رۆڵی رێكخراوە مەدهنییەكان NGO لە بەهێزكردن و تواناسازیی ئافرەت

رۆڵی رێكخراوە مەدهنییەكان NGO لە بەهێزكردن و تواناسازیی ئافرەت
ئیراد منوچر سان ئەحمەد


بەشی دووەم

لەسەر ئاستی حكوومی، كەرتی گشتی و تایبەتی و داتاكان ئەوە دەخەنەڕوو كە ئافرەتان كەمترین بەشداریی سیاسییان هەیە. ئاشكرایە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش پیاو دەستی گرتووە بەسەر هەیكەلی دەسەڵاتدا و زاڵبوونی تەواوی پێوە دیارە، ئافرەتان لە نزمترین ئاستی بڕیارداندان، هەرچەندە هەندێك چاكسازی كراوە بەهۆی دانانی سیستەمی كۆتا، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان لە دامەزراوە سیاسییەكانی وڵاتدا لە ئاستێكی لاواز و خراپدان.
لەم روانگەیەوە كەمیی رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پێگەكانی بڕیارداندا، بووەتە تەوەری سەرەكیی زۆرێك لە رێكخراوە ناحكوومییەكانNGOs.
رێكخراوەكانی NGOs لە هەرێمی كوردستان دەكرێت پۆلین بكرێت بۆ دوو گرووپ، گرووپی یەكەم بە نوێ و مۆدێرن ناو دەبردرێن واتە بەNGOs گەشەپێدان، گرووپی دووەمیش NGOs بۆ هاوكاری و خێرخوازی (CBOs).
زۆربەی رێكخراوەكانی NGOs تایبەت بە ئافرەتان لە گرووپی NGOs نوێ و گەشەپێدەر دادەنرێن.
لەبەر ئەوەی چەندان نموونەی بەرجەستە هەیە لەسەر ئەوەی NGOs لە هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتووانە چارەسەری دۆزە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە و بۆ گرتنەبەری بەدواداچوونە یاساییەكان هەوڵیانداوە، هاوكات بەشدارییان كردووە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی و ئەنجامدانی چالاكییە رۆشنبیرییەكان و چارەسەركردنی دۆزە هەستیارەكانی كۆمەڵگە بە بەشداریی بەرفراوانی ئەندامانی خۆیان.
لێرەدا پرسیارەی ئەوە دەكرێت، ئایا كاریگەرترین ستراتیژی و پڕۆگرامەكانی رێكخراوە مەدەنییەكان بۆ بەهێزكردن و توانامەندسازیی ئافرەتان چییە؟
رێكخراوە مەدەنییەكان NGO پشتبەستوون بە سێ ستراتیژی و پڕۆگرام كە ئەوانیش: نەهجی لەسەرەوە بۆ خوارەوە، هاوبەشیكردن، لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە.
ئەم لێكۆڵینەوە بە دوای ئەو ستراتیژی و نەهجەدا دەگەڕێت، كە لەلایەن رێكخراوە مەدەنییەكان NGO بۆ بەهێزكردن و توانامەندسازیی ئافرەتان بەكار هاتووە.
بنەمای نەهجی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، سەرەكیترین چالاكی بۆ پڕۆگرامی گەشەپێدانی كۆمەڵ لەلایەن حكومەت، یان دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت. جەخت لەسەر پراكتیككردنی پلانسازیی ناوەندی دەكاتەوە. گەشەپێدانی بەرنامەی كاری دەزگاكان بۆ ئەوەیە كە بزانن چۆن دەستكەوتیان هەبێـت. كۆمەڵ لەمجۆرە نەهجەدا كۆنتڕۆڵی ئەوەیان نییە كە چییان بەسەردا دێت.
لە نەهج، یان ستراتیژیی هاوبەشیكردن، رێكخراوەكانی گەشەپێدان دەگەڕێن بە دوای تێگەیشتن بۆ كێشە ناوخۆیی و رەوشەكان. بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كومەڵەكە بڕیار و پلانەكان پێكەوە دادەنێن. هەر دوو كۆمەڵ و دەزگاكە بەشداری دەكەن بەو سەرچاوانەی كە بۆ چالاكیی گەشەپێدان پێویستن.
