خانمانی كوردستان بە دەگمەن روو لە كاری بازرگانی دەكەن

خانمانی كوردستان بە دەگمەن روو لە كاری بازرگانی دەكەن
زۆر جار دەگوترێ خانمانی كوردستان تەنیا لە كاری كابانی و پەروەردە و خێزانداریدا متمانەی تەواویان بە خۆیان هەیە، ئەو هۆكارەش وایكردووە، كەمتر خۆیان لە قەرەی كاری بازرگانی بدەن. مامۆستایەكی زانكۆ رایوایە ئەوە تەنیا شتێكی بۆماوەییە كە بۆیان ماوەتەوە و پەیوەندی بە سرووشتی خودی ئافرەتانەوە نییە، چونكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو پێچەوانەكەی دەبینین، چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنییش جەخت لەوە دەكاتەوە كە زۆر پێویستە ئافرەت توانا و وزەی شاراوەی لەناو ناخی خۆیدا بدۆزێتەوە و كاری پێ بكات، بێ ئەوە لە هەستی ژنایەتییەكەی كەم ببێتەوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە گرینگە دەكەن.

«من لە هەموو كارێكدا متمانەم بە خۆم و بە سەركەوتنەكانم هەیە، كە لە ماڵەوە دروومان دەكەم و نان و كولیچە بۆ كڕیارەكانم دروست دەكەم، مانای ئەوەی نییە ناتوانم كاری بازرگانی و كڕین و فرۆشتن بكەم، بەڵام بە حوكمی ئەوەی دوای رۆیشتنی هاوسەرەكەم بۆ منداڵەكانم دایك و باوكیش بووم، بۆیە هەمیشە هەوڵمداوە زیاتر ئەو كارانە بكەم كە لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی كاتی زیاترم هەبێت، تا لەگەڵ منداڵەكانم بمێنمەوە، قەدەر باوكی لێ سەندوون، ناكرێ منیش بە هۆی كارەوە لە نازی دایكایەتی بێبەشیان بكەم.»
ئەوە قسەی شادان ئەمیر بوو. ئەو خاتوونە ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵان و دایكی سێ منداڵە، وەك خۆی باسی كرد، باوكی منداڵەكانی لە ژیاندا نەماوە و خۆی بە ئارەقەی ناوچەوانی بژیوی ژیانیان دابین دەكات. شادان هێما بۆ ئەوەش دەكات كە «كاری بازرگانی سەرمایەی زۆری پێویستە، ئەوەی سامانی زۆر بێت، چ پیاو بێت، چ ئافرەت، دەتوانێت كاری گەورە و بازەرگانی بكات.»
بەهزاد تاهیر مامۆستای زانكۆ و قۆتابی دكتۆرایە لە كارگێڕیی داهێنان و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە بڕوای من مێشكی ئافرەتان خاوەنی وەڵامدانەوەی زیاترە و توانای دروستكردنی پەیوەندیشی زیاترە و كاریگەریشی زیاترە لە پیاوان، بەتایبەتی كە ئافرەتان دەتوانن لە یەك كاتدا چەندین كار راپەڕێنن، چ لە كاری ناوماڵ، بێت یان دەرەوە. خوێندنەوە و ئەزموونی خەڵك لە وڵاتانی پێشكەوتووی وەك ئەوروپا و ئەمریكا پێمان دەڵێت، ئافرەتان هیچیان كەمتر نییە لە پیاوان بۆ راپەڕاندنی كاری دەرەوەی ماڵ و تەنانەت لە كاری بزنێس و بازرگانی و سیاسەت و هەر بوارێكی دیكە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە و ئەو وڵاتە موسڵمانانەی كە ئافرەت بە بێ توانا وەسف دەكەن لە كاروباری دەرەوە و تەنیا كاری ماڵەوەیان پێ شایستە دەبینن، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ژن هەر لە منداڵییەوە وا پەروەردە كراوە و وای پێ گوتراوە و خۆیشی وای بینیوە كە كاری ئافرەتان تەنیا بریتییە لە كاركردن لە ماڵەوە و كاركردنی دەرەوە بۆ ئەوان نابێت. بۆیە ئەمە تەنیا شتێكی بۆماوەییە كە بۆیان ماوەتەوە و پەیوەندی بە سرووشتی خۆیانەوە نییە، چونكە لە وڵاتانی دیكە ئێمە پێچەوانەكەی دەبینین، كۆمەڵێك هۆكاری دیكەش هەن، لەوانە نەرمی و ناسكیی ئافرەتان كە بەربەستە لە هەمبەر هەندێ كاری قورسی دەرەوە كە جەستەی پیاو بەرگەی زیاترە، هەروەها مانەوەی ئافرەت لە ماڵەوە زیاتر بۆ بەخێوكردنی منداڵ لە بەر هەست و سۆزی زیاتری بۆ منداڵەكانی ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە تێپەڕبوونی كات خوو بگرن بە كاركردنی ماڵەوە و لێهاتوویی تەواو پەیدا بكەن و تەنانەت رێژەیەكی زۆریان وایان لێ دێت كە حەزیان ناچێتە كاركردن لە دەرەوەی ماڵ و پێیان خۆشە تەنیا لە ماڵ بمێننەوە. هۆكارێكی دیكە بریتییە لەوەی كە ئافرەتان كەمتر خوێندنی قوتابخانە و زانكۆیی تەواو دەكەن، ئەمەش فاكتەرێكی بەهێزە بۆ ئەوەی كەمتر لە دەرەوە كاریان دەست بكەوێت و ئاشنا نەبن بە جیهانی دەرەوەی ماڵەكانیان و هەوڵ بدەن كە خۆیان لەگەڵ ژیانی ناوماڵ و فێربونی خەیاتی و چێشتلێنان و كاری رۆژانەی مالەوە بگونجێنن.»
