داوای دەرفەت و هەلی كار لە كەرتی گشتی و تایبەت بۆ گەنجان دەكرێت

داوای دەرفەت و هەلی كار لە كەرتی گشتی و تایبەت بۆ گەنجان دەكرێت
لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا جیلی نوێ بە داهاتووی وڵات هەژمار دەكرێن و گەنجان كۆڵەكەی وڵاتەكەن و وەبەرهێنان و بونیادناەوە لە سەر دەستی ئەوان بناغەی دادەنرێت، بەڵام كاتێك هەزاران گەنجی خاوەن بڕوانامە لە دەرفەتی هەلی كار لەكەرتی گشتی و تایبەت بێبەش دەبن، جۆرە نائومێدییەك بەرۆكیان دەگرێت، كە زۆر جار ناچاریان دەكات، وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و روو لە هەندەران بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی گەنجانی داهێنەر كەم نییە كە لەسەر پێی خۆیان وەستاون و تێكەڵی بازاڕی كار بوون. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

هێمن شێخ زادە، وەك نووسەرێك هێما بۆ ئەوە دەكات كە «گەنجان یەكەمین و پێشەنگترینن لە رووی نوێگەری و پێشكەوتنی وڵات، بۆیە جیلێكی تەواو پێگەیشتووە سەرمایەی گەورەی وڵاتە و تەمەنی گەنجیش لەبارە بۆ گشت ئەرك و راسپاردەیەك، بەڵام بە هۆی بێكاری و دانەمەزراندنیان خۆری گەنجانی كوردستان لەئاوابووندایە، هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان و خاوەن بروانامەكان بێكارن و لە كەرتی گشتی و تایبەت هیچ دەرفەتێكیان بۆ نەڕەخساوە، بە هۆی بێكاری و نەبوونی پلانێكی سەركەوتووانەی حكومەت و وەزارەتی كارو پلاندانان گەنجانی كوردستان بە رێژەیەكی زۆر روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن، ئەوەش مەترسییەكی گەورەی لە سەر دواڕۆژی كوردستان هەیە.» سەبارەت بە چارەسەری ئەو گرفتەش دەڵێت: «رێكاری چارەسەری كۆچی گەنجان، تەنیا دۆزینەوەی میكانزمێكی پتەوە لە هەر دوو كەرتی گشتی و تایبەت و تێكەڵبوونیانە بە بازاڕی كار، هەروەها پێویستە رێگری لەهێنانی كرێكاری بیانی بكرێت. حكومەت پێش دەرچوونی گەنجان لە زانكۆكان پێویستە پلانێك دابڕێژێت كە هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنێت، هەروەها دەبێت دەستی گەنج بگیرێت، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پرۆژەی تایبەت بە خۆیان، هەزاران گەنجی بەتوانامان هەیە كە خاوەن بیرۆكە و پڕۆژەی جوانن، كە دەبنە سەرچاوەی هەلی كار بۆ هەزاران گەنجی دیكە، بەڵام لەبەر نەبوونی تێچووی پرۆژەكەیان واز لە خەون و تواناكانیان دەهێنن. حكومەت جگە لە هاندانی گەنج بۆ كاركردن كەرتی تایبەت، دەبێت پڕۆژە و قەرزی بچووك و گەورە بە گەنجان بدات و پشتیوانیی پڕۆژەكانیان لە گشت بوارەكانی وەبەرهێنان بكات. گەنجان بە داهێنان و بیرۆكەی نوێ دەتوانن كارگە و كۆمپانیای جۆراوجۆر لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و بازرگانی دامەزرێنن. بەڵام ئەو كارانە بە بێ پشتیوانیی دارایی و ماددی ناكرێن. ئەو گەنجانەی كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان خاوەنی پرۆژەی خۆیانن، پێویستە هەوڵی گەڕانەوەیان بدرێت بۆ كوردستان و پشتیوانی بكرێن و پڕۆژەكەیان بخرێتە خزمەتی وڵاتی خۆیان و بەوەش هەزاران دەرفەتی كار بۆ گەنجانی بێكار دەڕەخسێت.»
