پسپۆڕانی بواری پەروەردە هەڵسەنگاندن بۆ خولەكانی هاوینەی قوتابیان دەكەن

پسپۆڕانی بواری پەروەردە هەڵسەنگاندن بۆ خولەكانی هاوینەی قوتابیان دەكەن
ساڵانە لەگەڵ كۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندن و دەستپێكردنی پشووی هاوین چەندین خولی جۆراوجۆر وەك خولەكانی بەهێزكردن و تەواوكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن بۆ قوتابیان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەك دەكرێتەوە، لە خولەكاندا وانەی جۆراوجۆر دەخوێندرێت و ژمارەیەكی زۆریش لە قوتابیان روو لەو ناوەندانە دەكەن، پسپۆڕانی بواری پەروەردە و خوێندنیش بەربڵاویی خولەكانی بەهێزكردن و چاولێكەریی فێرخوازان بۆ بەشداریكردنێكی فراوان لەو خولانەدا، بە هۆكارێك دەزانن بۆ گرنگینەدان بە خوێندنی قوتابخانە و دابەزاندنی ئاستی فێربوون و فێركردن بەشێوەیەكی بەرچاو لە قوتابخانەكاندا، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەتەكە دەكەن.
نیاز محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی و مامۆستای زانكۆیە و بەمجۆرە هەڵسەنگاندن بۆ خولەكانی هاوینەی قوتابیان دەكات: «بنەماكانی دەرونزانی پێمان دەڵێن هەموو قۆناغێكی گەشەكردن بە ئاراستەی پێگەیشتن دەڕوات، واتا ئەگەر بمانەوێت ئەو زانیارییانەی منداڵ لە ماوەی ساڵی خوێندندا وەری دەگرێت، لە مێشكیدا جێگیر بێت، ئەوا پێویستی بە وەستانێك و پشوویەك دەبێت، بۆ ئەوەی زانیارییەكان هاوكاری بكات بۆ قۆناغی پێگەیشتن. یەكێك لە توێژینەوە زانستییەكان ئەوەی سەلماندووە كە كاتێك كار بە مێشك دەكرێت بە شێوازێكی ڕۆتین و دووبارە بووەوە، ئەوا خانەكانی مێشك لەناودەچن و كاریگەرییان كەم دەبێتەوە، واتا پێویستە بۆ چالاكبوونی مێشك لەدوای هەر شەش مانگێك دەرفەتی فێربوون و تاقیكردنەوە و شتی نوێ بۆ مێشكمان بڕەخسێنین.
زۆر هەڵەیە وانەكانی خوێندنگا لە خولەكانی هاوینەدا بخوێندرێت، چونكە دووبارەبوونە و پەرتەوازەیی و بێزاری لای خوێندكار دروست دەكات و تووشی دڵەڕاوكێی دەكات، بۆیە پێویستە ئەو وانانەی لە خولەكانی هاوینەدا دەوترێنەوە، بابەتێكی نوێ بن بۆ منداڵەكە، نەك دووبارەبوونەوە بن، پێویستە خولەكانی هاوینە دەرفەت بێت بۆ چوونە ناو كۆمەڵگە لەلایەن منداڵەوە».
مەحموود عەبدولكەریم باجەڵان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، رایوایە: «لە ئێستادا پەیمانگاكان بە شێوەیەكی بێ كوالیتی و بێ بەرنامە و بە شێوەیەكی بەرچاویش زۆر بوون، زۆربەیان لەخانوو، یان جێگەی نەشیاودان بۆ پەیمانگە و كردنەوەی خول، چ لە بەر بەرتەسكی شوێن و جێگەیان، كە زۆربەیان گۆڕەپانی شیاو، یان باخچە، یان كافیتریایەكی گونجاویان نییە، تا لە نێوبەندی وانەكان، یان لەكاتی چاوەڕوانی فێرخوازاندا تیایدا پشوو بدەن، ناچار دێنە سەر شۆستەو شەقامەكانی بەردەم پەیمانگە، هەر وەك بێ پلانی لە مەنهەج و شێوەی كاردا و هەمەجۆری خولەكان لەیەك پەیمانگادا لەهەمانكاتدا تێكەڵوپێكەڵییەكی بێ چاودێر و بێ سەرپەرشتیكردن سەرلێشێوانی فێرخوازی لێ دێتەدی، لەوەی نازانێت چۆن باشترین پەیمانگە هەڵبژێرێت، كە باشترە پەیمانگاكان پسپۆڕی و خولەكانیان سنووردار بێت. پابەندبوون بە كوالیتی تەنها كەوتووەتە سەر ویژدان و كەسەكان، بەربڵاویی خولەكانی بەهێزكردن و چاولێكەریی فێرخوازان بە بەشداریكردنێكی فراوان هۆكارێكە بۆ گرنگینەدان بە خوێندنی قوتابخانەو دابەزاندنی ئاستی فێربوون و فێركردن بەشێوەیەكی بەرچاو لە خوێندنگەكاندا. بۆیە زۆر گرنگە لیژنەی پسپۆڕ تەرخان بكرێت بۆ بەدواداچوون لە جۆری كار و پسپۆڕییەكان و چاودێریی وردی نرخ و كەوالیتی ئەو پەیمانگە و ناوەندانە بكات كە خولەكانی بەهێزكردن و خولەكانی هاوینە دەكەنەوە.»
