سۆشیال میدیا و چۆنیەتیی رووماڵکردنی مەترسییەکانی کوڕۆنا

سۆشیال میدیا و چۆنیەتیی رووماڵکردنی مەترسییەکانی کوڕۆنا
گوڵان – کۆمەڵایەتی

دوای پەلھاویشتنی ڤایرۆسی کوڕۆنا و بڵاوبوونەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا، دامودەزگاکانی راگەیاندن (بیستراو، بینراو، نووسراو) وەک سوپایەکی بەھێز و ھەماھەنگیکار لەگەڵ حوکمڕانان و ناوەندە پزیشکییەکان، ھەوڵیان دا، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی رێنماییەکانی تەندروستییەوە کۆمەڵگەی خۆیان لەو پەتا مەترسیداترە بپارێزن، بەڵام سوشیال میدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی، بە رێژەیەکی زۆر ھۆکاری شڵەژانی دەروونیی تاک و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی پزیشکی و دەروونزانییش ئاماژە بەوە دەکەن، کە شڵەژانی دەروونیی بەرگریی لەش لاواز دەکات. جەخت لەوەش دەکەنەوە کە زۆربوونی ھەواڵی جۆراوجۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست دەکات و دواجار سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەکات و توانای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی پەک دەخات. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانین بە کەمترین زیان و قوربانی لەم دۆخە دەرباز بین و چۆن یارمەتیی خۆمان و دەوروبەرمان بدەین. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە ھەستیارە دەکەن.

