ھەرکەسێک پابەند نەبێت و ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە گوناحبارە . . . مامۆستا سەید عەلی

ھەرکەسێک پابەند نەبێت و ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە گوناحبارە  . . .  مامۆستا  سەید عەلی
سەید عەلی/ مامۆستای ئایینی و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای تایبەت
بەناوی خوای گەورە ومیھرەبان دروود بۆ گیانی پێغەمبەر وەک دەبینین ئەمڕۆ لەسەرتاسەری جیھاندا خەڵکان تووشی نەخۆشییەکی کوشندەو بێ چارەسەر بووینە، ئەویش نەخۆشی کۆڕۆنایە، کە ڤایرۆسێکە زۆر بەخێرایی تەشەنە دەکات، بۆیە گەر سەیری مێژوو بکەین، چەندین جاری دی نەخۆشی دیکەی ھاوشێوەی ئەو نەخۆشییە لەناو خەڵکاندا بڵاوبوویتەوە وخەڵکێکی زۆری بەھیلاک داوە، لەڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە بەشێوەیەکی گشتی باسی ئەم نەخۆشییانە کراوە، ناوی بە تاعون ھاتووە، پێغەمبەری نازدار دروودی خوای لەسەربێ دەفەرموێت ھەرکاتێ ئەم نەخۆشییە بڵاوبوویەوە لەھەر شارێک پێویستە خەڵکی ئەم شارە سەفەر نەکەن بۆشارێکی تر واتە لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، تەنانەت لەسەردەمی پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب جارێکیان ویستی سەفەرێک بکات، دوای خۆ ئامادە کردن ھەواڵیان پێدا کەوا لەم شارەی کەبۆی دەچی نەخۆشی تاعونی تێدا بڵاوبۆتەوە، عومەریش فەرمووی سەفەرەکە ناکەین، کەسێک گوتی پێشەوای موسڵمانان لەقەدەری خوا ڕادەکەی پێشەوا عومەر لەوەڵامدا فەرمووی بەڵێ لەقەدەری خوا بۆ قەدەری خوا ڕادەکەین، واتە نابێت خۆت بخەیتە ھیلاکەتەوە، وەک خودا دەفەرموێت(ولاتلقون بایدیکم الی التھلکە) واتە بەدەستی خۆتان خۆتان مەخەنە ھیلاکەتەوە، بۆیە ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی ئەرکی سەرشانمانە خەڵکی لێ ئاگاداربکەینەوە کەوا پابەندی ڕێنماییەکانی تەندرووستی بن، لەم روانگەیەوە بەردەوام ڕێنمایی خەڵکمان کردووە تاوەکو نەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، چونکە ھەرکەسێک ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە واتە پابەندنەبێ بەڕێنماییە تەندرووستیەکان، ئەوەخۆی گوناح بارە واتەحەقی کەسی تووشبووی دەکەوێتە سەر و خوای گەورە حەقەکەی لێ دەسێنێتەوە، واتە لەڕۆژی دوایی تووشی سزای خوای گەورە دەبێت، بۆیە ئێمەی ماموستایانی ئایینی دووبارەی دەکەینەوە و وەک ئەرکی سەرشانمان بەردەوام ڕێنمایی خەڵک بکەین پابەندبن بەڕێنماییە تەندرووستییەکان.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا زۆریش گەشبینم ئەو نەھامەتییە تێدەپەڕێت و دەچێتە نێو پەڕاوی مێژوو، تەنیا پێویستی بە ئارامگرتن وپابەندبوونە بەڕێنماییە تەندرووستییەکان، لەم دۆخە ھەستیارەدا کە خەڵک لەژێر فشارێکی قوڕسی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدایە ھاووڵَاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو وەزعە تێدەپەڕێت، پێویستەدان بەخۆماندا بگرین و پێویست
بەو ھەموو ترس و دڵەڕاوکێیە ناکات، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە
چۆن بتوانین خوا لەخۆمان ڕازی بکەین وشتێک بۆدوای مردنی خۆمان ببەین، باھەوڵ بدەین بەدەست بەتاڵی نەگەڕێینەوە لای خوا، ھەوڵبدەین یارمەتی ئەو کەسانە بدەین کە پێویستیان بە یارمەتییە، ئەوە گرنگە ئەوەی تر تێدەپەڕێت، ژیان تەنیا ئەم چەند مانگە نییە، بەڵکو دەبێ گەشبین بین، دووربین بین، خۆڕاگربین، ئەگەر وابیرمان کردەوە ئەوە بەدڵنیاییەوە بەپشتیوانی خوای گەورە سەردەکەوین وھەموو گرفتەکانی ژیانیش تێدەپەڕێنین.
Top