دایك وباوكان لەبوونی توندوتیژی لەناوەندەكانی خوێندن هۆشداری دەدەن

دایك وباوكان لەبوونی توندوتیژی لەناوەندەكانی خوێندن هۆشداری دەدەن
ئەگەرچی ماوەی چەند ساڵێكە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لێدان و بەكارهێنانی توندوتیژی لەناو قوتابخانەكان قەدەغەكراوە، كەچی بەشێك لە دایك و باوكان و پسپۆڕانی بواری پەروەردەیی ئاماژە بە بوونی توندوتیژی دەروونی و زارەكی و تەنانەت لێدان و ئازاری جەستەیی لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەن، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە لە هەندێك قوتابخانەدا تا ئێستاش لێدانی قوتابی لەلایەن مامۆستاوە بوونی هەیە و خوازیارن كاری بەپەلە بۆ نەهێشتنی ئەو حاڵەتانە بكرێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

«سەرەڕای ئەوەی قوتابخانە دامەزراوەیەكی پەروەردەییە، پێش ئەوەی مەڵبەندی فێركردن بێت، بەڵام تا ئەمڕۆش لە زۆربەی قوتابخانەكاندا، توندوتیژی و مامەڵەكردنی نادروست و رەفتاری ناپەسەند، دژی منداڵان كاڵ نەبوونەتەوە، بەداخەوە زۆرن ئەو مامۆستایانەی خۆیان تووشی فشاری دەروونی و گرفتی جیاوازی ژیان بوونەتەوە، كەچی داخی خۆیان بە قوتابییەكان هەڵدەرێژن و و بە شێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ قوتابییەكانیان دەكەن، لێیان دەدەن.» ئەوە قسەی سەیوان عادل بوو. وەك خۆی باسی كرد سێ منداڵی قوتابین لە قۆناغی بنەڕەتی و تا ئێستا چەند جارێك لە قوتابخانەدا مامۆستاكان زۆر بە توندی لەگەڵ منداڵانی مامەڵەیان كردووە. هاوكات دەڵێت: «چەند جارێك منداڵەكانم بۆیان گێڕاومەتەوە كە لەلایەن مامۆستاكانیان قسەی ناشیرین و نەشیاویان پێ وتراوە، تەنانەت ئازاریان داون و تفیان لێ دەكەن، گوێ و قژیان رادەكێشن. چەندین قوتابی بە هۆی مامۆستایانی دڵڕەق و توندوتیژ و ناشارەزا لە بواری پەروەردەدا، لە خوێندن بێزار بوون و وازیان لە قوتابخانە هێناوە.» گوتیشی: «ئەم هەڵسوكەوتە ناشیرینانە هەموو مامۆستایان ناگرنەوە، مامۆستای شارەزا و لێهاتووی بواری پەروەردەی دروستی منداڵانمان زۆرن، كە شایەنی رێز و شانازین و دەبێت تەقدیر بكرێن و سوپاس و پێزانینیشمان بۆ ماندووبوونیان هەبێت.»
لوقمان محەمەد مامۆستایە لە قوتابخانەی ماكۆكی بنەڕەتی تێكەڵاو و سەبارت بە هەمان پرس رایوایە: «لە هەموو كۆمەڵگەیەك توندوتیژیی دەروونی هەیە، بەڵام رێژەكە لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازە، لە ناوەندەكانی خوێندن و قوتابخانەكانی كوردستانیش تاكو ئێستا نەتواندراوە دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابی بنبڕ بكرێت، دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆكار، وەك ژینگەی دەوروبەری قوتابی هەر لە خێزان و گەڕەك و تا دەگاتە قوتابخانە و مامۆستا و سیستەمی خوێندن، بۆ نموونە لەبەر ئەوەی زۆرێك لە قوتابیان لە ماڵەوە ئامۆژگاری و چاودێری ناكرێن، یان بێبەشن لە سۆزی دایك و باوك، ئینجا بەهۆی تێكچوونی شیرازەی خێزان بێت، یان كاریگەریی تەكنۆلۆژیا وەك بەكارهێنانی ئامێرەكانی سمارت فۆن و سەیركردنی فیلمی ترسناك، یان قەیرانی دارایی كە هۆكارێكن بۆ ئەوەی منداڵ تاكێكی هەراسانی لێ دەربچێت، ئەوانە كاریگەریی نێگەتیڤی لە سەر خۆی منداڵەكە و دەوروبەری هەیە، ئینجا ئەم كاریگەرییە لە ماڵەوە، یان كۆڵان، یان لە قوتابخانە رەنگدەداتەوە، وەك توندوتیژیی نێوان قوتابی و قوتابی، یان لە نێوان قوتابی و مامۆستا، هەندێك جاریش مامۆستا دەبێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی لە گەڵ قوتابی لەناو پۆڵ، یان قوتابخانە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەندێك جار هەڵە تێگەیشتنێك لەنێوان قوتابی و مامۆستا بوونی دەبێت، یان بەهۆی بوونی سترێسێكی زۆر لەسەر مامۆستا بەهۆی قەیرانەكانی دارایی و كۆمەڵایەتی و هەروەها نەبوونی یاسا و رێسای گونجاو بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە روودانی توندوتیژی لە نێو نێوەندەكانی خوێندن و قوتابخانەكان هەموو ئەوانە كاریگەرییان لەسەر ئەنجامدانی توندوتیژی هەیە». ئەو مامۆستایە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە «هەندێك جار قوتابی، یان دایك و باوكی بەهەڵە لە بابەتی لێپرسینەوە، یان بوونی تێبینی لەسەر قوتابی یان سەرزەنشت كردنی تێدەگات و ئەوە بە توندوتیژی و جۆرێك سووكایەتیپێكردن دەزانێت، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنیان، بەڵام پێویستە مامۆستایان و پەروەردەكاران زیاتر رابهێندرێن لەسەر چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ قوتابیانی هەراسانكەر و دەروون هەڵچوو، بۆ ئەوەی بەدوای هۆكارەكاندا بگەڕێن و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە و لە هەر كارێكی توندوتیژ و هەراسانكەر رێگری بكەن.»
