مامۆستایانی زانکۆ پەیامی سوودبەخشیان بۆ قوتابییان و خێزانەکانیان ھەیە

مامۆستایانی زانکۆ پەیامی سوودبەخشیان بۆ قوتابییان و خێزانەکانیان ھەیە

مامۆستایانی زانکۆ پەیامی سوودبەخشیان بۆ قوتابییان و خێزانەکانیان ھەیە

دوای ھێرشی دوژمنە وردیلە نەبینراوەکەی کرۆنا بۆ سەر کۆمەڵگەی جیھانی کە کوردستانیشی گرتەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بە جددی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەی گرتەبەر و ھاونیشتمانیانیش بە راددەیەکی زۆر ھەماھەنگ و ھاوکار بوون، پابەندبوون بە رێنماییەکانیش وای کرد، ھاووڵاتیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، قوتابخانەکانیش وەک زۆربەی کەرتەکانی دیکەی حکوومی داخران. لەم راپۆرتەی گوڵان-دا مامۆستایانی زانکۆ پەیامی خۆیان ئاراستەی قوتابیان دەکەن، کە لە ئێستادا لە ماڵەوەن و لە خوێندن دابڕاون.


ماجید خەلیل، وەک مامۆستایەکی زانکۆ سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "ئەم بارودۆخە گشتییە، رەوشێکە بەسەر تەواوی پڕۆسەی خوێندندا ھاتووە. بەڵام میکانیزمی ئێمە وەک کوردستان دەبێت تایبەتمەندی ئێرەی پێوە دیار بێت." ھاوکات دەڵێت: "لە زۆرێک لە وڵاتاندا بە خوێندنی ئۆنلاین ئەم رەوشە تێدەپەڕێنن، وەلێ لێرە ئەم زەمینەسازییە نەکراوە. بۆیە بەپێی رێنماییەکانی یونیسکۆ دەبێ خوێندکار پابەند بێ بە دەوامەوە. لە ئێستادا دوو ئەگەر ھەیە، یەکەم چاوەڕێی بڕیاری یونسکۆین، دووەم دەبێت میکانیزمی قەرەبووی کاتی لەدەستچوو بخرێتە روو. لە ھەموو بارێکدا، خوێندکار دەبێت رێگەی بەردەمی رۆشن بکرێتەوە. ھاوکات، خوێندکار دوو رێگەی لە بەردەمدایە، یەکیان دەبێ مامۆستایان و بەشەکانی زانکۆ داوایان لێ بکەن، چی بخوێننەوە، بەتایبەتی ئەوانەی تیۆرین، دووەمیان خوێندکار خۆی کۆرسبوکی ھەیە و دەبێ کەڵکی تەواو لە کاتی کەرەنتین وەربگرێت. ھەروەھا پێویستە ئەم ماوەیە پەیوەست بن بە خۆپڕچەککردن لە روشنبیرییە گشتییەکان. بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی رۆمان و یاداشت و شیعر و مێژوو، جیا لەوانەش تەماشای فیلمە جیھانییەکان و زنجیرە بەکەڵکەکانی کایەی کۆمەڵایەتی بکەن، ھاوکات لە ھەمووی گرنگتر دەرفەتێکی باشە بۆ فێربوونی زمانی دووەم، بەتایبەتی ئینگلیزی، لەبەر ئەوەی گرفتی سەرەکی پرۆسەی خوێندن لە کوردستان بریتییە لە لاوازی لە زمانی دووەمدا."
لانە حافیز، مامۆستای زانکۆیە و سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "بە ھۆی کۆرونا لە ناکاو جیھان تووشی شۆک بوو، بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر ھەموو جیھاندا و گشت پلان و پرۆگرامەکان و نەریتە باوەکان گۆڕانکاری بەسەردا ھات، لە ھەموو رووەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و... ھتد، کوردستانیش پشکی ھەبوو لە چرکە ساتێکدا لەم گۆڕانکارییەی گشت بوارەکانی ژیان، بێگومان پەروەردەو خوێندنی باڵاش بەدەر نەبوو لە گۆڕانکارییە کتوپڕەکان، وەک ھەموو بوارەکانی دی. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە پێویستە قوتابیان چی بکەن و چی بکرێت بەرامبەریان؟ سەرەتا قوتابیان ھەر لە قۆناغی باخچی ساوایانەوە تا قۆناغەکانی زانکۆ و باڵاتر، پێویستە رێنوێنی دەروونی بکرێن کە ئەم قۆناغە نەخوازراوە کاتییە و ئاسۆی روون ھەر بڵند دەبێت و لەلایەکی دیکەشەوە رێنوێنیی ھۆشیاری تەندروستی بکرێن، لە پێناو پاراستنی ژیان و ژیاندۆستی. ئەمانەش پێویستە خانەوادەکانیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی قۆناغەکانی تەمەنیان ئەرکی رێنماییکردنیان لە ئەستۆ بگرن، وەک ئەرکێکی بەرپرسیارێتی بەرامبەر تاک و کۆمەڵگە بە ھەمەئاھەنگی و پشتیوانی لەگەڵ راگەیاندنەکانی بیستراو و بینراو. قوتابیانیش پێویستە سوود لە کاتەکان وەربگرن، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنیان بۆ دەوڵەمەندکردنی دید و بۆچزون و بیروھزریان و زیاتر خۆڕۆشنبیرکردنی خۆیان، ئەمەش دەکرێت لە رێگای