پەرستاران لەھەموو بارودۆخێکی سەخت و دژوار پێشمەرگە ئاسا ھەمیشە لەریزی پێشەوەی بەرگریدان

پەرستاران لەھەموو بارودۆخێکی سەخت و دژوار پێشمەرگە ئاسا ھەمیشە لەریزی پێشەوەی بەرگریدان
گوڵان/ کۆمەڵایەتی
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (١٩٧٤ز) جیھان بڕیاریدا کە ڕۆژی (١٢ ی مایس بکرێت بە (ڕۆژی جیھانیی پەرستاران) و وەک وەفایەکیش بێت بۆ ئەو کەسەی کە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاری ھاوچەرخ دادەنرێت، کە ئەویش فلۆرێنس نایتینجل کە لە بەرواری (١٢⁄٠٥) لە دایک بووە.پەرستاران لە سەرانسەری دونیادا بە کوردستانیشەوە وەکو فریتشەی بەزەیی لە خزمەتکردنی نەخۆش بەردەوامن، تەنانەت لە ھەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان ھەبوو، پەرستاران ئەمجارەش توانیان مێژوویەکی پڕ سەروەری بۆ خۆیان و پیشەکەیان تۆمار بکەن، لە راپۆرتێکی گۆڤاری گوڵاندا بەشداربووان لە دیدی جیاوازەوە باس لە ئەرک و ماندووبوونی توێژی پەرستاران دەکەن.

فلۆرێنس نایتینجل لە ساڵی١٨٢٠ لە ئیتالیا لەدایک بووە، لە خێزانێکی بەریتانی دەوڵەمەند کە بڕوایان بە خستنەبەر خوێندنی کچ ھەبووە، نایتینجڵ بە دامەزرێنەری پەرستاری ھاوچەرخ دادەنرێت، خوێندنی لە ماڵەوە لە ژێر دەستی باوکی وەرگەتووە، خەونی بەوە دەبینی کە خزمەتی کەسانی تر بکات و ببێتە پەرستار بەڵام خێزانەکەی لە سەرەتادا دژی بوون، کە لەو کاتەدا پیشەی پەرستاری بە پیشەیەکی سەرنجراکێش نەدەبیندرا بەڵکو پیشەیەک بوو زۆر بێ بایەخ و بێرێز لە پیشەوەرانی دەڕواندرا، ، سەرەڕای قبوڵنەکردنی خێزانەکەی بەڵام ئەو لەسەر ئامانجەکەی سوور بوو و ھەوڵی زیاتری بۆ فێربوونی پەرستاریدا، تەنانەت فلۆرێنس ھاوسەرگیرییشی ڕەتکردەوە، لەبەر ھەستی ئەوەی کە ھاوسەرگیری کردن بە بەرپرسیارێتی ماڵەوەی دەبەستێتەوە. لە ساڵی ١٨٥١ لە قوتابخانەی کایزروارت فێری پەرستاری بوو، بە یەکەم کەس دادەنرێ کە ڕێزمانی بۆ پەرستاری تازە دانا و فێرکردنی پەرستاری دامەزراند و پلەی بۆ خزمەتگوزارییەکانی پەرستاری و خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبردن لە نەخۆشخانەکان دانا.

پەرستار گوڵاڵە پشدەری، وەک پەرستارێکی خاوەن ئەزموون سەبارەت بەم یادە بۆ گوڵان گوتی:" ڕۆژی پەرستیار
١٢ی جۆزەردان لە ھەموو ھاوپیشەکانم پیرۆز بێت.
ئەوانی فریشتەی سەرزەوی بە ناخێکی پاک و بە بوێری گیانی خۆیان بۆ پاراستن و چاک بوونەوەی نەخۆشان کردۆتە قەڵغان.
پیشەی پەرستیاری لە دونیادا بە دیدی من جوانترین و مرۆڤ دۆستانەترین پیشەیە.
سوپاس بۆ خوای گەورە کە لە تەمەنی ١٦ساڵییەوەم لەو پیشەدا وا نزیکەی چل ساڵە چێژودڵخۆشی یەکجار زۆرم لێی وەرگرتووە بە نۆژداری نەخۆشان و ڕازی بوونیان لێم و زەردەخەنەی سەر لێویان وپرسیاری ھەندێک لە نەخۆشانم بە ئایا بەیانی شەویش ئێشکەگری؟
ئارەزوو دەکەم تۆ بی و دەتوانم باشتر بخەوم ویان ھاوسەری نەخۆش دەیگوت ئەگەر تۆ بی دەتوانم بە دڵ ئارامی شەو بخەوم،چۆنکە دەزانم ژنەکەم بە دەستێکی باشم سپاردووە.
