کۆرۆنا ھەموو ماناکانی ژیانی گۆڕیوە

کۆرۆنا ھەموو ماناکانی ژیانی گۆڕیوە
گوڵان - کۆمەڵایەتی
پەتای کوشندەی کرۆنا لە شارێکی وڵاتی چینەوە سەری ھەڵدا و، لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتەوە، ھەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشگرتن و رێگری لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، بە ھۆی پابەندنەبوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی دۆخەکە پڕمەترسی بووە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر باسی ئەو گرفتە سامناکە و کێشەکانی رۆژانەی ژیانی خۆیان دەکەن.

سازان موحسین فەرمانبەرە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرتا باسی ئەوە دەکات کە "کۆرۆنا وەک میوانێکی رەزاقوڕس خۆی کرد بە ماڵی ھەموواندا و کاسەی ماڵە ھەژارەکانی خاڵی کرد و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ھەڵپەسارد و ھەمووانی لە خۆشەویستانی خۆیان دابڕاند." ھاوکات دەڵێت: "جاران ئەو کەسانەی خۆشمان دەویستن باوەشمان پێدا دەکردن و ماچمان دەکردن، ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە، لەبەر خۆشویستنی بەرامبەر نامانەوێ بیبینین، دەڵێین نامەوێ بتبینم، لەبەر ئەوەی خۆشمدەوێی و نامەوێ لە دەستتبدەم، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، ماناکانی ئێستای ژیان ھەمان ماناکانی دوای کۆرۆنا بن، ئێمە لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دۆخێکی زۆر لەوە مەترسیدارتر و پڕ ئازارترمان تێپەڕاند، وێڕای ترس و بوونی دوو ئابڵۆقەی ئابووری و بێ ئاوی و بێ کارەبایی، تەنانەت لەو دوو سێ ساڵەی رابردووش رووبەڕووی داعش بووینەوە، بەڵام چونکە ورەمان بەرز بوو و تەسلیم نەبووین دواجار سەرکەوتین، ئەمجارەش بە ھەمان گوڕوتینی رابردوو ئەم دۆخە تێپەڕ دەکەین و بەخۆشەویستانمان شاد دەبینەوە و یەکتر لە ئامێز دەگرینەوە."
ئازاد بیرەباتی ھاووڵاتییەکی کاسبکارە و وەک خۆی باسی کرد، دوو ھاوسەری ھەیە و لەم دۆخەدا وێڕای ترس لە کۆرۆنا، رووبەڕووی زۆر کێشەی دیکە بۆتەوە، ئەویش بە ھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و کەڕەنتینەکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان، ھەر لەو بارەیەوە بۆ گوڵان گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ئەزموونێکی نەویستراو ھەموو شێوازە جیاوازە ناخۆشەکانی ژیانی پێ تاقی کردینەوە، ئەوەی بەسەر من ھاتووە، یاخوا بە سەر دوژمنەکەشمدا نەیێت، پێشتر ھەموو رۆژێک ژنە گچکەکەم دەدیت، بەڵام لەوەتەی کۆرۆنا ھاتووە و ((مەنع تەجەول)) دەستی پێ کردووە، چوار جار سەردانیم کردووە، باوەڕتان بێت رۆژی نەورۆز رۆیشتمە ماڵی ژنی گچکەم، دوو وەسڵی ١٠٠ ھەزارییان بۆ بڕیم، لەو کاتەوە بەپێ چەند گەڕەکێک دەبڕم، تا دەگەمە لای ئەو ژنەم، ئەوەی لە من قەوماوە، یاخوا لە کەس نەقەومێ."
پارێزەر بەھێز شوان خۆشناو، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە "کۆڤید ۱۹ کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراوە، پەتایەکی بەربڵاوی جیھانییە و لە ئێستادا ئامارە فەرمییەکان لەسەرووی ملیۆن کەسی تووشبوویان تۆمار کردووە، بەڕاستی پەتایەکە گاڵتەی پێناکرێت، چونکە مەرگی تێدایە، ئەگەر رێژەکەی کەمیش بێت، ھەر مەترسیدارە." ھەر سەبارەت بەو پرسە گوتی: "کۆرۆنا تەواوی ژیانی گۆڕیوە، ئێستا ھەژار و دەوڵەمەند، پڕئیش و بێ ئیش، زانا و نەزان، دەڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، مرۆڤەکان لەتەواوی دنیا خۆیان کەرەنتین کردووە." گوتیشی: "بە رای من کۆرۆنارق و تۆڵەی سرووشت لە مرۆڤدەکاتەوە. مرۆڤ وەک بکەری پیسکردنی ژینگە، تێکدانی سرووشت، بڕینەوەی دارستان و کوشتنی بوونەوەر و راوکردنی ئاژەڵ، پەرەسەندنی پیشەسازی بێ گوێدانە ئاسمانی گۆی زەوی، ئەوانە بوونە ھۆی ئەوەی مرۆڤ و کۆمپانیا و زلھێزەکان بێ ویستی خۆیان ئەو چالاکییە زیانمەندانە رابگرن. ئەو پەتایەش کاریگەری لەسەر تاک زۆرە، رەنگە زۆر کاریگەری لەسەر گەنجە بێکارەکانی وەک من نەکردبێ، بەڵام شێوازی ژیانی گۆڕیوە، بە جۆرێک گەنج بازاڕی ئیسکان و چایخانەی مەچکۆ و پیاسەی ئێوارانی بازاڕی نەما، بەڵام جۆرێک لە دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت بەھۆی ئەو یەکسانییەی کە ھاتۆتە ئاراوە، دەوڵەمەند پێش ھەژار ترسی لێنیشتووە، ئەمە مانای ئەوەیە کۆرۆنا ڤایرۆسێکی دادوەرە و کەس ناناسێت، رەنگە من لەو روانگەیەوە دڵخۆش بم."
کۆمەڵناس ھێمن ساڵح، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "مرۆڤ لە سەرەتای بوونیەوە لە پێناو مانەوەی لە ژیاندا لە ململانیدا بووە و، لە ھەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەی کە لە ژینگەکەیدا ھەبووە، خۆی پاراستووە، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، دەتوانین بڵێین ھەمان شتە و مرۆڤ لە پێناو خۆپاراستن شەڕی مانەوە دەکات و لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت، کە ژیان خۆشییەکانی لە دەست داوە، ئەوەش تێدەپەڕیت. ئێمە لە رابردوودا زۆر قۆناغی لەوە سەختترمان تێپەڕاندووە، لە رابردووشدا پەتا و تاعوون ھەبووە، بەڵام ژیان نەوەستاوە و بەردەوام بووە، سرووشتی ماناکانی ژیان ھەمیشە لە نوێ بوونەوەدایە، گرنگ ئەوەیە لەگەڵ پابەندبوون و خۆپارێزیمان و لە پێناو سەلامەتیی خۆمان و ئازیزانمان لەماڵەکانمان بمێنینەوە، ھاوکات خۆمان بە کۆمەڵێ کارەوە سەرقاڵ بکەین، چ کاری ناوماڵ بێت، یان خوێندنەوە و سەیرکردنی فیلم، دەکرێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامییان پێبدرێت."
Top