خوێندنەوە, وێنەکێشان، فێربوونی زمانی دیکە و... ھتد بێت. لەھەمان کاتدا چاوپیاخشاندنەوە بە وانە و بەرنامەکانی خوێندن، وەک خۆئامادەکردن بۆ ھیوای گەڕانەوە بۆ ناو پۆل و شادبوونەوە بە مامۆستا ھاوڕێکان و رێڕەوی فێربوون و خوێندن." گوتیشی: "بەڵێ ترس و دڵەڕاوکێ ھەیە، بەڵام پێویستە بیرکردنەوەی بێ ئومێدی نەبێت و ھیوا ھەبێت. پێویستە نەوەیەک پەروەردە بکرێت، نرخ بۆ بەھاکانی مرۆڤایەتی دابنێت و رێز لە یاساو ڕێساکانی ژیان بگرێت. رەنگە کرۆنا فێرمان بکات و بەشێک بێت لەو پرۆسەیە و دەکرێت وەک دراوێکی دوو دیو بە ئەرێنی، یان نەرێنی سوود و تێڕوانینی لەسەر بونیاد بنێین و ئەزموونی لێ وەربگرین."
بەھزاد تاھیر، یەکێکە لەو سەدان مامۆستایەی زانکۆ کە خاوەن پەیامن بۆ قوتابیان و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئامۆژگاری و پەیامتان بۆ قوتابیان چییە کە لە ئێستادا لە ماڵەوەن و لە خوێندن دابڕاون و چۆن رێنماییان دەکەن؟ دەڵێت: "لە راستیدا ئەو بارودۆخەی کە ھاتۆتە پێش و قوتابیان لە ماڵەوەن، دەبێ نەک زیانی نەبێت، بەڵکو سوودی ھەبێت، ئەگەر بزانین و تێبگەین کە سوودەکانی چین. وەک دەزانن زۆربەی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیھان سیستەمی خوێندنی ئۆنلاینیان ھەیە و، تێیدا فێربوون و پرۆسێسی خوێندن و تاقیکردنەوە و بڕوانامە بەخشین، ھیچ جیاوازی نییە و ھەمان گرنگی و بەھای خوێندنی بە ئامادەبوونی ھەیە. بەڵام ئەوەی کە جێی داخە، ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێمە ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی مامۆستا و قوتابی لەو ئاستەدا نییە کە لە گرنگیی ئەو پرۆسێسە تێبگەن. زۆرێک لە مامۆستایان تەنانەت چەند وشەیەکی ئینگلیزی نازانن و تێیدایە لە زمانی کوردی زیاتر شارەزای ھیچ زمانێکی دیکە نییە. کەواتە چۆن دەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم و خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن لە پێدانی وانە بە قوتابیەکان؟ بۆیە کە ئەوەمان نییە، قوتابیەکان دەبێ خۆیان خەمی خۆیان بخۆن و منیش وەک مامۆستایەک کۆمەڵێک پێشنیار و رێنماییم بۆ قوتابیان ھەیە. لەوانە: وەک دەزانن لەو سەردەمەدا ئەنتەرنێت گرنگترین سەرچاوەی زانیارییە بۆ ھەموو کەسێک و وەڵامی ھەر پرسیارێکت بوێت، دەتوانی لەو رێگەیەوە بیدۆزیتەوە. ئەرکی مامۆستا تەنیا ئەوە نییە کە زانست و زانیاری بداتە قوتابی، بەلکو ئەرکەکەی بریتییە لە رێپێشاندان، واتە فێریان بکات کە چی بخوێنن و چۆن بخوێنن و چۆن بە دوای زانیاریدا بگەڕێن. تەنیا بەو شێوەیەیە کە قوتابی دەتوانێت لە داھاتوودا سەربەخۆ بێت لە فێربوون و پێویستی بە مامۆستا و کەسانی دی نەبێت کە فێریان بکەن. لەبەر ئەوەی پێدانی زانست و زانیاری بە قوتابی وەک ئەوەیە کە رۆژانە ماسییان بدەیتێ بۆ خواردن، بەڵام فێریان نەکەی کە چۆن ماسی بگرن. ھەر لەبەر ئەوەشە کە لە وڵاتانی دواکەوتوو کەمترین رێژەی داھێنان ھەیە، چونکە ھەموو فۆکەسی قوتابی لەسەر مامۆستایە و خۆی ھیچ ھەوڵێک نادات بۆ گەرَان بە دوای زانیاری و فێربوون و پێی وایە کە لە وانەدا تەنیا مامۆستا دەبێ بدوێ و ئەو گوێ راگرێ، کە لە راستیدا لە پرۆسەی فێربووندا قوتابی دەبێ زۆرتر بدوێ. بۆیە من رێنماییم بۆ قوتابیان ئەوەیە کە ئێستا لە ماڵەوەن، پێیان دەڵێم کە ھیچ پێویستیی زەروورییان بە مامۆستا نییە، لە بەر ئەوەی لە سەرەتای ساڵەوە پرۆگرامی خوێندنیان وەرگرتووە و پلانی خوێندنیان لە بەردەستە کە مامۆستا پێی داون. دەتوانن بۆ ھەر بابەتێک لەو شوێنەی کە بە جێ ماوە، دەست بکەن بە گەڕان لە ئەنتەرنێت و زانیاری پێویست کۆبکەنەوە و بخوێننەوە، جا بە ھەر زمانێک بێت، کە لێی شارەزان و لەو ماوەیە دەتوانن چ بە رێگای خوێندنی ئۆنلاین، یان ئامرازەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ مامۆستاکانیان لە پەیوەندیدا بن، کە ئەگەر بابەتێک روون نەبوو، یان پێویستی بە روونکردنەوە ھەبوو لە لایەن مامۆستاوە، بۆیان روون بکرێتەوە."
Top