ئێستاش دوایی حەوت ساڵ خوێندن لە پەرستیاری دا ئەو ھەموو ساڵە ئەزموونی کارو دوایی نەخۆشی شێرپەنجەش نەبەزیوم و ئەوەی دەیزانم دەیگوازمەوە بۆ ھاوپیشەکان بۆ نەخۆشان و خانمانێک کە ئارەزووی خۆپاراستن یاخود زانیاری و ڕێنماییان ھەیە.بێ سنوور و بێ بەرامبەر ئامادەی ڕاوێژکاری و دڵنەوایی دەرونیش بۆ ھەر ژنێک پێویستی بە ھێز و زانیاری م بێت.
ئەگەر باوەڕت بە ئەشق ھەبێت دەتوانی بەکاری گێڕی و پەرەی پێبدەی بۆ دونیایەکی جوان.ئەمن ئاشقی پیشەکەمم".
سەبارەت بە ھەمان پرس د. ئازاد مەنتک پسپۆڕی ھەناو دڵ ھێما بۆ ئەوە دەکات:" ھەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھاندا ڕۆژی (١٢⁄٠٥) بە ڕۆژی جیھانیی پەرستاران دانراوە وە ھەموو وێکڕا ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن ھەروەک وەفایەک و دواتریش ھەروەک ھۆکارێک لۆ زیاتر گرنگیدان بە تەندروستی مرۆڤەکان و بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری دروستی و ڕۆشنبیری گشتی. لە ھەموو جیھاندا مرۆڤایەتی لۆ ئەوە ھەوڵ دەدات؛ کە: دەوروبەرێکی تەندروست دروست بکات، وە ھەر کاتێکیش دەوروبەر تەندروست بوو؛ ئەو کات مرۆڤایەتی و مرۆڤەکان دەکەونە خۆشی و خۆشگوزەرانی و ھێمنی و ئاسایش و ژیانیان خۆش دەبێت. وە لۆ ئەوەی دەوروبەریش تەندروست بێت یەکەم ھەنگاو پێویست دەکات، کە: ئەو فریشتە ئاساییانە بناسرێن کە وەک سەربازێکی وون زۆرترین ئەرکییان لە سەر شان بووە ھەتا دەوربەرەکە تەندروست بکەن، ئەرک و پەیام بگەیەنن کە ئەوانیش پەرستارانن... ھەر لەبەر ھەموو ئەمانە لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (١٩٧٤ز) جیھان بڕیاریدا کە ڕۆژی (١٢⁄٠٥) بکرێت بە (ڕۆژی جیھانیی پەرستاران) و وەک وەفایەکیش بێت لۆ ئەو کەسەی کە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاری ھاوچەرخ دادەنرێت، کە ئەویش (Florence Nightingale)ە کە لە بەرواری (١٢⁄٠٥) لە دایک بووە.
ساڵانە لە ڕۆژی جیھانیی پەرستاران پەیامی تایبەت بڵاو دەکرێتەوە کە دەگەل نواندنی ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزاری کردنی پەرستاران لە ھەمان کاتیشدا ھۆکار بێت لەوەی زیاتر گرنگی بە ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی بدرێت بەوە ھەم تاکەکان و مرۆڤەکان تەندروست بن و ھەمیش ھۆکار بن لە دروستکردنی دەوروبەری تەندروست. پەیامی ئەم ساڵ (٢٠٢٠ز) بریتی بوو لەوەی: (A voice to lead: Nursing the World to Health)؛ واتە: دەنگێک لۆ پێشەنگی - ھەتا پەرستاران جیھان تەندروست بکەن. ھەتا لە (٢٠٢٠ز) لۆ زیاتر ناساندن و گرنگیدان بە نێرس و پەرستاران ڕۆژی جیھانیی تەندروستی، کە: لە (٠٧⁄٠٤⁄٢٠٢٠ز)ی پەیامەکەی ئەوە بوو کە سوپاسگوزاری مامان و پەرستاران دەبین. ئەمەش لە پێزانین و بە گرنگی تەماشا کردنی ڕۆڵ و ئەرکی پەرستاران و بەرز ڕاگرتنی دەورییان وەک بەشێکی کارای گرنگ و ھەستیار لە (دەستی کاری پزیشکی) ھەر وڵاتێک.
