قوتابیان و لاوانی كوردستان 18ی شوبات بە لاپەڕەیەكی درەوشاوی مێژوو دەزانن

قوتابیان و لاوانی كوردستان 18ی شوبات بە لاپەڕەیەكی درەوشاوی مێژوو دەزانن
یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لە 18ی شوباتی ساڵی1953ی زایینیدا لە باشووری كوردستان دامەزران، هەر لەگەڵ دامەزراندنیان، بوونە بەشێكی گرنگ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەری ئەو قۆناغەی كوردستان و تاوەكو ئێستاش لەگەڵ رەوت و سەردەمە جیاوازەكان خۆیان گونجاندووە. لە هەنگاوەكانی بەرەو پێشكەوتن بەردەوام بوون و، شانیان داوەتە بەر بارێكی گران بۆ پێگەیاندنی سەركردەكانی ئەمڕۆ و داهاتووی كوردستان، بە دەیان سەركردە و كادریان پێگەیاندووە. بە درێژایی مێژووی تەمەنی ئەم دوو رێكخراوە، ئەوەیان سەلماندووە كە دیدگایان زۆر رۆشن بووە بۆ پێگەیاندن، یەكێتی قوتابیانی كوردستانیش هەمیشە لە پێگەیاندنی نەوەی رۆشنبیر و خاوەن مەعریفەدا پێشەنگ بووە، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە بێ جیاوازیی رەگەزی، تاكی كارامە و بەتوانا پێبگەیەنێت، هەر بۆ نموونە لەیلا قاسم یەكەم ئافرەتی كورد بوو كە لە ساڵی 1974 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە سەر بیروبۆچوونە رەواكانی لە سێدارە درا، ئەو شۆڕشگێرە لە قوتابخانەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان فێری خەبات و تێكۆشان بوو. لە ساڵیادی دامەزراندنی (ی.ق.ك) و (ی.ل.د.ك) بۆ هەمیشەش قوتابیان و لاوانی كوردستانیش 18ی شوبات بە لاپەڕەیەكی درەوشاوی مێژوو دەزانن.


نێچیرڤان كەلاری سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە ١٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ـەوە تاوەكو ئێستا كە نزیك دەبینەوە لە ٦٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، بەردەوام رۆڵی گرنگ و كاریگەری هەبووە لە كایە جیاوازەكانی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و مەدەنی بەپێی قۆناغە جیاوازەكانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان. لە روانگەی بڕوابوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان وەك لە پێشینەی كارنامەی (ی.ق.ك) ئاماژەی پێ دراوە، لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دواتر لە راپەڕینی بەهاری ١٩٩١، ئازادكردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ٢٠٠٣ و ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، ئەندام و كادیر و سەركردەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان رۆڵی پێشەنگانەیان بینیوە لەو وێستگە مێژووییانەی كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆیان لێ بەرهەم هاتووە و لە داهاتووشدا زامنی گەیشتنن بە ئامانجی گەورەتر و دەستكەوتی گرنگتر بۆ گەلی كوردستان دەكەن.» هاوكات دەڵێت: « یەكێتی قوتابیانی كوردستان نوێنەرایەتیی خواست و ویستی قوتابیانی كوردستان دەكات و هەمیشە بە كردەوە بەرگریكاری مافەكانیان بووە، لە داهاتووشدا یەكێتی قوتابیانی كوردستان كار دەكات لەسەر پەیڕەوكردنی چەند بنەمایەك بۆ گۆڕینی شێوازی كاری رێكخراوەیی بە جۆرێك كە یەكێتی قوتابیانی كوردستان وەك هەمیشە لە ئاست خواست و چاوەڕوانی قوتابیانی كوردستان بێت.»
