بەرزبوونەوەی ژمارەی ئافرەتان لەكابینەی نوێی حكومەتدا بە ئاسۆیەكی ئومێد بەخشی حوكمڕانی لەقەڵەم دەدرێت

بەرزبوونەوەی ژمارەی ئافرەتان لەكابینەی نوێی حكومەتدا بە ئاسۆیەكی ئومێد بەخشی حوكمڕانی لەقەڵەم دەدرێت
لە پاش هەشت كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كابینەی نۆیەمدا بۆ یەكەمجار سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ دەسپێردرێت، چالاكانی مەدەنییش ئەوە بە ئاسۆیەكی ئومێدبەخشی حوكمڕانی لە قەڵەم دەدەن و هێما بۆ ئەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان بەرەو كرانەوەیەكی زیاتر بە رووی بەشداریی ئافرەت لە سیاسەت و حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەڕوات. هەر لەوبارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

سەرەتا د. مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات كە «رۆڵی ئافرەتان لە دەوڵەتداری و لەم قۆناغە هەستیارەدا دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ، لە كاتێكدا ئەمڕۆ كوردستان بەرەو بەرەبەیانێكی نوێ هەنگاو دەنێت و گۆڕانكاریی زۆر گرنگ لە سەرجەم سێكتەرە هەستیارەكاندا روودەدات، بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ ئاسۆیەكی ئومێدبەخشی حوكمڕانی دەست پێدەكات.» هاوكات دەڵێت: «بێگومان بە پێی ئەزموونی كاركردنم وەك چالاكێكی بواری مافەكانی ئافرەتان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، كاركردنم وەك سیاسەتمەدارێكی ئافرەت و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران بەر لەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریی ئافرەتان لەم كابینە نوێیەدا بكەم و راڤە لەسەر ئەو پرسە هەستیارە بكەم، پێمباشە سەرەتا سەرنجێكی بەشداریی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداری لە هەرێمی كوردستان بدەین و بەراوردی بكەین بە عێراق، یان هەر وڵاتێكی تری دراوسێ یان سیستەمەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم سۆنگەیەوە دەكرێت بڵێین: هەرێمی كوردستان بەراورد بە هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبواری بەشداریكردنی ئافرەتان لە سیستەمی بەڕێوەبردن و سیاسەتدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چونكە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بەشداریی كاریان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، هەروەها بەشداریی بەرچاویان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئافرەت و پرۆسەی حزبایەتی و بەشداریی لە پەرلەمان هەیە، تا دەگاتە بەشداریكردن لە دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا كە تا راددەیەكی باش جێ پەنجەیان دیارە و نكۆڵی لێ ناكرێت. بێگومان بەشداریكردنی ئافرەتان لە پرۆسەی دەوڵەتداریدا یەكێكە لە پڕەنسیپە سەرەكییەكانی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك، چونكە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەمڕۆ جەخت لەسەر بەشداریی ئافرەت لە كایە سیاسییە گرنگەكان و پێگە هەستیارەكان دەكەن و پێیانوایە دەركەوتنی ئافرەت لەم پرۆسەیەدا یەكێكە لە هەنگاوەكانی پێشكەوتنی وڵات، ئەگەر لەمبارەیەوە شرۆڤەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین كە دەركەوتن و بەهێزبوونی پێگە و بوونی ئافرەت لە بەشداریی سیاسی بە روونی هەستی پێ دەكرێت. ئەگەر باسی ئافرەتانی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین و راڤە بۆ بەشداریی ئافرەتانی پارتی لە نێو پرۆسەی سیاسی بكەین، رەنگە لێرەو لەوێ هەندێك بۆچوون و پرسیار هەبێت، بەوەی ئایا بۆچی پارتی بەتەنیا یەك وەزیری ئافرەتی هەیە، لە كاتێكدا رێژەی كورسییەكانی دەگاتە 45 كورسی؟ رەنگە ئەم پرسە ئەگەر لە رووی لۆژیكییەوە هەڵسەنگانی بۆ بكەین، وەڵامەكەی زۆر ئاسانە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بووە، تاكە پارتی سیاسیش بووە كە زۆرترین گرنگی بە بەشداری ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسیدا داوە، راستە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسییە و رێژەی كورسییەكانی دوو هیندە و سێ هیندەی لایەنەكانی ترە، بەڵام پارتی هیچ كاتێك پۆست و پلەی بەلاوە گرنگ نەبووە، بگرە هەموو كاتێك پارتی ویستوویەتی یەكڕیزیی نیشتمانی بپارێزێت و لەم پێناوەشدا زۆرترین قوربانی داوە، بۆ نموونە پارتی تەنیا هەشت وەزیری هەیە، لەكاتێكدا لایەنەكانی دیكە نیو هێندەی پارتی كورسیی پەرلەمانیان نییە بەڵام شەش وەزیر، یان پێنج وەزیریان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی لە پێناوی یەكڕیزیی نیشتمانی زۆرترین قوربانی داوە و دەستبەرداری زۆربەی پشكەكانی خۆی بووە، بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك یەكڕیزیی نەتەوەییمان بپارێزێت.»
