لەپێناو جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی باوكی خۆی دەكوژێت

لەپێناو جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی باوكی خۆی دەكوژێت
پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ كاتێك لە باخەكەی خۆیدا لە گوندەكەیان سەرقاڵی كاروباری باخەكەی بوو، كوڕەكەی لە دووریی چەند مەترێك بێ ئەوەی باوكی ئاگای لێ بێت، بە قەناس تەقەی لێ كرد و كوشتی. بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: «نازانین هۆكاری كوشتنی باوكی چی بووە، بەڵام ناوی بكوژەكەمان داوەتە هەموو فڕۆكەخانەكان و پۆلیسی شارەكان، دەزانین تا ئێستا لە كوردستانە و بە زووترین كات دەستگیری دەكەین.»
رۆژی 8ی ئەیلوولی 2019 (م. ح) تەمەن 70 ساڵ لە باخەكەی خۆیدا لە گوندەكەیان لە سنووری زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، كاتێك سەرقاڵی كاروباری باخەكەی بوو، كوڕەكەی لە دووریی چەند مەترێك بێ ئەوەی باوكی ئاگای لێ بێت، بە قەناس تەقەی لێ كرد و كوشتی
عەمید سەعدی عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای زاخۆ لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند دوای ئەوەی لە رووداوێكی كوشتن لە گوندی خێلەخێی سەر بە قەزای زاخۆ ئاگاداركراینەوە، هێزەكانی پۆلیس چوون بۆ گوندەكە و تەرمەكەیان بۆ پشكنین رەوانەی نەخۆشخانەی زاخۆ كرد، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو پیاوە لەلایەن كوڕەكەی خۆیەوە كوژراوە، تاوانبارەكە لە شوێنی رووداوەكە رایكردووە و تا ئێستا نەمانتوانیوە دەستگیری بكەین. تاوانبارەكە وڵاتینامەی ئەڵمانی هەیە، نازانین هۆكاری كوشتنی باوكی چی بووە، بەڵام ناوی بكوژەكەمان داوەتە هەموو فڕۆكەخانەكان و پۆلیسی شارەكان، دەزانین تا ئێستا لە كوردستانە و بە زووترین كات دەستگیری دەكەین».
بەپێی وتەی كەسوكاری كوژراوەكە دەركەوتووە كە ماوەی چەند ساڵێكە كێشە كەوتووەتە نێوان باوك و كوڕەوە، هۆكاری ئەو كێشەیەش كوڕەكە بووە.
بەپێی زانیارییەكان (س.م) تەمەنی 37 ساڵە و باوكی پێنج منداڵە و هاوژینەكەی لەگەڵ خۆی بۆ ئەڵمانیا نەبردووە، خۆی ماوە ماوە دەهاتەوە زاخۆ، چەند مانگێك لای هاوسەر و منداڵەكانی دەمایەوە و دەگەڕایەوە. چەند ساڵێك پێش ئێستا بە باوكی گوتووە، ژنەكەم تەڵاق دەدەم، باوكیشی زۆر تووڕە بووە و نەیهێشتووە تەڵاقی بدات. كێشەی ئەو باوك و كوڕە لەو كاتەوە دەستی پێ كردووە.
باوكەكە بە كوڕەكەی گوتبوو ئەگەر دەتەوێت ژنێكی دیكە لە ئەڵمانیا بهێنە، بەڵام نابێت دایكی ئەو پێنج منداڵە تەڵاق بدەیت، ئەو ئافرەتە هیچ گوناهێكی نییە و هیچ هەڵەیەكی بەرامبەرت نەكردووە، بۆ كوێ بچێت بە پێنج منداڵەوە.
دواجار ساڵی 2017 بێ ئەوەی باوكی و كەسوكاری ئاگادار بن، تەڵاقنامەی بۆ هاوسەرەكەی ناردووە. دوای ساڵێك لە دادگا لە هاوسەرەكەی جیابووەوە، باوكیشی بۆ ئەوەی منداڵەكان و دایكیان بێ شوێن نەبن، خانوویەكی بۆ گرتن و چاوی لێیان بوو، بۆ ئەوەی پێویستیان بە هیچ كەسێك نەبێت.