هودا سابیر زەنگەنە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە یەكسانیی جێندەری و سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە دوای بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە بارەی قەدەغەكردنی لێدان لەناو قوتابخانەكان، جۆری توندوتیژییەكان جۆری دیكەی وەرگرتووە، واتە ئەوەی ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەكان پەیڕەو دەكرێت، توندوتیژیی دەروونییە كە زۆر مەترسیدارترە لە توندوتیژیی جەستەیی، توندوتیژی دەروونی، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كەسایەتی و رەفتار و ئاستی خوێندنی قوتابی دەبێت، بەجۆرێك كە هەندێجار كارەساتی زۆر گەورەی لەناو قوتابخانەكانی كچان و كوڕان لێكەوتۆتەوە.» گوتیشی: «لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی توندی داناوە بۆ هەر كەسێك توندوتیژی لەبەرامبەر قوتابیان بەكاربهێنێت، بەڵام بە بەڵگەوە لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكاندا هێشتا لێدان هەر ماوە، توندوتیژییە دەروونییەكەش زۆر زیاتر بووە. بەهۆی ئەوەی توندوتیژیی دەروونی مەعنەوییە و زۆرجار بە جەستە ناكرێ، بۆیە بەردەوام لە زیادبوونە، هەڵبەتە كاردانەوەی توندوتیژییەكان لەسەر قوتابیی كوڕ و كچ جیاوازە، بەڵام هەردووكیان بە یەكسانی دەرەنجامی خراپ لەسەر ئاستی خوێندن و كەسایەتی و رەفتاریان دروست دەكات.»
سەمیر هەمزە، رۆژنامەنووس و مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران هاووڵاتییەی كە نیگەرانن لە بوونی توندوتیژی لە ناوەندەكان خوێندن و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بەداخەوە ئەوەی دایك و باوكی قوتابیان باسی دەكەن، لە بەشیك لە قوتابخانەكان بوونی هەیە. بەتایبەتی ئازاری دەروونی جێگای ئازاری جەستەیی گرتۆتەوە و بەشێك لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان، جارجارە پەنا بۆ لێدانی راستەوخۆش دەبەن، كە ئەمە دوورە لە هەموو ئاكاریكی پەروەردەیی و ناكرێ مامۆستا و كادیرانی پەروەردە بەهیچ جۆرێك پەنا بۆ ئازاری جەستەیی و دەروونیی قوتابیان ببەن؛ چونكە ئەو دیاردە ناشارستانی و ناپەروەردەییە و لەگەڵ سیمای ناوەندەكانی پەروەردە یەك ناگریتەوە.» گوتیشی: «نەبوون، یان كەمبوونی توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتی لە بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندن وایكردووە حاڵەتەكانی توندوتیژیی لە قوتابخانەكان روو بدات. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە لەسەر مامۆستایان پەنا بۆ ئازاری جەستەیی و دەروونیی قوتابیان نەبەن و رێكاری تایبەتی و سەردەمییانە و پەروەردەیی بگرنەبەر بۆ ئەو قوتابیانەی وەكو لادەر لە رێنماییەكان دەستنیشان دەكرین.
