چاوەڕوانی رۆڵی باشتر لە زانكۆكانی كوردستان دەكرێت

چاوەڕوانی رۆڵی باشتر لە زانكۆكانی كوردستان دەكرێت
زۆر دەگوترێ «زانكۆ رەوتی كۆمەڵگە دەگۆڕێت»، ئەوەش بووەتە هاوكێشەیەك كە لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا سەلمێندراوە، لە بەر ئەوەی ئەو ناوەندە زانستییانە توێژینەوەی ورد و بابەتییانە لە سەر گشت جومگەكانی كۆمەڵگە و حوكمڕانی دەكەن، بۆ ئەوەی رێكارەكانی سەركەوتن و پێشكەوتن بدۆزنەوە، بەڵام لە وڵاتانی دواكەوتوو و تەنانەت تازە پێگەیشتوودا (بە كوردستانیشەوە)، زانكۆ بۆتە دامەزراوەیەك بۆ بەخشینەوەی بە لێشاوی بڕوانامە و لە ئاكامدا دەرچووانی زانكۆ تەنیا چاویان لە دامەزراندنە و ئەگەر دامەزراندن نەبوو، ئەوان بێكار و بێ بەهرە دەمێننەوە. لەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵاندا مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان لە دیدی جیاوازەوە پرسی رۆڵی دامەزراوەی زانكۆ لەسەر كۆمەڵگە تاوتوێ دەكەن.

دكتۆر حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ، مامۆستای زانكۆیە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە زانكۆكانی كوردستان تا چەند توانیویانە رەوتی كۆمەڵگە بەرەو ژیانێكی باشتر بگۆڕن و چ كاریگەرییەكیان لەو بوارەدا هەبووە؟ دەڵێت: «بۆ وەڵامی پرسیارەكەتان، خوا دەمانگرێ ئەگەر بڵێین هیچ نەكراوە و زانكۆ هیچ كاریگەریی نییە، بەڵام دەكرێ بڵێین لە ئاستی خواستەكانی ئێمەدا نەبوون. سەبارەت بە كاریگەریی زانكۆ لە هەندێ وڵاتی دونیادا لە كاتێكدا ئەوان زانكۆیان هەبووە لە وڵاتی ئێمەدا چەند حوجرەیەك بۆ فەقێ و خوێندنی ئایینی و فێربوونی زانستی ئایینی هەبووە، هەرچەند من رۆڵی حوجرە بە كەم نازانم لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێركردن لە سەردەمی خۆیدا و گەشەكرنی ئاستی زانستی و رۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردی، بەڵام مەبەستم ئەوەیە كە مێژووی زانكۆكانی وڵاتان بە سەدان ساڵ پێش زانكۆكانی كوردستانە، بۆ نموونە تاكو راپەڕینەكەی بەهاری ساڵی 1991یەك زانكۆ لە كوردستاندا هەبووە، لە لایەكی دیكەوە وڵاتانی ناوچەكە هەرچەند بەراورد بە كوردستان مێژوویەكی دوور و درێژتریان لە بنیادنانی دامەزراندنی زانكۆدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانكۆكانی ئەوانیش نەیانتوانیوە داهێنانی گەورە بكەن و تا راددەیەك لە گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەكانیاندا سست بوون. لە كوردستاندا لە پاش راپەڕینەوە ژمارەیەكی زۆر بە ناسرووشتی زانكۆ و پەیمانگای ئەهلی و حكوومی كراونەتەوە، هەر وەك چۆن لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی كوردستان لە فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمدا دامەزران و كە ئێستا بوونەتە بار گرانی بەسەر بودجەی حكومەتەوە، ئاواش بە شێوەیەكی ناسرووشتی خەڵك رووی لە خوێندن كردووە، بە مەرامی ئەوەی ببێتە خاوەن بڕوانامە بە مەبەستی دامەزراندن لە دامەزراوەیەكی حكومەتدا، كەواتە ئامانجی تاكەكانی كۆمەڵگە كە دەچنە زانكۆ بۆ ئەوەیە بڕوانامە بە دەست بێنن، نەك زانست و زانیاری فێر بن، هاوكات زانكۆش بە هۆی زۆری و چەندایەتییەوە بووەتە دەزگایەك بۆ بەدیهێنانی خواستی ئەوانەی كە تیایدا دەخوێنن بۆ وەرگرتنی بڕوانامەكانیان، لە لایەكی دیكەوە زانكۆكان سەربەخۆیی خۆیان لە دەست داوە و كەوتوونەتە ژێر هەژموونی كۆمەڵگەوە، بۆیە دەبینین زانكۆكانی كوردستان كەمتر بایەخ بە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی دەدەن. بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش دەبێت زانكۆكان هەوڵ بدەن سەروەرییەكانی خۆیان و سەروەریی مامۆستایانی زانكۆ بپارێزن و لە رووی پرۆگرام و توێژینەوەوە كار بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە بكەن و میتۆدی كارنامەیان لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنن.» ‎