چالاكی مافناس عیماد ئەحمەد، لە بارەی ئەو تاوانەوە دەڵێت: «هاوسەرەكەی غەدر و تاوانێكی گەورەی بەرامبەر ئەو ئافرەتە كردووە كە چەندین ساڵە هاوسەری بووە و لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵی بووە و لە غیابی ئەودا دایكایەتی و بگرە باوكایەتیشی بۆ منداڵەكان كردووە، كە چەند ساڵە دوور لەسۆز و خۆشەویستی باوكیان بەخێوی كردن و پەروەردەی كردوون. سەبارەت بە مافەكانی ئەو ئافرەتە كە خاوەنی كۆمەڵێك منداڵە و ئەركی بەخێوكردنیان كە لە ئەستۆی ئەودایە، بۆیە دەكرێت ئەو ئافرەتە لە رێگای بەرزكردنەوەی داواكارییەك بۆ دادگای باری كەسیی ئەو شوێنەی كە تیایدا دەژی، بۆ ئەوەی داوای مافەكانی وەك مارەیی و بژێوی مانگانەی منداڵەكان بكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای بگونجێت و پێداویستییەكانی ژیانی خۆی و منداڵەكانی پێ پڕ بكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای باری كەسی رۆژی دادبینییان بۆ دیاری دەكات لە رێگای كەسێك كە بە خەبیر دەنێردرێت بۆ سەیر كردنی منداڵەكان بارودۆخی ژیانیان بۆ ئەوەی بڕی بژێوی مانگانەیان بۆ دیاری بكات تاكو پێداویستەكانیان پڕ بكەنەوە و بەشی بژێوییان بكات، وەك پارەی خوێندن و نەخۆشی و جلوبەرگ چەندان شتی دی. هەروەها دەكرێت ئەو ئافرەتە داوای مانەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی بكات، ئەگەر هاتوو پیاوەكە خاوەنی ئەو موڵكە بوو، ئەوا دەكرێت دادگا بڕیار بدات بە مانەوەی ئافرەتەكە لەگەڵ منداڵەكانی لەناو ئەو خانووە بۆ ماوەی سێ ساڵ كە یاسا بۆی دیاری كردووە.»
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان ئامارێكی تایبەت بە رێژەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی بڵاوكردەوە و بە گوێرەی ئامارەكە رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگاكانی هەرێم زیادی كردووە.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە هەولێر لە ساڵی (2017) دا (2985) حاڵەت بووە و لە ساڵی(2018)دا بووە بە(3598) حاڵەت، مانای وایە (613) حاڵەت زیادی كردووە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2017)دا (1360) حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگا تۆمار كراوە، بەڵام لە ساڵی(2018)دا رێژەكە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بۆتەوەو (4085) حاڵەت تۆمار كراوە، ئەمەش مانای وایە (2725) حاڵەت زیادی كردووە، لە پارێزگای دهۆكیش (1384) حاڵەت تۆمار كراوە و لە ساڵی (2018)دا (1509) حاڵەت تۆمار كراوە، واتە (125) حاڵەت زیادی كردووە.
هاوكات دادگاكانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا، نزیكەی ٧٣ هەزار و ٥٦٩ حاڵەتی تەڵاقیان تۆمار كردووە، بەغدای پایتەختیش ریزبەندی یەكەمی لەنێو پارێزگاگانی عێراق تۆمار كردووە، كە ٣٠ هەزار و ٢٨ حاڵەتی جیابوونەوەی تیایدا روویداوە.
ئەحمەد سەفار دادوەری باری كەسێتی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە «دادگاكان رێژەی بەرزبووەوەیان لە حاڵەتەكانی جیابوونەوە تۆمار كردووە، بەتایبەت لە چارەكی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨». روونیشیكردووەتەوە كە هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەكان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هۆكارێك و لەنێویاندا گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان و كرانەوەی كۆمەڵگە بەسەر سەردەمی پەیوەندیی ئەلیكترۆنی و زۆربوونی ململانێ سیاسییەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر خێزان، ئەم گۆڕانكارییە خێرایەش هەڕەشەیە لە سەر شیرازەی خێزانی و كۆمەڵگە بەسەرجەم بەشەكانی تەمەنەوە.»
Top