رۆڵی رێکخراوە مەدەنییەکان NGO لە بەھێزکردن و تواناسازیی ئافرەت . . . . ئیراد منوچر سان ئەحمەد

رۆڵی رێکخراوە مەدەنییەکان  NGO لە بەھێزکردن و تواناسازیی ئافرەت . . . .       ئیراد منوچر سان ئەحمەد
بەشی سێیەم
پڕۆگرامی جێندەر و گەشەپێدان -(Gender and Development (GAD- ژیانی ئافرەت و کارکردن لە ماڵ بەھەند وەردەگرێت. سەرەڕای ئەوەی کە جەخت لەسەر پڕۆگرام و نەھجی لە خوارەوە بۆ سەروە دەکاتەوە، دەقی ئەم نەھجە لەم روانگەیەوە بریتییە لەوەی کە ئافرەتان خۆیان ئەندازیاری خۆیانن بۆ گەشەپێدانیان.
دیارە پڕۆژەکانی پڕۆگرامی جێندەر و گەشەپێدانGender and Development (GAD ھانی ئافرەتان دەدات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری پۆزەتیڤیان لە رێگەی رێکخراوەکانی ئافرەتان و چالاکانی ئەو بوارەوە ھەبێت. ھەروەھا بنەمای پڕۆژەکانی جێندەر و گەشەپێدانیش(Gender and Development (GAD گرنگی دەدات بە کارکردن بۆ توانامەندسازیی ئافرەتان، ئەویش بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری لەو ھەیکەل و بونیادنانەی کە پشکیان لە پاشکۆکردنیان ھەیە.
لەبەر ئەوە رێگەی گەشەپێدان و توانامەندسازیی ئافرەتان لە دیالۆگەکانی جێندەر و گەشەپێدان گەشەی کرد، بۆیە لە ھەزارەی نوێشدا تەوەری سەرەکیی پڕۆگرامی گەشپێدانن.
رێگەکانی گەشەپێدان کاردەکات بۆ دۆزینەوەی ھۆکارە کاریگەرەکان بۆ پشتگیریی ئافرەتان و توانامەندکردنیان ھەتا ئامادە بکرێن، بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە لەناو خۆیاندا روودەدات، نەک لە دەرەوە.
چەمکی تواناسازیی ژن بۆ ماوەی چەند ساڵێکە مشتومڕ و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بە روونی و بە ئاشکرا مانای سەرەکیی ئەو چەمکە بخرێتەڕوو.
زیمارمان و رابورت لە ساڵی(١٩٨٨) بەمجۆرە تونامەندسازی ناساندوە: توانای تاکەکانە بۆ دەستکەوتنی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و سایکۆلۆژی لەم رێگەیانە:
١-دەستکەوتنی زانیاری و زانین و کارامەیی و لێھاتووییەکان.
٢- بڕیاردان.
٣- خودلێھاتوویی تاک، بەشداریکردنی کۆمەڵ و دەرکردن بە کۆنتڕۆڵکردن.
لەگەڵ ئەوەشدا بەتایبەتی لێکۆلێنەوەکانی تایبەت بە ئافرەتان لە ساڵی (٢٠٠٣) پێناسەی توانامەندسازی و بەھێزکردنی ئافرەتانی بەوە کردووە کە پرۆسەیەکە لە رێگەیەوە کار دەکرێت، بۆ بەرفراوانکردنی ئەوەی مومکینە بۆ ئافرەتان بکرێت و کاراکردنی لەو دۆزانەی کە ئافرەتانی تێدا بەراورد بە پیاوان سنووردار کراوە.
لە ھەمان کاتدا ڤیجیانز، لە ساڵی (٢٠٠٢) ئەوەی خستۆتەڕوو کە توانامەندسازی دەبێت ئازادی لە بڕیاردان و یەکسانی ببەخشێتە ئافرەتان، بۆ دەستەکەوتنی سەرچاوەکان لەناو خێزان و کۆمەڵ، ھەروەھا ئازادی لە پێدانی ھەل و دەسەڵاتەکاندا.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆ زانینی گونجاوترین مۆدێلی تواناسازیی ئافرەتان کە جەختی لەسەر مۆدێلەکانی رۆناڵد (١٩٩٧) و شوڵز (١٩٩٣) کردۆتەوە. مۆدێلی رۆناڵد لە لێکۆڵینەوەکەیدا سێ ئاستی ناساندووە بۆ تواناسازی کە ئەوانیش بریتین لە:
بەھێزکردن و توانامەندسازیی کەسێتی، پەیوەندییە توندوتۆڵەکان، بەھێزکردن و توانامەندسازیی کۆمەڵ.
