پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان لە سەردەمی کۆڕۆنادا

پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان لە سەردەمی کۆڕۆنادا
لە نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان و ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لە سەرانسەری جیھاندا بەربڵاوە، ھاوڵاتیان پەرۆشی ئەوەن لایەنی ئەرێنی و نەرێنی رۆژووگرتن لەسەردەمی کۆڕۆنادا بزانن، ئەم ساڵ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو خەڵک بە شێوەیەکی گەرم و گوڕ خۆی ئامادە نەکردووە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ھاوکات لە نوێترین توێژینەوەی زانستیدا ھاتووە، ئەوانەی بە رۆژوو دەبن سیستەمی ھەرسکردنی خۆراکیان باشتر دەبێت و لە نەخۆشی دڵ بە دوور دەبن و بەرزی پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە و مێشکی مرۆڤیش دەپارێزێت و چالاکی دەکات .

ھەر لە توێژینەوەکەدا ھاتووە ، رۆژوو رێژەی شەرکی نێو خوێن کەم دەکاتەوە و خانەکانی نێو لەشیش لە پیسی دەپارێزێت و پاکیان دەکاتەوە، ھاوکات سیستەمی بەرگری لەش بەھێز دەکات.



لەلایەکی دیکەوە لیژنەی باڵای فەتوا لە عێراق فەتوایەکی تایبەت بە رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا دەرکرد.

لە فەتواکەدا ھاتووە "پێویستە لەسەر ھەر کەسێک کە تەندروستیی باش بێت و نەخۆش نەبێت مانگی رەمەزان بەرۆژوو بێت، ھەر کەسێکیش تەندروستیی باش بێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی گوایە لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام پێویستی بەوەیە ئاو و خواردن بخوات، ئەوە رێگە پێدراو نییە.



لە دەستپێکدا چالاکی مافناس عیماد ئەحمەد بۆ گوڵان گوتی:"مانگی ڕەمەزان ساڵانە پیرۆزتر لەمانگەکانی تر دەبێتە میوان و ھەرچی دەرگای خێرو بەختەوەری دەروونە بە ڕووی موسڵماناندا دەیکاتەوە.

لەم مانگەدا موسڵمانان خۆیان ئامادە دەکەن زووتر بەکڕینی کۆمەڵێک خواردن و کەلوپەل پێداویستی تر وێڕای ئەمەش مانگی ڕەمەزان قوتابخانەیەکی گەورەیە و کاریگەری زۆری ھەیە بۆ تاکی موسڵمان و کۆمەڵگە، چونکە بە لێ ورد بوونەوە لەم مانگە سەدان حیکمەت و دەرس وەر دەگیرێ کە سوودی ھەم بۆ خودی ڕۆژووگر ھەمیش بۆ کۆمەڵگە و بەرژەوەندی نەتەوەیی ھەیە. وەک ئاشکرایە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ جیا لە ساڵەکانی تر پێویستە ئێمەی موسڵمان سەڕەڕای جێ بەجێ کردنی ئەو ئەرکە ئاینیە نابێت زیادە ڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە و کۆبوونەوەی بە کۆمەڵ لە ماڵەکان و دەرەوە بکەین لەبەر ئەوەی ترسێکی گەورەی ھەیە بۆ سەر تەندروستی کەسەکە و کۆمەڵگا لەبەر ئەو ڤایرۆسە کووشندەیەی چەند مانگێکە بە ھەزاران مرۆڤی تووشکردووە، بۆیە دەبێت وریا بین و ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین بە دووربین لە ترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەمەش بە جێ بەجێ کردنی ڕێنمایەکانی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت، ھەروەھا پێویستە لەسەر کەسانی خاوەن کارگەو بازرگان و دوکاندارەکان ڕێز لە گەورەیی و پیرۆزی ئەم مانگە بگرن بەداخەوە کەسانێکی نەفس نزم ھەڵدەستن بە گران کردنی نرخی کەل و پەل و شتومەک ئەمەش کاریگەریەکی خراپی ھەیە بۆ ئابوری کۆمەڵگە ھەڵبەتە بەدەر لە بوونی کۆمەڵێک کێشەو گیرو گرفت لە ھەرێمی کوردستان گرفتی قەیرانی ئابوری یەخەی ھەرێمەکەمانی گرتوە بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت ودامو دەزگا پەیوەندیدارەکان چاودێریەکی توندی بازاڕ بکەن ھەر کەسێک سەر پێچی ڕێنماییەکان بکات بەتوندترین شێواز سزا بدرێت.





