لە رۆژی جیھانیی کرێکاراندا داوای ئاوڕدانەوەی جددی لە دۆخی نالەباری کرێکارانی کوردستان دەکرێت
May 1, 2020
کۆمەڵایەتی
دیاریکردنی رۆژی یەکی ئایار، وەک جەژنی جیھانیی کرێکاران، پاش رووداوێکی خوێناوی و کارەساتبار بووە و، مێژووەکەی بۆ یەکی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ دەگەڕێتەوە، کاتێک رێکخراوی سوارچاکانی کاری ئەمریکا داوای کرد، لەو رۆژەوە بە سیستمی ھەشت سەعات لە رۆژێکدا کار بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش مانگرتن و خۆپیشاندانی فراوان چەندین ناوچەی پیشەسازییان تەنی و تووڕەیی و ناڕەزاییەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی لێکەوتەوە. سەرەتای یادکردنەوەی رۆژی جیھانیی کرێکارانی جیھان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٦ کاتێک کرێکارانی ئوسترالیا لە پێناوی چەسپاندنی ھەشت کاتژمێر کارکردنی رۆژانەدا کۆبوونەوە. لە ھەرێمی کوردستانیش ساڵانە رێکخراو و سەندیکاکانی کرێکاران لەو یادەدا بۆنەی جیاواز ساز دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کرێکارانی کوردستان بە دەست کەمیی ھەلی کار و زۆریی کارکردن و کەمیی مووچە و نەبوونی زامنی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانەوە دەناڵێنن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان داوای ئاوڕدانەوەی جددی لە دۆخی نالەباری کرێکارانی کوردستان دەکەن و ئابووریناسێکیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستا درێژە بکێشێت، دۆخێکی خراپی کۆمەڵایەتی رووبەڕوی ئەو خانەوادانە دەبێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونییان ھەیە، رەنگە پەناش بۆ رێگەی ناڕەوای پەیداکردنی نان ببەن، ئەمەش لە ھەموو لایەکەوە خەرجییەکان لەسەر حکومەت بەرز دەکاتەوە.
سەرەتا ئیبراھیم حاجی زەڵمی خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کۆمەڵناسی، باسی ئەوە دەکات کە "چەمکی بێکاری چەمکێکی ئینسانیی رووتە، بەو پێیەی (کار) تەنیا وابەستەیە بە مرۆڤ و کولتووری مرۆییەوە و راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەوە ھەیە. دیارە خودی کار ئەگەر خستنەگەڕ و خەرجکردنی ھەر توانایەکی ھزری و جەستەیی و وشەیی و ئاماژەیی مرۆڤ بێت، بۆ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە سەرچاوەکانی مرۆڤ و گۆڕینیان بۆ کەرەستە و پڕکەرەوەی پێداویستی و ژیانی مرۆڤ، ئەوا لە ھەمانکاتدا بێکارییش ئاماژەیە بۆ زایەدان و سوودوەرنەگرتن لەو توانا و خەم و حەزەی مرۆڤ کە ھەیەتی و خاوەنیەتی و مەبەستیەتی بەکاری ببات (ئیتر لە پڕکردنەوەی پێداویستیی خۆی بێت، یان ئەوانی دی، تا بەرھەمھێنان و داھێنان و ھەر پڕکەرەوەیەکی دیکەی خواستی مرۆڤ." ھاوکات دەڵێت: "دیارە چەمکی بێکاری، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی جیاواز و گۆڕاوە، ئەوەش بە پێی سرووشت و تێگەیشتن و نەریت جۆری ئەو کارەی کە لە ناو کۆمەڵگەکەدا ھەیە و بڵاوە. لە کاتێکدا واتای بێکاری لە کۆمەڵگەی لادێنشین و کلاسیکییەکاندا کە پیشەی کشتوکاڵی تیایاندا باو نەبووە، دەبینین بە سەرھەڵدانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و فرەجۆری لە پیشە و تایبەتمەندی لە کارکردن و پسپۆڕی، بە دووی خۆیدا ھێنا و، جۆری کارەکانی جیا کردەوە، لەگەڵیشیدا بێکاری وەک دیاردەیەک و گرفتێکی کار خۆی بەرچاو خست." ئەو کۆمەڵناسە ئەوەشی خستەڕوو کە "رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پێناسەی بێکاری بەم جۆرە کردووە کە بێکار بریتییە لە ھەر تاکێک کە خواستی کار و توانای کارکردنی ھەیە و بە دووی کارکردنیشدا وێڵە بەو کرێیەی کە باوە و ئامادەیە ئەنجامی بدات، بەڵام بە دەستی ناکەوێـت." گوتیشی: "دیاریکردنی واتای بێکاری لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا دەوەستێتە سەر توانای ھەر تاکێک کە ھەلی دەستکەوتنی ئەو کارەی ھەبێت کە لە توانایدایە بیکات، بەو کرێیەی کە باوە و ھەیە، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک لە ئاماژەکانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە دێتە ھەژمار. بەڵام دیارە ئەو ھۆکارەی ئەمڕۆ ئامادەیە بۆ بڵاوبوونەوەی بێکاری، بریتییە لە نەخۆشی و پەتای بڵاوەبووی جیھانی (کرۆنا)، کە لەو ساتەوەی دەرکەوتووە، یەکەم دەرکەوتەی زەنگێکی مەترسیدار بوو لە سەر کار، بەو پێیەی کە کار سەرچاوە و وزەی یەکەمی جووڵان و ئەنجامدانەکەی مرۆڤە، ئەمڕۆ لە سووچی ماڵدا ئەو کارەکتەری کارەی (کرێکار)ی سڕ کردووە و ناجووڵێ، بۆیە ئەمە بە ترسناکترینی جۆری بێکاری بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی دێتە ھەژمار، چونکە بەدەر لەوەی کە ھۆکارێکە بۆ وەستاندنی کار، لە ھەمانکاتدا مەترسییەکی تەواویشە لەسەر ژیانی کارەکتەری کارەکە. بۆیە زیادبوونی ئامارەکانی بێکاری لە جیھانی ئەمڕۆدا، وامان پێ دەڵێن کە ئەوەی مەترسیی یەکەمی لەسەرە، کرێکارە، چ وەک ئەوەی بە ھۆی کرۆناوە گیانی لە مەترسیدایە، چ وەک ئەوەی شوێنگەکانی کارکردنی داخراون، بەوەش ژیان و گوزەرانی لە مەترسیدایە."