د.مەیادە نەجاڕ، لە درێژەی بۆچوونەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم حزبی سیاسیی كوردستانە كە ئافرەتی گەیاندووەتە ئاستی سەركردایەتی و تەنیا پارتی سیاسییە كە بە گرنگییەوە لە پرسی ئافرەتی روانیوە و كاری لەسەر كردووە، پارتی بە درێژایی مێژووی بوونی كاری لەسەر پێگەیاندن و بەهێزكردنی ئافرەتانی بەتوانا كردووە، بۆ نموونە بۆ یەكەمجار ئافرەت لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا لە ساڵانی پەنجاكاندا لەنێو پارتیدا گەیشتە ئاستی سەركردایەتی، هەروەها دوای راپەڕینیش یەكەم پارتی سیاسی كە ئافرەتی گەیاندە ئاستی سەركردایەتی، هەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.» گوتیشی: «كاتێك ئێمە باس لە بەشداریی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداری دەكەین، راستەوخۆ تەنیا باس لە پۆستی وەزیر دەكەین، لە كاتێكدا پۆستەكان تەنیا پلەی وەزیر نییە و پێویستە پۆستەكانی وەك راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و شارەزا و پۆستە هەستیارەكانی وەك تۆڕی دیپلۆماسی كە خۆی لە باڵیۆز و نوێنەرایەتییەكاندا بەرجەستە دەكات، لەبەرچاو بگرین، لێرەدا پێویستە ئەوە بزانین كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم بوارەیاندا پێشەنگ بووە، چونكە بەشی هەرە زۆری ئافرەتەكانی نێو پۆستە ناوەندییەكان كە باسم كرد، كادیری بەتوانا و چالاكی پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەپێچەوانەوە حزبەكانی دیكە ئەگەر ئافرەتێكی وەزیریان دەستنیشان كردبێت، ئەوا ئافرەتیان لە نێو ئۆرگانەكانی دیكە فەرامۆش كردووە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێچەوانەوە بەشداریی كارای بە ئافرەتان لەگشت ئۆرگانەكان كردووە، لەوانە پارتی یەكەم پارتی سیاسیی كوردستان و ناوچەكەیە كە ئافرەتی گەیاندە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و لە وڵاتانی دەوروبەریش هەنگاوی وا گەورە نەنراوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە پێشتر ئافرەتانی پارتی بەشدارییان لە تۆڕی دیپلۆماسی و سیستەمی پەیوەندییەكانیش كردووە، بۆ نموونە لە هەرێمی كوردستاندا یەك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەیە كە لە شاری هەولێرە و بەڕێوبەرە گشتییەكەی ئافرەتە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی گرنگی و بایەخی زۆر بە پێگەی ئافرەتان دەدات و ئافرەتانیش لەنێو پارتیدا بە بەرپرسیاریەتییەوە بەشداریی كارا لە پرسە چارەنووسسازەكاندا دەكەن، بۆ نموونە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستاندا ئەوە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون كە بە دەنگی خۆیان بە بێ سیستەمی كۆتا گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، دەكرێت بڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن لە خەبات و قوربانیدان و سەرخستنی پرۆسەی نیشتمانیی كوردستاندا زۆرترین قوربانی داوە، پارتی لە دروستكردنی كوردستانێكی بەهیز و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانیشدا پشكی شێری بەركەوتووە، لە پرۆسەی پێشخستن و گرنگییدان بەتواناكانی ئافرەتانیش پێشەنگ بووە.
