کۆڕۆنا ھەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات! . . . دھۆک بارزانی

کۆڕۆنا ھەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات! . . .   دھۆک بارزانی
/ بەرپرسی ناوەندی سۆرانی ی.ئا.ک
کۆڕۆنا خێزانێکی گەورە لە ڤایرۆس کە لەچەندین ئەندام و جۆر پێکھاتووە. ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵ و مرۆڤیشدا نەخۆشی دروستدەکا. لە مرۆڤدا چەند ئەندامێکی خێزانی کۆرۆنا بەوە ناسراون کە پەسیو و ھەڵامەتی ئاسایی دروستدەکەن. بەڵام ھەندێ جاریش نەخۆشی قورستری وەکو سارس. تازەترین ئەندامی ئەم خێزانەش ئەو جۆرەیە کە لەم دواییانە لە چین بڵاوبووەوە و خێرەکە دەگاتە ھەموو جیھان. ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ناوی نەخۆشیەکی نا کۆڤید ١٩.
کۆڤید ١٩ چییە؟
کۆڤید ١٩ ئەو نەخۆشییە کە جۆرە تازەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مرۆڤدا دروستی دەکات. ئەم نەخۆشیە لە پێش بڵاوبوونەوەی لە شاری ووھانی چین لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ نەناسراو بوو.
نیشانەکانی کۆڤید ١٩ چین؟
باوترین نیشانەکانی نەخۆشیەکە بریتین لە تا، ھیلاکی و کۆکەیەکی وشک. ھەندێ لە نەخۆشەکان رەنگە چەند نیشانەیەکی تریان ھەبێ وەکو ئازاری لەش، تەڕبوونی لووت، گەرووئێشە یا سکچوون. ھەندێ لەوانەی تووشدەبن ھیچ نیشانەیەکیان نابێ.
کێ بە سەختی ئەیگرێ؟
بە تەمەنەکان رەنگە بەسەختی بیگرن بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە وەکو شەکرە و ڕەبو و نەخۆشیەکانی بۆڕی ھەناسە و فشاری خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ و ئەوانەی بۆ ھەر ھۆکارێ جۆرە دەرمانێک وەردەگرن کە بەرگری لەشیان کەمدەکاتەوە.
نەخۆشیەکە چۆن ئەگوازرێتەوە؟
کەسێک کە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێ بۆی ھەیە کەسانی تر تووشبکا. نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە لەڕێی وردە دڵۆپەی تەڕی دەم و لووت کە بە کۆکە یا پژمە یا ھەناسەدان بڵاودەبێتەوە. ئەم وردە دڵۆپانە لەسەر شتەکانی دەوروبەر دەنیشنەوە. ئەگەر کەسی تر دەستکاری ئەو شتانە بکا کە وردە دڵۆپەکانی لەسەر نیشتووەتەوە و ئەنجا دەستی بەر دەم و لووت یا چاوی بکەوێ ئەوە تووشی ڤایرۆسەکە ئەبێ. ھەروەھا کەسێک ئەگەر کۆکە و پژمە و ھەناسەی کەسی تووشبوو بچێ بەسەریا ئەوا ئەویش تووشدەبێ. بۆیە زۆر گرنگە بەلای کەمەوە بە مەودای یەک مەتر لەو کەسە دووەبکەویتەوە کە پەسیو و ھەڵامەتی ھەیە.
لە پێناوی سەلامەتی بۆ ھەمووان، ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەرێگەی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان.
سوپاس حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەوڵ و ماندووبوونی ئێوە لە پێناو پاراستنی ژیانی ئێمە.
Top