كەلسوم گەزنەیی توێژەری كۆمەڵایەتییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بێكاری بە هۆكاری سەرەكی دادەنرێت بۆ ئەوەی گەنج كۆچ بكات و وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵێت، گرنگینەدان بە خزمەتگوزراییەكان و نەبوونی كارو پیشە و نەبوونی ئەمنییەتی كار بۆ گەنج، وادەكات گەنج جۆریك تووشی بێ ئومێدی بێت.»
ئەو توێژەرە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «گەنج توێژێكی كاریگەر و بە جووڵەن لە كۆمەڵگە و داینەمۆی گۆڕانكارییەكانن و لە وەبەرهێنان و بونیادناندا پشكی شێریان بەر دەكەوێت، بۆیە پێویستە حكومەت بەرنامە و پلانی تۆكمەی بۆ گەنجان هەبێت و رەخساندنی هەڵی كار خەمی سەرەكیی حكومەت بێت. دەكرێت پەرە بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بدەن و گەنجانیش تەنیا پشت بە كەرتی گشتی نەبەستن، هەروەها پێدانی قەرز و پشتگیریی پڕۆژەی گەنجان و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و بیمەی بێكاری هیوای زیاتر بە گەنجان دەبەخشێت.»
بەرپرسی رێكخستنی گرووپی ئاگرین، ئاوارە پاڵانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە «گەنجان سەرمایەی وڵاتن و زۆر هەڵەیە كە گەنجانی وڵاتەكەمان رێگای كۆچكردن هەڵدەبژێرن بۆ دەرەوەی وڵات، چونكە لە كوردستانیش دەتوانن ببنە خاوەن كاری خۆیان، چ خاوەن بڕوانامە بن، یان نا، گرنگ ئەوەیە وڵاتەكەی خۆیان خۆش بوێت و خزمەتی بكەن. چونكە خزمەتكردنی وڵاتی خۆت گەورەترین شەرەفە و هیچ نەبێت خاوەن خاك و ئاڵای خۆیەتی، خاوەن بوونی خۆتی، ئەركی حكومەتیش لەم قۆناغەدا ئەوەیە هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت لە كەرتی گشتی و تایبەت و نەهێشتنی دوو مووچە و چەند مووچە دەرفەتی زیاتر بە گەنج دەدات هەتا ببێتە خاوەن كار و لە بێكاری رزگاری بێت. چونكە لەسەدا چلی فەرمانبەرانی كوردستان خاوەنی دوو كارن، یان دوو مووچەیان هەیە، تەنانەت ئەگەر لە لایەكیان دەوامیش نەكەن.»
دوریا شێروانی مامۆستایە و هاوكات چالاكی مەدەنییە و رایوایە «گەنج هێز و وزە و بازووی پێشكەوتنن، نەخاسمە ببنە سەركردە و پێشڕەو چ لە رووی هۆشیاری و چ لە رووی هێزی كارەوە لە هەر كوێیەكی دنیا بێت، وێڕای ئەوەی لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان سەركردە و كەسایەتیگەلێكی گەنج بەڕێوەی دەبەن، پێویستە پتر برەو بە گەنج بدرێ و سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت. سەرەتاترین كار كە پێویستە بكرێت، ئەوەیە كە هێزێكی سەربازیی پتە و تۆكمە پێك بهێندرێت لە گەنجان و دامەزراندنی گەنجانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕ ببێتە خەمی سەرەكیی حكومەت و ڕۆتین و خزمایەتی و واسیتە لە پڕۆسەكانی دامەزراندن نەمێنێت، چونكە لاسەنگی لە تەرازوی هێزی كار و تواناكان دروست دەكات لە كۆمەڵگەكاندا، هەروەها هێنانی كۆمپانیای بیانی و دامەزراندنی كارگە و برەودان بە كەرتی تایبەت هاوكارێكی زۆر بەهێزی حكومەت دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و ڕێگریكردن لە كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات و ئومێدێكی خۆرئاسای رووناك دەداتە گەنجان.
Top