نێچیرڤان كەلاری لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا پێداگری لەوە دەكات كە «یەكێتی قوتابیانی كوردستان تێدەكۆشێت لە پێناو پاڵپشتیكردنی كچان و هاندانیان بۆ كاری رێكخراوەیی و رۆڵ بینین لە كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، و رەخساندنی زەمینەی لە باری كاركردن بۆ قوتابیانی كچ لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن.» هاوكات دەڵێت: « یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی دوور لە توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم ئەو دیاردانەی بە كۆمەڵگەی كوردستانی نامۆن، چڕ دەكاتەوە و بەردەوام كار لەسەر رۆشنبیركردن و بونیادنانی تاك لەسەر بنەمای بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەی كوردستانی دەكات.» گوتیشی: «لە كۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت كە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە دروشمی (نوێبوونەوە و بەردەوامی)، بەردەوام دەبێت لە نوێبوونەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لە پێناو بەردەوامیدان بە رۆڵی پێشەنگانەی لە نوێنەرایەتیكردنی قوتابیانی كوردستان.» پیرۆزباییش لە سەرجەم قوتابیان و لاوانی كوردستان و ئەندام و كادیر و سەركردایەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، دەكات، بە بۆنەی ١٨ـی شوبات، ٦٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (ی.ق.ك) و (ی.ل.د.ك) و رۆژی قوتابیان و لاوانی كوردستان.»
لەلای خۆیەوە مەیسەر نهێلی سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی ١٨ی شوبات ٦٧ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان گوتی:» پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم لاوانی كوردستان دەكەین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدی سەركردە كاكە (فەڕەنسۆ ھەریری) دادەنوێنین كە لەم رۆژە پیرۆزەدا بەدەستی رەشی تاریكی پەرستان شەھیدكرا، بۆیە بەڵێنی بەردەوامی پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بە لاوانی كوردستان دووپاتدەكەینەوە»
گوتیشی:» ھەر لەم ساڵیادە پیرۆزەدا بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كەوا یەكێتی لاوان چۆن لە سەردەمی پێشودا كە لەسەر دەستی جەنابی مەلا مستەفای نەمر دامەزرا بۆ خزمەتكردن توێژی لاوان ئێمەش درێژەپێدەر و پێشمەرگەی ئەو ڕێبازە پیرۆزە بین بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاست ئەو متمانەیە بین كە پێمان بەخشراوە، بۆ زیاتر ھەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی باشترین و شیاوترین دەرفەت بۆ لاوانی وڵاتەكەمان بۆ ئەوەی لە ھەموو ئاست و بوارێك پێبگەن و ھۆكاربن بۆ پێشخستنی كوردستان لە داھاتوو لە ھەموو ئاستێكدا. مەیسەر نهێلی لە درێژەی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە:» رێكخراوی یەكێتی لاوان ڕۆڵ و پێگەی زۆر گرنگ و ھەستیاری ھەیە لە كوردستان و توانیویەتی چەتری كۆكەرەوەی لاوانی كوردستان بێت بە بێ ركابەر بۆ پێشكەشكردنی باشترین دەرفەت بۆ دەركەوتنی ئاست و توانا و لێھاتووی لاوان بە بێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئایینی و زمان و كلتور و رەگەزی، ئەمەش بە شێوەیەكی كرداری لە نێو یەكێتی لاوان دەبیندرێت لە ئاستی كوردستان بۆ خزمەتكردنێكی شایستەتر بە لاوانی كوردستان. وەك چۆن دوای دەستبەكاربوونمان لە كۆنگرەی ھەشتەمی یەكێتیەكەمان بە حزور و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بەڵێنمان دا باشترین بین و ئەوەی پێویست بێ ھەوڵبدەین پێشكەشی لاوانی كوردستانی بكەین ئەمە بە كردەیی لە ماوەیی ساڵێكی دەستبەكاربوونمان پیشانمان داوە لەسەرجەم بوارەكان، لە داھاتوو پلانی كورتخایەن و درێژخایەنی یەكێتیەكەمان ھەیە بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارەكان لاوانی كوردستان سودمەند بكەین لەسەرجەم ئۆفەر و چالاكیەكانمان، بەبێ جیاوازی چونكە ئەركی ئێمە خزمەتكردن و دروستكردنی تاكی كوردە بەشێوەیەكی تەندروست بۆ خاك و نیشتیمان، ھەڵبەت ھەوڵەكانیشمان چڕ دەكەینەوە بۆ دروستكردنی فیدڕاسێۆنی رێكخراوەكانی لاوان لە كوردستان و بەستنەوە و گرێدانی چالاكیە جۆراوجۆرەكان لە ھەر چوار پارچەی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە لاوانی پارچەكانی تریش پێشكەش بكەین، لە ھەر بوارێكیش لاوانی كوردستان پێویست بێ ئێمە ھاوكار بین بۆ ئاڕاستەكردنیان بەدڵنیاییەوە پێشەنگ دەبین و سڵ ناكەینەوە بۆ ئەوەی لاوی كورد ھیچ كات بێ ئومێدنەبێ و بەردەوامی بە كار و پڕۆژەكانی بدات».
