هاوڕێ بوونی دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان بەرز دەنرخێندرێت

هاوڕێ بوونی دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان بەرز دەنرخێندرێت
پەیوەندیی گەرم و گوڕی نێوان خێزان لە بەها سەرەكییەكانی ژیانە و پەروەردەی دروستی منداڵیش ئەركی سەرەكیی دایك و باوانە، زۆربەی دەروونناسانیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە دایك و باوك پێویستە جگە لە بەرپرسایەتیی دایكانە و باوكانە بەرامبەر بە منداڵی خۆیان، پێویستە هەوڵ بدەن وەك هاوڕێیەكی دڵسۆزیش لەگەڵ منداڵی خۆیان مامەڵە بكەن، بۆ ئەوەی ئاسانتر لە یەكدی تێبگەن و بتوانن بە سەر هەموو كێشە و گرفت و كۆسپەكانی بەردەمیاندا زاڵ بن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر شەن و كەوی ئەو پرسە دەكەن.

لەتیف حوسێن توێژەری كۆمەڵایەتییە و باسی ئەوە دەكات «یەكێك لە بایەخەكانی هاوڕێبوونی دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانی خۆیان ئەوەیە كە دەتوانن زۆر بە ئاسانی ببنە جێی متمانەی منداڵەكانیان هەتا بۆ هەر كێشەو بابەتێكی تەنانەت هەستیاریش، بتوانن لای دایك و باوكی خۆیان باسی بكەن، چونكە باوان، یان دایك و باوك بە تەنیا ناتوانن ئەو رۆڵە ببینن، ئەگەر نەتوانن ببنە هاوڕێیەكی زۆر باشی منداڵەكانیان. « هاوكات دەڵێت: «هاوڕێبوونی دایك و باوك لەگەڵ منداڵی خۆیان لە تەمەنی سەرەتای منداڵیدا دەتوانێ بناغە دابنێ و ببێتە هەوێنی چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكانی منداڵ، ئەگەر لە داهاتوودا رووبدات، بۆیە هەتا نزیكی و هاوڕێبوونی منداڵ لە دایك و باوكی زیاتر بێت، زیاتر دەتوانێت ئەركی بەرپرسیارانەی بەجێ بگەیەنێت.»
رۆژنامەنووس ژیلا كەریمی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هاوڕێیەتی دایك و باوك لەگەڵ منداڵ لە پرۆسە هەرە پشتگوێخراوەكانی پەروەردەی كوردییە و بەداخەوە زۆر هەواڵی ناخۆش كە دەبنە سەردێڕی هەواڵەكان لە ئەنجامی ئەو دووركەوتنەوەی منداڵە لە دایك و باوك و نەخستنەڕووی كێشەكانیانە لەگەڵیان. رەوتی دروستی پەروەدە وایە كە منداڵ یەكەم هەڤاڵی لە ماڵەوە دەستنیشان بكات و یەكەم كەس كە كێشەكانی بۆ باس دەكات، دایك و باوكی بن. منداڵی كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی تۆزێك لە خێزان دوورن و هاوڕێ ئەو بۆشاییەی پڕكردۆتەوە. «
ئەو خاتوونە رۆژنامەنووسە نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە «چەندەها نەوجەوانی كوردمان بینی (بە كچ و كوڕەوە) كە بە هۆی خۆشەویستیی نابەرپرسیارانەوە، یان بە هۆی شاردنەوەی پەیوەندییەكەیان لە دایك و باوك، تووشی كێشەی قورس و تەنانەت مەرگ بوون، چەند گەنجی كوردمان بینی كە بە هۆی بێئاگابوون و دووربوونی دایك و باوك لێیان كەوتنە داوای رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، چەندین نموونەی دیكەی كۆمەڵایەتی هەن كە بەداخەوە خێزان تێیدا زەرەرمەند بوون.» گوتیشی: «ئەو نزیكبوونەوە و هاوڕێبوونە دەبێت لە یەكەم هەنگاوەكانی پەروەردە بێت. دایك و باوك بەو هۆیەی بەرپرسیارن لە پەروەردەی دروستی منداڵی خۆیان، پێویستە ئەوان ئەو هەنگاوە بنێن بۆ نزیكبوونەوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵی خۆیان و دەبێت ئەو دەرفەتە بدەن كە منداڵ لە كاتی هەڵەیەكدا بوێرێت باسی هەڵەكەی بكات و پاڵپشتی و رێنوێنی وەربگرێت. هەر خێزانێك ئەو شێوازە پەروەردەییە تاقی بكاتەوە، دڵنیا دەبێت لەوەی كچ و كوڕی لە كۆمەڵگە پارێزراوتر دەبن.»
فازڵ عومەر وەك كۆمەڵناسێك باسی ئەوە دەكات كە «بەرپرسیارێتی دایك و باوك بەرامبەر منداڵ لە رووی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەوە لەو كاتەوە دەست پێ دەكات كە منداڵ دێتە دنیاوە و ئەركە پەروەردەییەكانی دایك و باوكیش هاوشانە لەگەڵ دابینكردنی پێداویستی و ژینگەیەكی تەندروست بۆ گەشەو گەورەبوونی منداڵ، هەڵبەت منداڵ قۆناغەكانی ژیانی بەسەر چەند ئاستێك دابەش كراوە، هەر ئاستەو شێوازێك لە مامەڵە و گرنگیدان دەخوازێت. منداڵ لەسەرەتای چوارساڵی تەمەنی گرنگیدان بە تەندروستی و گەشەی لە ئەولەوییەتدایە، دوای چوونە باخچەی ساوایان منداڵ دەكەوێتە بەردەم پرۆسەی پەروەردە بە پلەی یەكەم فێركردن بە پلەی دووەم، ئەركی خێزان لەم قۆناغەدا هاوشان لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە كە باخچەیە، دوای چوونە قۆناغی سەرەتایی پرۆسەی پەروەردە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ئاستێكی زیاتر لە فێركردن، رۆڵی دایك و باوك لەم قۆناغەدا ئامێزی گەرم و پێشكەشكردنی خۆشەویستی و دروستكردنی هاوسەنگییە لە نێوان خێزان و دامەزراوەی فێركردن، لە قۆناغی ناوەندی ئەم ئەركە قورستر دەبێت، بەوەی دەبێت هاوكار بن لە دروستكردنی كەسایەتیی منداڵ و هەوڵدان بۆ دروستكردنی هەستی متمانەبەخۆكردن لای منداڵ، قۆناغی دواناوەندی كە منداڵ هەندێك گۆڕانی فەسیۆلۆژی تێیدا روو دەدات، پێویستە دایك و باوك بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، بە شێوەیەك هەستی نامۆبوون بەخۆی لا دروست نەبێت، لەم قۆناغەدا هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵ لەلایەن دایك و باوك دەبێتە زەروورەت و لەم رێگەیەوە دەتوانن لە رازی منداڵ تێ بگەن و هانی بدەن كە كێشە و گرفتەكانی نەشارێتەوە و بە ئاسانی و بێ ترس باسی بكات. ئەم مەبدەئە بۆ قۆناغی چوونە زانكۆش هەر راست دەبێت.» گوتیشی: «پێویستە منداڵ تا دواقۆناغەكانی خوێندنیش ئەو هەستەی بە زیندوویی بمێنێتەوە كە دایك و باوك مەحرەمی رازەكانی ئەون و دەتوانێ بێ ترس بۆ هەر كێشەیەكی گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.
Top