پەرتەوازەیی خێزان لەکۆمەڵگەی کوردیدا (( بێلان عاسی حەسەن ))
April 12, 2020
کۆمەڵایەتی
ئەمە گوایە تەڵاقدراوە و ھەموو ئەمانە بۆ ئەو قەدەغەیە. بێئەوەی لە ھۆکاری تەڵاقەکەیش بکۆڵنەوە ڕاستەوخۆ ھەموو تاوانە کە ئەخەنە پاڵ ژن و رووبەڕووی زور کێشەی دەکەنەوە وبە ھۆکاری تەڵاقدانیش تاوانباری دەکەن یان زۆر جار وشەی بێوەژن وەکو سووکایەتییەک بەرامبەر بەو ژنە بە کاردەھێندرێت. لە کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکانیشدا ھەمیشە پیاوان لە و ژنانەی ڕاشکاون لە گفتووگۆکردندا سڵ دەکەنەوە، زیاتر حەز بەو جۆرە ژنانە دەکەن کە شەرمنن، بۆ ئەوەی ھەرخۆیان خاوەنی بڕیار و ڕاسپاردەی خۆیان بن، کە بەمەیش ڕێژەی تەڵاق کەمتر دەبێتەوە، لێرەدا پێویستە بڵێن چۆن سەنتەرو ڕێکخراوەکانی ژنان کار بۆ بە گژداچوونەوەی تووندوتیژی دژبە ژنان دەکەن، بە ھەمان شێوە کاری جددیش بۆ ناساندنی کەسایەتی بێوەژن بکەن وخەڵکی لەوە ھۆشیار بکەنەوە کە جیابوونەوەی دووھاوسەر تاکە ھۆکاری ئەوەنییە کە ھەڵەی ژن بێت، بەڵکو دەبێت ئەوەیش بگوترێت کە زۆرێک لەو حالەتانە خەتای پیاوانیشە، ناکرێت تاکەکانی کۆمەڵگە ھەموو شتێک بخەنە ئەستۆی ژنان، چونکە ژن وپیاو ھەردووکیان مرۆڤن و معەرزن بۆ ھەڵەکردن، بۆیە کۆمەڵگە لەسەر کێشەکانی ژنان ،پێویستی بە ھۆشیاری زیاترە، نەبادا ھەموو کاتێک ژنان تاوانباربکرێن. جگە لەمەیش ئەرکی سەنتەر ودەزگا ڕۆشنبیرییەکانە کار بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگە بکەن، ئەو عەقڵیەتە نەمێنێت کە بە چاوی کەمەوە سەیری بێوەژن بکرێت، لەکاتێکدا پیاو ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی ناپەسەند بەرمبەر ھاوسەرەکەی و دواتریش تەڵاقدانی، کەچی دوای ئەنجامدانی کردەوەکەش چونکە پیاوە ھەر ئەو لەسەرھەق دەبێت و گرفتی ھێنانی ژنی دووەمیشی نەبێت، کەچی بەرامبەرەکەی کە ژنە لەبەر ئەوەی تەڵاقدراوە شووکردنەوەی زۆر ئەستەمە ئەگەر ئێمە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالارنین بۆ بە پیاوەکەیش ناگوترێت بێوەپیاو، یان بۆ چرکەیەک لە ژیانیدا گرفتی بۆ دروست نابێت؟؟ جیا لە ھەموو ئەمانەیش تەڵاق دەبێتە دێوەزمەیەک بۆ ژیانی منداڵ، کە لە سۆزی دایک یان باوک بێبەش دەکرێت، بەمەیش بۆشاییەکی گەورەی دەروونی بۆ جێدەمێنێت، کە بەردەوام لەگەڵیدایە، جگە لەوەی بوونی گیروگرفتیش بەردەوامبوونی کێشە و تووندوتیژی و ناکۆکی و ھات و ھاوار لە نێوان دایک و باوکان کاریگەری سلبی لە سەر دەروونی منداڵ دەبێت و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی قۆناغ بە قۆناغ لەسەر کەسایەتی منداڵەکە و بە تێپەر بوونی کات دەرئەکەوێت. کەم جاریش روودەدات کە منداڵ لەناو ژینگەیەکی پڕ کێشمەکێش پەروەردە کرابێت کەسایەتییەکی سەرکەوتووی لێ دەرچووبێت و ئەم ئەزموونە تاڵەی ژیانی ببێتە ھاندەرێک بۆ بنیاتنانی ژیانێکی سەر کەوتوو.