هاڤانا موسا كارگێڕی ناوەندی باڵای هەولێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەمساڵ یەكێتی لاوان و قوتابیانی دیموكراتی كوردستان مۆمی ٦٧ ساڵەی تەمەنیان دادەگیرسێنن، ئەو دوو رێكخراوەی كە لە دیرۆكی تەمەنیاندا هەمیشە سەرمەشق بوون لە پێگەیاندنی كادیران. یەكێتی لاوان و قوتابیان لە ١٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ بە بڕیاری رابەری رۆحیی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمر لەژێر دروشمی (لاوان شورەی پۆڵایینن بۆ پاراستنی كوردستان)، (قوتابیان سەری رمن لە گشت شۆڕش و راپەڕینێكدا) دامەزرا، خەباتی نەپساوەی ئەو كاروانە سەركەشە وایكرد كە هەمیشە پێگەیان بە هەند وەربگیرێت و بە رۆحیەتێكی مەزنەوە بەشداری لە بنیادنانی كوردستانێكی بەهێزتر بكەن.» گوتیشی: «لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەك كادیرێك و لاوێكی كوردستان بە بۆنەی ئەو یادە مەزنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندامان و كادیرانی شورە پۆڵایینەكە بكەم و، هەر لەو یادەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدی سەركردە (فەرەنسۆ هەریری) دادەنوێنین كە بە دەستێكی رەشی تاریكپەرستان چووە بەر كاروانی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.»
ئەحمەد تەحسین سەلیم، كارگێڕی ناوچەی ئامادەییەكانە لە لقی هەولێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان و باسی ئەوە دەكات كە «دامەزراندنی یەكێتییەكی وەها مەزن وەك یەكێتی لاوان و قوتابیانی كوردستان بۆ وەرگرتنی داوا و خواستی قوتابیان دامەزرا، بەردەوامیش لە بەرەوپێشچووندا بووە و دەبێت، لە هەموو ئەو سەختی و دژوارییانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە. یەكێتی لاوان و قوتابیانی كوردستان بەردەوام بەشێكی گرنگ و هەستیاری دژ بە دوژمنانی گەلەكەمان بووە و، لە هەموو قۆناغەكانیش قسە و كردەوەی كاریگەری هەبووە، كە بەشێكی خەباتكردن لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان و رێكخستنی نهێنی بووە، ئەوەش بەشێكی گرینگی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەلی كورد بووە.»
ئەحمەد تەحسین لە بەشێكە دیكەی لێدوانەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە قۆناغی دوای راپەڕین تاوەكو ئێستا پێشەنگی هەموو رێكخراوەكانی دیكە بووە، زۆرجاریش لە كوردستان بە ركابەری سەرسەختی حزبایەتی دانراوە، جگە لە مێژووە دوور و درێژە پڕشانازییەكەی یەكێك لەو قوتابخانانە بووە كەوا بەردەوام شوێنی پێگەیاندن و دروستكردنی چەندین سەركردەی گەلی كورد بووە.» گوتیشی: «یەكێك لەو دەستكەوتانەی كە جێگای شانازییمانە ئەنجامدانی (14)كۆنگرە و شەش كۆنفڕانسی ناوخۆییە كە دەینەمۆی بەهێزیی و بەردەوامی و مانەوەی یەكێتییەكە بووە، لە مەیدانی خەباتیشدا یەكێتی قوتابیانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان چەندین شەهیدی داوە، لەوانە شەهید (مەئموون دەباغ و محەمەد عوبێد و ...هتد،) تاوەكو كۆتا شەڕ كە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەرامبەر تاریكپەرستانی داعش رووبەڕوو بوونەوە، لە ئێستاشدا یەكێتی قوتابیانی كوردستان یەكێكە لەو رێكخراوانەی كەوا جێگەی متمانە و باوڕی قوتابیانە و هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی قوتابیانە و لە پێشەنگی هەموو رێكخراوەكانی دیكەدایە، هەر وەك چۆن بارزانیی نەمر فەرموویەتی: قوتابیان سەری رمن لە گشت شۆڕش و راپەڕینێكدا.»
Top