دڵڕەقی خێزانێک دوو ئەویندار لە یەک دەکات! - کارزان بوو بە قوربانی خۆشەویستی!

دڵڕەقی خێزانێک دوو ئەویندار لە یەک دەکات! -	کارزان بوو بە قوربانی خۆشەویستی!
ڕۆژانە دەیان چیرۆکێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئازار دەکەونە بەر گوێمان، کە ھەندێکیان بە مەرگ کۆتایی دێت، ھەندێ جاریش بە دابڕان، بەڵام بەشێک لەو حاڵەتە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕوودەدەن لەسەر بنەمای داب و نەریت و ئاستی وشیاری کۆمەڵگەن، کە لە ھەندێ ناوچەی کوردستان دا تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت ھەزمی خۆشەویستی و دڵداری ناکرێت، لەمەشدا چەندین چیرۆکی پڕ لە تراژیدیا و مەرگ دەبیسترێت، تا ئەو ڕادەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زانست ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردبێتە سەر عەقڵی مرۆڤی عەشەیار، بگرە ئەوان تا ھەنووکەش بە پاساوی کڕینەوەی وشەی (شەڕەف) ئامادەن مرۆڤێک لە دنیای پڕ لە خەیاڵاوی بۆ خۆشەویستەکەی بخەنە ژێڕ گڵ، کە ئەمەش ناخی ھەموو مرۆڤایەتی دێنێتە ھەژان.
ئەوەی لەو کورتە ڕاپۆرتەدا دەمانەوێ باسی لێوە بکەین، سەروبردەی ژیانی گەنجێکی خێر لەخۆنەدیووی ئەو وڵاتەیە، کە لە پێناو عەشقدا بووەتە قوربانیی و لە ترسی ھەڕەشە و گوڕەشەی خانەوادەی ئەویندارەکەی بێ سەر و سۆراغ ماوەتەوە، تەنانەت ئەوەی (گوڵان) بەدواداچوونی بۆ کردووە، کچەکەش ونە و تا ئەمڕۆش ھیچ باس و خواستێکی نیە و کەسیش ھیچ لە بارەی ونبوونی ئەو دوو دڵدارەوە نازانێت.
- دەیان خۆزگەی بەدی نەھاتوو
بە وتەی (محەمەدی حەمە باقی) بێت، کە یەکێکە لە شایەتحاڵ و ناسیاوەکانی ئەو گەنجەی کە (کارزان ئەحمەد وەتمان)ـی ناوە، ماوەیەکی زۆر لێرە سەرگەرمی پەرستاری بووە، بەڵام دوای تێکەڵ بوون بە عەشقێکی پاک لەگەڵ کچۆڵەیەکی ھاوتەمەنی خۆی، دەیان خۆزگەی لە دڵ دابوو، تەنانەت زۆر بە ھیوابوو کە ڕۆژگار رێگەی بدات، ئەو عەشقە ببێتە ھەوێنێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیری، بەڵام زۆری نەخایاند، خەونەکانیان ئاوەژووکرا و ئەو دوو ئەویندارە لە پڕ ون بوون.
- لە زمانی عەشق تێناگەین!
ئەو شایەتحاڵەی کە ئاگاداری ھەموو ڕووداوەکە بوو بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە دەیگوت: مخابن تا ئەمڕۆش ئێمە لە ئازار و لە زمانی خۆشەویستی ناگەین، تەنیا فێری ڕق و تۆڵە سەندنەوە بووین، ھیچ کات نامانەوێت ڕۆڵەکانمان بە مرادی خۆیان بگەن و بۆ تەنیا جارێک بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و خۆیان ھاوسەری داھاتوویان دیاری بکەن، کە ئەمەش مافێکی خۆیانە، چونکە ئەوانە بە درێژایی تەمەن لەگەڵ یەکتر دا ژیان بەڕێدەکەن.
- دابڕان و ھەڕەشەی بەردەوام لە پێناوی چی؟
دوای ماوەیەکی کورت لە یەکتر ناسینی (کارزان) و خۆشەویستەکەی، خانەوادەی کچەکە بە نێوانی ئەو دووانە دەزانن و ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی کوڕەکە و ناچاری دەکەن، کە ڕێگەی مەرگ یاخوود ژیان لە دووری دایک و باوک و ئەڤینەکەی بەڕێبکات، بە جۆرێک کە ھیچ کەس ناوی نەبیستێ و ھیچ ھەواڵێک لە بارەی ژیان و مردنی نەزانێت، ئیدی ھەرواش بوو، کوڕە و کچە ھیچ دوورگەیەکی ئارامیان نەدۆزیەوە تا خۆیانی تێدا حەشار بدەن، ناچار کوڕە بەبێدەنگی سەری خۆی ھەڵگرت و بێ ناونیشان مایەوە، تەنانەت ھیچ ھەواڵێکی کچەکەشی پێنەگەیشت و ئیدی گوێی لە دەنگی کەسێک نەبوو پێی بڵێت خۆشم دەوێت، بەڵام لە دوای ئەو دابڕانەش، ئەو چیرۆکەکە ھەر وەک خۆی مایەوە و دوای زیاتر لە 4 ساڵیش ھەمان ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی بنەماڵەی کچەکە بۆ سەر ماڵی کوڕەکە بەردەوامە و ئەوان بڕیاریان داوە تێنوویەتیان بە خوێنی کوڕەکە بشکێنن و لەوێشدا بڵێن ئێمە لە پێناو وشەی شەڕەفدا ئامادەین خوێن بڕێژین.
Top