لەسەردەمی کڕۆنادا خانمان داوادەکەن ھیچ لێبووردنێک بکوژانی ئافرەت نەگرێتەوە

لەسەردەمی کڕۆنادا خانمان داوادەکەن ھیچ لێبووردنێک بکوژانی ئافرەت نەگرێتەوە
گوڵان – کۆمەڵایەتی

دیاردەی توندوتیژیی خێزانی و بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێن، پرسێکی ھەستیاری ھەر کۆمەڵگەیەکە و جگە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، زۆربەی وڵاتانی جیھانیش بە کوردستانیشەوە، پێداگری لە سەر بنبڕکردنی توندوتیژی بەگشتی و نەھێشتنی تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت بەتایبەتی دەکەن و، پلان و بەرنامەی بۆ دادەنێن. زۆر جار بکوژانی ئافرەت سزای زیندانیی درێژماوەیان بە سەردا دەسەپێنن، بەڵام ھەندێک جار بە ھۆی لێبووردنی گشتی، یان بە ھۆکاری دیکە، ماوەی سزاکەیان تەواو ناکەن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبنەوە، لە ئێستاشدا بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کڕۆنا و پاراستنی گیانی زیندانیان دەنگۆی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانیکراوەکان لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و لیژنەیەکی تایبەت بۆ دانانی رێکاری پێویست بۆ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکان دادەندرێت. ئەوەش بە جۆرێک نادیدەگرتنی تاوانی گەورەی ژنکوژی لە قەڵەم دەدرێت، ھەر بۆیە خانمانی کوردستان داوادەکەن ھیچ لێبووردنێک بکوژانی ئافرەت نەگرێتەوە.