ئابووریناس ھۆشمەند رەفیق، سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە "چینی کرێکار لە سەر ئاستی جیھان ھەمیشە چەوەساوەترین چین بوون و ھەردەم مافیان پێشێل کراوە و، جگە لە ئەو سەندیکا کرێکارییانەی خۆیان نەبێت، ھیچ دامەزراوەیەکی دیکە پارێزەرایەتی بۆ نەکردوون، لەگەڵ ئەوەی ھەموو سیستەمە ئابوورییەکانیش لە ھەموو وڵاتان بە گوفتار بەرگرییان لە مافەکانیان کردووە، بەڵام لە واقیعدا وا نەبووە، لە ھەرێمی کوردستانیش بە داخەوە بە ھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری کرێکاران تا ئێستا بە ھۆی ناھۆشیارییان نەبوونەتە ئەندام لە سەندیکای کرێکانی کوردستان، تا لە ھەر پێشێلکارییەک مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە." ھاوکات دەڵێت: "بە پێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی ٧٠ ھەزار کرێکار ئەندامی سەندیکان، بەڵام ھەزاران کرێکاری دیکە نەبوونەتە ئەندام، ئەی مافی ئەوانە چۆن دەپارێزرێت؟ ئەی کێ و چ دامەزراوەیەک دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەکات؟ تا دۆخێکی لە شێوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا مافی ئەو کرێکارانە پارێزراو بێت، لە حاڵێکدا لە ھەموو جیھان ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان ھەیە، دەبێت لەو کاتەدا مووچەکانیان پێ بدرێت، یا کرێی رۆژانەیان لە مانگێکدا بۆ ھەژمار بکرێت، بەڵام ئایا ئەوە ھەموو کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ئەوە جێبەجێ دەکەن؟ بێگومان نەخێر، چۆن ئەمە دەکرێتە گوشار لەسەر کەرتی تایبەت تا مووچەکانیان پێ بدرێت؟ دەبێت سەندیکای کرێکاران ئەو کارتە گوشارە بێت، ئەگینا رەنگە کەرتی تایبەت ئەوە جێبەجێ نەکات، بە پاساوی نەبوونی کار، جگە لەوەش گریمان ئەوانەی ئەندامن لەو سەندیکایە و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان ھەیە، ئەی ئەو ھەزارانەی دیکە چی بکەن؟" وەک رێکاری چارەسەریش گوتی: "باشترین بژاردە ئەوەیە کە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دەزگایەکی فەرمی و باوەڕپێکراوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ناوی ئەو کەسانە تۆمار بکرێت کە لە ئێستادا دۆخی داراییان خراپە و ناتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن، پاشان بە ھاوکاریی خێرخوازان و سەرمایەدارانی کوردستان، تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە مووچەی مانگانەیان بۆ دابین بکەن، بەڵام تەنیا یەک دەزگا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بێت، نەوەک ھەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی مانگێک وەک خێر، پارەکە بگەیەنێت بە چەند کەسێک و سەدانی دیکە بێبەش بکات، یا کرێکارێک چەندین کەس ھاوکاری بکەن و کرێکاری دیکەش کەس نەبێت ھاوکاری بکات، واتە ئەگەر ئەو کارە بە دامەزراوەیی بێت، زۆر باشترە لە رەمەکی، تا ئامانجی خۆی بپێکێت." ئەو ئابووریناسە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستا درێژە بکێشێت، ئەوە دۆخێکی خراپی کۆمەڵایەتی رووبەڕوی ئەو خانەوادانە دەبێتەوە و ئەگەری تووشوبوون بە نەخۆشی دەروونی و رەنگە پەنا بۆ رێگەی ناڕەوای پەیداکردنی نان ببەن، ئەمەش لە ھەموو لایەکەوە خەرجییەکان لەسەر حکومەت بەرز دەکاتەوە. لە ئێستاشدا مانگی رەمەزانی پیرۆز دەفەرتێکی باشە تا زەکاتی ئەو ساڵی ھەموو خەڵکی کوردستان لە یەک سندوق کۆبکرێتەوە، ھەم بکرێت بە مووچەیەک بۆ ھەژاران و ھەمیش بۆ کرێکاران لە رێگەی ئەو دامەزراوە فەرمییە باوەڕپێکراوەی حکومەت."