سەبارەت بە ھەمان پرس ئاواز شێرزاد بەرپرسی ناوەندی سیدەکان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد:" مانگی ڕەمەزان تەنیا چەند ڕۆژێکمان ماوە بگەینە ئەم مانگە پیرۆزە ، بەپێی ئەوەی ئێمە میلەتێکی زۆرینە موسوڵمانین ھەموو ساڵێک لەپێش ھاتنی ئەم مانگە پیرۆزە چ ھاوڵاتی و چ حوکومەت ئامادەکاریەکی باش دەکەن بۆ بەڕێکردنی ئەم مانگە پیرۆزە ، بەڵام ئەم ساڵ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو خەڵک بە شێوەیەکی گەرم و گوڕ خۆی ئامادە نەکردووە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە بە جیھاندا و درووست کردنی کاریگەری لەسەر بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک ، ھەرێمی کوردستان بێ بەش نیە لەم دۆخە نەخوازراوە و ڕاستە بەشێوەیەکی زۆر باش خەریکە دۆخەکە تێدەپەڕێت بەڵام ھێشتان پێویستە حوکومەت بەردەوام بێت لە گرتنەبەری ڕێ و شوێنی ئەمنی توند ، بۆیە ئەمەش کاریگەری تەواوی درووست کردووە لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان ، دەکرێت بڵێین ئەم ساڵ جیاوازتر لە ھەموو ساڵانی ڕابردوو دڵەڕاوکێی بۆ زۆربەی ھاوڵاتیان درووست کردووە بەتایبەتی داخستنی مزگەوتەکان ، بەھیواین حوکومەتی ھەرێم لەم مانگە پیرۆزە دا ئاوڕ لە ژیانی خەڵک بداتەوە بەتایبەت چینی ھەژار و ھەموو ئەو کەسانەی کەوا ھیچ داھاتێکیان نیە و کارو گوزەرانیان پەکی کەوتووە ھەروەھا کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بە ڕێک کاری توند و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی ، ھەروەھا چاودێریەکی توند بخاتە سەر بازاڕەکان لە گران کردنی پێداویستی ھاوڵاتیان".



د.ئازاد مەنتک پسپۆڕی ھەناو و دڵ لە رووی تەندروستییەوە باس لە رێکارەکانی رۆژووگرتن دەکات:" دەگەل بڵاو بوونەوەی ئەم دەرد و نەخۆشییە (کۆڤید ١٩) کە ھەتا ھەنووکە نە چارەسەری ھەیە، وە نە ڤاکسینیشی ھەیە. ھەر لۆیە؛ باشترین ڕێکاری بریتی بوو لە خۆپارێزی. پێشتر، ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی ئاماژەی بەوە دابوو؛ کە: لەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکەی تێدا تیر بووە ئەوا: نابێت کەس بە ڕۆژی بێت و تەنانەت کەس دایتینگیش بکات. ئەوە بێگومان لە وڵاتێکەوە لۆ وڵاتێکیترەوە دەگۆڕێت لۆ نموونە: زلھێزێکی وەکو: ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا زیڕەی لێ ھەستا، ڕێژەی تووشبوونی دەگەل وڵاتانیدی جووداتر بوو. ھەر لەبەر ئەوە لە ڕۆژی (١٥⁄٠٤⁄٢٠٢٠) ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی نامیلکەی تایبەتی بە مانگی ڕەمەزان دەرکرد کە: وڵاتان ھەر یەکە و بەھەماھەنگی دەگەل زانایانی ئایینی خۆیان و ئەو لێژنانەی دایان ناون بڕیار دەدەن کە: ئایا مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو ببن یان نا!؟!! دەبینین، کە: وڵاتی سعودیە بە ھۆی بارودۆخەکەی تێیکەوتووە دەرگای ھەموو مزگەوتەکانی بە (مەککە و مەدینە) ەوەش بە درێژایی مانگ دادەخات؛ وە تەنانەت نۆێژی جەژن ناکرێت بەڵکو خەڵک لە ماڵەوە دەیکەن.