حەیات مەجید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمە زۆر گەشبینین بەوەی كە ئەم كابینەیە كابینەیەكی سەركەوتوو بێت و لە ئاستی خواست و داخوازییەكانی جەماوەر بێت، هەموو ئەو نەهامەتییانەی كە لە رابردوودا بەسەرماندا هات، جارێكی دی روونەداتەوە، نەك هەر روونەداتەوە، بەڵكو گەشبینین بەوەی حكومەتی نوێ ساڕێژی ئەو برینانەش بكات كە خەڵكی كوردستان بە جۆرێك لە جۆرەكان بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانەكان بەسەریان هات، خەڵكەكە نیگەران بوون، بەداخەوە ناڕەزاییەكی زۆر هەبوو، پشت بە خوای گەورە هەموو شتەكان بەرەو باشی دەڕۆن و دۆخی كوردستان لە هەموو روویەكەوە باشتر دەبێت، هاوكات دڵخۆشین بەوەی بە پێچەوانەی كابینەی رابردوو كە تەنیا یەك ئافرەتی وەزیرمان هەبوو، لەم كابینەیەدا سێ ئافرەت وەزیرن، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان و جێگری دووەمیان ئافرەتن، بێگومان ئەو گۆڕانكارییانە دەستكەوتێكی گەورەن بۆ ئێمەی ئافرەتان و ناكرێ بە كەم سەیر بكرێن، بەخۆشحاڵییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێك كە بڕوای بە مافی ئافرەت و تواناكانی لە پێگە ئیداری و سیاسی هەیە، لە كابینەی رابردووش تەنیا پارتی سیاسی بوو كە وەزیری ئافرەتی هەبوو، ئەوەش بە بەراوردكردن بە رابردوو خۆشحاڵی كردین، بەڵام لە ئاستی خواست و داخوازییەكانی ئافرەتانی كوردستان نییە، ئێمە تمووحی زیاترمان هەبوو و چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد، رێژەی بەشداریی ئافرەت زیاتر بووایە، لەو سۆنگەیەوە دەكرێت رێكخراوەكانی ئافرەتان داوا لە حزبەكان بكەن ئافرەتی بەتوانا و خاوەن ئەزموونی زیاتر بهێننە پێشەوە، بە هیوای سەركەوتنی زیاتر بۆ ئەو خانمانە و هیوادارین دۆزی ئافرەت بگەیننە شوێن و جێگەی خۆی.»


سنۆبەر سابیر رەشید ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، سەرەتا پیرۆزبایی لە كابینەی نوێ و خانمانی وەزیر بەتایبەتی دەكات، گەشبینیی خۆیشی لەوە دەردەبڕێت كە «كابینەی نۆیەم كابینەی خزمەتگوزاری و گوێگرتن لە داواكاری هاووڵاتیان و داكۆكیی زیاتر لە مافەكانی ئافرەت دەبێت.» هاوكات دەڵێت: «هیوادارم هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە خۆی لە چوارچێوەی ئەرك و مافەكانیدا ببینێتەوە.» گوتیشی: «لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی تازە، گەلەكەمان بە قۆناغێكی گرنگدا تێپەڕ دەبێت و كۆمەڵێك گۆڕانكاری هەستیار لە ناوچەكەدا روودەدەن، هەر بۆیە پێویستە ئەو كابینەیە هۆشیارانە مامەڵ لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكات، دیارە كە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانییە و خاوەنی زۆرترین رێژەی دەنگەكانی خەڵكی كوردستانە، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر حكومەت هەبووە و خۆشبەختانە بە هەوڵی جەنابی كاك مسرور بارزانی بە هامەهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەكان و راوێژكردن بە ئەوان كەسانی شیاو بۆ پۆستەكان دەستنیشان كراون، بەتایبەتی ئەو وەزیرانەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دانراون، زۆربەیان باكگراوندێكی باشیان لە كاری ئیداری و حزبی هەیە، ئومێد دەخوازم كابینەی نۆیەم كابینەیەك بێ بە حەق خزمەتی هاووڵاتیان و كوردستانیان بكات و گەشبینم بەوەی كە كابینەیەكە لە ئاست داواكاریی هاووڵاتیان دەبێت، هاوكات بوونی سێ ئافرەت لەم كابینەیەدا بە ژمارەیەكی هیوابەخش دەزانم، ئەگەرچی ئەو ژمارەیە لە ئاست تمووحی ئێمەی ئافرەتاندا نییە، ئومێد دەكەم لە كابینەكانی داهاتوو رێژەی بەشداریی ئافرەت زیاتر بێت، ئێستاش دەكرێ كە كۆمەڵێك پۆستی دیكەی گرنگ ماون وەك: بریكاری وەزیرەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان رەچاوی ئەوە بكرێت كە پشكی ئافرەتانی بەتوانای تێدا بێت، كورد چونكە شایانی پاڵپشتیكردنن، لە رابردووشدا ئافرەتی كورد مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییان بۆ خۆیان و وڵاتەكەیان تۆمار كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە لە پێدانی پۆست و پلە بە ئافرەت و دروستكردنی كەسایەتیی ئافرەت بۆیە گەشبینم بەوەی كە دۆخی ئافرەت بەرەو باشتر بچێت، هیوادارم ئەو ئافرەتە وەزیرە بەڕێزانەش بە كار و تێكۆشانیان نموونەیەكی جوان لە لێهاتوویی و كارامەیی ئافرەت پێشكەش بكەن، چونكە سەركەوتنی ئەوان لە پۆستەكانیان دەبێتە هاندەر بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی زیاتر بۆ ئۆڕگان و ناوەندەكانی بڕیار، هەروەها هیوادارم خانمانی كوردستان شانبەشانی رێكخراوەكانی ئافرەتان پشتگیری ئەو سێ خاتوونە وەزیرە بكەن كە ئەمڕۆ دەنگ و رەنگی ئافرەتی كوردن لە نێو حكومەتدا.
Top