توێژەری كۆمەڵایەتی عیماد ئەحمەد، ئەویش رایوایە «هەندێك لە مامۆستایان بە شێوەیەكی نەشیاو و توندوتیژ لەگەڵ قوتابیان هەڵسوكەوت دەكەن، بەمەش زۆر جار كارەساتی نەخوازراو روو دەدات». هاوكات دەڵێت: «زۆرجار توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی و بگرە توندوتیژیی سێكسیش ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بە قوتابی لە قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەییەكان، ئەمەش وا دەكات بیر لە وازهێنان لە خوێندن بكەنەوە، یان زۆر جار ناتوانن باسی كێشەكانیان بكەن لە لای خێزانەكانیان و رێگەچارەیەكی گونجاو نادۆزنەوە، بۆیە زۆر حاڵەت هەبووە، پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە، چەندین حاڵەت هەبووە خوێندكار لە وانەكان دەرنەچووە، پەنای بۆ كۆتاییهێنان بە ژیانی بردووە. ئەوانەی دەربازیان بووە لەو هەوڵە و لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون، پرسیاریان لێ دەكەین، زۆریان گلەیی لە مامۆستا و كەسوكاریان دەكەن و دەڵێن لە ترسی ئەوان ئەو كارەیان كردووە، بۆیە بۆ ئەوەی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی لە ناوەندەكانی خوێندن بەردەوام نەبێت، پێویستە وەزارەتی پەروەردە خولی تایبەت بۆ ماموستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكان بكاتەوە و راهێنایان پێ بكرێت، بۆ ئەوەی بە شێوازێكی شیاو و شایستە هەڵسوكەوت لەگەڵ قوتابی بكەن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.»
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە جەختی لەوەش كردەوە كە «ئەو كەسانەی كە لە ناوەندەكانی خوێندن وەك توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی دامەزراون، ئەگەر كەمتەرخەمی نەكەن، دەتوانن كاتێك كێشەیەك رووبەڕووی قوتابی دەبێتەوە، چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بۆیە پێویستە زیاتر گرنكی بە توێژەرەكان بدرێت و خولی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە و ئەوانیش كاری جددیتر بكەن.»
محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «وێڕای ئەوەی لێدان لە قوتابخانەكان قەدەغە كراوە، بەڵام وەكو تێبینی كراوە، لە هەندێ قوتابخانە لێدان بوونی هەیە، لە رابردوودا بە دار لە قوتابی دەدرا و فەلاقە دەكرا، بەڵام ئێستا شێوازی لێدانەكە گۆڕاوە بۆ لێدان بە دەست و راكێشانی گوێی قوتابی لەلایەن مامۆستاكانیان، جگە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی ناشیرین دژی قوتابیان، بەداخەوە لێرەو لەوێ دەبیندرێ، ئەگەرچی حاڵەتە و نەبۆتە دیاردە، بەڵام پێویستە وەزارەتی پەروەردە وردتر مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتە بكات.» گوتیشی: «ئێمە وەكو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە پێناو پەروەردەكردنی نەوەیەكی تەندروست بۆ دواڕۆژ، بە پێویستی دەزانین هەرچی زووە بەرپرسانی بواری پەروەردە چارەسەری ئەو حاڵەتە نەخوازراوە بكەن، هاوكات پێویستە مامۆستایان بە شێوازێكی وا مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بكەن، كە هەم بابەتی دادپەروەری لەمامەڵكردن و هەم دووركەوتنەوە لە توندوتیژی بە هەموو شێوازەكانیەوە رەچاو بكەن، جگە لە پەنابردن بۆ هەندێ رێكاری تایبەت كە پەیوەستە بە كۆنتڕۆڵكردن و پەروەردەكردن، كە لە رووی پەروەردەی زانستییەوە رێگەپێدراوە و ئاساییە، بۆیە ناكرێ بە هیچ شێوەیەك پەنا بۆ لێدان و توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی ببردرێت، چونكە كاریگەری نەرێنی لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی لەسەر قوتابی دروست دەكات.»
لە كۆتایی ئەم راپۆرتەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە رێكخراوی یوینسێف بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رووپێویەكی مەیدانییان ئەنجامداوە و لە رووپێوەكەدا 20 هەزارو520 خێزان تێیدا بەشدارییان كردووە، رێكخراوی یوینسێف رایدەگەیەنێت 80%ی منداڵانی عێراق لە قوتابخانە، یان لە ماڵەوە رووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە و هێشتاش كاریگەری شەڕی داعش بە سەر منداڵانی عێراق و بەتایبەت ناوچەكانی شەڕەوە ماوە، هەروەها ئاشكرای دەكات، كە ژینگەی پەروەردە لەو وڵاتەدا و بەتایبەت لە قوتابخانەكان باش نییە و یەك لەسەر چواری قوتابخانەكانی عێراق زیاتر لە دەوامێكیان تێدا دەكرێت.
Top