ناسک سەعید بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "کێشە و ئاریشەکانی ناو کۆمەڵگە و خێزان لەم ساڵانەی رابردوودا، بەھۆی ھەندێک گۆڕانکاری کە لە کۆمەڵگەکەماندا بەردەوام روویاندا، بوونە ھۆی دروستبوونی جۆری نوێ و بەرزبوونەوەی رێژەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و منداڵان، کە توندوتیژییەکان بەتایبەت رووبەڕووی ئافرەتان بووەوەتەوە، تا گەیشتە ئاستی کوشتن ئیدی بەھەر بیانوویەک بێت. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ھەندێک لە تاوانباران و بکوژانی ئافرەت بە سوڵحی عەشایری ئازاد دەکرێن." ھاوکات دەڵێت: "لەسەر ئەم کەیسانە بەردەوام رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان قسەی خۆیان ھەبووە و ھەیانە، بەتایبەت لەکاتی دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی کە نابێت ئەوەی بەھۆی کوشتنی ئافرەتەوە زیندانی کراوە، ئەو یاساییە بیگرێتەوە." جەختیش لەوە دەکاتەوە کە "سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی ئافرەتان، ئامارەکان دەریدەخەن کە ھێشتا کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی زۆر توندوتیژە بەرامبەر ئافرەتان و بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانیش دەبێت سزاکان توندتربکرێن و، کێشە و پرسی ئافرەت ببێتە خەمی ھەموو کۆمەڵگە، چونکە ئەو بابەتە تەنیا کاری رێکخراوەکان و حکومەت نییە، بەڵکو ئەو پرسە راستەوخۆ پەیوەندی بە تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە ھەیە، ھەر بۆیە ئەگەر بەھەوڵی ھەموو لایەک رێگری لێنەکرێت، لە ئایندەدا ئاشتەوایی کۆمەلاِیەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان بەرەو تێکچوون ھەنگاو دەنێت." ھێمای بۆ ئەوەش کرد کە "ساڵی پار لە وڵاتی ئۆرۆگوای بەھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کوشتنی ئافرەتانەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە باری نائاسایی راگەیاند، ئەویش بەھۆی ئەو ناڕەزایەتییە زۆرەی کە لەلایەن رێکخراوەکانەوە ئەنجامدرا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ئافرەتان، ھەڵمەتێکی نیشتمانیی ھۆشیارییان لەسەرجەم قوتابخانە و شوێنە گشتی و تایبەتییەکان لەشێوەی خول و سیمینیار لەسەر مافەکانی ئافرەتان و پاراستنیان لەتوندو‌تیژی و جیاکاریی رەگەزی ئەنجامدا، پاشان بیندرا، رێژەی تاوانەکان لەدژی ئافرەتان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. دەکرێت ئێمەش سوود لەو بیرۆکانە وەربگرین." گوتیشی:"ئەگەرچی لای خۆشمان بەردەوام ھۆشیاری بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ھێشتا وەک پێویست کاریگەری ئەرێنی دروست نەکردووە، ئەویش بەھۆی یەکنەبوونی ھەوڵەکانە بۆ ئەو پرسە."
عەبدولخالق ئیبراھیم مستەفا، مامۆستای راگەیاندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "من ئەو داوایە لە پانتاییەکی فراوانتردا دەبینم، ئەمڕۆ بەھۆی لاوازبوونی بنەماکانی دادپەروەری و یاساسەروەری، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەروونی ئەوە دەبینرێت کە نەک تەنیا ئافرەت، بەڵکو لە منداڵێکی حەفت ساڵانەوە بگرە تا دەگاتە گەنجێکی ٢٥ ساڵە و پیاوێکی کامڵ و کەسێکی بەتەمەن، ھەموو جۆرەکانی دەستدرێژی و سێکسی و سووتاندن و کوشتن و رفاندن و دەربەدەرکردنیانمان بینی، ئەم تاوانانە بەرێژەیەکی مەترسیدار دووبارە دەبنەوە و بکەر و بکوژ و تاوانباریش کەمترین لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ھیچ حیسابێک بۆ ماف و شکۆ و زامی قووڵی کوژراو و قوربانییان نەکراوە، لێرەوە دەڵێم: من ئەو داوایەی خانمان لە وێنە ھەرە گەورەکەی وەردەگرم و داوا دەکەم ھیچ بکوژ و تاوانبارێک،لەژێر ھیچ پاساو و بیانوویەک،لێبوردن و لێخۆشبوون نەیگرێتەوە،ھەروەھا دەبێت چیتر رێگە نەدرێت ئەو مرۆڤە بکوژ و خراپانە سوود لەو ململانێیە نادروستەی سیاسەت وەربگرن و لە پەنای کەس و حزبێکدا پەنا بدرێن، نابێت ھیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە دابنرێت."
پارێزەر نەزیرە جاف، لە روانگەی یاساییەوە لە پرسەکە دڕوانێت و ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "کاتێک باس لە یاسا دەکرێت، ئەوا دەبێت بزانین یاسا بۆ پاراستنی مافی تاکەکان و پاراستنی کۆمەڵگەیە، بۆ ئەوەیە تاک ھۆشیار بێت لەوەی کە مافی خۆی بپارێزێت و مافی کەسانی دیکەش پێشێل نەکات. بەپێی ژیانی خەڵک و پێشکەوتنەکانی تاک و کۆمەڵگە بۆ بوارەکانی ژیان،لە ئێستادا زۆر یاسا ھەن کە ژیانی کۆمەڵگەیان رێک خستووە. ئەوەی باسی لێ دەکەین یاسای سزادانە کە مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێت لەرووی تاوانکاری، لە عێراق و کوردستان کار بە یاسای سزادانی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ دەکرێت بۆ تاوانەکان و سزاکانیان. یاسا جیاوازی ناکات لە نێوان تاک و رەگەز و دەبێت بە یەکسانی لە سەر ھاووڵاتیان جێبەجێ بکرێت، لە کاتی ھەر رووداوێکی تاوان، تاوانەکانیش لە سەر بنەمای (بەڵگەی تاوانی) بە تاوان ھەژمار دەکرێن، لە ھەموو ماددە یاساییەکان شێوازی تاوانەکانی باس کردووە، بە دەقی یاسایی. کاتێک تاوانێک روو دەدات، تاوانبارو تاوانلێکراو ھەر کەس و ھەر رەگەزێک بن، یاسا بە شێوەی دەقە یاساییەکە و بەپێی بەڵگەی سەلمێندراو مافی تاوانلێکراو دەپارێزێت و سزای گونجاوی تاوانبار دەدات. لێرەوە دەر دەکەوێت یاسا یەکسانە بۆ ھەمووان و جیاوازیی رەگەزی ناکرێت لە کاتی جێبەجێ کردنی یاسا. کاتێک لێبووردنی گشتی دەردەکرێت بۆ زیندانیان، بە راوێژ و وردبینیی کەسانی یاساناس دەکرێت بە بڕیار و بڕیارەکەشلە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەردەکرێت، ئەوەش زیاتر ئەو ماددانە دەگرێتەوە کە سزاکانیان قورس نین." سەبارەت بەوەش کە خانمان داوا دەکەن، بکوژانی ئافرەت لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە، ئەو پارێزەرە گوتی: "لێبووردنی گشتی بە پێی بڕیاری یاسایی دەردەکرێت لەلایەن سەرۆکی وڵات و ناتوانرێت جیاکاری بکرێت،بەوەی کە ئەو حوکم دراوە، تاوانلێکراوەکەی ئافرەت بووە، یان پیاو، تاوەکو لێبووردن بیگرێتەوە، یان نا. کەواتە داواکارییەکەی خانمان وە ک داوا ئاسانە، بەڵام وەک یاسا ناکرێت و ئاستەنگ دروست دەکات بۆ لایەنی قەزایی، لە بەر ئەوە داواکارییەکەیان لە یاسادا جێگەی نییە و وەرناگیرێت."
Top