داوا دەكرێت لە ساڵی نوێدا حكومەت كاری بەرفراوانتر بۆ بەدیهێنانی خواستی لاوان بكات

داوا دەكرێت لە ساڵی نوێدا حكومەت كاری بەرفراوانتر بۆ بەدیهێنانی خواستی لاوان بكات
منداڵان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە نەوەی دواڕۆژ هەژمار دەكرێن و لە دوای ئەوەش كە بە تەمەنی یاسایی (18ساڵان) دەگەن، دەبنە خاوەن جیهانبینیی خۆیان و ئەركی زیاتریان بەرامبەر داهاتووی خۆیان و وڵاتەكەیان دەكەوێتە سەرشان، بەدرێژایی مێژووش، لاوانی كورد رۆڵی گەورەو گرنگیان بینیوە لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە و داینەمۆی گۆڕانكارییەكان بوون، لە ئێستاشدا بە چاوی ئومێدەوە لە كارنامەی حكومەتی هەرێم دەڕوانن و خوازیارن ساڵی نوێی زایینی ببێتە هەوێنی بەدیهێنانی خەونەكانیان و لە پرۆسەی بە‏كۆمەڵایەتیكردن و وەبەرهێناندا حیسابی زیاتریان لەسەر بكرێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان را و سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

هێمن حالی شێرۆكی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە كارگێڕیی كار و رایوایە: «پێویستە هەموو كات و ساتێك پاڵپشتیی بیری نوێی گەنجان بكرێت و هیوا و ئاواتەكانیان بە هەند وەربگیرێن.» هاوكات دەڵێت: «گەنج كاریگەرترین توێژی كۆمەڵگەیە و داینەمۆی نوێبوونەوەیە وهیواخوازم ساڵی نوێی زایینی دەستپێكی هەنگاوی كاریگەر بێت، بە مەبەستی بەرەوپێشبردن و بایەخدانی زیاتر بە توێژی گەنجان،هیواداریشم كوردستان لە ساڵی نوێدا زیاتر بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بچێت و حكومەت كاری بەرفراوانتر بۆ بەدیهێنانی ئومێد و خولیای گەنجان و نەوەی داهاتووی كوردستان بكات. زۆریش پێویستە ئەوەی لەتوانادابێت بۆ گەنجان لە ساڵی نوێدا بخرێتە واری جێبەجێكردن و سوود لە كارامەیی بیری نوێ وەربگیرێ.»
پاوان كۆیی توێژەری دەروونییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «هەموو مرۆڤیك بەپێی بارودۆخ و ژیان وگوزەرانی، هیواو ئامانج و خواستی خۆی هەیە،حەز و خولیای بەدیهێنانی هیواو ئامانجیش زیاتر رووی لەگەنجەكانمانە، چونكە گەنجان هەم بەردی بناغەی كۆمەڵگەن، هەم هێزی كارامەی داهاتووی وڵاتن،كارەساتیش ئەو كاتەیە كە گەنج خەون و هیوای بۆ داهاتووی خۆی و وڵاتەكەی نەبێت.» هاوكات دەڵێت: «ئەگەر سەیری دۆخی گەنجی وڵاتی خۆمان بكەین،دەبینین رێژەی بێكاریی گەنجان زۆرە و زۆربەیان ئاواتەخوازن هەڵی كاریان بۆ بڕەخسێت، گەنجانی بێكار هەموو ساڵێك بە چاوی هیواوە لە سەری ساڵ دەڕوانن، بۆ ئەوەی لانیكەم لە ساڵی نوێدا كاریان دەست بكەوێت و لەو رێگەیەوە خزمەت بە خۆیان و خێزان و وڵاتیان بكەن.»