سەرەتا د. محەمەد قادر پسپۆڕی دەروونی و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژە بەوە دەکات کە "بەپێی داتا جیھانییەکان ھەموو سترێسێکی دەروونی چ کورتخایەن یان درێژخایەن بێت، کاریگەری خراپی لەسەر سیستەمی تەندروستیی مرۆڤ دەبێت و سەد لە سەد بەرگریی لەش لاواز دەکات، دیارە لە پاراستنی سیستەمی بەرگریی لەش چەند لایەنێک بەشدارن، لەوانە: لایەنی دەروونی و خەو و خواردن و وەرزشکردن، کەواتە دەروونێکی ئارام و خەوی تەواو و خواردنی تەندروست و وەرزشکردنی بەردەوام بە شێوەیەکی رێکوپێک ھۆکاری مانەوەی بەرگری لەشە بە بەھێزی." ھاوکات دەڵێت: "ئەگەر لەھەموو رووەکانەوە گرنگی بە تەندروستیی جەستە بدرێت، ئەوکات مەترسیی ھێرشی کوڕۆنا زۆر کەم دەبێت." لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە بۆ بەھێز مانەوەی بەرگریی لەش لە ساتەوەختی کۆرۆنادا پێویستە چی بکرێت؟ گوتی: "گەورەترین مەترسی بۆ سەر لاوازبوونی بەرگریی لەش، بوونی کاتی بەتاڵە، واتە ئەگەر ئەو بۆشاییە بە کاری سوودبەخش پڕنەکرێتەوە، بێزاری دروست دەکات، چونکە دەست بەتاڵی وادەکات مرۆڤ زۆر بیر بکاتەوە، ھاوکات ھەواڵی رۆژانەی کورۆنای تیڤییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وادەکەن، مرۆڤ بیرکردنەوەی نەرێنی لەسەر ژیان و داھاتوو ھەبێت، بەڵام ئەگەر تاک توانی گرنگی بە خۆراکەکانی بدات و لە وەرزشکردن بەردەوام بێت و ھاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی ھەواڵەکانی رۆژ گرنگی بە ھەواڵی وەرزشی و کۆمەڵایەتی بدات و کاتەکانی بە خوێندنەوە و سەیرکردنی فیلم پڕبکاتەوە، ئەوکات ھەواڵە ناخۆشەکان ھێندە کاریگەری نابێت." گوتیشی: "بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو حاڵەتە تەندروستییە جیھانییە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاک ھەیە، بەڵام نەترسان و بە ھەند وەرنەگرتنی مەترسییەکانی کوڕۆنا، زۆر مەترسیدارترە و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان دەرەنجامی باش و دڵخۆشکەری دەبێت." ئەوەشی خستەڕوو: "لە ئێستادا خۆشبەختانە زیاتر لە ١٤٥ نەخۆش چاکبوونەتەوە، نەخۆشەکانی دیکەش باری تەندروستییان جێگیرە و ھیچ یەکێک لە نەخۆشەکان پێویستییان بە ھەناسەی دەستکرد نییە، ئەو چوار کەسەش کە مردوون، ھەر چواریان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیر بووە و نەخۆشی دیکەی درێژخایەنیان ھەبووە."
سالار مەلا قادر بەڕێوەبەری قوتابخانەی خەلیفانی سیدەکان، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "گومانی تێدا نییە کەوا لە ئێستادا بوونی پەتای کوڕۆنا و بڵاوبوونەوەی ترسی خستۆتە دڵی ھەموو کەسێک و بووەتە ھەڕەشەیەکی بەھێز بە سەر کۆمەڵگەکانی جیھان و کاریگەری کردۆتە سەر کەلتوور و ھەموو جومگەکانی ژیان، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و خودی مرۆڤەکان پێیەوە سەرقاڵ ببن و تووشی حاڵەتی دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی ببن، چونکە تاک گرنگیی خۆی ھەیە و بەتایبەت لەکاتە ھەستیارەکان و دروستبوونی قەیرانەکاندا، بۆیە ئەمڕۆ دەبینین بە ھۆی ئەم ڤایرۆسە و مەترسییەکانیەوە کارەکان راگیراون و وەک پێویست راناپەڕێندرێن." گوتیشی: "بە ھۆی خۆپاراستن لەم پەتایە، سەردان و ھاتووچۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان ھەموویان پەکیان کەوتووە و داخستنی دامودەزگاکانی حکومەتیشی گرتۆتەوە، بەڵام لە لایەک بە قازانجی کۆمەڵگە دەشکێتەوە و لەلایەکیش کاریگەری خۆی ھەیە بەسەر تاک و بێبەشبوون لەو چالاکییانەی کە رۆژانە ئەنجامیان دەدا. بوونی ئەم حاڵەتەش دەگەڕێتەوە سەر تاکەکەکان کە چۆن بەرگری لەخۆیان بکەن و خۆیان بپارێزن و بە رۆڵی خۆیان ھەستن و دەورێکی ئەرێنی ببینن، بۆ ئەوەی سوودی بۆ خۆیان و کۆمەڵگە ھەبێت و زاڵ بین بەسەر ئەم پەتایەدا، لەڕێی گوێدان بە رێنماییەکانی حوکمەت و وەزارەتی تەندروستی بۆ ھوشیارکردنەوە و ئاگەدارکردنەوەی تاک و دەوربەری خۆی، بەتایبەت لەناو خێزانەکەیدا، وێڕای ئەوەی ئەم قۆناغە مەترسی دروست کردووە بۆ تاک و کۆمەڵگەکانی جیھان، بەڵام تاک دەتوانێت کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام بدات، بۆ بەرژەوەندیی گشتی لە رێگەی خۆپاراستنەوە، کە سودی بۆ خۆی و ھاوڵاتیانی نیشتمانەکەی ھەبێت، لەو دەھەدا تام دەتوانێ بە خوێندنەوەی پەرتووک و ھەوڵدان بۆ فێربوونی زمانە بیانییەکان سەقاڵی خۆڕاھێنان بێت، پێویستیشە یارمەتیدانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەھاناوەچوونی منداڵانی بێ دایک و باوک و یارمەتیدانی دەزگا خێرخوازییەکان و چالاکیی پاکڕاگرتنی ژینگە و چالاککردنی جوولەی ھاتوچۆ پشتگوێ نەخرێن، بۆ ئەوەی سەربکەوین بە سەر ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەدا، چونکە ھەزاران مرۆڤی لەناو بردووە و تا ئێستاش دەیان وڵات گیرۆدەی ئەم پەتایەن، لەھەمان کاتیشدا ناکرێ تاک بەردەوام خۆی بترسێنێت و تووشی دڵەڕاوکێ ببێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەتەمەنن، یان نەخۆشییەکی درێژماوەیان ھەیە.," گوتیشی: "رۆژانە بە سەدان مرۆڤ چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، لە رێگەی پێشکەوتنی زانستی. ھیوادارم زۆر گرنگی بە پاک و خاوێنی بدرێت و رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت، بە ھیوای تەندروستییەکی باش بۆ گشت لایەک و کوردستان لە ھەموو بەڵا و ناخۆشییەک دوور بێت."
رۆژنامەنووس و کۆمەڵناس فەرەیدون بێوار، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە "لە ناو گەلی کورددا، نوکتە مێژوویەکی دێرین و لەمێژینەی ھەیە، بۆ ھەموو باس و خواس و رووداو و قەیرانێک، کورد نوکتەیەکی لە سەری ھەیە. زۆرجارانیش کورد ویستوویەتی بە نوکتەیەکی خۆش و پێکەنیناوی خەمی دەروونی بڕەوێنێتەوە و کێشە و قەیرانەکانی پێ بەڕێ بکات و، لە بایەخ و مەترسییەکەی کەم بکاتەوەو، ھیواو تروسکاییەک بە ژیان و دەروونی ببەخشێتەوە. ئەمەش لە رووی کۆمەڵناسی و دەرووناسییەوە گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە. بە نوکتەگرتنی ڤایرۆسی کوڕۆنا و پەتاکە لە ھاووڵاتیانی ھەرێمەوە، لە رووی دەرونی و بەرگریی لەشەوە، کارێکی باشە و کاریگەریی ئەرێنی ھەبووە و ھەیە. ئەو جۆرە نوکتانەی کە لە مەترسی و بایەخیی ڤایرۆسەکە کەم دەکەنەوەو، وزە و ھیواو تروسکایی بە ژیان و نەخۆشان دەبەخشنەوە، بەرگریی لەش و باری دەروونیی ھاوڵاتییانی بەھێز کردو، زۆر ئیجابیتر بوون لەو ھەموو ھەواڵە بە پەلە رەنگ سوورانەی دەزگاکانی راگەیاندن، کە بەردەوام باسی مردن و تووشبوون دەکات و رەشبینی دەبەشنەوە." گوتیشی: "ھەڵبەت نوکتە پێکەنیناوی و گاڵتەئامێزەکان، جیاوازن لە سەرپێچیکردنی رێنمایییەکان و رێکارە تەندروستییەکان، پێشموایە نوکتەکان کەمترین کاریگەری نەرێنییان ھەبووە لەسەر شکانی قەدەغەی ھاتوچۆ، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ھۆکار بووە بۆ مانەوەی ھاووڵاتیان لەماڵەوەو بەڕێکردنی کات و رۆژەکانیان و بەسەربردنیان لەگەڵ نوکتە گاڵتەئامێزەکان."
Top