گوڵاڵە پشدەری چالاكی كۆمەڵی مەدەنییە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لەوانەیە هەوڵەكانی گەیشتن بە یەكسانی لە نێوان پیاو و ژن لە ترۆپكدا بێ و سەركەوتوو بووبێت، بەڵام هێشتا ئەو جیاوازییە بەتایبەتی لە گۆڕەپانی كاروپیشەدا لە نێوان پیاو و ژندا و لە هەموو جیهاندا بە زەقی دیارە، ئەویش بە هۆی چەند خاڵەوە ژنان كەمتر هەمبەر پیاوان لەو گۆڕەپانەی كاردا دەردەكەون و هەروەها جیاوازیش هەیە لە نێوان دەرامەتی ئابوورییاندا و ئەوەش كەلێنێكی گەورەیە. هەرچەندە حاڵی ئیستای ژنی سەردەم جیاوازە لە حاڵی ژنی كاتی رابردوو، خانمانێك هەن كاریزما و خاوەن بڕوانامەن، بەڵام هیچ وەخت لە بوارێكدا كە یەكسان بن لەگەڵ پیاوان، نایانبینین.» هاوكات دەڵێت: «رێژەی داهاتی ئابووریی ژن و پیاو زۆر جیاوازە و كەلێنێكی گەورەی هەیە و ژن بە بەراورد لەگەڵ پیاو كەمتر لە ئابووریدا لەسەر پێی خۆیەتی و وابەستەیە بە پیاو. چەمكی كەلتووریش بە بەربەستێك دەبینرێت بۆ گەیشتنی ژنان بە كاری باڵا و پۆستی ئاست بەرز. لە لایەكی دیكەوە دەستەواژەی (ژنی دەمەوەر، ژنی بێ شەرم، ژنی لاسار و سەركێش، ژنی بەرهەڵدا و.. هتد) ئەوانە كراونەتە ئەتیكێتێك و بە نێوچاوانی ژنانێكیەوە دەنێن كە كار بۆ سەركەوتن دەكەن.» گوتیشی: بە بڕوای من ژنێك كە كەمتر بڕوای بە خۆی هەبێت و متمانەی بە وزەی شاراوەی خۆی نەبێت و بەكاری نەهێنێت، زووتر بەو بەربەستانە دەڕووخێ و لە ئەنجامی بەدەستهێنانی ئامانجەكانی دوور دەكەوێتەوە و هەر هەمان پیشەی تەنیا چێشتخانەكە و ماڵداری هەڵدەبژێرێت. لە كاتێكدا ئەوەش تەنیا پیشەی ژن نییە و نەبەستراوەتەوە بە ژنەوە، بەڵام ژن ئەوەی كردووە بە موڵك و ئەركی خۆی.
ژن جیاواز بووە و بە جیاوازیش دەمێنێتەوە، ژن چ لە كوردستاندا و لەناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا و چ لە ئەوروپادا بە كەمێك جیاوازییەوە هەر ژنە، بە جۆرەكانیەوە. بەڵام ئەو خاڵە گرینگە كە ژن خۆی بناسێ و توانا و وزەی شاراوەی خۆی بدۆزێتەوە و كاری پێ بكات، بێ ئەوە لە هەستی ژنانەیی كەم ببێتەوە، چونكە بە دیدی من ‹ژن بە ژنانەیی›جوانترە.»
Top