رۆژنامەنووس محەمەد ئامۆكەیی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بنچینەی پێشكەوتنی هەركۆمەڵگەیەك لە گەنجەوە دەست پێدەكات، سرووشتی مرۆڤیش وایە بەبەردوامی خەون و ئاواتی زۆری هەیەو دەیەوێت پێیان بگات، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كوردستانیشەوە، ئەوەیە كە گەنجان تا راددەیەكی زۆر بێ هیوابوون لەخەونەكانیان، دیارە ئەمەش هۆكارگەلێكی هەیە، لەوانە: سەپۆرتنەكردنی گەنج كە پڕۆژەو بیرۆكەی باشی پێیەو دەیەوێت ئەسپی خۆی لە گۆڕەپانەكەدا تاو بدات، بەڵام كاریگەریی ئەو سەپۆرتنەكردنە زیاتر گەنجی خاوەن فیكرە بێ تاقەت دەكات و بگرە بۆ دواوەشی دەگەڕێنێتەوە، بۆیە دەبێت كار لەسەر گەڕانەوی ئومێد بۆ گەنج بكرێت، بۆ ئەوەی ئینتیمایان بۆخاك و نیشتمان لاواز نەبێت.» گوتیشی: «وەك خۆم ئاواتەخوازم ساڵی نوێ ساڵی نەمانی كێشەو گرفت و قەیران بێت و لەسەرووی هەمووشیان ساڵی بوونی كورد بە خاوەن دەوڵەت بێت،ئەوكاتیش دەتوانین هەموو ئەو خەون و ئاواتانەی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگە هەن،ئاسانتر بێنینەدی.»
دوریا شێروانی مامۆستای باخچەی ساوایانە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە هەر تاكێك بە ئومێدی داهاتوویەكی باشتر ساڵەكانی ژیانی بەڕێدەكات، بە ئومێدی زۆریشەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكات، سەبارەت بە خواستی لاوانیش گوتی: «من رەنگە نەتوانم هەموو داواكارییەكانی گەنج و ئارەزووەكانیان بخەمەڕوو، بەڵام دەتوانم بڵێم ژمارەیەك گەنج بەوپەڕی نائومێدی و رەشبینیەوە لە داهاتوویان دەڕوانن، چونكە پێیان وایە بۆ ئەوان هیچ گۆڕانێك لەئارادا نییە و ژمارەیەكیشیان بەوپەڕی ئومێدەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكەن و بەئومێدی دەستكەوت و سەركەوتنی زیاترن، بەشێكیان چونكە بەخت یاوەریانە، یان ژینگەی چواردەوریان یارمەتیدەرە بە ئامانجی خۆیان دەگەن، بەشێكیشیان هەرچەند لە جەنگی بەردەوامدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆسپ و سەختییەكانی ژیان، كەچی ناتوانن خەونەكانیان بەدی بهێنن. بۆیە زۆر پێویستە بەگشتی بارودۆخێكی باشتر بۆ گەنجان فەراهەم بكرێت و پێویستە گەنجان هەلی كاریان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی دیار و ئاسۆیەكی رووناكیان هەبێت، نەك بە تێپەڕینی ساڵێكی دی لە تەمەنیان كۆڵێك خەم و كێشە و نائومێدی هاوسەفەریان بێت.»
هاشم عەلۆ هەركی بەرپرسی سەخبیری كارەبای گردەسێن، سەبارەت بە داخوازیی گەنجان دەڵێت: «من داخوازیی گەنجان دابەش دەكەم بەسەر دوو جۆردا، جۆرە گەنجێك هەیە كە دەرچووی زانكۆیە و چاوی لە حكومەتە بۆ دامەزراندنی و دەیەوێت لەو رێگایەوە سوود بە كۆمەڵگە بگەیەنێت، جۆری دووەمیش بێ بڕوانامەن و ئەوانیش چاویان لە حكومەتە كە پێشینەیان بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی ببن بەخاوەنی كاری خۆیان و تێكەڵ بە بازاڕ كار ببن.» گوتیشی: «پێویستە حكومەت لە ساڵ نوێدا زیاتر گرنگی بە گەنجان بدات و هەلی كاریان بۆبڕەخسێنێت، چونكە هەر ئەو گەنجانەن كە دەبنە هۆی ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی وڵات، بە هیوای دواڕوژێكی گەش بو گەنجان و بۆ وڵاتەكەمان.»
كارزان یاسین پێشمەرگەیە و سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتە دەڵێت: «هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵی خۆشی بۆ هەموو لایەك،لەسەرووی هەموویانەوە چینی گەنج و لاوان، ئەوەی من لە ناو گەنجانم هیوایەكی ئێجگار زۆریان بە ساڵی تازە هەیە، حكومەتی هەرێم هیوایەكی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت بۆ گەنجان گەراندۆتەوە، بۆیە رووكردن لە دەرەوەی كوردستان زۆر كەمی كردووە،لەگەڵ ئەوەشدا زۆر پێویستە بارودۆخێكی باشتر بۆ گەنجان فەراهەم بكرێت، بەتایبەتی لە بواری دابینكردنی كار، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بە خۆیان و بە كۆمەڵگەش بكەن.»
Top