ستراتیژی لە خوارەوە بۆ سەروە گرنگی دەدات بە بەشداریكردنی كۆمەڵ و بزووتنەوە جەماوەرییەكان و بڕیاردانە ناوخۆییەكان.
نەهجی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، وەك ئاماژەپێدەری(indicator) لە بواری بنیادنانی وشیارییە، كۆمەڵەكە خۆیان وشیارن لە گرفتەكان و لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێـتی بۆ سوودی كۆمەڵەكە و كۆمەڵگەی ناوخۆیی بەشداری دەكەن. هەروەك (فۆوجۆن) لە ساڵی2001 باسی كردووە، سەركەوتنی ئافرەتان بۆ یەكسانی و توانامەندسازییان زۆر پشت دەبەستێت بە ئاستی وشیارییان لە مەودای ئەو جیاكارییەی كە پێوەی دەناڵێنن وەك گرووپێك. سەبارەت بەو بابەتە ئەم لێكۆڵینەوە هەوڵدەدات لە ئەگەری بوونی بەڵگە جیاوازە گرنگەكان لە نێوان ستراتیژییەكان و رێگە بەكارهاتووەكان لەلایەن NGO s و توانامەندسازیی ئافرەتان.
زۆرێك لە سەرچاوە چاپەمەنییە دۆكیۆمێنت كراوەكان، ئاماژە دەكەن بۆ توانامەندسازیی ئافرەتان كە بنەماكەی پرۆسەی لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، زیاتر لەوەی دابنرێت لە ستراتیژی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، هەروەها بابەت و بڵاوكراوەی زۆر لەسەر رۆڵی NGOs لە بەهێزكردن و تواناسازیی ئافرەتان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كەمترین مشتومڕ هەیە كە پەیوەست بێت بە نەهج و ستراتیژییەكانی NGOs (لە سەرەوە بۆ خوارەوە)، هاوبەشیكردن و لە خوارەوە بۆ سەرەوە) و تواناسازیی ئافرەتان.
هەرچەندە زۆرێك لە تیۆرییەكان و دۆكیۆمێنتەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە رێگەی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەبێتە هۆی توانامەندسازیی ئافرەتان، بەڵام پرسیار دەكرێت: ئایا ئەمە گونجاوە بۆ هەرێمی كوردستان؟ ئەم لێكۆڵینەوەیە ئامانجی ئەوەیە كە بزانیت چ نەهجێك زۆرترین كاریگەری لەسەر بەهێزكردن و توانامەندسازیی ئافرەتان هەیە، بە مانایەكی دیكە ئایا چ نەهج و ستراتیژییەتێكی NGO زۆرترین كاریگەری لەسەر ئافرەتان هەیە؟
ئەم لێكۆڵینەوەیە بۆ زانینی ئاستی بەهێزبوون و توانامەندسازیی ئافرەتان و دیاریكردنی نەهج و ستراتیژییەكانی NGOs كە زۆرترین كاریگەری هەیە لەسەر بەهێزكردن و توانامەندسازییان هەیە و گونجاوە.
بنەمای تیۆری
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ناتوانرێت رۆڵی ئافرەتان لە لێكۆڵینەوەكانی گەشەپێدان فەرامۆش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەكی زۆر تیۆر هەن، كە جەخت لەسەر بەرفراوانكردنی رۆڵی ئافرەت لە ناو كۆمەڵگەدا دەكەنەوە. گرنگترینیان لەو تیۆرانە:
1- رۆڵی ئافرەتان لە گەشەپێدانداWomen in Development- - (WID)
2-ئافرەت و گەشەپیدان - -Women and Development (WAD)
3-جێندەر و گەشەپێدان--Gender and Development (GAD)
لەم لێكۆڵینەوەیەدا گرنگی بە ستراتیژی جێندەر و گەشەپێدان (GAD) دەدرێت، چونكە ئەم نەهجە لەگەڵ ئامانجی لێكۆڵینەوەكە گونجاوە.
لە ساڵانی هەشتاكاندا پڕۆگرامی جێندەر و گەشەپێدان سەری هەڵدا و جەختی دەكردەوە لەسەر باشتركردنی پێگەی ئافرەتان و لەسەر دۆزی جێندەر زۆر تەركیز دەكاتەوە.
Top