ئافرەتانی سۆران لە گەشتێكی شاخەوانی و هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگەدا

ئافرەتانی سۆران لە گەشتێكی شاخەوانی و هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگەدا
ئەنجومەنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە سۆران، دوای گەشتێكی شاخەوانی و لە كاتی گەڕانەوەیان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگەیان ئەنجام دا.
رۆژی ٢٠١٩⁄١١⁄٩ لە پێناو پاراستن و پاكڕاگرتنی سرووشت و ژینگە و هاوكات بەهادان بە باری تەندروستی و وەرزشی خانمان، ئەنجومەنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە سۆران، لە كاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێی شاخەوانی، هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگەیان لە گەلی زۆرەگڤان ئەنجام دا

نازەنین عەزیز بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە سۆران، لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «لەپێناو گرنگیدان بە تەندروستیی ئافرەت و ئاشتكردنەوەی ئافرەت بە سرووشت و ئاشتكردنەوەی رۆحی بە ژینگەی دەوروبەری، هەڵساین بە رێكخستنی گەشتێكی شاخەوانی بۆ 50 ئافرەتی سنووری سۆران بە دڕێژایی ١٠ كیلۆمەتر لە دالاشی دەڤەری بارزان و لە گەشتەكە ئافرەتەكان شارەزای سرووشتەكە كران، لە دوای كۆتایی گەشتی شاخەوانی، هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ژینگە و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاك ئەنجام درا و دواتر زبڵ پاشماوەكان لەناو بردران.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ئەو جۆرە گەشتانەیان بەردەوام دەبێت؟ گوتی: «بەڵێ گەشتەكانی وەرزشی شاخەوانیمان بەردەوام دەبێت، هەروەها هەڵمەتی پاككردنەوەی ژینگەشمان بەردەوام دەبێت.» گوتیشی: «ئامانجمان زیاتر گرنگیدان بە تەندروستیی ئافرەت و دووربوونیەتی لە كۆمەڵێك نەخۆشیی مەترسیدار، كە بەداخەوە رۆژانە دەبینین ئافرەتانمان تووشی كۆمەڵێك نەخۆشیی مەترسیدار دەبن، جگە لەوەش مەبەستمان زیاتر ئاشناكردنی ئافرەتە بە سرووشتە جوان و جیاوازەكان و رەخساندنی دەرفەتێك بۆ یەكترناسین و بەهێزبوونی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی.»
مونیر ناسیح ئەندامی سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزی و شاخەوانی، لەم گەشتە شاخەوانییە هاوەڵی خانمانی بەشداربووی گەشتەكە بوو، لەم بارەیەوە دەڵێت:
بە خوشحالییەوە وەك ئەندامێكی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی وشاخەوانی بەشداربووین، ئەویش بەمەبەستی بە كلتوور كردنی وەرزشی شاخەوانی لە كوردستان و بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە شاخەوانیدا، هەر بۆیە ئەنجومەنی ئافرەتانی سۆران یەكێتی ئافرەتان ئەم گەشتەیان رێكخست بوو كە زیاتر لە ٥٠ ئافرەت بەشداریان تێدا كرد، لە گەشتەكەماندا ماوەی ٤ كاتژمێر بەپێ رۆیشتن، نزیكەی ١٠ كم مان بڕی، زۆر سوپاس بۆ خوا كە ەموو بەشداربووان بە سەلامەتی گەڕانەوە، لە گەڕانەوەشماندا توانیمان كەمێك لە سروشت و ژینگە جوانەكەی گەلی زورەگڤان پاك بكەینەوە.
وەرزشی شاخەوانی یەكێك لە یارییە وەرزشییە قورسەكانە كە زۆرترین كالۆریی زیانبەخش لە لەشی مرۆڤدا دەسووتێنێت. هەروەها بە هۆی سەركەوتن لە شاخەكان لە سرووشتی جۆراوجۆردا بە ژینگەی جیاواز و دڵرفێن ئاشنا دەبن، ئەوەش لەش و رۆح و ئیرادەی وەرزشكارەكان زۆر بەهێزتر دەكات.
Top