جل و بەرگەکانی ئازادی . . . . . نووسینى : زیلان سارمەمى

جل و بەرگەکانی ئازادی      . . . . .            نووسینى : زیلان سارمەمى
۱- ئازادیەکی قات و بۆینباخ لەبەر (ئازادی بۆ کڕین و فرۆشتن)



لەگەڵ زۆرتر ئاڵوودەبوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە ڕواڵەت پەرستی, ئیتر چەمکی ئازادی دەبێتە تابڵۆیەکی ڕازاوە و پڕ لە بریسکەی باڵەخانەیەکی چۆڵ و تاریک، نە واتای تەواوی خۆی ئەبەخشێت نە گرنگیشی دەمێنێت .

بازرگانەکانی ئازادی بە دروشمە بێ ناوەڕۆک و کردارەکانیان تەنانەت مافی پرسیارکردنیش ناهێڵن، لای ئەوان بەهای دراو بڕیاردەری هەموو بوارێکی ژیانە.

ئازادی مافی هەنگاونان و گەیشتن بە ئامانجەکانە، مافی بەدیهێنانی خەونەکانە، بێگومان تاکوو ئامانجەکە بەنرختر بێت بەهای ئازادیەکەشی ئەستەمترە.

ئەوان لە ئازادیتان ئەترسێن، لە هۆشیاری و فێربوونی مانای هیوای گەیشتن بە خەونەکان دەترسن، هۆشیاری و تێگەشیتن لە ناوەڕۆکی دیموکراسی بازرگانیەکانیان لەناو دەبات، بۆیەش هەمیشە لە بەندینخانەیەکی گەڕۆک دەمانبەستنەوە ! گوێیەکانمان ئەگرن و لە بیستنی دەنگی ئازادی دوورمان دەخەنەوە، دەممان دادەخەن و ناهێڵن پرسیار بکەین چونکە وەڵامیان نیە، چاویشمان بۆ بینین کوێرئەکەن، تەنها ئەتوانین بە ئاراستەی ویستی ئەوان بجووڵێین.

ئەوان ڕووبارەکانی ژیانی ئێمەیان پێ زەریایە بۆیەش هەوڵی وشککردنی دەدەن تاکوو تاکێکی خەوتوو دروست بێت و تەنها بە جەستە زیندوو بێت نەک خاوەن ژیان، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ئازادی بۆ خولقاندنی پێشکەوتن و دڵخۆشیە نەک بۆ بانگەشە و پۆز !

هەرچەند بانگەشەچیان بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن و ناوی ئازادی دەهێنن بەڵام خۆیان دیل و کۆیلەی قات و ڕیباتن ! ئەوان ترسی لەدەستدانی جل و بەرگەکانیان هەیە، بەڵام با ئێمە لێیان بدڕێنین تاکوو ئازادی بۆ هەموو نەوەکان و هەڵبژاردەکان و ئایدۆلۆژیاکان بێت .

۲- ئازادی بە جل و بەرگی قازیەوە

کۆمەڵێکی تر هەن کە بڕیار دەدەن و کتێبی یاسایان نییە ! کتێبێکی گەورەتریان هەیە کەنووسینەکانی قەد تەواو نابن و هەر زۆرتر و زۆرتر ئەبن و نووسەرەکانی زۆرتر کەسانی ڕەخنەگری بێ بنەمان، کە هەموو رۆژێک لە خەو هەڵدەستن لە بێسوودی و خۆ تێکەڵکردن لە هەموو تەوەرێکی ژیان لە باسکردن سەبارەت بە بۆنی فاسۆلیای سووتاوی دراوسێ تاکوو دوایین بیردۆزەکانی فیزیای کوانتۆم و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات و هەزاران باسی جیاواز کە هیچ پەیوەندیەکی بە ژیانیانەوە نیە بەشدار دەبن، کتێبی ئەم نووسەرانە سڕکەرە و خوێنەر بێهۆش دەکا و هەموو بنەما جوانەکانی ژیان لەناودەبەن، ناوی ئەم کتێبەی قازییەکانی ئازادیمان کتێبی قسەی خەڵکە .

۳- ئازادی بە جل و بەرگی دکتۆرەوە

ئەم ئازادیە کەسانێک بەڕێوەیدەبەن کە وا هەستدەکەن پسپۆڕی چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەکن، وا هەستدەکەن کە ئەگەر بێن و خۆیان بە ژیانماندا شۆڕ بکەنەوە دەبنە پاڵەوانانی مرۆڤایەتی.

وا نیە ! چونکە خویان نەخۆشن :

وا مەکە ... وابکە،

وا مەڵی ... وا بڵێ،

بۆ سوور ؟ نەخێر مۆر،

بۆ ئاو ؟ ماستاو !

بۆ چا ئەی ۲۰۱۹ـــە نیە ؟ قاوە

بەهەرحاڵ ئازادی هەموو جل و بەرگێکی لەبەرە جگە لە جل و بەرگی سپی ناوەڕۆکی خۆی.

جلی ماموستا لەبەردەکات و فێرمان دەکات،

جلی دکتۆر لەبەردەکات و چارەسەرمان دەکات،

جلی قازی لەبەردەکات تاکوو دواین بڕیاری ژیانمان بدات،

جلی قات و ڕیباتیشی لەبەرە، بەڵام گەر ئەم جلانە بدڕێنی ئەم کەسانە قەسابن و کاریان سەر بڕینی خەونەکان و ئامانجەکانمانە، بەڵام پێویستە هەموو لایەکمان بزانین کەوا ئازادی بۆ دروستکردنی خوشبەختییە نەک بۆ کڕین و فرۆشتن.



١٤ / ٧ / ٢٠١٩ - ئەستەنبۆڵ
Top