١- بەھێزکردنی کەسێـتی ئاماژە دەکات کە بە گەشەپێدانی ھەستکردن بە بڕوا بەخۆبوون، توانای پووچەڵکردنەوەی ئەو کاریگەرییە دەروونییانەی کە بەھۆی فشاری نادادپەروەرییەوە پەیدا دەبن، پتر دەبێت.
٢- پەیوەندیی توندوتۆڵ ئاماژە بە توانای تاک دەکات بۆ دانوستان و کاریگەری لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسێکی دیکە و بتوانێت لەگەڵیاندا بڕیار بدات.
٣-توانامەندسازیی کۆمەڵ، ئەو تاکانە دەگرێـتەوە کە پێکەوە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە کاریگەرییەکی گەورە و زیاتر لەوەی کە ئەگەری ھەیە بە تاک بە دەستی بھێنن.
کۆ پرۆسەکە و مۆدێلەکە تا رادەیەک گەشەپێدانی کەسێتی و گواستنەوەیە لە بیرۆکەوە بۆ کردار.
مۆدێلی شوڵز (١٩٩٣) ئاماژەی بەوە کردووە کە توانامەندسازی ئاستەکانی جیاوازە لە شیکردنەوە و پراکتیککردندا وەک تاک و رێکخراوە و کۆمەڵ.
ھاوکات بەھێزکردنی تاک لە رووی دەروونی ئاماژەیە، بۆ توانای تاک بۆ بڕیاردان و توانای کونتڕۆڵی ژیانی کەسیی خۆی ھەبێـت. ئەمەش ھاوشێوەی بیرۆکەکانی دیکەیە وەک خودئامادەیی و رێزگرتن لە خود، کە جەخت لەسەر گەشەپێدانی پۆزەتیڤانەی چەمکی خود و توانای کەسێتی دەکاتەوە.
توانامەندسازیی کۆمەڵایەتی، مۆدێلی شوڵز (١٩٩٣)ی بەوە ناساندووە کە بەھێزکردنی رێکخراوەکان لە رێگەی بەڕێوەبردنی دیموکراتییانەوە دەگرێتەوە، کەتیایدا ئەندامەکانی بەشداری بکەن بە زانیاری و تواناکان، سوودوەرگرتن لە بڕیاردانی ھاوبەش و بەشداری بکەن لە دیزاین و جێبەجێکردن و کونتڕۆڵی ھەوڵەکان بە ئاراستەی ئامانجێکی دیاریکراو.
دەرەنجام کۆی پرۆسەی مۆدێلی شوڵز (١٩٩٣) واتە توانامەندسازی و بەھێزکردنی تاکەکان وەک بەشێکە لە پرۆسەی رێکخراوەیی.
توانامەندسازیی کۆمەڵایەتی بەھێزکردنی کومەڵگەیە کە تێیدا تاکەکان و رێکخراوەکان لێھاتوویی سەرچاوەکانیان لە ھەوڵێکی بەکۆمەڵ پیادە بکەن، ئەویش بۆ گەیشتن بە پێداویستییە تایبەتییەکانیان. لە رێگەی بەشداریکردن، تاکەکان و رێکخراوەکان لە ناو کۆمەڵگەی ناوخۆیی بەھێز دەبن، کە دەبێتە ھۆی دابینکردنی پشتیوانی بۆ یەکتری و دیاریکردنی قەیرانەکان لە ناو کۆمەڵەکەدا و دەستکەوتنی کونتڕۆڵ لەسەر کوالێتیی ژیان لەناو کۆمەڵەکەیاندا.
شایانی باسە ئەم لێکۆڵینەوەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر دوو ئاستی بەھێزکردن، کە ئەوانیش، بەھێزکردنی تاک و بەھێزکردنی کۆمەڵە، روانگەی مۆدێلی رۆناڵد (١٩٩٧) بەھێزکردنی تاکەو لەم لێکۆڵینەوەیەدا جەخت لەسەر بەھێزکردن و بڕوابەخۆبوونی تاک بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان و پیادەکردنی مافەکانیان بۆ باشترکردنی کوالیتی بۆ خۆیان و بۆ خێزانەکانیان دەکاتەوە. بەمانایەکی دیکە بەھێزکردنی سایکۆلۆژیی تاک ئاماژەیە بۆ توانای ئەو تاکە بۆ بڕیاردان ھەتا بتوانێت کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆی بکات.
Top