تووشبووانی شێرپەنجە چیرۆكی بەرەنگاربوونەوەیان بۆ گوڵان دەگێڕنەوە

تووشبووانی شێرپەنجە چیرۆكی بەرەنگاربوونەوەیان بۆ گوڵان دەگێڕنەوە
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەر 100 ههزار كەس 180 كەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن و پێشبینی دەكرێت، ژمارەكە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بێت. رۆژی 4ی مانگی شوباتی هەموو ساڵێكیش وهك رۆژی جیهانیی شێرپەنجە دیاری كراوە و بە دەرفەتێكی گرنگی جیهانی بۆ بەگژداچوونەوەی شێرپەنجە لە جیهان دادهنرێت. لەم رۆژەدا چالاكیی جۆراوجۆر و بەرفراوان ئەنجام دەدرێت بۆ وشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە نەخوشیی شێرپەنجە و مەترسییەكانی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی، هۆكاری سەرەكیی شێرپەنجەش بە شێوازی ژیانی ناتەندروست و قەڵەوی و جووڵەی كەم و كەمخواردنی سەوزە و میوەو كێشانی جگەرە و خواردنەوە كهولییەكان و به هەندێك نەخۆشیی ڤایرۆسییەوە بەستراوەتەوە. خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان رێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییه لە ستاندەردە جیهانییەكان و تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكەش كەمترە، لەم راپۆرتەی گوڵان تووشبووانی ئەم نەخۆشییە باس لە چیرۆكی ژیانیان لەگەڵ شێرپەنجە دەكەن و پسپۆڕێكی بواری تەندروستیش رایوایە كە بەهێزی و تەسلیم نەبوون بە نەخۆشییەكە ئەگەری چاكبوونەوە زیاتر دەكات.


ستیڤان شەمزینی، ناوێكی ئاشنایە چ وەك رۆژنامەنووس و چ وەك نووسەر و شاعیر، بەڵام چەندین ساڵە گیرۆدەی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و بەمجۆرە باسی بەسەرەاتی خۆی دەكات: «هیچ كات بیرم لەوە نەدەكردەوە، لە سییەكانی تەمەنمدا تووشی نەخۆشییەك دەبم، كە سەرلەبەر ژیان و بیركردنەوەم لەگەڵیدا دەگۆڕێت. پێموابوو ئەم ژیانە بە گوڵ و رووداوە خۆشەكانیەوە چاوەڕوانی منە. ئێوارەیەكی باراناویی زستان بوو، دروست ئێوارەی 12-2-2012 هەموو شتەكان گۆڕان، هەرچەندە ئەو هەواڵەی پێم درا كە تووشی ترسناكترین جۆری شێرپەنجە بووم، نەیلەرزاندم، ئێشی هەر ئەوەندە هەبوو وەك ئەوەی دەرزییەك بكەیت بە كێوێكدا. ئەزموونی نەخۆشی شتێكی سەیرە. هەندێك وا دەزانن، نەخۆشی مرۆڤ لاوازتر دەكات، بەپێچەوانەوە نەخۆشی مرۆڤ فێری خۆڕاگری دەكات. بیرم دەكردەوە نەخۆشیی درێژخایەن ژیان تاڵ دەكات، ئێستا دەزانم دەكرێت ژیان بە نەخۆشیی درێژ خایەنیشەوە هەر هەنگوین