سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راپۆرتی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردووی بەرامبەربە رۆژنامەنووسان بڵاو دەكاتەوە

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راپۆرتی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردووی بەرامبەربە رۆژنامەنووسان بڵاو دەكاتەوە
بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، جێگری پارێزگاری هەولێر، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەری ئاسایشی گشتی، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راپۆرتی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردووی بەرامبەربە رۆژنامەنووسان بڵاوكردەوە.
رۆژی چوارشەممە، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، راپۆرتی ژمارە ٢٣-٢٤ی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردووی بەرامبەربە رۆژنامەنووسان بڵاوكردەوە.

راپۆرتەكە لەلایەن سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، د. نەزاكەت حوسێن خوێندرایەوە كە بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٦٦ حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەربە ١٥١ رۆژنامەنووس و دەزگا ئەنجامدراوە كە لەو ژمارەیەش ١٤٤ لە رەگەزی نێر و پێنج رۆژنامەنووسیش لە رەگەزی مێ بوون.

لە راپۆڕتەكەدا، ١٧ حاڵەت لە هەولێر، ١٧ حاڵەت لە سلێمانی و ١٧ حاڵەت لە كەركووك تۆماركراون، هەروەها یەك حاڵەت لە بەغدا، یەك حاڵەت لە موسڵ، یەك حاڵەت لە هەڵەبجە، سێ حاڵەت لە خانەقین و هەشت حاڵەتیش لە دهۆك تۆمار كراون.
دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لە پلەی یەكەمدایە كە ١٩ حالەت بووە و بەرامبەربە ٣٧ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، رێگریكردن لە رووماڵكردن ٢٤ حالەت بووە و بەرامبەربە ٦٢ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، هێرش و سووكایەتی پێ كردن ١٠ حالەت بووە و بەرامبەربە ٢٢ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، لێدان دوو حاڵەت بووە كە بەرامبەربە سێ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و دەستبەسەركردن بەرامبەربە ١٧ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە".
لەلای خۆیەوە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان، د. ئازاد حەمەدەمین ئاماژەی بەوە كرد كە راپۆرتەكانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئامادەكارییان بۆ كراوە و كاریان لەسەر كراوە، بۆیە راپۆرتەكانیان بۆ ناوەندە فەرمییەكانی جیهان نێردراوە و كاریگەریی هەبووە.

لەمبارەیەوە د. نەزاكەت حوسێن سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسان بە گوڵانی راگەیاند:" لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەوسانی كوردستان راپۆرتی ژمارە ٢٣ و ٢٤
ساڵی ٢٠١٩ ڕاگەیاند، گەرچی بەداخەوە پێشێلكاری بەردەوامە و بگرە جۆری نوێ پێشێلكاریش تۆماركراوە كە بەرامبەر ڕۆژامەنوسان ئەنجام دراوە، بەڵام خۆشبەختانە بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو ٢٠١٨ تائاستێكی باش ژمارەی حالەتی پێشێلكاری و ژمارەی ئەو دەزگاو ڕۆژنامەنوسانەی كە پێشێلكاریان بەرامبەر كراوە كەم بوەتەوە، لەساڵی ٢٠١٨ دا ١٣١ حالەتی پێشێلكاری هەبووە ،لەساڵی ٢٠١٩ دابەزیوە بۆ ٦٦ حالەت، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە ناوچە جێناكۆكەكان و پارچەكانی تری كوردستایش بەهۆی گرژیەكان و ئەو ڕووداو خۆپیشاندانانەی كە دەكرێت تێیدا و ڕۆژنامەنوسی سەربەدەزگاكانی هەرێم بۆ دەست كەوتنی زانیاری دەچنە ئەو ناوچانە ڕوبەڕووی پێشێلكاری و بگرە توندوتیژیش دەبنەوە، هەربۆیە لە كۆی ١٥١ ڕۆژنامەنووس كە لەساڵی ٢٠١٩ پێشێلكاریان بەرامبەر كراوە كەركووك و بەغدا و موسڵ و خانەقین و ڕۆژئاوای كوردستان بەشێكی زۆری ئەو ژمارەیان پێك هێناوە، واتە ژمارەیەكی زۆر لەو ڕۆژنامەنوسانە لەو ناوچانە پێشێلكاریان بەرامبەر كراوە، لەكاتێكدا كە سەندیكای رۆژامەنووسانی كوردستان بە ئاسانی دەستی ناگاتە ئەو ناوچانەو ناتوانێت بە گوێرەی پێویست داكۆكی لەو ڕۆژنامەنوسانە بكات. لەناو هەرێمی كوردستانیش سەرباری پێشێلكاری و توندوتیژیەكانی شەقام كە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوس دەبنەوە، لەناو دەزگاكانیش گرفتی گرێبەست و جیاوازی مووچەو مەزاج مامەڵەكردنی بەڕێوەبەرانی دەزگاكان لەگەڵ رۆژنامەنووسان و تا دەركردنی رۆژنامەنووس بەشێكی تری ئەو پێشێلكاریانەن كە خەریكە بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەبنە دیاردە، كە ئەم جۆرانە لە پێشیلكاری دەگەڕێنەوە بۆ كێشەیەكی سەرەكی كە ئەویش لە هەرێمی كوردستان "نەناساندنی كاری ڕۆژنامەنووسییە وەك پیشە"بوونی هەیە. كە وای كردووە رۆژنامەنووس لەسەر شەقام لەبەردەم رەحمەتی پۆلیس وهێزە ئەمنییەكان بن، لەناو دەزگاكانیش لەبەردەم رەحمەتی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دەزگاكانی ڕاگەیاندندان. جگە لەوەش ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبكرێت كە دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لە پلەی یەكەمی جۆری پێشێلكارییەكانی راپۆرتەكەی ئەمساڵ بوو، راستە هەموویان بە هەوڵی سەندیكای رۆژنامەنوسان ئازادكراون و نەماونەتەوە لە زیندان بەڵام لەزۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان زیندانی كردنی رۆژنامەنووس نەماوە و بەیاسا قەدەغەكراوە، چەند حالەتێكی نەخوازراویش لە ڕاپۆرتەكەی ئەم ساڵدا هەبوو كە ئەویش"كارنەكردنی دادگاكان بوو بە یاسای ژمارە ٣٥ رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان " گۆڕینی یاساكە بۆ یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلەكترۆیەكان، ئەڵبەتە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی هەبوو و بەیاننامەی دژی ئەو كارە دەركرد. هەربۆیە بەرگی گۆڤارەكە ئاماژەیەكی بۆ ئەو فەرامۆش كردنەی یاسای ژمارە ٣٥ تێدابوو. ماوەتەوە بڵێین ژینگەی كاری میدیایی تاڕادەیەكی زۆر ناتەندروستە لەبەردەم رۆژنامەنووسان و كاری زیاتری دەوێت بۆ باشتر كردنی رەوشی رۆژنامەوانان.
Top