گەنجانی كەركووك بەچاوی ئومێدەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دەڕوانن

گەنجانی كەركووك بەچاوی ئومێدەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دەڕوانن
لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و هاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، رەوشێكی سەربازی و ئەمنی بەسەر شارەكەدا سەپێندراوە، ئەو رەوشەش كوردانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی نیگەران كردووە، باری نایاسایی و نائاسایی شارەكەش وایكردووە، تەنیا لە ماوەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەكو مانگی تەمموز، 39 هەزار و 286 كەس لە نەتەوەی عەرەب بۆ سەر پارێزگای كەركووك گواستراونەتەوە. ئەوەش بە گوێرەی ئامارێكی كۆمپانیای خۆراكی وەزارەتی بازرگانی عێراقیە و هاوردەكردنی عەرەبیش لە شارەكانی عێراقەوە بۆ ناو شاری كەركووك، لە كاتێكدایە كە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك ئەنجام بدرێت. گەنج و لاوی خوێنگەرمی كەركووكیش داوای وەستاندنی ئەو پیلانە دەكەن و هاوكات خوازیارن لەژێر چەتری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا خەونەكانیان بەدی بێت.

سەرەتا هـەرێم نەسرەدین كارگێڕی لقی زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركووكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، باسی ئەوە دەكات كە «سەرجەم چین و توێژەكانی كەركووك ئومێدی تەواویان بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە كە وەك كابینەكانی پێشوو بە چاوی سۆزو خاوەندارێتیی راستەقینەی شارەكەوە خزمەت بكەن.» هاوكات دەڵێت: «ئامانجی سەرەكیی یەكەم سەردانی فەرمیی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بوو، چونكە كوردستانییان و دەسەڵاتی كوردی جیاواز لە عێراقییەكان لە داهاتووی كەركووك دەڕوانن، سەرەڕای ئەوەی ئێستا كەركووك بەناو لە سەر عێراقە، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە هەتاكو ئێستا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە سەدان پرۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری بۆ شارەكە جێبەجێ كراوە.»
هـەرێم نەسرەدین هێما بۆ ئەوەش دەكات كە «لە سەرەتای هێرشی داعش كە ئەوكات هێزە عێراقییەكان لە هەڵاتندا بوون، هێزی پێشمەرگەی كوردستان سنوورەكانی كەركووكیان پاراست و پارێزگارییان لە خاكی كوردستان كرد و سەدان شەهید و هەزاران برینداریان دا.» گوتیشی: «ئێمەی كەركووكی ئومێدی تەواومان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار كاك مسرور بارزانی كە كۆتایی بە نەهامەتییەكانی كەركووك بێت و كەركووك بۆ هەمیشە لەژێر چەتری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئارام و سەقامگیر بێت.»
ڤیان نەسرەدین دەرچووی زانكۆیە و سەرەتا دەستخۆشی لە كابینەی نۆیەم دەكات، بەوەی كە «سێ وەزیری ئافرەت لەم كابینەیە رۆڵ و پێگەی دیاریان پێ دراوە و هیوادارم بە هەمان بیركردنەوە لە دامودەزگاكانی دیكەدا كار بكرێت.» گوتیشی: «ئومێدەوارم لەكابینەی نۆ زیاتر كار لەسەر پاراستنی مافەكانی ئافرەتان بكرێت لە كوردستان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتێژی دژی ژنان برەوی پێ بدرێت و یەكسانی بچەسپێت لەم چوار ساڵەدا، ئێستاش ئومێدێكی زۆرمان بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڕێز كاك مسرور بارزانی هەیە لە هەموو بوارەكاندا و بە سەیركردنی رابردوویان چاوەڕوان دەكرێ، دەستكەوت زۆر گەورە بە گەلەكەمان ببەخشن، وەك كچێكی گەنج و دەرچووی زانكۆش كە تا ئێستا دانەمەزراوم و هەلی كارم بۆ نەڕەخساوە، ئومێدم هەیه لەسایەی ئەم كابینەدا خەوەنەكانم بەدی بێت. هیواداریشم سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی تەوای لە سەر كەركووك بێت بۆ ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە تا ئێمەش بە ئاسوودەیی بژین.»
مەریوان حەكیم جەباری كادیری لقی 19ی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە « ئەو وزە و لێهاتوویی و داهێنانەی لە گەنجاندا بەدی دەكرێت، بێ وێنەن ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێندرێت. بەڵام بەداخەوە گەنجانی كوردستان زۆربەیان دوودڵن لە بەدیهێنانی دواڕۆژێكی گەش، هۆكارەكانیشی زۆرن و لەسەرووی هەموویانەوە، نەبوونی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و نەبوونی ئابوورییەكی پتەو جێگر، نەبوونی پلان بۆ دامەزراندن لەسەر بنەمای كێبڕكێ، بڵاوبوونەوەی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت، ناكۆكیی نێو پارتەكان، بوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، نەبوونی بەرچاوڕوونیی لە دواڕۆژی كوردستان و سەربەخۆیی، نەبوونی یاسایەكی كاری گونجاو كە هێزی كار هەست بكات مافی پارێزراوە، واتە كێشەكان زۆرن، بەڵام ئومێدی زۆرمان بە كابینەی نۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە سەركردەیەكی گەنج و بەتوانا و بەئەزموون سەرۆكایەتیی كابینەكە دەكات، دڵنیاشین كە كابینەی نۆێ بە سەرۆكایەتیی رێزدار مسرور بارزانی هێز و توانای گەنجان وەگەڕ دەخات بۆ بەرەوپێشچوونی كوردستان و هیوادارین هەلی كاریش بدۆزرێتەوە بۆ گەنجان، چونكە تا ئێستا لە بچووكترین حەز و ئارەزووە ئینسانییەكانیان بێبەشن.» گوتیشی:» هیوادارم دەستی هاوكاری لە كەركووك نەبڕدرێت، چونكە كەركووك كوردستانییە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جددی هەیە و ئومێدم هەیە كابینەی نۆیەم ببێتە جێگای ڕەزامەندیی گەنجانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.»
رۆژنامەنووس هۆزان حەیدەری، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «دانیشتووانی ناوچە دابڕاوەكان چاوەڕوانن لەم كاتە پڕ لە ئاڵۆزییە ئەم خاڵانەیان بۆ جێبەجێ بكرێت: یەكەم، بێبەشنەكردنی ئەو گەڕەكە كوردییانە لە خزمەتگوزاری كە لەلایەن ئیدارەی شاری كەركووكە بێبەش كراون. دووەم، وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێم و پێدانی كورسی لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) بە ژمارەیەك لە دەرچووانی زانكۆ، تاوەكو لە زانكۆی كەركووك بتوانرێت دابمەزرێن و رێژەی كورد زیاد بكات. چونكە رۆژ لەدوای رۆژ لە فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك كوردێك لا دەبرێت و عەرەبێك لە جێگەی دادەنرێت.» گوتیشی: «گەورەترین رووخان ئەمساڵ لە خوێندنی كوردی بوو لە كەركووك، چونكە رێژەی دەرچووەكان لە سەدا ١٥ بوو، هەروەها ئەو گەڕەكانەی كە كوردی لێ نیشتەجێن، بە ھەزاران بیانوو تەعریب دەكرێن و رۆژانە ھەوڵی دەركردن و رووخانی خانووەكانی كوردەكان دەدرێت لەلایەن ئەو دەسەڵاتەی كە ئێستا خاوەنی شارەكەن و هەموو غەدرێك لە كورد و هەموو ئاسانكارییەك بۆ عەرەب دەكەن.
Top