بێت. ئەوە خۆمانین بڕیار لەسەر شێوەی ژیانمان دەدەین. لای من مردن وەهمێكە مرۆڤ دروستی كردووە و خۆی پێ تۆقاندووە، ئەگەرنا جیاوازیی نێوان مردن و ژیان شتێكی ئەوتۆ نییە، مرۆڤ لە مردندا تەنیا دیوە فیزیكییەكەی ون دەبێت، تەنانەت ئەو خانە زیندووانە هەر دەمێننەوە و شێوەیان دەگۆڕێت، واتا مردن تەنیا گۆڕانكارییەكی فیزیاییە و هیچی تر. باوەڕم بە خودایەك هەیە كە ئێمەش خۆمان بەشێكین لەو خودایە، تۆ دەتوانیت لە رێگەی ئەو خودایەوە كەخۆت بەشێكیت لێی، خۆت زیندوو بهێڵیتەوە. كەواتە ئەو سرووشتە ئیلاهییەی مرۆڤ مومكین نییە بمرێت. پێموانییە شێرپەنجە هێندە مەترسیدار بێت، كێ بیری لە جەنگەكان كردۆتەوە، چەند مەترسیدارترن؟ كێ بیری لە هەژاریی كردۆتەوە چەند مەترسیدارە؟ تۆقین لە شێرپەنجە تۆقینێكی ساختەیە و هیچ كات لە جێگەی خۆیدا نییە، من وەك خۆم نەشتەرگەری و چارەسەری تیشك و كیمیاوییم هەمووی وەرگرتووە و بەردەوامیشم، بەڵام لەسەروو هەموو ئەمانەوە دەرمانێكی گرنگتر هەیە، ئەویش بڕوابوونە بە مانەوە لە رێگەی ئەو ویستەی بۆ ژیان هەتە. ئەوەی من كردوومە لەگەڵ شێرپەنجە، شتێكی سەیرە، خودی شێرپەنجەم تووشی شێرپەنجە كردووە، چونكە ئەو چەند شاڵاو بهێنێت بۆ من، من بە چەكی عیشق و ژیاندۆستی سەر دڵی داخ دەكەم، عیشق دەرمانی راستەقینەی شێرپەنجەیە، عیشق ئەو هێزەیە دوای مردنە فیزیكییەكەش هەر بە زیندوویی دەتهێڵێتەوە. رەنگە خەڵكانێك پێیان سەیر بێت، دوای وەرگرتنی چارەسەری كیماویی بە چەند كاتژمێرێك بە شیكیی خۆم دەگۆڕم و دەچمە رێستۆرانتەكان و وێنەی خۆم دەگرم، یان شیعر دەنووسم و كاردەكەم لە بواری هۆبییەكانی خۆمدا و دەخوێنمەوە و دەنووسم. بەڵام ئەگەر تۆ بڕیارت دابێت، شێرپەنجە بكوژیت، نەك ئەو تۆ بكوژێت، دەبێت ئەوە بكەیت كە من دەیكەم. وە نەبێ كاتێك ئەم دێڕانە دەنووسم، هیچ ئازار و ژانێكم نەبێت، بەڵام هەموو ئەو ژانانە لەناو ئەم نووسینەدا دەمرن، لەگەڵ تایپكردنی هەر وشەیەكدا جۆرێك لە هەڵوەرینی ئازارەكانم هەست پێدەكەم، دەرزییەكی كیمیاوی رەنگە بتوانیت سەدان هەزار گەردیلەی سەرەتانیی لە لەشماندا بكوژێت، بەڵام یەك جار وتنی «خۆشم ئەوێی» بەو كەسەی دڵت هەڵیبژاردووە، هێندەی سەد دەرزی كیمیایی كاریگەریی هەیە. نووسینی شیعرێك لای من لەسەد دەرزی كیمیاویی زیاتر گورز لە خانە سەرەتانییەكان دەوەشێنێت. كەواتە ئێوەش وەك من بكەن. عیشق و موزیك و بیركردنەوەی پۆزەتیڤ وەك ئاگربەردان لە پووش سەرەتان دەسووتێنێت. تۆش تاقی بكەرەوە پێش ئەوەشی سەرەتان ببێتە میوانێكی چارەگران».
