لەم دۆخەدا مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی بەپێویستی دەزانن دایکان و باوکان رێگە نەدەن منداڵەکانیان لەفێربوون و خوێندن داببڕێن

لەم دۆخەدا مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی بەپێویستی دەزانن دایکان و باوکان رێگە نەدەن منداڵەکانیان لەفێربوون و خوێندن داببڕێن
پاش ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لەڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتی قوتابیان.
.رۆژی چوارشەممە، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠، پشووی ناوەندەکانی خوێندنی راگەیاند، لەلای خۆیەوە وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ قوتابیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، ھەموو ھەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە لە ٢-٥-٢٠٢٠ ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە، لەم روانگەیەوە مامۆستایان بە پێویستی دەزانن کە دایکان و باوکان لەماڵەوە ھەوڵی ئەوە بدەن منداڵەکانیان لە خوێندن دانەبڕێن و پێداچوونەوە بە وانەکانیان بکەن..



لە دەستپێکی راپۆرتەکەی گۆڤاری گوڵان مامۆستا خەلیل پاڵانی ھێما بۆ ئەوە دەکات" دیارە کە کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن بەندە بەکاتی لەناوچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەھەرێمی کوردستان و بگرە وڵاتانی دراوسێ و جیھانیش، ئەوەی جێگای داخە کاتەکەش نادیارەو ناتواندرێ پەیپێ ببردرێ، بۆیە کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن بەنادیاری دەمێنێتەوە . لەماوەی رابردوشدا وەزارەتی پەروەردە رایانگەیاندووەوو دڵنیاییان داوە کە خوێندنی ئەمساڵ نافەوتێ و ئەوان پلانی (A-B-C-D) یان ھەیە، بۆ ھەر کاتێک کە مەترسی نەما ، بەڵام ئەوەی جێگەی ھەڵوەستەیە ھیچ کەسێک لەقوتابی و پەروەردەکاران جگە لەوەزارەت نازانن ئەو پلانانە چین و چۆنن، بۆیە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بەنادیاری ماوەتەوەو چاوەڕێی قەدەرێک دەکات ئەنجامەکەی دیار نیە. ھەر بەو ھۆیەوەش کە نازاندرێ پلانەکانی وەزارەتی پەروەدە چیە، بۆیە قوتابیان و دایبابان و مامۆستاو پەروەردەکاران بەگشتی بۆ پێدانی رێنمایی بەمنداڵ و قوتابیان دەستەوەستانن و ھیچیان بۆ ناگوترێ، بۆیە بەداخەوە ئەگەر بەشێوەی گشتیش نەبێ بەڵکو زۆرینەی رەھای قوتابیان سوودیان لەو پشووە وەرنەگرتووەو پێداچوونەوە بەوانەکانی پێشوو ناکەن و ئەو وانانەی کە ماون ناتوانن بێ مامۆستای بابەت بیخوێنن و تێیبگەن . بۆیە ھەر کاتێکیش مەترسی ڤایرۆسەکە نەما ھەر بڕیارێکی لەناکاوی وەزارەتی پەروەردە دەبێتە شۆک بۆ قوتابیان، چونکە لەرابردوو زانیارییان لەبارەیەوە نەبووە، بۆیە لێرەوە بەباشی دەزانم وەزارەتی پەروەدە بۆ بەرچاو روونی قوتابیان و پەروەدەکاران ، پلانەکانی وەزارەت بخاتە روو ، بۆ ئەمساڵی خوێندن بۆ ئەوەی لەژێر ئەو رۆشناییە قوتابیان بتوانن پلان بۆ خوێندن دابنێن و بێ خەم لەماڵەوە دانەنیشن، چونکە زۆرینەی قوتابی ئەگەر لەقوتابخانە وانەی پێنەگوترێ و ئەرکی پێنەدرێ ئەوا نایخوێنێ و خەمی لێ ناخوات . لەکاتی ئێستادا ناتوانین ھیچ رێنماییەک بەمنداڵەکانمان بدەین کە چ بخوێنن و چۆن بخوێنن ، تەنیا ئەوەی دەکرێ بگوترێ بۆ پۆلە ناکۆتاییەکان کارێکی زۆر باشە کە پێداچوونەوە بەوانەکانی پێشوو بکەن بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان لەبیر نەچێ ، و بۆ پۆلە کۆتاییەکانیش کە نزیکەی دوو بەش لەپەرتووکی وەرزی دووەمیان مابوو بخوێنن ، ئەوانیش پێداچوونەوە بکەن بۆ وانەکانی پێشوو لەھەردوو وەرز و ئەو وانانەی ماویشن ھەوڵ بدەن لە ھەورە فێرگە سوود وەرگرن یان لەو وانانەی کە لەکەناڵەکان پەخش دەکرێن."