دڵشاد نامیق فەرەج، وەك مامۆستایەكی زانكۆ جەخت لەوە دەكاتەوە كە «زانكۆ دەبێت ناوەندێكی مەعریفیی وەها بێت، كە كاریگەریی ئەرێنی بۆ دەرەوەی خۆیشی هەبێت و هاوكار بێت بۆ گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی لە كوردستان هەستی پێ دەكرێت، زۆربوونی ژمارەی زانكۆكانی كوردستان نەبووەتە هۆی گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی زیاتری كۆمەڵگە و تەنانەت پێچەوانەش بووەتەوە، بە جۆرێك كە زۆر پێش زۆربوونی ژمارەی زانكۆكان، كاریگەرییەكەی بەپێی خۆی زیاتر بوو، تەنانەت رێز و قەدری زانكۆ و مەعریفەش زۆرتر بوو.» سەبارەت بە هۆكاری ئەوەش دەڵێت: «یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە بڕوانامە و خوێندن بووە بە تیجارەت و وەك زۆربەی شتە تیجارییەكانی دی، ئەمیش گوێ بە كوالێتییەكەی نادرێت و زۆر و بۆرییەكی بێ شوماری لێ كەوتووەتەوە. هۆكارێكی دیكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پێوەرێكی زانستیی ستاندارد و تۆكمە بۆ كاركردنی زانكۆكان لە وەرگرتنی خوێندكار و تەنانەت مامۆستا و وانەبێژیش، كە وایكردووە زۆر كەس كە هیچ لە ئاستی ئەوە نین بچنە زانكۆ، بەڵام لەبەر ئیعتیباراتی دی چوونەتە زانكۆ و بوونەتە هەڵگری بڕوانامەی گەورە گەورە، بە بێ ئەوەی لە ئاستی ئەو پێگە و بڕوانامەیەدا بن و بتوانن لە رێگەیەوە سوود بە كۆمەڵگە بگەیەنن.» گوتیشی: «بەشێك لە زانكۆكان، یان كۆلێژەكان تەنیا وەزیفەیان بووە بە پێدانی بڕوانامە و شەرعییەتدان بەو كەسانەی پۆستیان هەیە و بڕوانامەیان نییە. لە راستیدا من پێموایە هەرێمی كوردستان ئەو هەمووە زانكۆیەی ناوێت و یەكێك لە بوارەكانی گەندەڵی بواری زانستی و مەعریفی بوونی ئەو هەموو زانكۆیەیە لە هەرێمێكی سێ و چوار ملیۆن كەسیدا، كە بە هەموویانەوە ناگەنە ئاستی زانكۆیەكی خاوەن رانكی باشی باوەڕپێكراو و نێودەوڵەتی.»
د. محەمەد مستەفا زراری، یەكێكە لەو سەدان مامۆستایانەی زانكۆ كە رایان وایە: «بێ پلانیی زانكۆكان بارگرانییەكی زۆر بۆ دەسەڵات و حوكمڕانی دروست دەكات.» سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتەش، بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەرچووانی زانكۆ گرنگیی زۆریان پێ دەدرێت و بڕوانامەكەیان بە شێوەیەك بەدەست دێنن كە بەرهەمی ماندووبوون و بە دواداچوونیانە بۆ بوارەكەیان و هەندێك توێژینەوەی زانستیی گرنگ و پێویست و سەردەمی ئەنجام دەدەن، كە دەبیتە هۆی ئەوەی لەلایەن هەر دوو كەرتی گشتی و تایبەت گرنگییان پێ بدرێت. ئەمە دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئاستبەرزیی ئەو كۆمەڵگەیە و بۆ ئەوەی رەوتی بەرەوپێشچوون لە وڵات بگۆڕێت.» هاوكات دەڵێت:»كەلتووری بەدەستهێنانی بڕوانامە بۆ ئەوەی لەو رێگەوە بتوانی كارێكت لە كەرتی گشتی دەست بكەوێت، خۆی لە خۆیدا هۆكارە بۆ دابەزینی ئاستی زانستی لە هەر وڵاتێكدا، لە هەرێمی كوردستانیش ئەوەندەی گرنگی بە كەرتی گشتی دراوە، زۆر كەمتر گرنگی بە كەرتی تایبەت دراوە. بە رای من ئەوە هۆكاری سەرەكیی دابەزینی ئاستی زانستییە لەلایەن دەرچووانی زانكۆ، چونكە كەسی خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی لە كاتی دامەزراندن لە كەرتی گشتی بەبێ هیچ هەڵسەنگاندن و تاقیكردنەوەیەك دادەمەزرێت، بەڵام لە كەرتی تایبەت ئەوەندەی زیرەكی و كارامەیی و ئاست بەرزی كەسەكە رۆل دەبینێت لە دامەزراندنی، زۆر كەمتر لەوە گرنگی بە بڕوانامەكەی دەدرێت. واتە رەنگە كەسێك بڕوانامەشی نەبێت، بەڵام باشتر كاری دەست بكەوێت لە كەسێكی خاوەن بڕوانامە، بۆیە زۆر گرنگە كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابیی زانكۆ بكریت، چونكە زۆری و بۆریی دەرچووانی زانكۆ دەبێتە بارقورسی بە سەر حكومەتەوە، بەتایبەتی كە ئەگەر خاوەنی بڕوانامەكان كەسانی لێهاتوو نەبوون، یان لە بواری خۆیان كارامە و پڕۆفیشناڵ نەبوون.» وەك رێكاری چارەسەریش بە پێویستی دەزانێت «پێداچوونەوە بە سیستەمی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستاندا بكرێت، لە بەر ئەوەی زۆر بابەت هەن كە پڕۆگرامی خوێندنن لە زانكۆكان و كاتێكی زۆری بۆ تەرخان دەكرێت، بە بێ ئەوەی هیچ سوودیكی زانستی بە قوتابیی زانكۆ بگەیەنێت.» گوتیشی: «من زۆر بە پێویستی دەزانم، كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، پێویستیشە لە بری وانە ئەدەبییەكان گرنگیی زیاتر بە وانە زانستییەكان بدرێت.»
Top