لە کوردستان؛ ئێمە بە ھۆی ئەوەی بارودۆخمان لە چاو زۆر لە وڵاتان باشترە؛ و ژمارەی تووشبووان ڕۆژ لە ڕۆژ کەمترە، چەند ڕۆژێکە ھیچ حالەتێک تۆمار نەکراوە؛ لۆیە: ھیچ پێویست ناکات کوردستانیان بەڕۆژوو نەبن، ئاساییە بەڕۆژوو ببین! دەبێت: بەڕۆژوو ببین. وە ئەگەر ڕێنمایی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و فەتوای تونس و فەتوای ئەزھەر جێبەجێ بکەین ئەوا: لە کوردستان موسڵمانان دەتوانن بەڕۆژوو ببن بەمەرجێک لە مانگی ڕەمەزانیش ڕێکارە خۆپارێزییەکان پیادە بکەن.

ڕێنماییەکان:

١. کۆبوونەوە:

ا. لە دوکان و سوپەرمارکێت و نانەواخانە ...ھتد مەسافەی خۆی یەکێکیدی دەبێت بە لایەنی کەم یەک مەتر بێت.

ب. سەلام کردن: ھەتا بکرێت لە کاتی سەلام کردن یەک مەتر بەینیان بێت و دۆقە و ماچکردن نەبێت.

ت. ھەوڵ بدەن ھیچ شوێنێک قەرەباڵغ و جەنجاڵ نەکەن.



٢. کۆمەڵە مەترسیدارەکان:

ا. ئەو کەسانەی ھەست دەکەن نەخۆشن یان ھەست دەکەن نیشانەی (کۆڤید ١٩)یان لێ وەدیار کەوتووە ئەوا: نەچنە ناو خەڵک ھەتا کەسیدی تووش نەکەن.

ب. پیرو بەناو ساڵکەوتووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە؛ وەکو: نەخۆشی دڵ، سووکەری، شێرپەنچە...ھتد)؛ ئەوانە خۆ لە شوێنی قەرەباڵغ دوور بگرن، وە زۆر نەچنە ناو خەڵک چونکە لە ئەگەری تووشبوونیان ئەمانە زۆر بە تووندی (کۆڤید ١٩) دەیان گرێت.

٣. ڕێنماییەکان تایبەت بە مانگی ڕەمەزان: لەگەل ھاتنی مانگی ڕەمەزان دەکرێت دەرگای مزگەوتەکان بکرێتەوە و نوێژی بە کۆمەڵ و تەراویح و خووتبە بخوێنرێت بەڵام دەبێت ئەم ڕێنماییانە لەبەر چاو بگیرێت:

ا. باشترە خڕ بوونەوە و نوێژەکان لە گۆڕەپانی مزگەوت بێت... خۆ ئەگەر ناو حەرەمی مزگەوت ھەواگۆڕکێی باشی ھەبوو ئەوا: ئاساییە لەناو حەرەمیش بێت.

ب. ھەتا دەکرێت خوتبە و کۆبوونەوەکان کورت بکرێنەوە.

ت. ھەموو دەم نەکەن مزگەوت جەنجاڵ و قەرەباڵغ بکرێت.

ج. دوورکەوتنەوە لە یەکتری و مەسافەی نوێژکەرێک دەگەل یەکێکیدی یەک مەتر بێت.

د. ڕێکخستنی ژمارەی کەسەکان: لە کاتی سەردانی مزگەوت یان سوپەرمارکێت ...ھتد ھەوڵ بدرێت کەت کەت کەسەکان بێن، ئەگەر لە مزگەوتەکان بەتایبەت و.ئەوقاف دەگەل و.تەندروستی ھەماھەنگ بکات لەوەی تیم ھەبێت و پێش چوونە ناو مزگەوت پشکنینی سەردەستی و دەستوبرد ھەبێت؛ ئەولا باشتر!!! بەمە ئەوەی نەخۆش بێت جیا دەکرێتەوە.

٤. پاکوخاوێنی: موسڵمانان دەبێت ڕێکارەکانی پاکوخاوێنی تاک و کۆمەڵگا پیادە بکەن، لەوانە:

ا. دەستنوێژ شووشتن: ھەتا دەکرێت لە ماڵ دەستنوێژ بگرە.

ب. مزگەوت: لە ھاتنە ژوورە و لە چوونە دەرەوە لە مزگەوت ھەر دوو دەستت جوان بشۆ، ئەگەر سابوونی شل بوو لە مزگەوت ئەوا: ھەوڵ بدە بە ئەنگووست پلی پێدا مەکێشە بەڵکو باشترە قەڵەمێک ببەیت و بە نووکی قەڵەم پەستان بکەیت. دەستت جوان بشۆ؛ ئەوجا ئاگادار بە کە: نەعلەکانیشت ئەگەر ھی مزگەوت بوو جوان بشۆیت.