سەبارەت بە ھەمان پرس مامۆستا شیلان ھادی ئاماژەی بەوە کرد" دەتوانین بڵێین ئەم ساڵی خوێندن لە کەش و ھەوایەکی جیاوازو نادیارە تا ئێستا بەھۆی ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کە کاریگەرییەکی تەواوی کردۆتە سەر ھەموو سێکتەر و کایەکانی ژیان، وەکو لایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندروستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و....ھتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێز خراون ھەموو چاوەکان خراوەتە سەر چۆنیەتی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. ئەم بارودۆخە نەخوازراو و چاوەڕواننەکراوە سلکی پەروەردەشی پەک خستیە، ھەر بەم بۆنەیەوە دەرگای قوتابخانە لەسەر قوتابیان داخران و قوتابیان لە خوێندن دابڕان، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی قوتابیان دروست کردووە بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلەکانی (۹ و۱۲)، ھەرچەندە ئەم بارودۆخە لە دەسەڵاتی ھیچ کەسێکدا نییە، بەڵام ناکرێت ئێمە دەستەوەستان بوەستین و چۆک دابدەین. لێرەدا ڕۆڵی دایبابان دەست پێ دەکات کە چۆن وا بکەن قوتابیەکان سارد نەبنەوە لە خوێندن لەبەر ئەوەی خوێندن کات و ساتی دەست پێکردنەوەی نادیارەو قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە خوێندنی ئەم ساڵ نافەوتێت. وەک دەزانین پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە تایبەتمەندی خۆی ھەیە، وەک فاکتەرێکی ھاوسەنگ و بێ جیاوازی کردن لە نێوان قوتابیان پرۆسەکە بەڕێوە دەبات، قوتابیان ھاوبەشن لە (شوێن، بابەتی خوێندن، مامۆستا ) دەکرێت ئەوە بکرێتە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی خوێندن لە ماڵ، کە ڕەنگە قوتابی ھەبێت دایک و باوکی نەخوێندەوار بێت یا خود شوێنی گونجاوی خوێندنی نەبێت..... ھتد، وە بەپێچەوانەوەش ڕاستە . لەم بارودۆخەدا پێویستە دایبابان ھەوڵبدەن ھەروەک چۆن قوتابی پێشووتر لە ماڵەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکرد لە ئێستادا دەتوانن بەھەمان شێوە کاتێکی زەمەنیان بۆ دیاری بکەن تاوەکو سارد نەبنەوە لە خوێندن و ھەر ھیچ نەبێت پێداچوونەوە بەوانەکانی ڕابردوو بکەن یاخود لە ڕێگای کەناڵە پەروەردەیەکان و ھەورە فێرگە سوود لەم پشووە وەربگرن و لەسەر ڕیتمی جاران بن، نەک تەنھا خەریکی شتی بێ سوودو لاوەکی بن وەک یارییەکانی ناو مۆبایل و بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵاتیەکان"
لەلایەکی دیکەوە مامۆستا سەمیر ھەمزە بۆ گوڵان گوتی"
بەھۆی ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و د کەرەنتینی ناچاری لەماڵەوە ، منداڵان لەخوێندن دابڕان ، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر لەبیرچونەوەی ئەو بابەتانەی لەڕابردوو قوتابیان خوێندویانە ، پێویستە لەسەر دایک و باوکان ئەم پشووە ناچاریە بەھەلێکی باش بقۆزنەوە و بەپێی خشتەیەکی گونجاو لەگەڵ ژینگەی ماڵەکانیان ببنە ھاوکار و ڕێنیشاندەرێکی باش بۆ منداڵەکانیان ، بەجۆرێک ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ھەوڵدەن چەند لاپەڕەیەکی پەرتووکەکانیان بخوێننەوە و پێداچونەوەی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بیریان نەچێتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت کەسوکاری قوتابیان چەند نامیلکەیەکی بەسوود بخەنە بەردەستی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بیخوێننەوە . لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵدەن منداڵەکانیان کەمترین کات خەریکی یارییە ئەلیکترۆنیەکان بن.لەبری ئەوەی ھەر ڕۆژەی لەڕێگای چیرۆکەوە ڕەوشتێکی جوانیان فێربکەن."
Top