دوریا زكری مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و سەربارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەو خولانەی كاتی پشووی هاوینە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و كاری بازرگانین و كەمتر گرنگیی بە كوالیتی دەدەن، لە لایەكی دیكەوە خێزانەكان بەجۆرێك بۆ دوورخستنەوەی منداڵیان لەماڵ و سووككردنی ئەركی خۆیان پەنا بۆ ئەو خولانە دەبەن كە لە كاتی پشووی هاویندا بۆ قوتابیان دەكرێنەوە،» گوتیشی: «ئەم خولانە جگە لە خولەكانی زمان و هونەری بابەتەكانی تری خوێندن لە كاتێك پێویستن كە ئاستی تێگەیشتنی قوتابی زۆر نزمە و پێویستی بە زۆرترین ماندووبوون و دووبارەكردنەوە هەیە. من پێم باشە ئەم سەنتەرانە بخرێنە ژێر چاودێریی پەروەردە و نرخەكان یەك نرخی جێگیر و گونجاو بن تاكو نەبێتە ناوەندێكی ماددی، بەڵكو ناوەندێكی زانستی بن بۆ بەرزكردنی ئاستی زانستیی قوتابیان و هەروەها پێویستە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئاستی توانای مامۆستایان بكرێت.»
تانیا جەمال بەرپرسی پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە هەموو حاڵەتێكدا خولەكان سوودی خۆی هەیە، ئەگەر لە ئامانجە سەرەكییەكەی دەرنەچێ و تەنیا بۆ دەستخستنی بڕێك پارە نەبێت و زانیارییەكانیش دروست بن و منداڵان و قوتابیان سوودی لێ وەربگرن. بەڵام ئەو خولانەی كە بۆ پێدانەوەی بابەتەكانی قوتابخانە رێك دەخرێن، هۆكارەكەی خراپ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندنە لە قوتابخانەكان و دابەشكردنی خراپی كاتەكانە و نەبوونی متمانەی خێزانەكانە بە قوتابخانەكان كە ئەمە زۆر لەسەر سێكتەری پەروەردە دەكەوێت و نەبوونی ئەجندایەكی جددییە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی خاوەن مەعریفە و زانیاری، ئەمەش ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە.» هاوكات دەڵێت: «خولی هاوینە بۆ پەرەپێدانی توانەكان و خولیای قوتابیان و كارامەییەكانی ژیان و گەشەپێدانی مرۆیی بێت، ئەوە كارێكی باشە و سوودی زۆری دەبێت و ئەو كەلێنە پڕ دەكاتەوە كە لە كاتی دەوامی فەرمیی كاتی گونجاو بۆ ئەو بابەتانە دابین نەكراوە، بەڵام كاتێك هەمان مەنهەج و پڕۆگرام دەخوێنن، ئەوە شك و گومانی زیاتر دەخاتە سەر پرۆسەی خوێندن لە وەرزی خوێندندا، لەبەر ئەوە من بە باشی نازانم كە قوتابی لە وەرزی خوێندن و لە وەرزی پشوو هەر خەریكی خوێندن بێت، لەبەر ئەوە باشترین كار ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە چاوێك بە پرۆسەكەدا بخشێنێتەوە و كاتەكانی خوێندن رێكبخات و پشوی هاوین كەم بكاتەوە و پشووی كاتی لە وەرزی خوێندن زیاد بكرێت و زۆر كاری دیكەش هەیە كە پێویستە بكرێت».
Top