ت. کلێنکس: لەوێ کلێنکس ھەبوو؛ ئەوا: دوای بەکارھێنانی بیخە ناو جێگا و سەبەتی تایبەت بە پاشماوە.

ج. بەرماڵ: باشترە ھەر کەسە و بەرماڵێک دەگەل خۆی ببات؛ وە لەسەر بەرماڵی خۆی نوێژ بکات.

د. ڕێکارە ئاساییەکانی خۆپاراستن لە (کۆڤید ١٩) ھەموو دەم پیادە بکە؛ وەک: یەک مەتر دووری، پاکوخاوێنی، دەستەسڕی تایبەتی خۆت وێ بێت، دەمامک بکە....ھتد.

٥. پاکوخاوێنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکان:

ا. دەبێت مجێور و خادمانی مزگەوت و خزمەتگوزارانی شوێنە گشتییەکان پێش و پاش خڕ بوونەوەی خەڵک ھەموو جێگایەک تەعقیم بکەن و بشۆن.

ب. لە مزگەوت شوێنی دەستنوێژ ھەڵگرتن و ئاودەستەکان تەعقیم بکەن و خاوێن بکەنەوە، بەتایبەت سەرئاو و دەستاوەکان.

ج. شووشتن: ھەموو دەستکی دەرگا، سوویچی گلۆپ و لایت و شەمع و تەناف و تەعقیم بکرێت و خاوێن بکرێتەوە.

٦. سەدەقە و خێر و زەکات: لە کاتی تەوزیع کردنی سەدەقە و زەکات (سکات)؛ دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی (یەک مەتر خۆ دوور گرتن، پاکوخاوێنی، قەرەباڵغی و جەنجاڵی بەدوور بوون؛ ...ھتد) پیادە بکرێت.

٦. تەندروستی:

ا. بەڕۆژوو بوون ھەموو کەسێکی ساغ دەکرێت بەڕۆژوو بێت. ھەرچی ئەوانەی نەخۆشن، ئەوا: ڕێنمایی لە پزیشکی خۆی وەردەگرێت. ھەرچی ئەوانەن تووشی (کۆڤید ١٩)؛ ئەوا:

- کۆڤید ١٩؛ تیر و تووند: ئەوانە لە خەستەخانە داخیل کراون و ئەوانە ئەگەری تەشەنەسەندنیان ھەیە و ڕێژەکەیان (١٥٪)یە لەتووشبووان. ...ئەمانە نابێت بەڕۆژوو بن.

-- کۆڤید ١٩؛ ھەڵگری ڤایرۆسەکە و بە سادەیی و خەفیف تووشبووە، ئەوا: ئەوانە دەبێت پرس بە پزیشکی پسپۆڕی خۆیان بکەن و ئەو ڕێنماییان بداتێ بەڕۆژی ببن یان نا...

٧. وەرزش کردن: ئیش و وەرزش کردن ئاساییە؛ وە ئەگەر قەدەغەی ھاتووچۆ مابوو؛ ئەوا: دەکرێت لە ناو ماڵ وەرزش و جوولە بکەن! وە ئەگەر قەدەغە ھەڵگیرا، ئەوا: لە دەرەوە یەک مەتر لێک دوور بن، پاکوخاوێنی، دەستشووشتن، ..ھتد بکەن.







لە روانگەی شەرعەوە مامۆستا مەلا ھێمن شارستینی بۆ گوڵان گوتی"