گوڵاڵە پشدەری، چالاكی مەدەنی و هەڵسوراوی بواری وشیاركردنەوەی تاكە بەرامبەر شێرپەنجە و خۆیشی یەكێكە لە تووشبووان بەو نەخۆشییە، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی ئەو دوژمنە شاراوەیەی بە چۆكدا هێناوە. هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «هێنانی ناوی ‹شێرپەنجە› بۆ من ئاساییە، لەو 11ساڵەی رابردوودا، ئەوەندە ئەو ناوەم هێناوە، كە پێی راهاتووم، بەڵام هەمیشە لە پشت شێرپەنجە، دوژمنێكی شاراوە دەبینم. لە جیهاندا ساڵانە تەنیا رۆژێك دانراوە بۆ ئەوەی بە چڕی سەرنج بخرێتە سەر نەخۆشیی شێرپەنجە، بەڵام لە ناو جیهانی مندا، ئەوە ١١ ساڵە رۆژانە لەگەڵیدام و بەرەنگاری دەبمەوە. بۆیە هەمیشە ئەو دروشمەم هەبووە و دەیڵێمەوە: شێرپەنجە خۆی دەشارێتەوە و تۆ مەیشارەوە. جێگەی هەڵوێستەیە كە من كەسێكم كە ئەزموونی پیشەییم وەك بەكالۆریۆس لە پەرستیاری و لە بەشی شێرپەنجەیە و لە باشترین نەخۆشخانەی ئەمستردام ساڵانیك كارم كردووە و لەو بارەشەوە و لەسەر مەڵپەڕە كوردییەكان بە كوردی زانیاریم بڵاوكردۆتەوە، كەچی، گرێ لە خودی خۆمدا هەبوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی هەندێك كێشە و ئاستەنگەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا نەدۆزرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا هەستم بە خوران و پەڵەیەكی قاوەیی لەسەر مەمكی چەپم كرد، لای نزیك ناوەڕاستی سینگم. بەڵام پزیشكەكەی خانەوادەم دەیگوت: ئەوە ئێگزێمایە و جارێكی دی دەیگوت: ئەوە هەوكردنی قارچكییە، دواییش دەیگوت: هەر كاریگەری دەروونی، ماندووییم بە هۆی خوێندن و كێشەی خێزانیت. پزیشكەكەم لە مانگی یەكی ٢٠٠٧دا مامۆگرافی(وێنەی مەمكەكان بە تیشك) بۆی كردم و لە ئەنجامەكەیدا گوتی: هیچ نییە و هەموو ئاساییە. بەڵام كێشەی خوراندنی پەڵە قاوەیەكەی سەر مەمكی چەپم بێزاری كردبووم، لە كۆتادا واتە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا (هاوین) چوومەوە لای و گوتم: كێشەكەم هەرماوە و چاك نابێت، گوتی: بە خۆڕایی خۆت تەنگاو كردووە و هیچ نییە لە شەڕی دەروونت نەبێ و بێزاری. گوتم: هەست دەكەم شتێك ناتەواوە لە مندا. پێموایە گرێ لەناو مەمكمدا هەیە و تۆش دەستی لێبدە! بەڵام گوتی: بڕۆ ماوەیەك حەبی خەو بخۆ، با هێور ببیتەوە و هەوڵ بدە ئۆقرە بگری و سەفەرێك بكەیت. گوتم مامۆگرافییەكی ترم بۆ بنووسەوە، من باوەڕ ناكەم ئەنجامەكەی یەكەم مامۆگرافییەكە دروست بووبێت، گوتی: خۆ تۆ پەرستیاری، بەڵام دكتۆر نیت كە هەموو شتێك بزانی، ئاخر مامۆگرافی لە ساڵێكدا دوو جار زیانی هەیە، ئاخر تێچوونی زۆرە و بیمە ساڵی دوو دانە قبووڵ ناكات، گوتم جەستەم زۆرە گرینگترە لە پارەكەی و لەسەر حیسابی خۆم دەیكەم. بە تووڕەیی نامەیەكی دامێ كە بەو نامەیە دەبوو لە نەخۆشخانە نۆبەت وەربگرم بۆ مامۆگرافی. كاتێك كە چوومەوە ماڵێ،بیرم كردەوە، ئەگەر دیسان ئەنجامەكەی پاك بوو، ئەوسا بەرامبەر خانم دكتۆرە بە تەمەنەكەم شەرم دامدەگرێ، نەچووم و نامەكەم فڕێدایە ناو هەموو كاغەزەكانی فڕێدان. بەڵام لە هەمان شەودا لە خەوێكی كابووسیدا دیتم هەندێك كرم لەسەر سینگم دەجووڵێن و دێن بەرەو ڕوخسارم. هەمان شەو كە لەخەو راپەڕیم و ئارەقەم كردبوو، چوومە قاتی خوارێ و بە خێرایی لەناو كاغەزەكاندا نامەكەم هەڵگرتەوە و كاتژمێرە قوڕمیشییەكەم رێكخست كە بەیانی بۆ نەخۆشخانە بڕۆم. مۆعیدەكەم كەوتە ٧ی مانگی ٩ی ٢٠٠٧. زۆر بەداخەوە هەستی من راست بوو، گومانەكانیشم لە جێی خۆی بوو. خۆزگە خانم دكتۆرەكەم راستی گوتبا، بەڵام ئەو خانمە راپۆرتی مامۆگرافی یەكەمی بە هەڵە خوێندبووەوە، ئەگینا دەیتوانی بمنێرێت بۆ لای نەشتەرگەر و ئەوكاتە گرێكەم سەرەتا بوو، چارەسەری ئاسانتر بوو. لە هەمان رۆژیشدا، ئێمە كۆمەڵەی رۆشنبیریی كورد لە شارەكەمان (ئەڵمیرە) كە من سەرۆكی بووم، سیمینارمان بۆ باڵوێزی عێراق ساز كردبوو، هەروەها رۆژی ١٢ی مانگ ژوانی سەردانی پەرلەمانی هۆڵەندام بۆ كۆمەڵەكەمان وەرگرتبوو بە بەشداریی پارتە سیاسییەكان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) كە بە كۆمەڵ سەردانیان بكەین و كۆمەڵێك پەیام و راسپاردە و پرسیارمان پێ بوو، كە لەوێ ئاراستەی ئەندام پەرلەمانێكی ناو پارتی دەستەڵاتی هۆڵەندای بكەین. ٧ی مانگ سەرلە بەیانی مامۆگرافیم كرد و هەر چاوەڕی بووم لابۆرانتەكە بێتەدەرێ و بڵێ وێنەكەی باشە و بڕۆ، كەچی بەداخەوە گوتی: وەرەوە ژوورێ، دەبێ سۆنەر بكەین. هەر كە ئەوەم بیست، زانیم كۆتاییمە، چونكە ئەمن دەمێك بوو كێشەم هەبوو، خانم دكتۆرەكەم باوەڕی پێ نەدەكردم، ئینجا وەرە تۆ خۆت زمانی ئەوان باش بزانی، خۆت لەگەڵیاندا كار بكەیت و زانیاریشت هەبێ، ئینجا باوەڕیشت پێ نەكرێ! ئەدی دەبێ ئەو ژنانەی كە زمان نازانن و زانیارییان هیچ نییە، چی بكەن!؟ بەو حاڵەش، لە ئێوارەی ٧ی مانگدا لە سیمیناری گەورەدا بەورەوە بەخێرهاتنی جەنابی باڵوێزی عێراقیشم پێشكەش كرد و لە ١٢ی مانگیش وێڕای گرووپەكەمان بە كۆمەڵ نزیكەی ٢٠ كەس سەردانی پەرلەمانیشمان كرد. لە سیمیناردا جەنابی باڵوێز رەخنەی لێ گرتم و گوتی: ئای گوڵاڵە چۆن وادەبێ؟ بۆ هەر ئاڵای كوردسانت داناوە، ئەدی ئاڵای هۆڵەندا كوا؟ منیش هەوڵم دەدا باری دەرونیی خۆم ئارام و ئاسایی رابگرم و لەگەڵ میوانەكانیش گفتوگۆ بكەین و زەردەخەنش هەبوو بە كراسێكی سووریشەوە.