لێرەدا لە کوردستان زۆر گرنگە ھەموومان ڕێزی زۆر و پێزانین و پێنازینمان لۆ (پەرستارانی کوردستان) دەرببڕین کە وەک پێشمەرگە ئاسا و خۆنەویستانە و بێ ئەوەی ڕۆژێک و تەنانەت یەک خولەک سڵ بکەنەوە، بەردەوام بوونە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و خزمەتی پزیشکی ... بڕۆننێ، چ جای ئەو بارودۆخە ناھەموار و نالەبارەی کوردستان پێیدا تێپەڕی و تێدەپەڕێت! ھەر لە نەبوونی مووچە و خراپی باری ئابووری و دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان بەڵام ھێشتا پەرستاران بەردەوامن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و پێشکەکردنی خزمەت بە نەخۆش. بەردەوامن لە زیاتر ڕۆل بینین لە کایەی تەندروستی وڵات و بەردەوامن لە زیاتر بڵاو کردنەوە و برەو دان بە ڕۆشنبیری و ھۆشیاری دروستی. ئەوەتان لا سەیر نەبێت کە ئەگەر لە ھەر فەرھەنگ و قاموسێکی کوردیدا بە دوای مانای (Nurse) دابگەڕێیت ئەوا حەتمەن بەرامبەری وشەگەلی، وەک خوشک یان نەخۆشەوان یان پەرستار دەبینرێت! تەماشا بکەن کە کورد پەرستاری وەک کەسی نزیک و ئازیزی خۆی ڕوانیووە دەبێت چ لە خوشک خۆشەویستر ھەبێت !؟! سۆز و عاتیفەی خوشک لۆ خێزان و برا و خوشکی چۆنە ئەگەر ھاتوو برایەک یان خوشکێکی یان دایک یان باوکی نەخۆش بکەوێت ئەوا پەرستار وایە...
جیھان ئێستا ئەوە دەزانێت کە ئەگەر تاکێک تەندروست بوو ئەوا ھۆکار دەبێت لەوەی خێزانێک تەندروست بێت. ھەر کاتێکیش خێزانێک تەندروست بوو ئەوا ھۆکار دەبێت لەوەی کۆڵانێک تەندروست و ئاسوودە بێت، کۆڵانێکیش وا دەکات گەڕەکێک و چەند گەڕەکێکیش وادەکات شارۆچکەیەک و چەند شارۆچکەیەکیش وا دەکات شارێک و چەند شارێکیش وادەکات ھەرێمێک و چەند ھەرێمێکیش وادەکات، وڵاتێک و چەند وڵاتێکیش وا دەکات ھەموو جیھان بکەوێتە خۆشی و ئاسوودەیی و ئارامی و دوور بێت لە ئاشووبە و جەنگ و ماڵوێرانی و ھێمنی و ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی و نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی پارێزراو بێت. ئەھا، سەیر بکە بە بەژداری کردنت لە بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و پێزانینی ڕۆڵی پەرستیاران چەند ڕوڵێکی گرنگ دەبینیت لە خەبات کردن لە دیفاع کردن لە خاک و ئاو و وڵات و مرۆڤەکان. ھەر لۆیەشە بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە (١٢⁄٠٥) ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی و ئایینیشە و پێزانینە بە ڕۆڵ و ئەرک و کاری ئەو کەسانەی کە لۆ پێشەوە بردنی کۆمەڵگە و وڵاتمان لە ڕێزی پێشەوەن و چەکی کۆڵنەدان و لەخۆبووردەیی و خزمەتییان لە شان کردووە.
ئەی پەرستاران و فریشتە سپییەکانی ناو کەرتی تەندروستی ئەی پێشمەرگە و سەربازە ونەکانی کەرتی تەندروستی (ڕۆژی جیھانیی پەرستار)یتان باش و پیرۆز بێت، ئێوە جێگەی شانازی و پێنازین و پێزانینی ئێمەن! ئێوەن کە کوردان و کوردەواری پێتان دەنازێت، مێژووش شاھێدیتان لۆ دەدات کە مرۆڤن، دۆستن، خۆشەویستن چاوساغ و خۆنەویستن. مرۆڤەکان ئەوانەی جێ دەستییان لە مێژووی مرۆڤایەتی دەمێنێت کەمن بەڵام بێگومان بن، کە ھەتا ھەتایێ مێژوو بە چاوی ڕێز و گەورە ناوی (پەرستاران) دەبات و دەڵێت، کە: ئەوانە کەلە مرۆڤەکانی میللەتی کوردن
Top