سەرەتا داواکارین لە خوای گەورە ئەم نەخۆشی کورونایە لەسەرمان ھەڵبگرێت وکوردستانمان بپارێزێت، لەپیلان وئاژاوەی ئاژاوەگیران و داواکارین لە خوای گەورە برایان وخوشکانی ماندونەسمان لە دکتور وکارمەندانی وەزارەتی تەندروستی ودەزگا ئەمنیەکانی ئاسایش وپولیس و پۆلیسی ھاتووچو وفریاکەتن وھێزەکانی پێشمەرگە سەربەرز وسەرکە وتوووسەرفرازبکات، پاداشتی بەخێریان بداتەوە لەسەر ئەو ھەوڵ وتێکوشانە ماندوونەناسانەیان بەراستی جێگای فەخرو شانازین، بەڕێزان پیویستە لەسەرمان پێشوازیکی جوان لەو میوانەی خوای پەروەردگار بکەین کەساڵانە دەبێتە مێوانمان بەخۆئامادەکردن، بۆ گرتنی ڕۆژوەکانی بەڕۆژ وەک وڵامدانەوەیەک بۆ فەرمانی خوای پەروەردگارکەفەرمانمان پێ دەکات ودەفەرموی (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ )واتە/ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بزانن رۆژووی مانگی رەمەزانتان لەسەر نووسراوەو فەرز کراوەتە سەرتان ھەروەکو لەسەر ئەو ئوممەت وھۆزانەی پێش خۆتانەوە فەرزکرابو بەڵکو بە تەقوا بن و؛ سنوورەکانی خوا بپارێزن و دەرگای گوناح لەخۆ داخەن و، دەرگای ھەموو خێرێ لەخۆ واز بکەن. وزیندوکردنەوەی شەوەکانیشی بە بەئەنجامدانی ٨رکات تەراویح و۳رکات نوێژی ویتر وەک جێ بەجی کردنی سوننەتی خۆشەوێستمان کەدەفەرموی(مَنْ قَامَ رَمَضَانَ إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ) واتە/ھەرکەسێک بەئێمان وبڕوایەکی پتەو وبەھێزەوە تەراویحەکانی مانگی پێرۆزی ڕەمەزان ئەنجام بدات خوای گەورە لەگوناھەکانی ڕابردوی خۆش دەبیت وئەگەرخوای گەورە ئەم دەردوبەڵایەی لەسەر لابردین وێستی لەسەربو مزگەوتەکان کرانەوە ئەوە بەشداری بکەین لەمزگەوتدابەجماعەت وئەگەر نەش کرانەوە ئەوە پاپەندبین لەماڵەوە ئەنجامیان بدەین ان شاءاللە خوای گەورە لە ئەجروپاداشتە بێ بەشمان ناکات وزۆر خوێندنی قوڕئانی پێرۆز چونکە مانگی ڕەمەزان مانگی دابەزێنی قوڕئان وپێغەمبەری خوا لەمانگی ڕەمەزان زیاتر لەگەڵ جبریل دەوەری قوڕئانی دەکردەوە وبەزێکرویادی خوای گەورەی زۆرتێدا ئەنجام بدەین. وبەتاێبەت لەم کاتەدا پیوێستە لەسەرخیرخوازان وخواپێداوان بەزەکاتەکانیان ویان بەسەدەقە سوننەتە کانیان ئاگایان لەخەڵکی فەقیرو ھەژار ونەدارودەست کورت ونەخۆش بێت بەھاوکاریەمادی ومەعنەوە ویارمەتدان بە خۆراک وخواردەمەنێ دەست گیرویان بکەن.وبەتاێبەت لەم ماوەیەی کەوا کەسانی کریکاروفەقیر مەجالیان نەبووە کاروکاسبی بکەن لەبەرقەدەغەی ھاتوچۆ وجێ بەجی کردنی ڕێنمایەکا نی وەزارەتی ناوخو وتەندروستی کەبەھۆی ئەوبە سەر کردنەوەیەی خوای گەورە کەجێھانی گرتوتەوە بەگشتی وکوردستانی خۆشەوێستمان بەتاێبەتی بەھۆی ڤایروسی کۆروناوە دەست کراوەبن چونکە پێغەمبەری خوا لەمانگی پرخێروبەرەکەتی ڕەمەزان دەست کراوەبو وەکو شنەبای شەماڵ چۆن دەشنێتەوە ئاوا پێغەمبەری خوا دەست کراوەبو لەمانگە پرخێروبەرەکەتدا و پێوێستە لەسەرمان ئەو ڕێنمایانەی کەحکومەتی ھەریمی کوردستان دەری دەکات وبەگشتی وەزارەتی ناوخۆ وتەندروستی بەتاێبەتی لە ڕێنمانی ئەمنی وتەندروستی پابەندبێن پێیانەوە. چونکە ھەمووی بۆ بەرژەوندی خۆمان وجی بەجی کردنی فەرمانی شەرعیشە مادام خزمەت بەکۆمەڵگای کوردی دەکات پێوێستە لەسەرمان جێ بەجێ یان بکەین. لەکۆتاییدا داوکارم لە خوای گەورە ئەم دەرد وەبا وڤایروسی کۆرونایەمان لەسەرلاببات وھەڵ بگرێت وکوردستانمان پربکات لەخێروخۆشی وخۆشگوزەرانی وتەبایی وبرایەتی وخۆشەوێستی ویەک ڕێزی بخاتە نیوان ھاوڵاتیان وسەرکردە سیاسیەکان ولایەنە سیاسیەکانمان بەگشتی اللھم امین والسلام علیکم ورحمە اللە وبرکاتە.
Top