كاتێك كە كەوتمە ناو چەرخی پڕۆسەكە و نەشتەرگەری و بڕینەوەی مەمك، چەند هەفتەی پێچوو، ئینجا زانیم كە بە هەموو گیانمدا بڵاو نەبۆتەوە و ئەگەر چارەسەرییەكان بە باشی وەربگرم، دەژیم. بەڵام تاكو زانیم نیوە گیان بووم. بە راستی ترسی هەیە و ئێستا باشتر لە هەموو نەخۆشێك لە هەستەكانیان تێ دەگەم. هەروەها وەك ژنێك كەمئەندام بوون، ئاسان نییە و هەموو هاوسەرێكیش وەك یەك نییە، هەن كە ناخی ژنی خۆیان دەوێ و بۆیان هێندە گرینگ نییە، جەستەی چ گۆڕانكارییەكی بەسەردادێت، بەڵام هەشن كە مخابن هەواو هەوەسی خۆیان لە جەستەدا دەبینن و ژن تەنیا بە ئامرازێك دەبینن بۆ گەیشتن بە لوتكەی چێژ و كپكردنی غەریزەی سێكسییان. دوای وەرگرتنی چارەسەری بە كیمیاوییش، كۆمەڵێك لەدەستدان دێتە گۆڕی و كاریگەری گران دەخاتە سەر جەستە و دەروون. وەك هەڵوەرینی قژ، بێ وزەیی، ماندووبوون، گۆڕانی ەنگی روخسار، قەڵەوبوون/لاوازبوون و....هتد. بۆیە بەو ئەزموونەی كە لە هاوچارەنووسانم بینیومە و بیستوومە و ئەزموونی خودی خۆیشم بەگشتی بۆ ژنان گەلێك ناخۆشە، بێ قژ بن، چونكە قژ مایەی جوانیی ئافرەتە، یانیش بڕینەوەی مەمك، و سینگێكی تەخت زیاتر نموونەیەكی پیاوانەیە و لە جەستەی ژنانەیی كەم دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی نێوان هاوسەران بەگشتی و ئینجا هاوسەر بە بەهانەی جۆراوجۆر بە دوای كەلەنێكدا دەگەڕێت و هەزارویەك خاڵ دەدۆزێتەوە، تاكو لێی دوور بكەوێتەوە، چونكە ئەو لەدەستدانەی پێ قبووڵ نییە و ژنی نەخۆشیش ناچارە زۆرجار ملكەچی بێت. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم لە پەنای ئەوەی كە لە رێگەی بەرەنگابوونەوەی شێرپەنجەدا زۆر نەهامەتیم دیت و ئازار و ترس و دڵەڕاوكێم چێشت، بەڵام خۆشبەختانە دوای تووشبوون بە شێرپەنجە بەهێزتر بووم بەرامبەر بە سەختییەكانی ژیان و چاوم زیاتر كرایەوە بۆ دیتنی جوانییەكانی ژیان و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە كە دەتوانم هەست بە هەستی هاوچارەنووسانم بكەم و ببمە مەرهەمێك بۆ سەر برینەكانی جەستە و ناخییان و هیوا و هێز بە دڵە شكاوەكانیان ببەخشم. كاتێك كە خۆم زانیم شێرپەنجەمە، كەسێكی هاوچارەنووسی كورد نەهات بڵێ، خەم مەخۆ، مەترسێ منیش وابووم و ئێستا رزگارم بووە. كەس نەیوێرا وام پێ بڵێ، زۆر حەزم دەكرد لە باتی دكتۆر و سستەرەكانم، كەسێكی هاوچارەنووس كە خۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی هەبووە، پێم بڵێت: مەترسە. زۆر نەخۆش هەن، نەخۆشییەكەیان دەشارنەوە، من وەك گوڵاڵە پشدەری، وەك توشبوویەك و نووسەری بابەتی تەندروستی و پەرستیار بە ئاشكرا بە دنیام گوت: ئەمن تووشی شێرپەنجەی هار بووم، بەڵام بەرەنگاری دەبمەوە و وەرن با پێكەوە كاری لەسەر بكەین و پێكەوە بەرامبەر ئەم نەخۆشییە بەهێزتر دەبین.
بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕیارم دا، رێكخراوێكی تایبەت بە شێرپەنجە لە كوردستان دابمەزرێنم و كاری بۆ بكەم. لە كۆتادا لە ساڵی ٢٠١١دا بە هاوكاری هاوڕێ ڕێزدارم خاتوو دكتۆرە بەیان گەڵاڵی و كاك دكتۆری برام و چەند كەسی نزیكم سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی لە تووشبووان بە شێرپەنجەمان بە فەرمی دامەزراند و كارا بوو. ئێستاش لە هەولێری پایتەخت لەناو سەنتەری پزیشكیی میدیا لەسەر ٦٠ مەتری رۆژانە بەكاتی نۆڕینگەكان هاوكارم خاتوو پەخشان شاهۆیی وەك بەڕێوەبەری نوێ رێكخراوەكە هەڵدەسووڕێنێت و نەخۆشان وەردەگرێت و منیش لە دەرەوەی كوردستانەوە بە چەندین شێوە و رێگەی گونجاو و بەسوود تا ماوەم لە ژیاندا مابێت، بەشیكی زۆری ژیانم تەرخان كردووە بۆ هاوچارەنووسانم و هاوكارییان دەكەم».
لەلای خۆیەوە د.عەبدولفەتاح هەورامی پرۆفیسۆری یاریدەدەر و بەڕێوەبەری سەنتەری هۆشیاریی تەندروستی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە یەكێك لە چارەسەرە گرنگەكانی ئەو كەسانەی تووشی شێرپەنجە بوونەتەوە، خۆڕاگری و بەهێزی كەسەكەیە، گوتیشی: «لایەنێكی گرنگی تەندروستیی مرۆڤ راستەوخۆ پەیوەندی بە سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤەكەوە هەیە، تەنانەت راستەوخۆش توانای خۆنوێكردنەوە و خۆڕاگریی تەندروستی پەیوەندی بە بارە دەروونییەكەیەوە هەیە. توێژینەوەی زۆر هەن كە ئاماژە بەو راستییانە دەكەن، كە ئەو كەسانەی خۆڕاگر و بەهێزن تا رادەیەكی باش دەتوانن بەرەنگاری نەخۆشی ببنەوە و شێوازی ژیانكردنیان بە رێكی بمێنێتەوە و دوای ئەوەی دووچاری شێرپەنجە دەبن، كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەرییە نەگەتیڤەكانی شێرپەنجەوە، لەبەر ئەوە بابەتی خۆڕاگری و توانای بەرەنگاربوونەوە لە رووی مەعنەوییەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی كەسی نەخۆش دەبێت».
بەپێی ئامارەكانی ساڵی رابردوو ژمارەی حاڵەتە نوێیەكانی شێرپەنجە لە كوردستان و لە ساڵی 2016دا (5085) نەخۆش بووە، رێژەی تووشبوانیش لە ئافرەتاندا زۆرترە لە پیاوان و بە رێژەی (104) تووشبوی شێرپەنجەیە لە هەر (100) هەزار ئافرەت لە هەرێم، لە كاتێكدا لە پیاوان رێژەكە (91.5) بووە لە هەر (100) هەزار پیاو لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016.
ئەوەی جێی دڵخوشییە ئەوەیە كە توێژینەوەكان دەریانخستووە كە 30% بۆ 50%ی شێرپەنجە دەكرێت بە رێكارە خۆپارێزییەكان و پەیڕەوكردنی شێوازی ژیانی تەندروست پێشی لێ بگیرێت.
Top