆژوو بێت، ئەوە لە من زۆر نزیکتر دەبێت لە تۆ، ھەروەھا خوای گەورە فەرموویەتی: ئەی مووسا تۆ ئێستا لە سەر کێوی توور قسە و موناجاتم لەگەڵ دەکەیت، حەفتا پەردەمان لە نێواندایە، بەڵام ئوممەتی پێغەمبەری ئاخر زەمان لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بەڕۆژوو دەبن و خۆیان تێنی و برسی دەکەن، بۆ رەزامەندیی من، لەکاتی بەربانگشکاندن پەردە لە نێوان خۆم و ئەو کەسانە ھەڵدەگرم، ھەر داوایەک و ھەر دوعایەک بکەن، بۆیان جێبەجێ دەکەم. من بە چاوی بەزەیی و رەحمەتەوە تەماشەیان دەکەم، ھەر کەسێکیش بە چاوی بەزەیی و رحمەتەوە تەماشەی بکەم، لە ئاگری جەھننەم دەیپارێزم." وەک دواوتەشی گوتی: "واخر دعوانا والحمداللە رب العالمین، خوای گەورە تاعەت و عیبادەتی ھەموومان قبووڵ بکات."



ئاواز شێرزاد بەرپرسی ناوەندی سیدەکان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، رای وایە: "پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لاوازن و ژیانی ئێستای پڕ لە جەنجاڵی، وای کردووە بە گشتی مرۆڤەکان پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو لاوازی ببەن، بەتایبەت لەمانگی رەمەزان و لە کاریگەرییەکانی ئێستای قەدەغەی ھاتوچۆ، کەوا ھێشتان درێژەی ھەیە." ھاوکات دەڵێت: "رەمەزان ئەو مانگە پیرۆزەیە کەوا لایەنی دەروونی و جەستەیی تاک نوێ دەبێتەوە، جارێکی دی ئارامی دەگەڕێتەوە دڵ و دەرووەن و دەبێتە ھۆی پشوودانی جەستە و تەندروستیمان باشتر دەکات، بەگشتی دەبێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەھێز بکات." گوتیشی: "لە مانگی رەمەزان مرۆڤ بیر لە کەسانی دیکەش دەکاتەوە و یارمەتیی ھەژار و لێقەوماوان دەدات، بەڵام لە رەمەزانی ئەمساڵ خەڵک کەمتر رووی کردۆتە ئەوەی بیر لە کەسانی نەدار بکاتەوە، ئەویش بە ھۆی گۆڕانی بارودۆخی دارایی، بەڵام بەگشتی مانگی رەمەزان ھەستێکی تایبەت و ناوازە بە مرۆڤ دەبەخشێت و وای لێ دەکات، سەرەڕای گرفت و کێشە و نەداری و بگرە نەخۆشیش ھێشتا ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی بکات، بۆیە مرۆڤی موسڵمان دەبێت لەپاڵ بەجێھێنانی ئەرکە ئایینییەکان، ھەندێک ئەرکی دیکەش بەجێ بگەیێنێت، وەک بەھێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چاودێریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی و کەمدەرامەت، رەمەزانیش دەرفەتێکی باشە تا ھەست بە ئازار و مەینەتییەکانی یەکتری بکەین. دەبێت چینی دەوڵەمەند ئاگای لە چینی ھەژار بێت. بەم شێوەیە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەھێز دەبن، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا جۆرێک ساردی پێوە دیارە و بەرەو لاوازی چووە."



راگەیاندنکار سەرکار مەولوود، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "لە ئێستادا بەھۆی نەخۆشیی کرۆنا پەیوەندییەکان بەگشتی سنووردار کراون و ھەتا ئێستاش ئەم ترسە لە بەشێکی زۆر لە ناو کۆمەڵگە بەدی دەکرێت، بەڵام بەگشتی لە ئاینی ئیسلام و ھەموو دەقەکانیش باس لە ھەبوونی پەیوەندی لە نێوان موسڵمانان دەکات. لە قورئانی پیرۆزیش خودای گەورە دەفەرموێ: (( بسم اللە الرحمن الرحیم (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (13) إِنَّ أکۡرَمَکُمۡ عِندَ ٱللَّەِ أتۡقَکُمۡۚ إِنَّ ٱللَّەَ عَلِیمٌ خَبِیرࣱ))



[سورەت الحجرات ١٣]



واتە ((ئەی خەڵکینە بێگومان ئێمە ھەمووتانمان لە نێر و مێیەک دروست کردووە، (کە باوکە ئادەم و دایکە حەوایە) و کردوومانن بە چەندەھا گەل و تیرە و ھۆزی جۆربەجۆر، تا یەکتر بناسن و پەیوەندیتان خۆش بێت بە یەکەوە... بەڕاستی بەڕێزترینتان لای خوا ئەو کەسانەتان کە زۆرتر لەخواترسە و فەرمانبەرداری خوایە، بێگومان خوا زاناو ئاگایە بەھەمووان.)) ھەروەھا لە فەرموودەکانیش ئاماژەی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی بایەخ بە پەیوەندیەکانمان بدەین، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێ ئەفەرموێ: (( حديث أبي هريرة  قال: قال رسول الله ﷺ: لا تدخلوا الجنة حتى تؤمنوا، ولا تؤمنوا حتى تحابوا، أوَلا أدلكم على شيء إذا فعلتموه تحاببتم؟ أفشوا السلام بينكم[1].)



لەم فەرموودە پیرۆزەدا بە روونی ئاماژە بە پەیوەندیی موسڵمانان دەکات و داوا دەکات کە موسڵمانان لەگەڵ یەکتری خۆشەویست بن و سەردان و ھاتووچۆی یەکتری بکەن و سڵاو لەناو یەکتری بڵاو بکەنەوە." ئەو میدیاکارە ھەر سەبارەت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "لە مانگی رەمەزان خانمان زۆر ماندوو دەبن و سەرەڕای بەڕۆژووبوونیان سەرقاڵی دروستکردنی خواردن و پاک راگرتنی ماڵ و عیبادەت و کۆمەڵێ بابەتی دیکەن، بۆیە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەبێتەوە، ھۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە پیاوان زیاتر روو لە شوێنە میللییەکان دەکەن، بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان و یاریکردن لەو شوێنانەدا، بەوەش پەیوەندییەکانی خێزانی و خزمان روو لە کەم بوون دەکات ."
Top